په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٦\٢٠١٢

ناساندنێکی کورتی ئاهەنگی لادێی ئەندریە جید.


لە فارسییەوە: ئازاد نەجم


ئەندریە جیدی شاعیر و نوسەر و فەیلەسوف ، لە ٢٢ ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٨٦٩ لە پاریس ھاتۆتە دنیاوە. خاوەنی چەند بەرھەمێکی وەک: ئاھەنگی لادێ ، گەڕانەوە لەسۆڤیەت ، پرۆمیتە ، پەروەردەی ژنان ، یاداشتەکانی ڤاڵتەر ، بیانوی تازە ، دروستکەرانی پارە و چەندین بەرھەمی ترە ... لەساڵی ١٩١٩ لەتەمەنی پەنجا ساڵیدا ئاھەنگیی لادێیی دەنوسێ. جید لەساڵی ١٩٤٧ توانی خەڵاتی نۆبڵ وەدەسبێنێ. لە ساڵی ١٩٥١ لەتەمەنی ٨٢ ساڵیدا چاوی لێکنا.


ئاھەنگی لادێ یەکێکە شاکارەکانی ئەندریە جید و وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەکان ، تەنیا ئێمەی کورد نەبێت ، کە تا ئەو شوێنەی من ئاگادارم ھیچ بەرھەمێکی ئەندریە جیدمان بەکوردی نیە ، لێرەدا ھەوڵ دەدەین بەکورتی بەخوێنەرانی بناسێنین.


پیرەژنێکی لانەواز و بێ پەنا لەلادێیەکی تەریک و دورەدەستی فەڕەنسادا لەحاڵی ئاویلەکە داندایە. کاتێ کەشیشی تاقە کلیسای شار هەواڵی شپرزەیی باری تەندروستی پیرەژن دەیستێ ، هەرچەندە پیرەژن لەمێژە قاچی نەخستۆتە نێو کلیساوە و نەچۆتە لای کەشیش دان بەگوناهکانیدا بنێ ، بەڵام هەرچۆنێک بێت کەشیش ئەم ئەزیەتە دەخاتە بەرخۆی و لەپشت سەری پیرەژنی نەخۆش و کەلەلا دا ئامادە دەبێت.


پیرەژن ، بەبینینی کەشیش ، دەکەوێتەوە یادی ئەوەی کە چەند لەمێژە نەچۆتە کلیسا و دانی بەگوناهەکانیدا نەناوە و داوای لێخۆشبون و بەخشینی نەکردوە ، زۆر هەست بەشەرم و خەجاڵەتی دەکات. سەرەنجام لەلای ئەو کەشیشە و لەوساتەدا دان بەگوناهەکانی خۆیدا دەنێ و دوای ئەوەی کە کەشیش داوای لێخۆشبونی بۆ دەکات ، بەبیرو خەیاڵێکی ئاسودە و ئارامەوە چاوانی لێک دەنێ و دەمرێ.


کەشیش لەقسەکانی پیرەژنرەکەوە بۆی دەردەکەوێت کە کچۆڵەیەکی بێکەس و کار و هەتیو و نابینا بەنێوی ( ژرترود) لەلای پیرەژنەکە ژیاوە و ئەم پیرەژنە هەمیشە وەک ئاژەڵێک ڕەفتاری لەگەڵدا کردوە. ئیدی کەشیش ئەم کچۆڵە نابینایە لەگەڵ خۆیدا دێنێتەوە ماڵی و بەخێوی دەکات.


ژرترۆدی نابینا ، لەئەنجامی پەروەردەو چاودێری ئەو کەشیشە میهرەبانەو هاوکاریەکانی دکتۆرێکی دەرونی هاوڕێی کەشیشەوە - کەبەهۆی بیروبۆچونی جیاوازەوە - ببونە هاوڕێیەکی دڵسۆز ، فێری قسەکردن ، خوێندنەوە و نوسین بە بەخەتی بریل - خەتی تایبەت بەنابینایان- و ژەنینی پیانۆ دەبێت. لەکۆتاییدا کەشیش بە توانا و حەوسەلەیەکی زۆرەوە ، چەشنی باوکێکی میهرەبان و فیداکار ، خۆی بۆ پەروەردە کردن و فێرکردنی ئەو کچۆڵە لانەوازە بێ چارەیە تەرخان دەکات.


ژنی کەشیش ، ڕۆژ بەڕۆژ ئێرەیی و حەسادەتی زیاتر بە ژرترۆد دەبات - کە دێت جوانتر و سەرنجڕاکێشتر دەبێت.


بەڵام کەشیشی خۆپارێز و بەئیمان ، کەسەرەتا بەهۆی ئەرکی مرۆڤایەتی و دینیی خۆیەوە پارێزگاری و پەروەرردەی ئەو کچۆڵە لانەواز و هەتیوەی گرتبوە ئەستۆ ،بەڵام دواتر وردە وردە ئەم هۆگری وپەیوەندیەی لەگەڵ کچەدا دەگۆڕێ بۆ عیشقێکی پاک و دور لە هەواوهەوەسی جەستەیی. ئەم هۆگریەی کەشیش ، دەبێتە هۆکاری زیادبونی ڕق و ئێرەیی هاوسەرەکەی کەشیش. ژنە ، ئەوپەیوەندیە پاکەی هاوسەرەکەی لەگەڵ ژرترۆد دا بە گوناه دەزانێ.


لەم هەلومەرجەدا کوڕە لاوەکەی کەشیش ، کە نێوی ( جاک) ە و لەشارێکی تر سەرگەرمی خوێندنە ، خوێندن تەواو دەکات ودەگەڕێتەوە ماڵێ و شانبەشانی باوکی هەوڵدەدات لەبواری پەروەردە و فێرکردنی ژرترۆددا هاوکاری باوکی بکات.


جاک ، بەهۆی تێکەڵ بونیەوە لەگەڵ ژرتروددا ، وردە وردە کاری تێدەکات و خۆشی دەوێت. باوکی ، واتا کەشیش لەم عیشقەی کوڕەکەی سەبارەت بە ژرترۆد ئاگادار دەبێتەوە و سەرزەنشتی کوڕەکەی دەکات. بەڵام جاک گوێ بەقسەکانی باوکی نادات و ناخۆشی و زویر بونێکی نەخوازراو دەکەوێتە نێوان باوک و کوڕەوە. چونکە هەردوکیان بەشێوەیەک دەکەونە ژێر کاریگەری عیشقی ژرترۆدەوە.


کەشیش کە واهەستدەکات جاک نیەتی خراپی بەرامبەر ژرترۆد لەمێشکدایە ، بیرۆکەی دورخستنەوەی کوڕەکەی دەکەوێتە مێشکەوە تا بەهۆی دوریەوە عیشقی ئەو کچەی لەمێشک بەرێتە دەرێ. جاکیش فەرمانی باوکی جێبەجێ دەکات و بەدڵێکی شکاوەوە لەژرترۆد دور دەکەوێتەوە و دەچێتە جێگایەکی دور و مەیدان بۆ باوکی چۆڵ دەکات.


کەشیشیش ، کە بەدورخستنەوەی کوڕەکەی لە ژارترود ، بیرومێشکی ئاسودە دەبێ ، کاتێ لەهاوڕێکانی دەبیستێ ئەگەری چاکبونەوەی چاوەکانی ژرترود هەیە ، بەیارمەتی و هاوکاری هەندێک لە هاوڕێ و ئاشناکانی و هەندێک لە کەسانی چاکەخواز ، بڕە پارەی تێچونی نەشتەرگەری بۆ کچەی داماو کۆدەکاتەوەو سەرەنجام بەهۆی نەشتەرگەریەکی سەرکەوتوەوە ، دوای چەندین ساڵ نابینایی ، تین سۆما دەزێتە چاوەکانی ژرترود و دەتوانی دنیای دەوروبەری خۆی ببینێ.


ژرترود ، لەتەواوی ئەو ماوەی کوێریەیدا کە لەژێر چاودێری کەشیشدا فیری خوێندنەوە و نوسین دەکرا و وردە وردە گەورە دەبو ، لە مێشکی خۆیدا ، کەشیشی بە بونەوەرێکی ئایدیال و شتێکی جوانتر و باڵاتر لە مرۆڤێکی ئاسایی وێنا کردبو. هەربۆیە کاتێ ڕوناکایی دەگەڕێتەوە چاوەکانی و دەبینێ ئەو کەسەی کەئەوی ڕزگار کردوەو پەروەردەی کردوە نەک بونەوەرێکی باڵاتر نیە بەڵکو مرۆڤێکی ئاسایی و پیر و تاڕادەیەک ناشیرن و دزێویشە ، بۆیە توشی پەشۆکان دەبێت. ئەو بونەوەرە باڵایەی کە ئەو لەمێشکی خۆیدا وێنای کردبو زیاتر لە کوڕەکەی کەشیشدا بەرجەستە دەبێت ، نەک خودی کەشیش. بوًیە وردە وردە لەکەشیش دور دەکەوێتەوە و عیشق و خۆشەویستی کەشیش لە دڵ و دەرونی خۆی دەردەکات.


جاکییش ، دوای نائومێدبون لە خۆشەویستی ژرترود ، لە مەزهەبی کاسۆلیکییش - کەباوکە کەشیشەکەی پەیڕەوەی لەو مەزهەبە دەکرد - نائومێد دەبێت و دەڕەنجێ. بۆیە ڕودەکاتە مەزهەبی پرۆتستان و خۆی لەدێرێکدا گۆشەگیر دەکات و خۆی تەرخاندەکات بۆ نزا و پاڕانەوە و پەرستن.


