په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٠\٢٠١٩

ناڕەزایەتییەکان لە عێراقدا، بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێ؟

تاهیر حەسەن     


بەگیان،بەخوێن،گیان فیداتین ئەی عێراق،دروشمێکی لێڵی ناسیۆنالیستانەیە و لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەکار دەھێنرێت. نیشتیمان کاتێک ڕزگاری دەبێت کەکۆتای ھێنرابێت بەدەسەڵاتی چینێکی چەوسێنەری قازانج پەرست. لەکۆی ئەم سەرزەمینەدا،مادام چینێکی چەوسێنەر بونی ھەیەو ھێزوئیرادەی چینێکی بەرھەمھێنەر بەکاردەھێنێت لەپێناو قازانج و کەڵەکەی سەرمایەدا،کەوایە،لەوێدا سروشتیش یان ئەو شوێنەی ناوی نیشتیمانی لێنراوە،ئەویش داگیرکراوە لەلایەن ئەو چینەی دەسەڵاتی بەدەستەو پارێزگاری لەمانەوەی خاوەندارێتی تایبەت دەکات.


کێشمەکێش و ململانێکان لەعێراقدا،دەرھاویشتەی کۆی ململانێ چینایەتیەکانە و لەم نێوەشدا پێگەی ئابوری و ئیستیغلال کردنی ئەو پێگەیە لەپێناو بەرژەوەندی چینێکی چەوسێنەری دەسەڵاتداردا،ئیتر لێرەوەیە پێگەی سیاسیەکەیشی ناجێگیر دەبێت. نابەرچاو ڕونی چینەھەژار کراوەکە لەوەی لەڕوی ھۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیەوە ئاشنانیە،یان خۆی نامۆ دەبینێت لەبەرانبەر پێگەی کاردابەش کردنی چینایەتیانەدا،ئەوا لەوێدا،دێت و بانگی ناڕەزایەتیەکانی بەو جۆرە دروشمانە دەدات بەگوێی دەسەڵاتداراندا،بێ ئەوەی بزانێت،ئەو بانگدانە،دەکرێت لەسبەینێی ھەر ئاڵوگۆڕێکیتردا دیسانەوە چینێکیتر ھاوشێوەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا بێن و جارێکیتر چینەھەژار کراوەکە بخەنەوە نێو ھەمان پێگەی ئێستای.


دروشمی سیاسی و واقعی و چینایەتیانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان تەنھا بەدەنگ ھەڵبڕینە بۆ ھێنانەوەی ناوی سۆسیالیزم و کۆتای ھێنان بەکۆی سیستەمی سەرمایەداری. چونکە تەنھا بەکۆتایھێنان بەم سیستەمە دڕندەیە،دەتوانرێت کۆی نیشتیمان و سروشت و ژینگەیش ئازادو ڕزگار بکرێن.


ناڕەزایەتیەکان،بەھەمو خوێندنەوەیەک،ناڕەزایەتیەکی چینایەتیانەیەو تاچەند ئاستی ڕێکخراوبونیەکەی بچێتەپێشەوە،بەو ئەندازەیەش،دەتوانێت پێگەی دڕندانەی دەسەڵاتەکەیش بلەرزێنێت. بێگومان،لەم سەردەمەدا و لەغیابی بزوتنەوەی سیاسی چینایەتیانەی خودی چینی کرێکار لەجیھاندا، ئیتر وادێتە پێش چاو،کەسۆسیالیزم تەنھا خەونێک بو،کۆتای پێھاتوە،یان تەنانەت ناوھێنانەکەیشی کراوە بەجۆرێک لەشەرم،بەڵام گەر مرۆڤ بەدیدێکی قۆڵەوە لەم حاڵەتە تێبگات،باش دەزانێت،کەسۆسیالیزم،تەنھا ئەڵتەرناتیڤێکی واقعی وزانستیانەیە دەتوانێت کۆتای بەسیستەمی چینێکی چەوسێنەر بھێنێت،خودی ئەم چینەچەوسێنەرەیش باش لەو ترسەی لەو ئەڵتەرناتیڤە تێگەیشتوە،بۆیەش،ھەمیشە ئەرک و کاری ئەوەیە،کەچینەچەوساوە بەرھەمھێنەرەکە دور بخاتەوە لەو ئەڵتەرناتیڤەو ھەمیشە لەڕێگەی میدیاو ڕیکلام و پێگەی پراتیکیانەیەوە،کار لەسەر ھەلومەرجێک دەکات،کەپێمان بڵێت،ئەوە خەتای سیستەمەکە نیە کەژیانی چینێک خراپەو ژیانی چینێکیتر باشە،بەڵکو خەتا،لەجۆری دەسەڵات یان کەسی یەکەم یان حزبەکەوەیە. ئەم پاگەندانە ڕۆژانە دەبیستین،بەڵام ئاخۆ لەڕاستیدا وایە؟ بێگومن نەخێر. ئەم جیھانە بەکۆ،جمەی دێت لەململانێی چینایەتی و کۆی سیستەم و دەسەڵاتەکانیش،بەکۆ،لەپارێزەری و مانەوەی ئەم سیستەمە چینایەتیەدان. بەڵام تاکەی؟ بێگومان،خەون نیە بڵێین ئەم سیستەمە دەتوانرێت کۆتای پێ بھێنرێت و سیستەمی سۆسیالیستی زانستیانە بخرێتە جێگەی. ئەویش بەرھەمی خودی پێگەی نەگونجاوی سیستەمی سەرمایەداریە. ئەم سیستەمە ناتوانێت یەکسانی بەرقەرار بکات،ھەربۆیەش،ئێمە شێوە ژیانێک پراتیک دەکەین،کەشێوە ژیانی جەنگەڵستانەیە.


ھۆشیاربونەوەی سیاسی چینایەتیانە،ئەو دەست کەوتە گەورەیە بۆچینی چەوساوە،کەدەتوانێت بەر دیدی ڕوناک بکاتەوەو کۆی دیمەنەکە بەتێری ببینێت،ھۆشیار بونەوەی چینایەتیانەش،ھەربۆخۆی،وەحیەک نیە لەدەرەوە بگات بەچینی چەوساوە،بەڵکو،ڕۆژانە و لەو شێوە ژیانەی ھەیەتی پێی ئاشنا دەبێت،بەڵام ناگاتە قۆناخێک کەتەواو بەرچاوی ڕوناک ببێتەوە،ھەربۆیەشە،حزبی پێشڕەوی خۆی پێویستە. حزبێک،کەبتوانێت،جەسورانە،پێشڕەوایەتی ئەو چینەکۆمەڵایەتیە زۆرینەیە بکات،کەکۆمەڵگە پێک دەھێنێت. لەکۆی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا،وڵاتێک نابینینەوە،کەلەناوەخۆیدا قوڵپەی تەقینەوەی چینایەتیانەی لێ نەکرێت،ھەربۆیەشە،لەڕێی کۆی دەسەڵات و دەوڵەتان و سیستەمی باوی سەرمایەداریەوە،بەردەوامی دەدەن بەجەنگ و قەیرانەکانیان دەگوازنەوە بۆ ئەو کیشوەرەی ھێشتاکە،ئاستی ھۆشیاری سیاسی چینایەتی چینی کرێکار لەشوێنێکدا نیە،کەبڵێین ئەمڕۆ دەست دەبات بۆ شۆڕشی کرێکاری خۆی،بەڵام ھەر خودی ئەم ھەلومەرجەناجێگیرەی نێو ململانێو بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیە جیاوازەکانی سیستەمی سەرمایەداری، ھەنگاوەکانی بەرەو کۆتای خۆی دەیبات. ئاستی پێشکەوتن و زانست، لە جێگەیەکدایە، کە مرۆڤایەتی، دەخاتە بەردەم دو ئەگەرەوە، یان بەربەریزم، ئەویش برەودانە بەم جەنگەڵستانە،یان ھەڵبژاردنی سۆسیالیزمە وەک ئەڵتەرناتیڤی واقعی و زانستی و کۆتای ھێنان بە کۆی ئەو پایانەی تائێستا سیستەمە چینایەتیەکانی لەسەر بنیات نراوە.


٧\١٠\٢٠١٩
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک