په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١٢\٢٠١٣

نانی سوتاو!


جەلال قادر      


لە سالانی هەشتاکان لە یەکێک نانەواخانەکەی رەحیم ئاوا شاگردبووم. وەستاکە منی لەسەرداخیلەکە دانابوو. ڕۆژێکیان مێردمنداڵێک هات و وتی : کوڕەکە پێنج نانم بەرێ.
لە کاتێکدا نانەکانم دەژمارد بینیم منداڵەکە بە چاوی پر لە فرێسکەوە دەست دەکات بە گیرفانەکانی و لە پارەکەی دەگەڕێت.


- .پارەت پێنییە؟
- روبعە دینارێکم پێبوو، دیار نەماوە.


منداڵەکە هەرچەندی کرد نەیدۆزی ودای لە پڕمەی گریان وتی : دایکم دەمکوژێ!.
وەستاکەم هاتە لام و پرسی: چیبووە؟
وتم: ئەو منداڵە پارەکەی بزر کردووە، پێنج نانیشێ دەوێت.


وەستاکەم بە دەمووچاوێکی گرژومپنەوە وتی : با بڕاو ئە وخوێڕییە، درۆ دەکات دەیەوێت نانی بە خۆڕایی بدەینێ.
لە دوورەوە منداڵەکەم دەبینی چاوی لە زەوی دەگێڕا تا پارەکەی بدۆزێ. زۆرم بە زەیی پێیا هاتەوە، پەنجا فلسم لە گیرفان بوو. خۆم هەلدایە ئەودیو مێزەکە و بە ڕاکردن خۆم گەیاندە منداڵەکە و وتم : مەگری ئەوە پەنجا فلسم بۆ هێناویت، بگەڕێوە نانەواخانەکە نانی پێبکڕە.


- ئەبێت روبعە دینارەکەم بدۆزمەوە، ئەگەر نەیدۆزم دایکم لێمدەدا!


پەنجا فلسەکەم هەلدایە کۆشی وگەڕامەوە بۆ نانەخەوانەکە.
زۆری نەبرد مێردمنداڵێکیتر بە فیکە لێدان و گورانی وتنەوە هات و وتی : کوڕەکە دوو نانی برژاوم بدەرێ ، تووخوا یەکیان با زێد ببرژێ.
روبعێکی داپێم، منیش باقییەکەییم دایەوە.


بە شەلاعەکەم وت، نانێک زێد ببرژێنە. لەم کاتە منداڵەکە بەردەوام فیکەی لێدەدا. منیش لێمپرسی : ئەرێ چ زەوقێکت هەیە. بەم بەیانییە ئەم فیکە لێدانەت لە چییە؟
- جا تۆش روبعە دینارێک بدۆزیتەوە لە خۆشیا فیکە لێنادەیت؟
خێرا بانگی وەستاکەم کرد و وتم: ئەم مێردمنداڵە روبعە دینارەکەی دۆزییوەتەوە.
بە منداڵەکەم وت: کەمێک پێش تۆ منداڵێک لێرە بوو روبعیکی بزرکردبوو، بۆی دەگریا. دەبێت تۆ بیدەیتەوە.
منداڵەکە لە پشت مێزەکەی هاوارێکی کرد و وت: پارەی خۆمەو نایدەمەوە.
تێیچەقاند و لە یەک چرکە دیار نەما.


بە وەستاکەم وت: مالیان دەزانم لە کوێوە. بەدوای بکەوم؟
- دانیشە، خوێڕی، خۆ پارەی تۆیان نەخواردووە.


لەم کاتە بۆنی سوتاو وخەلووز لە تەنوورەکەوە بەرز بووە.
وەستاکەم بە تووڕەییەوە وتی: نانەکەتان سووتاند.
وتم: خەمت نەبێت پارەی نانە سوتاوەکەم وەرگەتووە.
- ئەی ئافەرین.


پاشان ئەو منداڵەی پارەکەی بزرکردبوو گەڕایەوە و پەنجا فلسەکەی دایە دەستم و وتی: پێنج نانم بەرێ.
منیش پەنجا فلسەکەم هاویشتە ناو داخیلەکە، روبعە دینارێکم دەرهێنا لەگەل پێنج نانی گەرمم بۆ ژمارد ودامە دەستی.
منداڵەکە بەسەر سووڕمانییەوە سەیرێکی کردم، بە جوانترین زرەدخەنە کە لە ژیانمدا دیبم، نانەکەی هەلگرت و لێم دوورکەوتەوە.


منیش ئێستاشی لەگەڵدابێت نازانم کارێکی باشم کرد یان خەراپ؟!

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک