په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١١\٢٠١٩

ناڕەزایەتیەکان لە عێراق و لوبنان بەرەو کام ئایندە ھەنگاو دەنێن؟

تاهیر حەسەن     


ھەلومەرجێک لە عێراق و لوبنان دا،دەگوزەرێت،پێشینەیەکە بۆ کۆتای ھێنان بەحکومەتی باوی خۆ دووبارە کردنەوە لەباوکەوە بۆ نەوە،وەلەلایەکیترەوە،کۆتای ھێنانە بەدەسەڵاتی میلیشیای و میلیشیای مەزھەبی و دینی و قەومی.

بێگومان کۆی ئاڵوگۆڕەکان،پاڵنەرە سەرەکیەکەی بۆ ھاتنە مەیدانی ملیۆنی لەمرۆڤی زەحمەتکێش جێگە و پێگەی ژیانێکە کە شایستە بەمرۆڤی ئەم چاخە نیە،یانی پاڵنەری سەرەکی پێگە ئابوریەکەیە کەدابەشکاریە چینایەتیەکە ھۆکاری سەرەکیەتی. بۆیە دەڵێم ژیانێک کە شایستە بەم قۆناخە نیە،چونکە ئاستی پێشکەوتنی زانست و داھێنان و بەرھەمھێنان لەشوێنێکدایە کەتوانای دابین کردنی ژیانی شایستەی بەپێی قۆناخ ھەیە. بەڵام کاتێک ژیانی چینەبەرھەمھێنەرە زۆرینەکە دەبینین،ھیچ کات گونجاو نیە بەم سەدەیە. پێگەی چینایەتی و دابەشکاری ناڕەوایانەی چینەچەوسێنەرەکان لەدابەش کردنی کاری کۆمەڵایەتیدا بۆخۆی پێکھێنەری کۆی ناھاوسەنگی و ناڕەزایەتیە ملیۆنیەکانی جەماوەری زۆرینەیشە لەنێو کۆمەڵگەکاندا.

سامانێکی زۆر کۆ بوەتەوە لەدەستی چینێکی کەمایەتیدایەو لەو بەریشەوە ھەژاریەکی بێشوماری ڕیز کردوە.(وتەی مارکس). کەواتە،دەبێت کام دەستی دەرەکی لەپشت ھەر ناڕەزایەتی و ھاتنەمەیدانێکی چینی کرێکارەوە بێت،گەر تەنھا خودی سیستەمی سەرمایەداری نەبێت؟

ئایندەی ئەم ھەلومەرجانە بەکوێ دەگات،ئەوە تەنھا و تەنھا پەیوەستە بەمەدی چونە پێشی ڕێکخستنی ھۆشیاری سیاسی چینایەتی چینە زۆرینەکە لەکۆمەڵگەدا،یانی تاچەند،ئەو چینەکۆمەڵایەتیە زۆرینەیە پێگەکەی خۆی ڕێکخراو بکات،بەو ئەندازەیەش دەتوانێت ئەمڕۆ و سبەی بۆخۆی مسۆگەر بکات. گەر پێچەوانەیش بێت،ئەوا، ھەلومەرجەکان پێدەچێت بەشێوازێک ئاراستە وەرگرێت،کەڕێگە خۆش بکات بۆ ھاتنە سەر حوکمی چینێکی بۆرژوازی دور لەھەیمەنەی زاڵی مەزھەبی و دینی و قەومی،لەکاتێکی وایشدا،دیسانەوە کۆی داخوازیە ڕەواکانی زۆرینەکە دەچێتە گیرفانی چینێکی نوێی چەوسێنەرەوە. بۆیەش لەلایەک گرنگە،ھێزە ملیۆنیەکەی جەماوەری ناڕازی ڕێگە نەدات لایەنە خوێن ڕێژە چەوسێنەرەکان ئاراستەکان بەرەو ئاراستەی شەڕی چەکداری ببات لەناوخۆی وڵاتدا.

سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریە لە عێراق و لوبناندا،لەلایەک دەبێتە قۆناخی وەرچەرخانێکی گەورەو لەھەمان کاتیشدا دەتوانێت دەست کۆتای کۆی ئەو ھێزانە بکات کەلەئێران و دەوڵەتانی ناوچەکەو زلھێزانەوە کۆمەک دەکرێن،وەدیسانەوە دەتوانین بڵێین لەسەر کەوتنی ئەم خۆپیشاندانە مەزنەدا کۆتای بەدەسەڵاتی ڕەشی مەزھەبی و قەومی چینەچەوسێنەرە دەسەڵاتدارەکان بھێنێت و پریشکیشی بپەڕێتەوە بۆ وڵاتانی ناچەکە،بەتایبەتیش بۆ ئێران.

کۆی چینەچەوساوە زۆرینەکە بەھەمو مانایەک تێر بوە لەوەھمی مەزھەبی و دینی و قەومی و دەسەڵاتێک لەمێژووی ڕەشیاندا ھەیانبوە لەبەرانبەر ئەو زۆرینەیەدا. بۆیە تاقە ئەڵتەرناتیڤێک کە زانستی و گونجاو بێت بۆ ئەم ھاتنە مەیدانە مەزنە،کۆڵنەدان و بەرزکردنەوەی دروشمی سۆسیالیستیانەیە. ئەم ئەڵتەرناتیڤە ناکرێت سڵی لێ بکرێتەوە،بەپێچەوانەوە،دەتوانرێت زۆر بەگەشبینیەوە باوەشی بۆ بکرێتەوە. کاتێک میدیای باوی بۆرژوازی چینەچەوسێنەرەکان،پاگەندەی ئەوەی بۆدەکەن کەدەستی ئەمریکاو ئیسرائیل و کێ و کێی لەپشتەوەیە،ئەو پاگەندانە تەنھا بۆ ئەوەیە کەھەقانیەت بدەن بەخۆیان و دەست بکەن بەکوشتاری وەحشیانەیان.

گەر زۆرینە لەکۆمەڵگەدا خاوەن ژیان و کاری شایستەو خاوەن پارێزراوی حورمەتی مرۆییانەی خۆیان بن،چ دەستێکی دەرەکی دەتوانێت کۆمەڵگە بشێوێنێت و شەق لەو ژیانە شایستەی خۆیان ھەڵدەن و ژینگەو پێگەی خۆیان وێران بکەن؟

کۆی دەوڵەتداران جا تاک حزبی بوبێت یان فرە حزبی بوبێت،تائێستا،سەربەچینەچەوسێنەرەکەی بۆرژوازی بون و پارێزەری مانەوەی ئەم سیستەمە دڕندەیەی سەرمایەداری جیھانی بون،ئیتر دەرھاویشتەکان بەغەیری ناکۆک بونی نیزامی سەرمایەداری بەژیانی مرۆڤایەتی چ شتێکیترە؟ بێگومان،ململانێی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداری و خواستی شەریکاتە زەبەلاحەکانیان لەقۆرخ کاری و گەڕانیان بەشوێن بازاڕ دۆزینەوە بۆ کاڵاکانیان و ەدەست خستنی مەوادی ھەرزانی سەرەتایی بۆ نێو پێگەی بەرھەمھێنان و دواجار وەدەست خستنی قازانجی زیادەو کەڵەکەی زیاتری سەرمایە،مێژوویەکی کۆنی ھەیەو تائەم چرکەساتەیش ئەو مێژووە دوبارەدەکەنەوەو برەو بەچەوساندنەوەی چینایەتی و ھەڵگیرساندنی جەنگ و وێران کاری دەدەن.

کۆی دەوڵەتانی ناوچەکە لەنێو قەیرانی قوڵدان،کەئەو قەیرانانەیش ڕەنگدانەوەی ھەیمەنەی پێگەی قەیراناوی گەورەی زلھێزانی ئیمپریالیزمی جیھانیە،بۆیە کاتێک لەشوێنێکدا،جەنگ و وێرانکاری دەبینین،ناکرێت تەنھا لەدیدێکی محەلیانەوە لێی بنواڕین،بەپێچەوانەوە،ھەرلەوکاتەدا،دەبێت لەدیدێکی جیھانیەوە خوێندنەوە بۆ ھەر قەیران و جەنگ و ناڕەزایەتیەک بکەین. چونکە،خودی پێگەی سیستەمی سەرمایەداری قۆناخێکە کۆتای ھێناوە بەدیدێکی ناۆچەگەریانە یان نەتەوەییانە. ھەر لەم تێکھەڵکێشیە جیھانیەشەوە دەتوانین خوێندنەوەیەکی سەرکەوتوانەمان ھەبێت بۆ ڕوداوگەلێک کەلەناوچەکەدا بێت یان لەکیشوەرێکیتر بێت کە ڕودەدەن.


ئەم قۆناخەی لەسودان و یەمەن و سوریاو عێراق و لوبنان و وڵاتانی دیکەدا ھەیە،پەیوەستەو ڕەنگدانەوەی کۆی ململانێ دڕندەکانی نێو خودی جیھانبینی نیزامی سەرمایەداریە،ھەربۆیەشە خەبات شۆڕشی کرێکاریش بەھەمان شێوە دەکرێت ڕەنگدانەوەی پێگەی جیھانی چینی کرێ وەرگر نیشان بدات.


ھەرچ ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە لەھەر پونتێکی ئەم سەرزەمینەدا ڕوبدات،دەتوانێت کاریگەری خۆی بخاتە سەر دەرەوەی سنورە بۆ دروستکراوەکانی و ببێتە ھۆکارێکیش بۆ ھاوپشتی چینایەتیانە و بەردەوامیدان و برەودان بەبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەپونتەکانیتریشدا،جاناوچەیی بێت یان جیھانی.

ھیچ ڕێگە چارەیەک بۆ چینەشۆڕشگێڕە زۆرینەکە بونی نیە لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا،بەغەیری کۆتای ھێنان نەبێت بەخودی سیستەمی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگەی یەکسان کەکۆی ئامرازە سەرەکیەکانی بەرھەمھێنان بخاتە ژێر دەستی خۆی و کۆتای بەکۆی نەزم و یاساو ڕێسایەک بھێنێت کەتائێستا لەخزمەت و بەرژەوەندی مانەوەی چینێکی چەوسێنەری قۆرخ کاردا بوە.


٣١\١٠\٢٠١٠
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک