په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١\٢٠١١

 ناڕەزایەتی شەقامەکان نەک پاڕانەوە لە پەرلەمان...!
- وەڵامێک بۆ روونکردنەوەکەی بارزانی لەمەڕ یاسای خۆپیشاندان -


موزەفەر عەبدوڵا 


دوا بە دوای پەسەند کردنی یاسای بەناو ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانی کوردستانەوە و ڕەوانە کردنی بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم ،تا ڕەزامەندی لەسەر نیشان بدرێ و واژۆ بکرێ لە لایەن مەسعود بارزانی یەوە، دەنگی ناڕەزایەتی لە ناو جەماوەردا بە شێوەی جۆراوجۆر بەرز بۆوەو داوادەکرا تا بارزانی یاساکە واژۆ نەکات ،و بیگێرێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ دەستکاری کردنی . بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانی و داواکانی بەشێک لە رۆشنبیران لە بارزانی، ئەو یاساکەی بێ ھیچ ڕوونکردنەوەو تیبینی یەک واژۆ کرد.


بۆیە ھەر بە دوای ئەمەدا جەماوەری ئازادیخواز لە زۆربەی زۆری شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە یەک دوو ھەفتەی رابردوودا لە دژی یاساکەو و ڕەزامەندی نیشاندانی بارزانی، بە ھەزاران کەس ڕژانە شەقامەکانەوەو چەندین دروشمیاندا لە دژی ئەو یاسایەو سەرجەم دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی.


جا لە ئاکامی ڕووکردنی جەماوەر بۆ ناو شەقامەکانو نارەزایەتی دەربڕین، بارزانی ناچار بوو ،ڕوونکردنەوەیەکی، بە ڕواڵەت دیبلۆماسی و بە ناوەڕۆک چەواشەکارانە ، بدات بۆ خامۆش کردنەوەو گێرانەوەی جەماوەری نارازی لە شەقامەکانەوە بۆ ماڵەکانیان .وە پێییان بڵێێت شەقامەکان چۆڵ کەن و ئەگەر ھەر کەس و لایەنێک ھەر سەرنج و تێبینی یەکیان ھەیە لەسەر ھەر بەندو بڕگەیەک ئەوە ڕەوانەی پەلەمانی بکەن بۆ دەستکاری کردنی .


دیارە بارزانی وەک ھەر دەسەڵاتدارێکی بۆرژوازی ،جا چ بە تاقی کردنەوەی خۆی بێت یا بە ئەزمون وەرگرتن لە تاقیکردنەوەی دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانی ھاوشیوەی خۆی، ئەوە دەزانێ کە ئەوەی چارەنوسی زۆربەی یاساو بڕیارەکانی دەسەڵاتداران یەک لایی دەکاتەوە ڕوھێنانی جەماوەرە بۆ ناو شەقامەکان نەک بۆ پەرلەمان و پارانەوە لە بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکان و فەرمانبەران و سکرتێرەکانیان لە چوارچێوەی نوسینگەو بنکەو بارەگاکانیان .بەو مانایەی ھەرچەندە جەماوەری ئازادیخواز، لە پێشیانەوە چینی کرێکار، و توێژە ستەمدیدەکان ،ریکخراو بن و ئاسۆ وئامانج و ستراتیژ و تاکتیکی ڕۆشنیان بێت ئەوە زیاتر ترازوی ھێز بە قازانجی ئەوان دەشکێتەوە.وە ھەرچەندە پەرش و بڵاو بن، و کەوتبێتنە ژێر ئاسۆ و ئامانجە سیاسی یەکانی دەسەڵاتداران و خۆشخەیاڵ بن بە دەسەڵاتی ئەوان ،و ئەوان وەک دەسەڵاتی گشتی چاولێبکەن ، ئەوە بێگومانە کە ھەمیشە دەسەڵاتداران بە ئاسانی ھەموو یاساو بریارەکانیان بۆ دەردەکرێت و جیێەجێ دەکەن بەسەر جەماوەری خەڵکیدا.دیارە ئەم داوەری یە نەک ھەر لە نێوان جەماوەرو دەسەڵات لە کوردستان دروستە بەڵکو بۆ دیموکراتترین دەوڵەتەکانی جھان کە فراوانترین ئازادی سیاسی وخۆپیشاندان و ڕادەربرینی تیا بەرقەرارە ھەر دروستە.


بەڵام واقع ئەوەیە کە ئەمڕو دوای دوو دەیە لە دەسەڵاتی ئەو دوو حزبە قەومی عەشیرەتی میلیشیایی یە و ھاوکارەکانیان ، ئیستا زیاتر ناوەڕۆکی دەسەڵاتی سەرو خەڵکی و سەرکوتگەری و گەندەڵیان ڕوون بوتەوە.بۆیەش جەماوەر ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕازی تر دەبن لە دەسەڵاتیان و ناڕەزایی بە شیوەی جوراوجۆ دەردەبڕن.
دەسبردنی دەسەڵاتدارانیش بو دەرکردنی یاسای لەم چەشنە ھەر لەم روانگەیەوەیەو بۆ لە قالب دانی ناڕەزایەتی خەڵک و سەرکوتکردنی جەماوەرو بەرتەسک کردنەوەی ئەو پەراوێزە لە ئازادی یەیە کە بە ھێزی جەماوەر لە دوای ڕاپەڕینەوە بەدی ھاتووە.


ھەر لەم ڕوانگەیەشەوە ئەگەر بە وردی سەرنجی ئەو ڕوونکردنەوەیەی بارزانی بدەین و بیخۆێنێتەوە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بازرانی لە لایەک بە خەڵکی نارازی و ئازادیخواز دەڵێت ،مادام زۆرینەی پەرلەمان ئەو یاسایەی پەسەند کردوە ئەوە لای ئەویش یاساکە پەسەندە. چونکە ئەو زۆرینەیەی پەرلەمان خودبەخود بەلای بارزانی یەوە یانی زۆرینەی ڕاو دەنگی خەڵکی کوردستان .دیارە وەک بارزانی خۆشی دەڵێت ئەویش رێز بۆ ئەو زۆرینەیە دادەنێت.ھاوکات بەلای ئەوەوە پەرلەمان وەک بەرزترین دەزگای یاسادانان و زۆرینەکەی ئەوانیش زیاتر شەرعیەتی ھەیە.لە کاتێکدا جەماوەری ئازادیخوازو نارازی کوردستان ئەوە باش دەزانن کە ئەو پەرلەمانەو بەدەستھێنانی ئەو زۆرینەیەش لە لایەن ھەردوو حزبەوە ئاکامی چ پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنەو لە سایەی چ ھەلومەرجیکی سەرکوتگەرانەی ئەوانەوە پێکھاتووە.


ھەر لێرەشەوەیە بارزانی بە خەڵکی ناڕازی ناو شەقامەکان دەڵێت من گوێ لە قسەو داوای ئێوەی نارازی ناگرم . ئەگەر ھەر کەس و لایەنێکی نارازی ھەر سەرنج و تێبینی یەکیان لەسەر ھەر بەندو بڕگەیەکی ئەو یاسایە ھەیە ئەوە بیگەیەننە دەستی پەرلەمان و برۆن داوا لە نوێنەرەکانی پەرلەمان بکەن و بپارینەوە تا گۆیتان لێبگرن بەڵکو ڕازی بن بەندێک یان بڕگەیەکی ئەو یاسایە دەستکاری بکەن.


لە کاتیکدا دەنگی بەرزی دروشم و خواستەکانی جەماوەری ناڕازی لە شەقامەکانەوە ئەوە دەدات بە گوێی بارزانی و ھەموو بەرپرسانی تریاندا کە قسە لەسەر بەندو بڕگەیەک نی یە، بەڵکو قسە لەسەر تەواوی ئەو یاسایەو، ئەوانەشە کە لەپشتی دانان و پەسەند کردنی ئەو یاسایەوەن.


تەنانەت ئەوە ترس لە ئاپۆرەی جەماوەرە لە شەقامەکان و پەرەگرتنی ناڕەزایەتیەکانە کە بارزانی ناچار کردوە بە زمانێکی بە ڕواڵەت دیبلۆماسی و ناوەڕۆک چەواشەکارانە ئەم ڕوون کردنەوەیە بدات .بۆیە ئەگەر نارەزایەتی کانمان زیاتر پەرەبسێنی ئەوە بێگومانە لابردن و گۆرینی ئەو یاسا قەرەقوشی یە ممکینە. چونکە بە تاقی کردنەوە بۆ ھەموو لایەک ڕۆشن بۆتەوە کە ئەم دەسەڵاتە تا ئێستا بە بێ نارەزایەتی شەقام لە ھیچ یاساو بریارێکی پاشگەز نەبۆتەوە.


بە واقعی ڕوون کردنەوەکەی بارزانی روونکردنەوە نی یە بۆ واقعی واژۆ کردنەکەی وئەو یاسایەی ناویان لێناوە یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان ، بەڵکو لە راستی دا ئەوە بە خەڵکی نارازی کوردستان بە گشتی و ئەوانەی رژاونەتە شەقامەکانەوە بە تایبەتی، دەڵێت شەقامەکان چۆڵ کەنو بگەرێنەوە بۆ پەرلەمان و ئەوان سەرچاوەی یاسادانان و دەستکاری کردنی ھەر یاسایەکن دەبێت ھەموتان مل کەچ بن بۆ ھەر یاسایەک کە ئەوان دەریدەکەن ونارازی بوونیش لەو یاسایانە یانی سەرپێچی کردن لە یاساکان، لەوبارەشدا ئەوان ئامادەن بە ھەموو شێوەیەک بەرگری لەو یاسایانە و دەسەڵاتەکەیان بکەن.

 

 

کۆتایی 2010

ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا