٧\٩\٢٠١٨
ناساندنی ناوبژیوانانی
فیلمەکانی درێژ و کورتە ئەنیمەیشێنی فێستیڤاڵی منداڵان.
مەنسوور جیھانی
ناوبژیوانەکانی
فیلمە درێژەکان و کورتە فیلمی ئەنیمەیشێنی نێونەتەوەیی سی و یەکەمین
خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران
ناسێندران.
بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سیویەکەمین خولی
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، چوار ٤
ناوبژیوانی بیانی و دوو ٢ ناوبژیوانی ئێرانی کورتە فیلمەکان و فیلمە
درێژەکانی ئەنیمەیشێنی نێونەتەوەیی سیویەکەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەھان ناوبژیوانی
دەکەن.
"ئالێنا سیشوا" بەڕێوەبەری بەرنامە و رەخنەگر، "جیلز لێمۆناد"
بەرھەمھێنەر و دەرھێنەری ھونەریی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "فێستیماژ"
لە وڵاتی فەڕەنسا، "جولیا ئۆکێر" دەرھێنەری دیزاینەر و نووسەری
ئەنیمەیشێن لە وڵاتی ئەڵمانیا، "جان لیدز کێتوان" لە وڵاتی گورجستان، "ئومێد
خۆش نەزەر" و "عەلی ئوسکوویی نووری" لە وڵاتی ئێران ئەو ھونەرمەندانەن
کە کورتە فیلمەکان و فیلمە درێژەکانی ئەنیمەیشێن لە بەشی نێونەتەوەییدا
ھەڵدەسەنگێنن.
"ئالێنا سیشوا" بەڕێوەبەری بەرنامە و رەخنەگر لە وڵاتی رووسیا، دەرچووی
بەشی مێژوو، تیۆری سینەما و رەخنەی فیلم لە نووسینگەی سینەماناسی
خوێندنەوەکانی فیلمی "ئاڵ راشین" لە ئیدارەی دەوڵەتیی سینەماناسی S.A
گراسیمۆف کە VGIK کورتکراوەیەتی. ئەو وەکوو رۆژنامەنووس، رێکخەر و
بەڕێوەبەری سینەما کلۆپ و قوتابخانە سینەماییەکەی خۆی، قسەبێژ، وانەبێژ
و راھێنەر چالاکی دەکات. "ئالێنا سیشوا" نووسەری زیاتر لە ٤٠٠ وتار
سەبارەت بە سینەما بە تایبەت بە تەوەری ئەنیمەیشێن، کورتە فیلمەکان و
فیلمی منداڵانە. ئەو بەڕێوەبەری بەرنامەی "سەرووی سیفر" لە فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمی بنەماڵە و منداڵان لە رووسیا (تیۆمەن) و بەڕێوەبەری
بەرنامەی "ئاسۆی نوێ" لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمەکان و
ئەنیمەیشێنی لاوان لە (رووسیا ورونێژ)، بەڕێوەبەری بەرنامەی "رۆژانی
سینەما" لە فێستیڤاڵی فیلمە رووسییەکانی (لێتۆنی، ریگا و ریزیۆکەن)
بووە. ئەو ئەندامی یەکێتیی سینەماکاران و رەخنەگرانی پیشەی فیلمی
رووسیایە، ئەندامی رێکخراوەی فیلمەکانی ئەنیمەیشێنی رووسیا و ئەندامی
رەخنەگرانی فیلمی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی فیپێڕشی و ئەندامە لە ECFA.
"جیلز لێمۆناد" بەرھەمھێنەر، سینەماکار، دەرھێنەری ھونەریی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمی "فێستیماژ" لە وڵاتی فەڕەنسا کە لە ساڵی ١٩٥٥ی
زایینی لە ساربێرگ، لۆرن لە دایک بووە. ئەو کاری خۆی لە پیشەی بینراو و
بیسراو لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی دەست پێکرد و لە ساڵی ١٩٧٧ی زایینی وەکوو
تەکنیسیەنی وەبەرھێنان لە فەڕەنسا گایانای ٣ دامەزراوە. لە ساڵی ١٩٩٢ی
زایینی تا ئێستا کارگەکانی کەرستەکان و جیھازە سینەماییەکانی یەکجار
زۆری وەکوو کارگەکانی بێ بەرامبەر لە قوتابخانەکان و وەزارەتی فێرکاری
و پەروەردە وەڕێخستووە.
ئەو ھەروەھا تا ئێستا دامەزرێنەر و دەرھێنەری فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
فیلمی قوتابخانەکانی فێستیماژ، فیلمەکانی نێونەتەوەیی دەنگ و رەنگ لە
ھەموو دونیا بووە و بەڵگەفیلمی لە دەورووبەری میراسی فەڕەنسی، فیلمی
چیرۆکی "جوغرافی زان" بۆ ماوەی ٢٠ خولەک، فیلمی "سامێر لۆبۆمباشی"،
فیلمی چیرۆکی "پاسەوانی بیابان" بە ماوەی ١٥ خولەک لە فێستیڤاڵی فیلمی
"تەرانسی ساحاران زاگۆرا"، فیلمی "ماکی" بە ماوەی ٢٣ خولەک لە زانستگای
فیلمی "سامێر لۆبۆمباشی" دوایین بەرنامەکان و فیلمە چێکراوەکان کە لە
لایەن ئەم ھونەرمەندە بەرھەم ھاتووە.
"جولیا ئۆکێر" دەرھێنەری دیزاینەر و نووسەری ئەنیمەیشێن دانیشتووی
شتۆتگارت لە وڵاتی ئەڵمانیایە. ئەو لە ساڵی ١٩٨٢ی زایینی لە فۆرزھایمی
ئەڵمانیا ھاتە دونیا. لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥ لە فۆرزھایم و قاھیرە و لە
ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٢ی زایینی لە ئەکادیمیای فیلمی "بادن وڤۆرتبێرگ"
خەریکی خوێندن لە بەشی دیزاینی گرافیک بوو. بەرھەمەکانی "جولیا ئۆکێر"
پانتاییەکی بەرینیان ھەیە؛ لە درام گەلی رەش و ترسێنەری وەکوو "کۆلێرکایند"
بگرە تا فیلمی بە تەواوی شاد و پێکەنینی کۆمیدیای وەکوو "زەڕافە". لە
ساڵی ٢٠١٧ی زایینی "جولیا ئۆکێر" زنجیرەیەکی ئەنیمەشێنی لەژێر
ناونیشانی "ئاژەڵەکان" بەرھەمھێنا کە بۆ خۆی زۆری پێ خۆشە.
"جان لیدز کێتوان" لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٥ی زایینی لە وڵاتی گورجستان و
خاوەنی بڕوانامەی دکتۆڕای مێژووی ھونەر، کارناسی پەیوەندییە گشتییەکان
لە زانستگای دەوڵەتیی فیلم و شانۆی گورجستان، کارناسی رەخنەی فیلم لە
زانستگای دەوڵەتیی فیلم و شانۆی گورجستانە. ئەو تا ئێستا بەرھەمھێنەری
ستۆدیۆ جی.ئێف،ئێم، کارناسی بوودجەکان، کارناسی فێرکاریی بەرزکردنەوەی
چۆنایەتیی فێرکاری و پەروەردەی نەتەوەیی، یاریدەدەری مامۆستا لە زانکۆی
قەفقاز، سەرۆکی زانکۆی پەروەردەی مامۆستای فەڕەنسی ـ گورجی و
بەڕێوەبەری پیشەکانی فیلمسازانی ئەنیمەیشێنی گورجستان بووە.
"ئومێد خۆش نەزەر" لە دایکبووی ساڵی ١٩٨١ی زایینی، دەرچووی بەشی
دەرھێنانی ئەنیمەیشێن لە قوتابخانەی باڵای ھونەری "لوستۆن" لە وڵاتی
سویسڕایە. ئەو بڕوانامەی کارناسیی خۆی ھەر لەم بەشەدا لە کۆلێژی دەنگ و
رەنگ وەرگرت. دامەزراندنی ئەنجومەنی خوێندکاریی "ماڵی ئەنیمەیشێن" لە
ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی لە کۆلێژی دەنگ و رەنگ لە چالاکییە سەرەتاییەکانی
ئەو لە بواری ئەنیمەیشێن دایە. "ئومێد خۆش نەزەر" لە ساڵی ٢٠٠٧
بڕوانامەی پسپۆڕانەی ئەنیمەیشێنی لە لەندەن لقی نەرمە واڵەکانی
سێ رەھەندی وەرگرت. ئەو ئێستاکە لە کۆلێژی تەلەڤیزیۆن و ھونەرگەلی
دیجیتاڵی زانکۆی دەنگ و رەنگی ئێران وەکوو وانەبێژ و ھەروەھا لە پۆستی
دەرھێنەری باڵای ھونەری لە رایەڵەی نێونەتەوەیی Press TV خەریکی
چالاکییە. لە بەرھەمەکانی ئەو دەتوانرێ بە کورتەفیلمەکانی سێ بەشیی "پلە
سیفر" ٢٠٠٥، "لابیرنێت" ٢٠٠٧، "پاڕازیت" ٢٠٠٩ و ھەروەھا کورتە
ئەنیمەیشێنی "ھەموو ئەو زستانانەی کە نەمانبینیوە" ٢٠١٤، ناو ببرێت.
فیلمەکانی ئەو لە دوای بەشداریی لە زیاتر لە ٢٠٠ فێستیڤاڵی نەتەوەیی و
نێونەتەوەییدا، خەڵاتێکی زۆری بەدەستھێناوە.
"عەلی ئوسکوویی نووری" لە دایکبووی ساڵی ١٩٨١ی زایینی لە تاران و
دەرچووی ماستەری سیناریۆنووسی و دەرھێنانی سینەما. ئەو تا ئێستا
بەرھەمھێنان و دەرھێنانی ھونەریی ١٠٤ بەش لە زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی "منداڵانی
ھەتاو"، دەرھێنانی زنجیرەی ئەنیمەیشێنی "چیرۆکەکانی رێوی"، "سیمای
خورشید" و دەرھێنانی فیلمە سینەماییەکانی "ئەفسانەی گوڵی نوور"، "رزگاری
لە بەھەشت"، "ئەفسانەی یوکی یانگ"و کورتە فیلمەکانی "تەنیا"، "ھەوڵ"، "دایرە"،
"رەنگی عیشق"، "عەلامەت"، "قەناری زەرد"، "پەلاک"، "دوایین ھەناسە"
و ھتد لە ئەستۆدا بووە.
سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و
مێرمنداڵانی ئێران بە دەبیری و بەرپرسایەتی "عەلیڕەزا رەزاداد" لە
رۆژانی ٨ تا ١٤ی مانگی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ٣٠ی ئاب تا ٥ی
ئەیلوولی ٢٠١٨ی زایینی لە دوو بەشی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا لە شاری
مێژوویی ئیسفەھان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێ..
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|