١٣\٢\٢٠١٩
نان و ئەوین.

ئەرسەلان مەحمود
مەترسیدارتر لەدروستكردنی كێشەی نان، گەر بوونی هەبێت، ئەوا غیابی
ئەوین و خۆشەویستییە لەیەكە كۆمەڵایەتی و دامەزراوە سیاسیەكاندا، چونكە
ئەمیان جەستەى مرۆڤ دەپارێزێ لەداڕزان و ئەویتریان ئاكارو ئةزموونی
مرۆڤ بەرەو سەر دەباو دەفراژێنێت لەواقیعدا، لەناوەوەی هەر یەكەیەك گەر
تاك لەژێر هەر بڕو بیانوێكدا لەمانە بێبەشبكرێت، مانای ئەوەیە حەقیقەت
لەناو ئەم یەكەیەدا لاڕێ و خنكێندراوە.
ئاخر خۆ نەخاك تەوالێتەو نە یەكە جیاوازە دەستەجەمعییەكانش تەویلەن،
حەقیقەت لەهەر شوێن و جێگەیەكدا، لەهەر ژینگەو پێگەیەكدا، خرایە قەفەس
و كۆڵانێكەوە تەنگەبەرو غەیرە عەقڵانییەت، مرۆ بەسروشت ناتوانێ تیایدا
بژی و بەردەوامی بداتە هەنگاوەكانی، حەقیقەت دەبێ بەكراوەیی بمێنێتەوە،
ئەوسا هەمووان دەكارێن و دەتوانن تیایدا بژین، چونكە خودی ئەوەی
پێیدەگوترێ دادپەروەری، جگە لەنەهێشتنی بێدادی، هیچ بەهاو مانایەكی
تری نییە لەواقیعدا، دزینەوەی نان و گلدانەوەی ئەوین، هەنگاوی یەكەمی
تێگدانی شیرازەی ژینگە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكەو هاوسەنگییە دەرونییە
مرۆییەكانن، مرۆڤ لەدۆخێكدا وەهائی ناچار بەوە دەبێتت بكەوێتە سەرشەقام
و لەدەرەوەی پێكهاتە جڤاكییەكەی خۆی بگەڕێ بەشوێن نان و دۆزینەوەی
ئەوین و خۆشەویستیدا، هەموو یا زۆرینەی هەرە زۆری ئەو تاك و گەنجانەی
لەناو خێزان و خانەوەداو شەقام و شارو نیشتمانەكەیاندا لەوەها ماف و
ئازادییەك بێبەشكران، دەركەوتنە دەرەوە، هەیانە سوتاو هەشیانە خنكا،
هەیانە خۆی كوشت، هەشیانە كوژرا، هەیانە سەركەوت و هەشیانە كەوت.
ئێمە خاكێكمان هەیە داغانكراو، نەتەوەیەكمان هەیە پەرت و پەرێشانكراو،
فەرهەنگێكمان هەیە هەم بەڕوی خۆی و هەم بەرامبەر بەدەرەوەی خۆی زۆر
پەتی و داخراو، خێزانێكمان هەیە ئەوەی ناوی ماف و ئازادی تاكە تیایدا
یاساغە، باوك نێرەكەرو تاكەكانی كاتێك دەدوێن وەك ئەوە وایە باپیرە
گەورەیان بێ و بیەوێ قسە بكات، خوێندنگەو ناوەندەكانی خوێندنمان،
خەفەتگەو خەڵوەتگەن، نوێژینگەو نۆڕینگەكانمان بەنەقڵن، شارمان هەیە
شەقامەكانی لەوە تاریك و تەریك و تەنگەبەرترن تەوەقوع بكەی،
ڕێكخراوەكانمان بەس ڕێكخراونین، حزبەكانمان لەفۆڕمدا شتێك و لەپراكتیك
و ئەداكردندا شتێكی ترن، پاڕلمان و حكومەتمان هەیە هەتا ئێستایش كەس
نەیزانی سەر بەچجۆرە ڕیتم و تەریقەت و سیستمێكن، ئەوین لەهەر
هەموویاندا میحوەر نییە، میهرەبانی و هزری لێبوردەیی لەهەر هەموویاندا
وجودی نییە، زۆرینەیەك دەیكاو، كەمینەیەك بەرهەمەكەی دەخوات!!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|