١٢\١٢\٢٠٢٢
ناساندنی
ئەندامانی دەستەی دادوەرانی بەشە جۆراوجۆرەکانی
نۆیەمین خولی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک".
مەنسوور جیهانی
ئەندامانی
لێژنەی دادوەرانی بەشە جۆراوجۆرە کێبڕکێکانی "سینەمای جیهان"، "سینەمای
کوردی"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم"، بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلم" و
خەڵاتی فیپەرشی نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک"
ناسێندران.
لە لایەن ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی بەشی رکابەری "سینەمای جیهان"ی
ئەم فێستیڤاڵە، تەندیس، لەوحەی رێزلێنان و خەڵاتی ١٠ هەزار دۆلاریی
"یۆڵماز گۆنای" بە باشترین فیلمی درێژی سینەمایی، خەڵاتی ٥ هەزار
دۆلاری بۆ باشترین دەرهێنانی فیلمی درێژی سینەمایی، خەڵاتی ٥ هەزار
دۆلاری بۆ باشترین کورتە فیلمی نێودەوڵەتی، خەڵاتی ٥ هەزار دۆلاری بۆ
بەهرەی نوێ، خەڵاتی ١٥٠٠ دۆلاریی ئەندامانی دەستەی دادوەران بۆ باشترین
کورتە فیلم و خەڵاتی ٥ هەزار دۆلاریی ئەنیستیتۆی "گۆتە"ی ئەڵمانی بۆ
باشترین بەڵگەفیلمی نێودەوڵەتی پێشکەش دەکرێت.
بەشی کێبڕکێی "سینەمای جیهان":
ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان"ی نۆیەمین
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بریتین لە؛ "سۆلین یووسف" دەرهێنەری
کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا ـ سەرۆکی دەستەی دادوەران، "شەهرام
عەلیدی" بەرهەمهێنەر، سیناریۆنووس و دەرهێنەری کوردی ئێرانی دانیشتووی
وڵاتی فەرەنسا، پرۆفیسۆر "ماگنوس بارتاس" توێژەر و مامۆستای زانکۆ لە
وڵاتی سوید، "ئیلاههـ نەوبەخت"، بەرهەمهێنەر و بڵاوکەرەوەی فیلم و
بەرهەمی سینەمایی لە وڵاتی ئێران و دکتۆر "مەهدی ئومێد" سیناریۆنووس و
دەرهێنەری کوردی دانیشتووی وڵاتی سوید.
بەشی کێبڕکێی "سینەمای کوردی":
"ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی بەشی کێبڕکێی "سینەمای کوردی" ئەم
خولەی فێستیڤاڵەکە بریتین لە؛ "مارکۆس تێلێچیا" بەرهەمهێنەر لە وڵاتی
بەڕازیل ـ سەرۆکی لیژنەی دادوەران، "بورهان ئۆزکان" بەرهەمهێنەر لە
وڵاتی تورکیا، "موریێل ئەبولرووسیس" بەڕێوەبەری وێنەگرتنی فیلم لە
وڵاتی لوبنان، "هوشیار زیرۆ نێروەیی" ئەکتەر و دەرهێنەر لە هەرێمی
کوردستان و دکتۆر "کەوسەر عەلی جەبارە" مامۆستای زانکۆ و ڕەخنەگر لە
وڵاتی عێراق.
بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم":
ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم"ی نۆیەمین
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بریتین لە؛ "جێنیفەر مالمکوئیست"
سیناریۆنووس و دەرهێنەر لە وڵاتی سوید ـ سەرۆکی دەستەی دادوەران،
"ئەبووزەر ئەمینی" دەرهێنەری ئەفغانستانی نیشتەجێی وڵاتی هۆڵەندا و
"محەمەد شێخۆ" لە هەرێمی کوردستان.
بەشی کێبڕکێی "بەڵگەفیلم":
ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلم"ی ئەم خولەی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بریتین لە: "پاکستۆن وینتەرز"
دەرهێنەر لە وڵاتی ئەمریکا ـ سەرۆکی لیژنەی دادوەران، "ئانائیس
بۆیلیکە" دەرهێنەری فیلم و بەڕێوەبەری ئەنیستیتۆی "گۆتە" لە عێراق کە
خەڵکی وڵاتی ئەڵمانیایە و "ڕێبەر دۆسکی" دەرهێنەری کوردی دانیشتووی
وڵاتی هۆڵەندا.
خەڵاتی فیپەرشی:
ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕەخنەگرانی فیلمی
"فیپەرشی" بریتین لە؛ دکتۆر "سێباستیان سێن" توێژەر و مامۆستای زانکۆ ـ
سەرۆکی دەستەی دادوەران لە تورکیا، "جولیا دۆبرێ" مرۆڤناسی وێنەیی
بینراو و ڕەخنەگر لە وڵاتی ڕۆمانیا و "ڤاسیلیس کێچاگیاس" ڕەخنەگر لە
وڵاتی یۆنان.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بە سەرۆکایەتی "ئەمیرعەلی
محەمەدتاهیر" و بە بەڕێوەبەرایەتی هونەریی "شەوکەت ئەمین کۆرکی" بە
یادی "یۆڵماز گۆنای" سینەماکاری کورد و دەرهێنەری براوەی چڵە خورمای
زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەرەنسا (١٩٨٢) و بە ئامانجی
دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان دەرهێنەرانی کورد و دەرهێنەرانی
سەرتاسەری جیهان و دروستکردنی ئاڵوگۆڕی کولتووری لە نێوان گەلان و
میلەتەکانی جیهاندا دامەزراوە.
نۆیەمین خولی ئەم بۆنە و رووداوە سینەماییە بە بابەت و تەوەری "کۆچ" و
بە نمایش کردنی ٩٧ بەرهەم، لە چوارچێوە و شێوەکانی فیلمی درێژی
سینەمایی، کورتە فیلم و بەڵگەفیلم لە بەشەکانی رکابەری و دەرەوەی
رکابەری لەوانە؛ بەشی کێبڕکێی "سینەمای جیهان" پێکهاتوو لە؛ ٩ فیلمی
درێژی سینەمایی، ٨ فیلمی بەڵگەیی دیکۆمێنتاری و ١١ کورتە فیلم، بەشی
پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" پێکهاتوو لە؛ ٥ فیلمی درێژی سینەمایی، ٦
بەڵگە فیلمی دیکۆمێنتاری و ١٥ کورتە فیلم، بەشی "ڕوانگەی سینەمای
جیهان" پێکهاتوو لە؛ ٦ فیلمی درێژی سینەمایی، ٤ بەڵگە فیلم و ٣ کورتە
فیلم، بەشی "پانۆڕامای سینەمای کوردستان" بریتییە لە ١٩ کورتە فیلم،
بەشی "نمایشکردنی تایبەتی سینەمای سوید" بریتییە لە ٩ فیلمی درێژ و
هەروەها لە بەشی "نمایش کردنی تایبەتی سینەما" ١ فیلمی درێژ و ١
بەڵگەفیلمی دۆکیۆمێنتاری لە رۆژانی ١٠ تا ١٧ی مانگی سەرماوەز رێکەوتی ١
تا ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستانی باشوور
بەڕێوەدەچێت.
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.duhokiff.com
https://www.facebook.com/duhokiff
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|