ژرترود ، دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژێک بەسەر کرانەوە و بینینی چاوەکانیدا ، بەهۆی ئێرەییەکانی هاوسەری کەشیشەوە دنیای لێ وێک دێتەوە و بێئومێدی و دڵتەنگیەکی قورس دایدەگرێت و چارەسەری ئەم هەل و مەرجە نالەبارەی ژیانی تەنیا لەخۆکوشتندا دەبینێتەوە. لەڕۆژێکی خۆشی بەهاریدا جوانترین جلوبەرگەکانی خۆی لەبەردەکات و بەبیانوی چنینی گوڵە نیلوفەڕەکانی کەنار زێیەکە لەماڵ دێتە دەرێ و بەرەو کەناری زێیەکە دەکەوێتەڕێ. ساتێکی کەمی دور لە ئێرەیی و نەفرەتەکانی هاوسەری کەشیش و یادکردنەوەی ئەو ساتە خۆشانەی کە لەوشوێنەدا و لەگەڵ جاکدا بەسەری بردبو ، بەڕێ دەکات. دواتر لەسەر تاشەبەردێکی بەرزی کەنارەکەوە خۆی هەڵدەداتە زێیەکەوە.


لەولاشەوە جاک ، لەدوای بیستنی هەواڵی چاکبونەوەی چاوەکانی ژرترۆد ، شاگەشکە دەبێت و هەوڵدەدات هەرچۆنێک بوە بەدزی دایک و باوکیەوە ئەگەر لەدوریشەوە بێت بۆ دواهەمین جار بتوانێ ژرترۆد ببینێ و دواتر خۆی ئامادە بکات بۆئەوەی ئیدی بۆ هەمیشە لەگەڵ براکانیدا خۆی لەدێرێکدا بەند بکات و تەرکی دنیا بکات. ئیدی دەکەوێًتەڕێگا و دروست لەو ساتەدا دەگاتەوە زێدی خۆی کە ژرترۆد بە بیانوی چنینی گوڵە نیلوفەڕەکان و بە مەبەستی خۆ کوشتن هاتۆتە کەناری زێیەکە.


جاک دەیزانی ئەگەر ژرترۆد پیاسە بکات و بڕواتە جێگایەک ، حەتمەن دەبێ بچێتە ئەو جێگایەی کەپێشتر هەردوکیان پێکەوە پیاسەیان لێکردوە و تێدا گەڕاون. بەخێرایی خۆی دەگەیەنێتە ئەو جێگایە. دروست لەکاتێکدا دەگاتە ئەوێ کە ژرترۆد لەسەر تاشەبەردەکەوە خۆی هەڵدەداتە ئاوەکەوە. جاکیش بەبینینی ئەم دیمەنە ، بێ دواکەوتن خۆی هەڵدەداتە ئاءەکەوەو دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ لەگەڵ ئاوە بەتین و تاوەکە ، خۆشەویستەکەی لە مەرگ ڕزگار دەکات و دەیگەیەنێتەوە کەنار.


کاتێ دواتر کەشیشی پیر لە نیازی خۆکوشتنی ژرترۆد و ڕزگار کردنی پەرجو ئاسای لەلایەن جاکی کوڕیەوە ئاگادار دەبێتەوە ، ڕەزامەندی خۆی لە زەماوەندی ئەو دو ئاشقە دەردەبڕێ. چونکە لەڕاستیدا ئەویش بۆی دەرکەوتبو کە خۆشەویستی ئەو بۆ ژرترۆد ، هیچ کات بەراورد ناکرێ بە عیشقی جاک.
جاک ، بەم کارەی دەیسەلمێنێ کە ئامادەیە گیانی خۆی لەپێناوی خۆشەویستەکەیدا بخاتە مەترسیەوە. کە کەشیش هیچ کاتێک ئەو ئامادەییە لەخۆیدا بەدی ناکات.


سەرەنجام کەشیش مل بۆ زەماوەندی ئەو دوانە دەدات و هاوسەرە بەخیلەکەشی کە لەو ڕەفتارانەی پێشوی خۆی تەواو پەشیمان دەبێتەوە و بۆی دەردەکەوێ هەمو ئەو بۆچون و تێڕوانینانەی کە پێشتر سەبارەت بەو دوانەو هاوسەرەکەی خۆشی واتا کەشیش هەیبون ، هەمویان نادروست و ناڕەوا بون.
_______________________________
سەرچاوە: گۆڤاری جوان خانوادە.

* ئازاد نەجم: لە ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی ناڕوجەی ناوچەی شوانی کەرکوک لەدایک بوە ، تا دوی ناوەندی خوێندوە ، دانیشتوی شاری ڕانیەیە، لە بواری وەرگێڕاندا کاردەکات و بابەتەکانی لە گۆڤارە ئەدەبیەکاندا بڵاو دەبنەوە، خاوەنی دو کۆمەڵە چیرۆکی وەرگێڕدراوە بەناوەکانی (دزەکان) و (نامەیەکی نەنێردراو)، بەرھەمی تریشی ئامادەی چاپە.

 

 

nagmkaya@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک