په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٩\٢٠١٢

ناسیونالیزم.

 

وەرگێڕانی لە سوێدییەوە‌: حامید مائیلی

 

ناسیونالیزم یانی نەتەوەیی بوون (ئەو وشەیە لە زمانی فەڕانسەیی nasionalisme و لە وشەی nation” ”کە لە بنەڕەتەوە لە وشەی لاتینی nascor واتە (من ھەم )(لەدایک بووم) (ھاتوومە دونیا ) وە ھاتووە. ئەوانەی کە سەر بەو باوەڕەن بە ناسیونالیست واتە نەتەوەیی ناسراون.

ناسیونالیزم جیھان بینی یەکە کە لەیەکگرتوویی تایبەتمەندییەکانی یەک نەتەوە دە جوغڕافیایەکی دیاریکراودا سەرچاوەدەگرێ. ناسیونالیزم حورمەتی فەرھەنگ و مێژووی نەتەوەیی دەگرێ و خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتێکئ نەتەوەیی بە ھەموو تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە.

ناسیونالیزم لە دەستپێکی سەدەکانی ١٧ ی زایینی لە ئوروپا سەری ھەڵدا و تا سەدەی ھەژدە درێژەی بوو و دەو ماوەیەدا دامەزراندنی ئەو دەوڵەتانەی لێکەوەتەوە کە ئەوڕۆ ئێمە دەیانبینین و دەیانناسین . دوای شەڕی دووھەمی جیھانی ھاوتەریبی ناسیونالیزم و مارکسیزم بوونە ھۆی سەرھەڵدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ئەو گەلانە کە لە ژێر دەستەڵاتی کۆڵۆنیالیستەکان (ئیستیعمار) دا بوون.

سەرەڕای ئەو ڕێز لێگرتنەی نەتەوەیی و نیشتیمانی ،ناسیونالیزم دە جەغزی گێرۆدەیییەکی ئەویندارانە دا خۆدەنوێنێ، دەکرێ ناسیونالیزم بە مەنتیقێک بۆ گەلانی ئازار چێشتوو و پێڕێخراو و پێشێلکراو دابنرێ . ئامانجی ‌ ناسیونالیزم دە مەبەستی ھاووڵاتی ویستن و خەڵکی خۆ پاراستن دایە ، ھەر بۆیەشە ناسیونالیستەکان دەڵێن ئەوە دەبتە ھۆی یەک‌گرتوویەکی زیاتر و کەمکردنەوەی چەند بەرەکی دە کۆمەڵگای یەک نەتەوەدا کە سەرکەوتوویی وڕزگاری و بەختەوەری ئەو نەتەوەی لێدەکەوێتەوە.

بەڵام ڕەخنەگرانی ناسیونالیزم دەلێن کە ئەو خۆشەویستی و ئەوینداری نەتەوەیییە دەبتە ھۆی سەرھەڵدانی تووند تیژی نێوان نەتەوەکان کە ناسەقامگیری ئاشتەوایی ھەرێمەکەی لێدەکەوێتەوە.

تاقمێک ناسیونالیست دەد‌رێنە پاڵ چەمکی وەک خەڵک و گەل . دەو پەیوەندییەدا ناسیونالیزم دەگەڵ وشەی ڕەگەز پەرەستی بە یەک مانا دێنە گۆڕێ . بەیەک واتا ھەڵسەنگاندنی ناسیونالیزم و ڕەگەزپەرەستی بەیەکەوە دەگەڵ لیبڕالیزم ودەوڵەتێکی نەتەوەیی کە تێیدا یاسا حاکمە بە ھەڵە دەگەڵ ئەوتاقمە کە بەنێوی خەڵکێک ڕێگایەکی چەواشەکارییان بە دوورلە نەریتی وەک ئەرک و ماف بۆ گەڵێک گرتبێتە بەر بۆ وەیکە خەڵکێک بە گشتی پێی تاوانبار بکرێ لە قەڵەم بدرێن ،لێرەدایە کە دەبێ ئەو تاقمە کە ھەموو نەریتی مافخوازی ڕەوای گەلێک بە ھۆی توند و تیژی چەواشە دەکەن دەگەڵ گەلێک بە گشتی کە داوای ڕزگاری خۆی لە ژێر دەستی دەکا جیا بکرێنەوە.

ڕاھێنان و پەرە پێدانی فوڵکلۆر وەک بەرھەمی خۆشەویستی و نەتەوایەیی ڕەوتێکی پاش سەدەکانی ١٧ و ١٨ زایینی یە. ئەو دونیا خۆشەویستییە خەیاڵاوییە لە چاوپێداخشانێک بە ڕابردوویەکی دوور وەک بنەمایەک بۆ سەلماندنی ڕاستەقینە بوونی ئەو مێژوویە دا دەبیندرێتەوە. دە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا کە ئەو ھەستە توانراوە ئاوێتەی ناسیونالیزم بکرێ ،ڕاھێنان وناساندنی فۆلکلۆر بۆتە لەنگەرێک بۆ بە ھێز کردنی کۆمەڵگای ئەو وڵاتانە . ئەوەش دەگەڕیتەوە سەر ئەو وڵاتانەی کە بوونیان وەک وڵاتێکی سەربەخۆ دە نێوان ساڵەکانی سەدەی ١٨دا وەک ئاڵمان ، فینڵاند ، نۆڕوێژ نەناسرابوون. لەو جێیانە فۆلکلۆر وەک کۆڵەکەیەک بۆ بووژاندنەوەی فەرھەنگی نەتەوایەتی بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ کەسایەتێکی بەرچاوی بوو. دە ماوەی سەدەی ١٩ دا فۆلکلۆر ھەر نەخشی ئەو کەسایەتییەی گێڕاوە و بۆتە ھۆی ئەوە کە بەرھەمی ئەدەبی بکرێتە میراتێکی مێژوویی بۆ پاراوکردنی زمان لە کۆماری ئیرلەند و ھەر وەھا لە زۆر وڵاتانی ئەفریقایی دا.

بەڵام لە سۆئێد فۆلکلۆر دە ڕەوتی ناسیونالیزمدا بەو ڕادەیە کەلکی لێوەرنەگیراوە . تا ئەو جێگایە ھێمای ویکینگەکان و گوستاو واسا - گوستاو ئادۆڵف و کارڵی دوازدە ئەو خەیاڵانەیان وەک ھێمایەکی نەتەوایەتی تا ڕادەیەک بۆ ھەڕیم و مەڵبەندی تایبەت وەدیھێنا . و تا ئەو جێگایە کە ئەو ھێما ھەرێمییانە توانیان نوێنەرایەتی تا پلەی نەتەوایەتی وە ‌ستۆبگرن ، بۆ وێنە سازکردنی ڕ‌واڵەتێک لە دیمەنی مەڵبەندی دالارنا وەک شوێنێکی کە زۆرتر سۆئێدی بوونیان پێوەدیارە.

ناسیونالیزم لەو ‌وڵاتانەی کە دووڕگەن زۆرتر لە دەوری لاوژە وەک فۆلکلۆر ھاتۆتە گۆڕێ ، لە ئیسلاند بە پێچەوانە، ناسیونالیزم لە سەر بنەمای ئەدەبییاتی چیرۆکی سەردەمی سەدەی ناوەڕاست وەک فۆلکلۆر ھاتۆتە گۆڕێ ، چونکوو فۆلکلۆری باوی سەرزاران بە ھێند نەگیرابوو و بە پێچەوانەوە ئەو بەیت و باوانە کراونە بنەمایەکی نزمی پلەی فەرھەنگی.

مێژووی ناسیونالیزم.


ئەو ڕستانە باسی کاتی ڕسکانی ناسیونالیزم دەکەن . ھێندێک دەڵێن کە ناسیونالیزم درێژەی نیشتیمانپەروریی و ھاوتەمەنی مرۆڤایەتی یە ،ھێندیکیش دەڵێن کە دەگەڵ ناسیونالیزمی مۆدێڕنی سەدەی ١٦ و ھێندێکیش لەوە دەدوێن کە وێڕای ڕۆشنگەری و شۆڕشی فەڕانسە وەدیھاتووە . ناسیونالیزم بوو بە چەکێک دەدەست لیبڕاڵەکاندا بە مەبەستی ڕووخانی سیستیمی ئیمپریالیستی کۆنی پادشایەتی و گێڕانەوەی دەستەڵات بۆ لێھاتووەکانی ناوخۆ یان خەڵکی خۆ لە ئوروپا. بە داخەوە ھەر زوو ناسیونالیزمێکی دواکەوتوانە ھاتە گۆڕی بە پێچەوانەی شێوەیەکی پێشکەوتوانە و بە پێواری عەقڵی.

ئاستەنگێ دە ناسیونالیزمدا بەدیدەکرێ کە ئەگەری دژایەتی کردنی تاقمێک وەک کۆ دەگەڵ فەرھەنگەکانی دیکە لە ناوخۆ یان دەرەوەی وڵاتدا بکرێ . ناسیونالیزم حەولی خۆڕاگرتنی دە سنوورەکانی خۆیدا دەدا تەنانەت کەمایەتییەکانیش ھەر دەوسنوورەدا ڕادەگرێ . وەک فڕانکۆ لە ئیسپانیا کە لەوێ دیمان چۆن باسکەکانی وەک خەڵکێکی جێواز نابووە ژێر گوشار . بۆوەیکە خەڵکی باسک دەو سنوورە بەرتەسکەدا ئاسمیلە بکا فەرھەنگ ، نەریت ، زمان ، وئاڵای ئەوانی نایاسایی لە قەڵەم دا و قەدەغەی کردن.

پرەنسیپی نەتەوایەتی.


پرەنسیپی نەتەوایەتی پێوارێکە کە دە دابەشکردنی خەڵک دە کۆمەلگادا بە پێی کۆلتور و تایبەتمەندییەکانی دیکەی نەتەوایەتی دەبێ لە بەرچاو بگیرێ . ئەگەرچی قەت بە تەواوی نامۆیی سیاسیشی پێوەدیار نەبووبێ ،لانیکەم بۆتە فاکتۆڕێکی بنەڕەتی ئاگاھانە ،ھەووەڵ دە دنەدانی جووڵانەوەی نەتەوایەتیدا کە بە جیھانبینی گشتی ناپلئۆن ناسراوە . و بەدوای ئەو ڕووداوەشدا حەول بۆ بەکردەوە تاقیکردنەوەی بە مەبەستی داسەپاندنی بۆ دەستاوێژی بۆ سەر مێژووی ئوروپادا بووە.

ئاکامی ئەو ئاسەوارانە ھێندێکیان بوونە ھۆی یەکگرتوویی و ھێندێکیشیان بوونە ھۆی لێکدابڕان .ئەوەی پێشوو وەک نوێنەری ئەو بەشە لە یەک خەڵک کە دە نێوان چەند دەوڵەتاندا دابەشکراون،خۆ دەنوێنێ وەک ئاڵمان و ئیتالیا . ئەوەی دوایی نوێنەرایەتی ئەو بەشە دەکا کە چەند خەڵکی جێوازن و دە یەک دەوڵەتدا کۆکراونەوە ، وەک ئوتریش ، مجارستان ،ڕژیمی شایەتی لە دانماڕک و تورکییە . کاتێک ئاستەنگ بۆ ھەووەڵی یان دووھەمی بەنێوی لێک کۆکردنەوەیەکی نەتەوایەتی یان یەکدەستکردنیان ، ‌ کەسایەتی دەستەڵاتدارلەو وڵاتە دەبتە لاولاوەی یەکگرتوویی وەک پرنسیپی نەتەوایەتی ، دیارە کە ئەوە ھێزێکە بۆ دەنە دانی بزاوی شۆڕشگێڕی دژ بەو لێک کۆکردنەوەیە.

لە دەرفەتی ھەڵکەوتووی ئەو بیرە نەتەوایەتییەدا زۆر سیاسەتوانانی سەدەی ١٨ لەوانە ئوتوو ڤون بیسماڕک لە ئاڵمان و کامیللا لە ئیتالیا توانیان لە ھەل ومەرجێکی وەک دەنگدانی گشتی کە یەکێک لە پرنسیپەکانی ناپلیونی بوو ،وەک شەرتێک بۆ دیاریکردنی جوغڕافیای نەتەوایەتی کەڵک وەرگرن وتێدا سەرکەوتووش بوون.

دەستەواژە بۆ ئەو شەرتە ڕەوایە دەڕووبەڕووکردنەوەی نەتەوە دەگەڵ تایبەتمەندییەکانی سیاست دا ، پرنسیپەکانی نەتەوایەتی خەوشھەڵگرترە کە یان لە لایەن خەڵکی سەردەستی دەستەڵاتدار تاڕادەیەکی زۆر لە ژێر نێوی چەمکی ھاونیشتیمانی بە مەبەستی تواندنەوەی خەڵکی بچووکتر و کەمایەتییەکان دە نێو خۆیاندا ،کە کراوە و وێستراویشە بۆ پێکھێنانی ھەلومەرجی جێبەجێکردنی لە ژێر نێوی panslaviska rörelsen (بزاوی بە دیلکردن ) بۆ نموونە بە درێژایی دەستەڵاتداری رووسەکان ، یان دە سەرکوتی ھەستی نەتەوایەتیدا یان بێ ھەڵوێستکردنی ئەو ھەستە بە مەبەستی کەلکوەرگرتنی سیاسی لە پێکەو ژیانی ئەو خەڵکە جێوازانە.

جار وبار پرنسیپە نەتەوایەتییەکان وەک کەرەسەیەک کەلکیان لێوەرگیراوە ، ئەگەرچی مەبەستێک بووە کەم یان زۆرعادڵانە بەڕێوە چووە ،بەڵام تا ڕادەیەک یش ئاوێتەی بێعەداڵەتی بووە جا نەک ھەر دەگەڵ ئاڵمان بگرە دەگەڵ ئەو ھەرێمانەی کە ھی دانماڕکییەکان بووە لە schleswig-holstien ولە دانیماڕک جوێکراونەوە.

لیبڕاڵ ناسیونالیزم.


لیبڕاڵ ناسیونالیزم چەشنێک لە ناسیونالیزمە کە دەو دوایانەدا لە لایەن فیلسوفەکانی سیاسەتوان پشتیوانی لێکراوە و سەلماندوویانە کە وەک دەڵێن دژایەتی دەگەڵ خەڵکی دیکەی پێوە دیار نییە بە تایبەت ئەگەر دەگەڵ نەریتی لیبڕاڵەکان وەک ئازادی ، تەحەممول ،یەکسانی ، و مافی تاک ئاوێتە بکرێ. ernest Renan (١٨٨٢) و john stuart Mill(١٨٦١) کە خۆیان وادیاربووپێشوولە ناسیونالیستەکان بوون . لیبڕاڵ ناسیونالیستەکان ئەغڵەب لە بایخەکانی نەتەوایەتی دیفاع دەکەن و لە سەر ئەو باوەڕەن کە ھەر نەتەوەیەک دەبێ پێناسەی نەتەوایەتی خۆی بێ تا بتوانێ وەک مرۆڤێک کە خاوەن ھەموو تایبەتمەندییەکانی خۆیەتی بژی . ژیانێکی سەربەخۆ کە لیبڕال دیموکڕاتەکان داوای دەکەن بۆ پێناسەی نەتەوایەتی بە مەبەستی وەگەڕ کەوتنی کۆمەڵگایەکی بێ تیکھەڵچوون و تەنگژە بە پێویست دەزانن..

Ernest Renaن( ٢٨/٢/١٨٢٣--١٢/١٠/١٨٩٢) یەکێک لە فیلسوفە بە ناوبانگەکانی فەڕانسەیە کتیبێکی بە نێوی(ژیانی مەسیح) دە ساڵی ١٨٦٣ دا نووسیوە ،ئەو کتێبە بوو بە ھۆی دمەقڕەیەکی زۆر لەمەڕ وەیکە دەو کتێبەدا مەسیحی وەک ئینسانێکی مێژوویی نەک وەک کوڕی خودای و کتێبی ئینجیل یشی بە کتێبێکی ھاسایی وەک ھەموو کتێبەکانی دیکە کە سەرچاوەیەکن بۆ مێژوو ناساندبوو کە ڕەخنەگرتنی لێیان بە ڕەوا دەزانی ،کە ھەر ئەو ھەڵوێستە بوو بە ھۆی تووڕەبوونی دەستەڵاتدارانی کلیسای کاتولیکەکان .بەڵام بەناوبانگ بوونی Rena زۆرتر دەگەڕیتەوە سەر تاریفی ئەو لە nationواتە نەتەوە کە ئەو دە کتێبێکی خۆیدا بەنێوی ”Ques-ce quune nation ”دە ساڵی ١٨٨٢ دا دژ بە تاریفی ئاڵمانی لە nation کە لە سەر بنەمای وەک ڕەواڵەت ، زمان ، نووسراوە ، لە جیاتی بایخدان بە ویستی ژیانی ھاوبەشی وەک شەرتی پێویست و میعیار .بابەتەکە لە پێداویستییەکان سەردەم بوو چون ئەو لە جێگایەکی بە نێوی Alsace Lorraine دەژیا کە لەو شوێنە کێشەیەک ھاتە پێش و ‌دوابەدوای ئەوکێشەیە ئەو ھەستی بە بوونی چەمکێک بە نێوی نەتەوەی کرد کە دوایەش سەلمێندرا.

ئەو کێشەیە لە سەرھەرێمێک بوو کە دەنێوان شەڕی ئاڵمان و فەڕانسە دا دەساڵی ١٨٧٠-٨٧١ کە فەڕانسە دەپەیماننامەی ئاشتەوایی فڕانکفۆڕت دا دابووی بە ئاڵمان بەڵام دە پەیماننامەی ئاشەوایی وێرسادا دە ساڵی ١٩١٩ دراوە بە فەڕانسە.

نەتەوە بریتییە لە کۆی ئینسانگەلێک کە ھۆی یەکگرتوویی و ھاوبەشییان فاکتۆرگەلێکن وەک زمان ، دین ،نیژاد، مێژوو ،فەرھەنگ، نەریت و دابی کۆمەڵایەتی . نواندنی ڕاشکاوانەی نەتەوە ،ناسیونالیزم یانی نەتەوەیی بوونە . دە قسەی سەرزارانی ڕۆژانەدا وشەی نەتەوە مانا ومەبەستی وشەی شتێکی لە گوێن ژئۆپۆلیتیک واتە( وڵات بە مانای سیاسی وشەکە یان دەوڵەت بە مانای جوغڕافیایی وشەکە ) کە خەڵکێک خۆیانی پێ پێناسە دەکەن .دەوڵەتێکی لە سەر بنەمای نەتەوە پێکھاتبێ بە دەوڵەتێکی نەتەوەیی دەناسرێ.

شێوەکانی جۆراوجۆر لە ناسیونالیزم.


دەکرێ ئاماژە بەجێوازی ئەو دوو پرنسیپەی کە ناسیونالیزمی بەڕێوە دەبا ‌ بکەین .یەکیان ius sanguinis واتە ‌ناسیونالیزمی (خوێنی) کە باسی نەتەوە وەک یەک فەرھەنگی یەکگرتوو کە لە ڕەوتێکی دوور و درێژی مێژوویی یان خزمایەتی یەوە سەرچاوە دەگرێ ، دەکا ، ھەڵبەت ئەو بۆچوونە ناسیونالیزمی تەخەییولی ئاڵمانی یە ، و لە بەرابەر ئەو پرنسیپە نەتەوایەتییە دادەنرێ کە ناسیونالیزمی (خاک و ھەرێم )ius solis کە دەڵێ نەتەوە بریتییە لە دانیشتوانێک بە بێ لە بەرچاوگرتنی ڕابردوویەکی وەک نیژاد ،وابەسەتەگی . ئەو پرنسیپە ڕیشەی دە فەلسەفەی چاخی ڕۆشەنگەری فەڕانسەدایە کە سەر بە نەتەوەیەک بوون و مافی شارۆمەندی وێڕای ھەڕیم بە بنەما دەزانێ . ھەر نەتەوەیەک دە ھەلومەرجی تایبەتدا ھەڵگری ھێندیک لەو دوو پرنسیپانە دەبن و دە نێوان ئەو دوو پرنسیپانەدا دەھاتوچۆدان جا بۆیە دەبێ لە ھەر وڵاتێک بە پێ ھەلومەرجی خۆی دە دانانی یاسای شارۆمەندیدا ئەوانە بە وردی و سرنجەوەلە بەرچاو بگیرێن.

ئەو پرنسیپە ‌سەرەکییانە دەکرێ ببنە دەستەواژەیەک بە شێوەگەلی جۆراوجۆر. ناسیونالیزم دەتوانێ خۆی وەک بەشێک لە بیر وباوەڕی فەرمی دەوڵەت یان بزووتنەوەیەکی خەڵکی بنوێنێ ،و دەتوانی جەخت لە سەر شارۆمەندی ، نیژاد، فەرھەنگ ، مەزھەب یان مەسلەکی خۆی بکاتەوە. ئەو بۆچوونە خۆماڵییانە لە چەمکی نەتەوە مەبەستی کلاسەکردنی ناسیونالیزمی جۆراوجۆری پێوەدیارە. بزووتنەوەی ئەو چین و توێژانە وەک نەتەوەیەک یان بزووتنەوەی چەند نەتەوە ئاوێتەی چەند یان ھەموو ئەو دەستەواژانەن بەڵام دە پلەی جێواز دا. بزووتنەوەی ناسیونالیستی یش دەتوانرێ بە پێی بنەمای دیکە کلاسە بکرێ ،بۆ وێنە بە پێی چەندایەتی و چۆنایەتی و شوێنی بزووتنەوەکە.

تاریفی جۆراوجۆر لە ناسیونالیزم وەبەرچاودەکەون ،بە تایبەت کاتێکی بەرژەوەندی سیاسی دە پەیوەندی دەگەڵ ناسیونالیزمدا بە مەبەستی بەرز نرخاندن یان لە بەر چاو خستن و بە دزێو ناساندنی ئەو بزووتنەوەیە دێتە گۆڕێ.

ھێندێک لە تێئۆریسیەنەکان دەلێن کە جێوازییەکانی نێوان ھەموو جۆرە ناسیونالیزمێک قەڵبن . پێیانوایە دە ھەموو شێوەکانی ناسیونالیزمدا دانیشتوان ھەڵگری جۆرێک لە فەرھەنگی ھاوبەشن و ئەو فەرھەنگەش قەت ناکرێ لە نیژاد جوێ بکرێتەوە. لەئەمریکا بۆ نموونە ”چاکە” (کاری باش )کە دە بەیتەکاندا وەبەرچاودێن کە وەک فەرھەنگێکی دادوەرانەی باشوور لێیدەدوێن ،.ئەمریکا جۆرێک تێئۆری لە مەڕ ئامریکایی بوون ھەیە کە بە nativism واتە (کە لە دایک بووی دەگەڵتە)‌ ناسراوە ،و دە ماوەیەکی کورت دە ساڵەکانی ١٩٠٠ دا لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر چالاکی غەیرە ئەمریکایییەکان بە پێی ئەو تێئۆرییە پێکھات.

ناسیونالیزمی شارۆمەندانە.


ناسیونالیزمی شارۆمەندی یان ناسیونالیزمی شارۆمەندانە خۆی یەک چەشنە ئاڵترناتیوە بۆدەوڵەتێکی نەتەوەیی کە دەو ناسیونالیزمەدا دەوڵەت پێناسەی سیاسی خۆی لە بەشداری چالاکانەی ‌ شارۆمەندان وەردەگرێ ، تا ئەو جێگایە کە ئەو دەوڵەتە بتوانێ نوێنەرایەتی” ویستی خەڵک ” بکا . ئەندامی ئەوتۆ نەتەوەیەک دە پرنسیپی”ius solis ”واتە ناسیونالیزمی(خاک و ھەرێم) دا خۆی دەبینێتەوە .ناسیونالیزمی شارۆمەندانە ئاوای بۆ دەچن کە ئەغڵەب بنەماکەی لە Jean Jacques Rouseauبە تایبەت دە تێئوری لە مەڕ بەڵێننامەی کۆمەڵگا کە ئەو نێوەشی لە کتێبەکەی بە نێوی ( لەمەڕ بەڵێننامەی کۆمەڵگا )وە وەرگرتووە . ناسیونالیزمی شارۆمەندانە ئاوێتەی نەریتی لیبڕالیزم و عەقڵگەرایییە، ئەو چەشنە ناسیونالیزمە دەگەڵ ناسیونالیزمێکی کە بنەمای نیژادی بێ جێوازیان ھەیە . دە نێو ئەو نەتەوانەدا کە ‌ بنەمایان ناسیونالیزمی شارۆمەندانەن ،‌ بوونی ئینسانگەلێک بە نیژادی جێواز و فەرھەنگی جێواز کە لە نێو ئەو نەتەوەیەدا لە دایکیان بوون یان دانیشتوانی نێو ئەو سنوورەن وەبەرچاو دەکەون . شارۆمەندی دەو وڵاتەدا شتێکە ئارەزومەندانە .بیر وباوەڕی ناسیونالیزمی شارۆمەندانە ئاسەواری بە سەر پەرەسەندنی دیموکڕاسی و گەشەکردنی کۆمەلگای وەک ئەمریکا ، فەڕانسە وە دیارە.

Jakobiner تاقمێک بە نێوی یەعقوبییەکان کە لە سەردەمی شۆڕشی فەڕانسە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە دەبێ دەوڵەتی یەکدەست و بەناوەندێکی بە ھێز بۆ فەڕانسە بێتە کایەوە لە سەر بنەمای ناسیونالیزمی دەوڵەتی ، ھەر ئەو بیر وبۆچوونەی کە لە تورکییەی سەردەمی ئاتاتورک بە نێوی ناسیونالیزمی تورکەکەمالیستەکان ھاتە کایەوە.

ناسیونالیزمی نیژادی.


ناسیونالیزمی نیژادی یان ناسیونالیزمی نیژادییانە،‌ لە دەوڵەتێک کە لە سەربنەمای نیژاد دامەزرابێ دەدوێ ، لەودا نیژاد ھەمیشە بە شتێک لێکدەدرێتەوە کە سەرچاوەکەی لە جیلی پێشووی خۆی واتە باب وباپیران دەستپێدەکا (ius sanguinis) واتە ناسیونالیزمی خوێنی .ئەو ھەروەھا ھەڵگری ئەو بیر و باوەڕەشە وەک فەرھەنگی ھاوبەشی خۆی دەگەڵ باب وکاڵ وپێشینیانیان ،وھەروەھا زمانی ھاوبەش . ئەندام بوون دەو نەتەوەیەدا وادیارە وەک میراتە . دەوڵەت پێناسەی سیاسی خۆی لە نوێنەرایەتی وەڵاتیک بۆ ئەو نیژادە وەردەگرێ . ولەشێوەی کاری خۆی وەک مەبەستێک بۆپاراستنی پێناسەی نەتەوایەتی و پشتیوانی لە فەرھەنگ و ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو دەستە و تاقمە کەلک وەردەگرێ .بیر و بۆچوون لە سەر نیژاد زۆر کۆنە ، بەڵام ناسیونالیزم نوێی نیژادی زۆر ئاسەواری Johan Gottfried von Herderکە چەمکی ”das volk” خەڵک ” ی ھێنایە گۆڕێ وJohann Gottlib Fichte پێوە دیارە.

ڕەوتی ناسیونالیزمی نیژادی ئێستا باوە و زۆر بە ئاسایی بە ناسیونالیزم دەناسرێ . ناسیونالیزمی ئاڵمانی سەدەکانی ١٨و تادوایی شەڕی دووھەمی جیھانی ناسیونالیزمێکی نیژادی تەخەییولی بوو . دە دەیەی ٣٠ و ٤٠ نازیستەکانی ئاڵمان ناسیونالیزمێکی نیژادپەرەستانەیان پەرەپێدا . لە ژێر درووشمی ”یەک وڵات ” ”یەک نەتەوە ” ”یەک ڕێبەر ” تێکەڵاوی نازیسم و نەتەوە و نیژاد و سیاسەتی بەڕیوەبەرایەتی لێکەوتەوە .ناسیونالیزمی نازیستانە لە سەر بنەمای سوسیال داروینیزم و بیرۆکەی بێزاری لە نەتەوەکانی دیکە دامەزراوە.

تێئۆریسیەن Anthony D. Smithچەمکی ”ناسیونالیزمی نیژادی ” بۆ ئەوانەی وا کە لە ڕوانگەی ڕۆژاواییەکانەوە نا‌ڕواننە ناسیونالیزم دەکاری دەکرد . بە پێچەوانەی ڕوانینی ڕۆژاواییەکان کە ناسیونالیزم وەک پێناسەیەک بۆ ھەرێمی جوغڕافیایی خۆیان تاریف دەکەن . دەستەواژەی”etnonationalism”ھەر بۆ ئەو ناسیونالیستانەی دەکار دەکرد کە ھەڵگری باوەڕی ناسیونالیزمی نیژادین ”etnisk nasionalis ” ،و نوێنەرایەتی ئەو ھێڵە بەرینەن کە وەک باوەڕێکی نافەرمی شاراوە و غەریزی یە. ئەو شێوە بە ناماقووڵە ھەر تکیان دەگرێتەوە ھەم ناسیونالیزمی نیژادی و ھەم ناسیونالیزمی قەومی ، سەرەڕای وەیکە ناسیونالیزمی قەومی دەتوانی ھەڵگری ناوەرۆکێکی ماقووڵانە بێ وەک باسی ئەفریقاییەکان ، ئەمریکایییەکانی بە ڕەگەزئوروپایی ، یان ناسیونالیستەکانی دیکە کە زۆر ڕاشکاوانە بۆ دابینکردنی پێناسەی نەتەوایەتی خۆیان چالاکن.

ناسیونالیزمی ڕومانتیک.


ناسیونالیزمی تەخەییولی یان ڕومانتیک ( ناسیونالیزمی پێناسە یان ناسیونالیزمی ئورگانیک ) ئەو چەشنە لە ناسیونالیزمی نیژادی یە کە دەوڵەت پێناسەی خۆی لە ئاکامی ڕەوتی سروشتی نەتەوەیی یان نیژادی وەردەگرێ .ئەوەش کاردانەوەیەکی باوەڕی خەیاڵی یە کە بە پێچەوانەی بنەما و مەنتیقی چاخی ڕۆشنگەری ‌ئوروپایەیە.

ناسیونالیزمی خەیاڵی مێژوویەکی فەرھەنگی نیژادی کە دابینکەرەوەی باوەڕگەڵی ئەویندارانەی بوو، بەدەستەوەیدا.

Bröderna Grimm بە ئیلھام لە نووسراوەکانی Herder دەستیان دایە ھێندێک نووسراوەی ڕومانتیکی کە جەختیان لە سەرنیژادی ئاڵمانی دەکردەوە. مێژوونووس Jules Michelet نموو‌نەیەکی بەرچاوی مێژووی ناسیونالیزمی ڕومانتیکی فەڕانسەیە.

ناسیونالیزمی فەرھەنگی.


دە ناسیونالیزمی فەرھەنگی دا، نەتەوە بە ئەوانە دەگوترێ کە خاوەنی فەرھەنگی ھاوبەشن. بە ئەندامبوونی ئەوتۆ نەتەوەیەک نە بە تەواوی ئارەزومەندانەیە وەک (وەرگرتن و ‌وەلانانی ئەو فەرھەنگە) و نە ئیرسی یە (منداڵی ئەندامان دەکرێ بە بێگانە دابنرێن ئەگەر بە فەرھەنگێکی دیکەدا گەورە بووبن). ناسیونالیزمی چینی نموونەیەکە بۆ ناسیونالیزمی فەرھەنگی،بەشێکی دەگەڕیتەوە سەر بوونی ئەو جێوازییە فەرھەنگییانە لە مەڕ کەمایەتییەکانی جۆراوجۆر لە چین، ھەر وەھا ئەو تاقمە زۆرە لەو چینییانە کە لانەواز و ھەڵوێدان (نیزیکەی ٦٠ میلیۆن تا ساڵی ٢٠٠٥). ناسیونالیزمی چینی تەنانەت خەڵکی تایوان یش کە خۆی دووڕگەیەکە بە چینی دادەنێ.

ئەوەیکە زۆر سرنجڕاکێشە دە ناسیونالیزمی فەرھەنگی چینی دا ئەوەیە کە زۆر ھەڵپێچراو وئاڵۆزە. لە باری مێژوویییەوە تەنانەت شوێنەکانی نیزیک بە جوغڕافیای چین یش دەگرێتەوە وەک مەغولستان، نیو دووڕگەی کورە، وێەتنام، مییانمار (بورمەی پێشوو). دە مەفھومی چینی دا ھەموو ئەوانەی کە بە پەیوەندی خوێنی دەچنەوە سەر چینییەکان، تەنانەت ئەوانەی وا دە وڵاتانی دیکەشدا دەژین بەڵام بە نیژاد چینین وەک سەنگاپوورییەکان، ئەو چینییانە کە لە وڵاتانی ئەفریقا،ئەمریکا، ئاسیا، ئوستڕالیا و ئوروپا دا دەژین،دەگرێتەوە. وادیارە تەنانەت خەڵکی ئەو وڵاتانەی کە تاقمێکیان وەک کەمایەتی نوێنەرایەتی چینی یەکان دەکەن،ھەر بە چنییان لە قەڵەمدەدەن. ھەر لەبەر وەشە کە مەغولەکان بە کەمایەتێکی چینی دادەنرێن ئەگەر چی دەوڵەتی سەربە خۆی کۆماری مەغولستان یش ھەیە.

سەردەمی ئیمپڕاتوری مەغولەکان دە سەدەی ١٢ زایینیدا بەشێکی زۆر لە ئاسیا و ئوروپایان داگیرکرد و ھێنایانە ژێر دەستەڵاتی خۆیان. دە نێو وانەدا دە مێژووی نووسراوی چینییەکاندا ئەوەش ھاتووە کە کەمایەتیێکی چینی دەستەڵاتی لە چین بەدەستەوە گرت، وپاشان پەرە بەو ئیمپڕاتورییەی چینی درا. بۆیەشە سەردەمی ئیمپڕاتوری مەغولەکان لە چین بە ماوەیەک دادەنرێ کە جێی شانازی و مەزنایەتی چینییەکانی پێوە دیارە، ئەو دەم کە دەستەڵاتی چین لە ئاسیا وە تا ئوروپایەی لە ژێر ڕکێفی خۆیدا دەدی، ھەڵبەت بێجگە لەو ماوەیەی کە چینییەکان لە ژێر دەستەڵاتی مەغولەکاندا بوون.

ناسیونالیزمی دینی.


ناسیونالیزمی دینی بە ڕەوتێک دەگوترێ کە لە سەر بنەمای دینێکی ھاوبەشی یەکگرتوو دامەزرابێ،ئەغەڵەب فاکتۆڕی دیکەشی دەگەڵ ئاوێتەیە وەک فەرھەنگ، نیژاد و زمان. ئەگەر ئەوتۆ دەوڵەتێک پێناسەی خۆی کە زۆرتر لە ئوسولی دینەوە وەردەگرێ ئەو دەوڵەتە زیاتردەوڵەتێکی تێئۆکڕاسی یە تا دەوڵەتێکی نەتەوەیی. زۆربەی دەوڵەتانەی کە نیژادی و فەرھەنگین ڕوانگەیەکی دینیشیان پێوەدیارە، بەڵام زیاتر وەک یەک ڕەگاژۆیی بۆ تاقمێک نەک وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ مەبەستی بەرپرسیارەتی لە ڕاست ویستی نەتەوایەتی.

ناسیونالیزمی ئیرلەندی کاتۆلیکی یە، وزۆربەی ڕێبەرانی ناسیونالیزمی ئیرلەندیی یەکان دەو سەت ساڵانەی دواییدا کاتۆلیک بوون، تەنانەت زۆربەی ئەوناسیونالیستانەی پێشووشیان دە سەدەکانی ١٨شدا پڕۆتستان بوون. ناسیونالیزمی ئیرلەندی لە تێئۆریی یەکی کاتولیکانەی تایبەتەوە سەرچاوەی نەگرتووە،تەنانەت ھێندێک پڕۆتستان لە ئیرلەندی باکوور مەترسی ئەوەشیان ھەیە کە ئەوتۆ تێئۆرییەک بە سەروەڵاتە یەکگرتووەکەیاندا داسەپێندرێ. ھەر بە شێوەیەکی وێچوو بەڵام دە فۆڕمی سەھیوونیزم دا کە لە سەر بنەمایەکی فەرھەنگی یەھوودی و نیژادی یەھوودییە، ئەگەر دینداری سەھیوونیزم یش ھەبێ و ئاسەواری بە زۆرانەوە دیبیندرێ.

دە دونیای ئیسلامدا باسی سەر لەنوێ گەڕانەوەی پانئیسلامیزم دەگۆڕیدایە.بەدوای دابەشکردنی ھیندوستان لەللایەن بریتانیایی یەکانەوە،ناسیونالیزمی ھیندی ئەغڵەب دە پەیوەندی دەگەڵ ھیندوئیسم دا، سەرەڕای بوونی چەشنێکی جیھانییانەی دژ بە کۆمۆنیزم ھاتووە. دە ھیندوستانی مۆدێڕنی ئەوڕۆییدا چەشنێ ھیندوناسیونالیزم بووەتە باو کە ئەغڵەب لایەنگری لە حیزبی Bharativa Janata وRashtrya Swayamsevak Sangh دەکەن. ناسیونالیزمی دینی وەک پرنسیپێکی لێک گرێدراوی باوەرێکی ئۆرتۆدۆکسی ھاوبەش و نەتەوەیی سەر بەکلیساکانی ئۆرتۆدۆکس لە زۆربەی وڵاتانی ئوروپای ڕۆژھەڵات وتەنانەت دە ڕووسییەی فیدڕالیش دا وەبەرچاو دەکەوێ.

ناسیونالیزمی دیاسپۆڕا (ھەندەران).


مەبەست لە ناسیونالیزمی ھەندەران پێی دەڵێ :ناسیونالیزم لە ڕێگای دوورەوە. ئەوەیە کە مرۆڤ ئەغڵەب ھەستی ناسیونالیستی لە ھەندەران یان غوربەت دەبزوێ بۆ نموونە ئیرلەندییەکانی ئەمریکا، لوبنانییەکانی ئیسکاندیناوی و ئەمریکای باشوورییەکان و ئەفریقاییەکان و ئەرمەنییەکانی ئوروپا و ئەمریکا. بنێدیکت ئاند‌رسۆن لەمەڕئەوتۆ ناسیونالیزمێک دەڵێ :وەک بناخەی کێوێک دەچێ کە بەدیارەوە نییە، چونکوو ئەو ئینسانانەی دەیانەوێ ھەست بە ئەوتۆ نەتەوەیییەک بکەن کە دەڕاستیدا نایانەوێ کۆمەڵگای خۆیان بە داپلۆسین بدەن. جێوازی بنەڕەتی دە نێوان پان ناسیونالیزم ودیاسپۆڕا ناسیونالیزم دەوەدایە کە ئەندامانی ناسیونالیزمی دیاسپۆڕا ئیدی دە نێو نیژاد و وڵاتی خۆیاندا ناژین. دە فۆڕمی تایبەتی سەھیوونیزم دا بزووتنەوەی نەتەوایەتی لە غوربەت نوێنەرایەتی وڵاتی ئەو نەتەوەیە دەکا کە دەیەویست جارێک بۆ ھەمیشە دوایی بە ژیانی ئەو خەڵکە لە ھەندەران بێنێ و لە زێدی باب وباپیرانیان نیشتەجێیان بکا.

ناسیونالیزم و ئیمپریالیزم.


ناسیونالیزم وەک ئیدئۆلۆژییەکی خاوەن پرنسیپ، ھەڵگری بیری داگیرکاری و پەرەپێدان بە داگیرکاری نییە. ھەر نەتەوەیەک خۆی خاوەن وڵاتێکە ئەگەر مانەوە و ئەمنییەتی وڵاتەکەی نەکەوتبێتە مەترسییەوە،چاوی تەماحی لە خاکی ھیچ وڵاتێک نییە بە مەبەستی بەرفرەوان کردنەوەی وڵاتی خۆی.ناسیونالیستەکان دە سەدەی ١٨ دا دژ بە سیستیمی ئیستیعماری دەستیان بە بەربەرەکانی کرد.ئەو بەربەرەکانییە لەدەرەوەی ئوروپا کە پییدەگوترا ”مەڵبەندی ناشارەستانییەتی ” کە ئاوێتەی تووند وتیژ بوو بە تایبەت لە ئەفریقایە.ئەوان(ئیستیعمارچییەکان) پێداگریان لە سەر ئەوە بوو ئەو چارەنووسەی کەلە ناو خۆوە بە تووشیان ھاتووە ھۆی کڵۆنیالیست بوونیانە. ھۆی دەست لە کڵۆنیالیستی کێشانەوەشیان شەڕی دووھەمی جیھانی بوو کەوەک پرەنسیپیک قەبڵاندیان و سەلماندیان کەھەرێمەکانی نەتەوەیی کە داگیرییان کردووە دیاریکراون وتایبەتن بە نەتەوەی خۆیان و دەبێ لێیان بکشێنەوە. دیسان ئەوەش نەیتوانی بەر بە ھێرشی چەکدارانە لە دەرەوەی وڵاتان بگرێ.بەڵام بە دوای ئەو ئیعترازانەدا،بوو بە قانوونێکی نێو نەتەوەیی کە ھیچ پاساوێکی سەلماو لە ژێر ھیچ بیانوویەکدا بۆ داگیرکاری وڵاتانی دیکە دەگۆڕێدا نییە.

ناسیونالیزم لە ڕەوانگەی مێژوویییەوە.


ئەگەر چی تا ڕادەیەک زۆرایەتی لە سەر ئەوە کۆکن لە ناسیونالیزم ئیدئۆلۆژییەکی سیاسی یە،سەرەڕای ئەوەیکە نەلە چاخی ڕۆشەنگەری ئوروپا و نە لە شۆڕشی فەرانسە کۆنتر نییە، بۆچوونی ناسیونالیزم وەک پێناسەی نەتەوەیی،پێداویستییەکان،مێژووی سەرھەڵدانی لێدەکەوێتەوە.سوێرکر سوێرلین دە کتێبی "دەنگی گەل" سێ تەوەرەی سەرەکی دە لێکۆڵینەوە لە مەڕ ناسیونالیزمدا دەخاتە بەرچاو ١-تێئۆری کردەوە گرایی funktionalism،٢-تێئۆری مێژوویی، historism،٣-تێئۆری ڕەسەنایەتی نیژادی وزمانی ، primordialism)،ئەو لە سەر ئەو باوەڕییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی دەتوانرێ ئەو سێ تەوەرەیە بخرێنە چوارچێوەیەکی مۆدێرنی ئەوڕۆیی و بە پێواری خاڵەکانی مافی مرۆڤ بگونجێندرێن.

داڕشنی تێئۆری مۆدێڕنانە.


داڕشتنی تێئۆری مۆدێرنانەی بۆ ”پێناسەی نەتەوەیی ”وەک شتێکی داڕێژراو، ڕاھاتوو و بە مەبەستی بەرەو‌پێشوەبردنی ڕەوتێک دادەنرێ. ئەوەش بەو واتایە نییە بە پێی ھەر تاریفێکی قەڵب یان بە دوور لە ڕاستی وبێ ڕیشە دە ڕابردوودا شتێک بخولقێندرێ.

دەو سەدانەی دواییدا ئەو تێئۆرییە مۆدێڕنانە بەتەواوی بوونە باوی حاکم، بەڵام توێژینەوەی ئەو دواییانە لە مەڕ مێژوویی و ئەزموونی، لانیکەم لە سۆئێد یارمەتیدەرێکی پڕبایخ بوون بۆئەو ڕوانگە و بۆچوونانە لە سەر نیژاد.ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوانە لێک نیزیکبوونەوەی ئەو ئەودوو ڕوانەگەیانەی بدواوە بووە، بەڵام ھێشتا تێڕوانینەکان ھەر بەجێوازی ماونەتەوە تا ئەو جێگایە باسەکە دێتەوە سەر”خەڵکی ھاسایی” و” پێناسەی نەتەوایەتی ”یان ھی نیژادی دە سەردەمی کۆندا.

لە سۆئێد دە ساڵەکانی ٢٠٠٠ دا تاقمێک مێژووزان وەک Harald Gustafsson ، Jonas Nordin ، Jens Lerbomو ھێندێک کەسی تریش تا ڕادەیەکی بەرچاو و سرنجڕاکیشانە ھێندێک لەو خاڵانەیان دایە بەر لێکۆڵینەوەیەکی نوێتر کە ئەو تێئۆرییە نوێیانەی لە مەڕ نەتەوە دادەڕێژرێن وەک پڕۆژەیەکی مۆدێڕن سەیر بکرێن. ھێندیکیشیان توانیان نیشانی بدەن کە ‌ئاسەواری ڕیشەی پێناسەی مۆدێڕنی سۆئیدی دە سەقامگیر کردنی ڕەوتی بە دەوڵەتبوونی دە سەدەکانی ناوەڕاستدا بدۆزرێتەوە،ھێندیکیشیان زۆر بەرچاوانە بەرینی و بەربڵاوی ئەو پێناسە نەتەوەیییە دە سەدەکانی ١٥ دا دەبینرێنەوە.

لێکۆڵینەوە لە مەڕ ناسیونالیزم.


گێلنر (Gellner ) کە یەکێک لەلێکۆڵەروەکانی چەمکی ناسیونالیزم وداھێنەری تێئۆری چەمکی ( پێناسەی مۆدێڕن mordernistisk identitets و تێئۆری ناسیونالیزم nationalitetsteorin ) بووە. نەتەوە و نەتەوایەتی نوێنەرایەتی ڕازی بوونێکی دڵخوازانە وتەوژمێکی ڕەخنەگرانە لە ڕاست ناوەرۆکی ئەو لێکۆڵینەو‌انە دەکا. ئەو کاکڵی تێزێک کەلە سەردەمی تێئۆری ڕیشەی ڕەسەنایەتی نیژادی و زمانی کەلە لایەن قوتابییەکی خۆی بە نێوی Anthony D.Smithخولقێنرابوو، شیدەکاتەوە.ڕوانگەکان لە سەربایخی نیژاد بۆ سەرھەڵدانی ناسیونالیزم تەنیا بێ ھێزی بەڕیوەبەرایەتی بە مەبەستی دەنگۆ سازکردنی لێدەکەوێتەوە. ئەو ھێرش دەکاتە سەر ئەوە کە پێکھاتەی نەتەوەیی تەنیا لە سەر بنەمایەکی ھاوبەشی نیژادی یان مێژوویی یەوە بێ. لێکۆڵینەوەی Gellner بە پێچەوانەوە زۆرمۆدێڕنانەیە.کاتێکی ئینسان چاخی کشتوکاڵی بەجێھێشت و ڕوویانکردە ژیانی شارەستانی، فەر‌ھەنگی جوتیاریش خۆی ‌ دەگەڵ ئەو بارودۆخە گونجاند کە لە پێداویستییەکانی بنەمایی ناسیونالیزم بوون. ناسیونالیزم ھونەرێکی سەردەمی کۆمەڵگای مۆدێڕنی سەنعەتییە. لێکۆڵینەوەکە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆمەڵگای سەنعەتی دەبتە ھۆی لەت وکوتکردنی وردەکۆمەڵگاکانی کشتوکاڵی کە دە کۆمەڵگایەکی گەورەتری کڕین وفرۆشتن و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکاندا خۆیان دەبیننەوە. بە جێگۆڕکی کردنی زیاتری ھێزی کار و کەلوپەل و پێکھاتە و ڕێکخراوە بۆ کڕین و فرۆشتن، خوێندەواری و زانیاری سەریانھەڵدا.

ناسیونالیزم بوو بە تەنیا ئیدۆئۆلۆژی بۆ یەکگرتنەوەی ئەو کۆمەلگایانە بە درێژایئ مێژوو لێکترازابوون. کەسێک دە توێژی مامناوەندی کۆمەڵگادا وەک. کارمەند، موھەندیس، ڕووناکبیر بە ھۆی ھەڵاواردنیان لە لایەن دەوڵەتەکانەوە بەوە گەیشتن کە نوێنەرایەتی فەرھەنگی نەتەوەی خۆیان وەستۆبگرن. لە ڕێگای زانستە پێشکەوتووەکانی وەک ئارکۆلۆژی (لێکۆڵینەوەی ئەوانەی وا دەژێر زەویدا حەشاردراون)، فیلۆلۆژی (زمانناسی)، ئانتڕۆپۆلۆژی(مرۆڤناسی )، ئێتنۆلۆژی(نیژادناسی)، ژێئۆگڕافی (جوغڕافیایی) و ھتد، نەک ھەر پاساوی زانستی بۆ مێژووی نەتەوەیین بگرە بۆ میرات وەک کەسایەتێکی فەرھەنگی کۆنی نەتەوەیی کەوتنە بەردەستان.

لەمەودواوە دەبێ وەک نەتەوە بەو ئەرکە بزانین، کە ناسیونالیزم وەک دەستکەوتێکی نیژادی،بەسەرچوو، ھەڵقوڵاو سەیر نەکەین. ناسیونالیزم لە سەر بنەمایەکی قووڵی زانستی و پێویست بە خوێندوارێکی بەرزی فەرھەنگی وەک پارێزەرو نوێنەرایەتی دەوڵەتی نەتەوەیی داڕێژڕاوە. بە پێچەوانەی بۆچوونی نەتەوایەتی لە جێ دانراوی بە ‌سێکولارەکردنی بۆچوون وداب ونەریتی مەزھەبی سەردەمی کشتوکاڵی ‌، بۆیەشە نابێ لە دەستپێکەوە بپرسین کە ئەرێ دەوڵەت چۆن پێکھات بەڵکوو دەبێ بپرسین بۆ پێکھات ؟ وڵامی ئەو پرسیارە لە لایەن گلنڕ (gellner) بە بنەمایەکی ماتریالیستی دەدرێتەوە ودەڵێ ‌:وێڕای گەشەی جوغڕافی و ھەرەوەزی کۆمەڵگایی ھەستی پێویست بۆ یەکگرتوویی فەرھەنگی و چۆنیەتی ژیان سەرھەڵدەدا.

نەناسراوی کەسایەتی کۆمەڵگای سەنعەتی دە پەیوەندی دەگەڵ مەرجی ڕێکخراوەیی بۆ فەرھەنگی یەکدەست،ھەڵخڕێنەری پێداویستییەکانی ئەو یەکگرتوویی فەرھەنگی نەتەوەیی یە. لێرە بۆوەیکە دیکتاتۆرێکی کاتی دابمەزرێ،سیستیمێکی ئابووری دەوڵەتی و پێکھاتە ئابوورییەکانی دەوڵەتی وخولقاندنی فۆڕمۆڵێکی زۆر کارا وبە ھێز لە پێش چەمکی نەتەوە دێتەئاراوە نە بە پێچەوانەکەی کە ئەو ناسیونالیزمە کە نوێنەرایەتی ئێعتیبارێکی نەتەوەیی دەکا.جادەوڵەت بۆیە دادەمەزرێن کە چون بە پێویست دەزانرێن نەک چون ئەوان سروشتین.

دەوڵەتی نەتەوەیی.


دەوڵەتێکی نەتەوەیی دەوڵەتێکە کە لە سەر بنەمای مافی نەتەوەیەک ھاتۆتە دی.ئەوان نوێنەرایەتی دەوڵەتانی نەتەوەیی دەکەن چون نوێنەرایەتی شارۆمەدانێک دەکەن کە لەباری نیژادییەوە یەکن. لێکسیکۆنی بۆنیەرز (bonniers lexikon ) دەوڵەتی نەتەوەیی ئاوا تاریف دەکا ودەڵێ : جوغڕافیایەکی دیاریکراو و سنووردار کە زۆربەی دانیشتوانی خاوەن یەک زمان، یەک فەرھەنگ یەک داب و یەک نەریتی ھاوبەشن.


نۆڕوێژ سەربەخۆیی خۆی دە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتییەی کە دەگەڵ سۆئید بووی دە ساڵی ١٩٠٥ دا دەدی،دەکرێ وەک نموونەیەک بۆ تێگەییشتن لە دەوڵەتی نەتەوەیی بێھێنینەوە. دە ماوەی ساڵەکانی ١٩٠٠ کە سەردەمی وەلانانی کۆلۆنیالیستەکان بوو، زۆربەی ئەو نەتەوانەی کە ژێردەستەی ئەو کۆلۆنیالیستانە بوون دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی خۆیان بە گوێرەی ویستی خۆیان دامەزراند لەوانە،وەک وییەتنام ١٩٥٤ و بنگلادش ١٩٧١.

بنیاتنانی نەتەوە و سیاسەتێکی فرە چەشنی.


گرینگرترین کەرەسە بۆ بنیاتنانی نەتەوەیەک خوێندەواری لانیکەم ٣تا ٩ ساڵ بە زمانی نەتەوەیی(زگماکی )، ھێنانەگۆڕێی مێژووی نەتەوەیی، و ھیمای نەتەوەیی (ئاڵا وسروودی نەتەوەیی) وھەر شتێکی دیکەی کە باس لە نەھێشتنی ئاسمیلەکردنی نیژادێک یان نەتەوەیەک دە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا کە تێیدا دەژین بکا. ئەگەر نەتەوەیەک بێھەوێ سەربکەوێ،دەبێ پێناسەیەکی جەماوەری وەک پێناسەیەک بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دیاری بکا،نەک ئەو شتە سەرتاییانەی کە خۆیان وەک نیژاد دە پەیوەندی دەگەڵ دەوڵەت دا دبیننەوە. ئەوە دەتوانێ خولقێنەری گیر وگرفت بن دە دامەزراندنی دەوڵەتێک لە لایەن یەک نەتەوەوە کە لەو جێگایەی ڕەو و لانەوازی دێمۆگرافی دەگۆڕێ.بۆ نموونە چلۆن ”سۆئێدی” بوون خۆی دەگەڵ شارۆمەندبوون لە سۆئێد و ھەروەھا دەگەڵ ئەو ڕیشە نیژادییەی کە ئەو دەگرێتەوە گرێبدا.

لێکدانەوەی پێناسەی دەوڵەتی نەتەوەیی بنەمایەکە دە پەیوەندی دەگەڵ ناوەندی بەرێوەبەرایەتی سیاسەتی وەرگرتنی پەنابەران وەک شارۆمەندی سۆئێدی. بەدوای ساڵەکانی ١٩٩٠ دا ئەو بۆچوونە لە لایەن دەوڵەتی نەتەوەیی کەم تا زۆر جێ خۆی دا بە بۆچوونی گلوبالیزەکردن، فرە فەر‌ھەنگی،یان فرە نیژادی و فرە مەزھەبی. دەوڵەتی نەتەوەیی لەوێوە نەخشی خۆی وەک خانەخوێیەکی دڵفراوان وبە تەحەممول دە چوارچێوەی ھەڕیمی خۆیدا وەستۆ دەگرێ.

ناسیونالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی لە ڕوانگەی چەند پسپۆڕی ئەو بوارەوە:


بێنەدیکت ئاندەرسۆن.


بنەدیکت ڕیچارد ئۆگورمان ئاندرسۆن ١٩٣٦/٨/٢٦ لە شاری کونمینگی چین لە دایکبووە . زمانناسێکی ئیرلەندی ئەمریکایییە و پرۆفسۆری دەوڵەتناسی دە لێکۆڵینەوەکانی نێودەوڵەتی لە زانستگای کۆرنێل لە ئەمریکا و برای مێژووناسی ناسراو پێرری ئاندەرسۆنە.

توێژینەوە لەسەر ناسیونالیزم.


بێنەدیکت ئاندەرسۆن دە مەقامی نووسەرێکی سیاسیدا ،نەتەوە بە پێناسەیەکی ھاوبەش کە زۆر زوو بوو بە قسەی سەر زاران دەناسێنێ . بۆچوونی و تێڕوانینی ئاندەرسۆن لە مەڕ پێکھاتەی بیری نەتەوەیی ھەم مۆدێڕن و ھەم عەمەلی بوو. مەبەست لە نەتەوە وەک ڕوانگەیەکی ڕووحی ڕەوانی ،وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری ببووە بنەمای سەرەکی توێژینەوەکەی .بەرھەمی ئێرنێست گێلنێر یش ھەر دەوساڵیدا کە ھێ ئاندەرسۆن بڵاوکرابووە کەوتە بەردەستی خوێنەران . لێرەش تێڕوانینەکە ھەر شارەستانییانە بوو ،بەڵام گێلنێر بناخەیەکی بۆ بیری نەتەوەیی لە بەرچاو گرتبوو دەئاڵوگۆڕی چوارچیوەی بە سەنعەتیکردن و مۆدێڕنیزەکردنی ،و ئاماژەی بە خۆگونجاندنی زمانناسی دەگەڵ ئەو مۆدێڕنیزمە دەکرد . ئەرێ لە پشت ئەو بیری نەتەوەیی یەوە چ فاکتۆڕی گەلێکی ڕووحی ڕەوانی بوون ؟ ئەرێ ئەو فاکتۆڕە ڕووحی ڕەوانییانە بە مەبەستی سەلماندنی بیری نەتەوەیی چلۆن وەدیھاتوون ؟ھاوبەشێکی نەتەوەیی بریتییە لە تایبەتمەندییەکانی ھاوبەش دە نێوان جیلی ئێستا و ڕابردوو و داھاتووی ئەو نەتەوەیەدا .ئەو ھاوبەشییە ناتوانێ شتێک بێ بێجگە لەو تایبەتمەندیە ناسراو و نەناسراوانە کە دەبێ لە سەربنەمایەک بە ڕابردوویەکی دوور ودرێژ‌ی ڕەوتی سروشتی مرۆڤ بۆ پێناسەی خۆی وەک ھەودای پەیوەندی نێوان خزمایەتی و دۆستایەتی بنیات نرابێ .ھەستی نەتەوایەتی ‌ھەڵگری ناوەرۆکێکی دیکەیە دە ھەڵسەنگاندن دەگەڵ ئەوداب ونەریتەی کۆمەڵگا کە زۆرتر فیزیکی ، سەرلێشێواوێکی کەتا ڕادەیەکیش تایبەتین . ھەموو چەشنە ھاوبەشێکی کۆمەڵایەتی کەلەسەر ئەو ھاوبەشییە بێ بنەمایانەی نێوان مرۆڤەکان پێکدێ دەبێ بە دڵنییاییەوە لەبەرچاوبگیرێن . ھەر وەک چۆن دە فۆڕمی کۆنی ئەو ھاوبەشییانەی کە بەوردی دە پێکھاتەکانی یەکگرتووی مەزھەبی یان کەونارایی یانەدا تاقیکراونەتەوە . سەرەڕای وەرچەرخا‌نێکی کارا بەدوای وەدیھاتنی تەکنیکی نوێی چاپەمەنی و بڵاوبوونەوەی لەئوروپادا . تێکەڵاوی بە سێکولاریزە کردن وپێشکەوتوویی دە کۆمەڵگای فێئۆداڵی بەرەو کاپیتالیزمدا فۆڕمێکی دیکەی دەسکەوتەکانی چامەنی کە وەک ئاندەرسۆن مەبەستێتی ، دەبێ بووبێ بە بناخەیەک بۆ ئەو بنەما بەرینانە لە دامەزراوەکانی نوێی کۆمەڵایەتیدا . لە لایەن دەسکەوتی چامەنی کاپیتالیزم ھەلومەرجی خوێندەواری بۆ جەماوەر ڕەخسا کە ھەر ئەوەش بوو بە بنەما بۆ گەشەکردنی بواری زمان وزمانەوانی خەڵکان کە خۆی یەکێک لە ھەستە پێداویستییەکانی ھەرە گرینگی ناسیونالیزمە بۆھەست بە زمان و فەرھەنگی ھاوبەش کردن . بە گوێرەی وتەی ئاندەرسۆن بیری نەتەوایەتی دەتوانرێ بگوێزرێتەوە یان بەگونجێندرێ بۆ نێو ھەموو کۆمەڵێک بەو مەرجە ئەو پێناسانە بسەلمێندرێن بۆنموونە ئەو ھەلومەرجە بەرینە بۆ ئەو پەیوەندییە ھابەشییانە و جەمارییە کە تا ئێستا وەدیھاتوون .بۆ ئەو پێناسانەی کە دەو دوایانەدا ئاندەرسۆن بۆ بەرینبوونەوەی ھەستی نەتەوایەتی باسیان دەکا ئەو سێ تکنیکەن واتە سەرژمێری خەڵک،خەریتە ، موزە(کەلەپوری مێژوویی ) . ئەوەیکە زۆر بە ڕادیکاڵ دە لێکۆڵینەوەکانی ئاندەرسۆن وەبەرچاو دێن ،ئەوەیەکە ئەو بە بەشە یاسایی و بە کردەوە لە سەرساغبووەکەی دامەزراندنی ئامرازێک بە مەبەستی یەکدەست کردنی بواری جوغڕافیایی ،ئەژماری خەڵک ،مێژوو نووسراوەکان ،ناوەستێ و ھەنگاوێک زیاتر بەرەو پێش دەنێ و لە خۆی دەپرسێ ،چن ئەو ئامرازانە بۆ پێکھێنانی یاسایەک بۆ کۆمەلگای ئێمە ؟ چن ئەوانەی کە وا پێی دەوترێ سەرئەژمێری خەڵک ، خەریتە ، کەلەپووری مێژوویی کە نوێنەرایەتی خەڵک ، سنووری بەڕیوەبەراتی و مێژووی پێشکەوتووی یەکدەست وھاوبەش دەکەن ؟ئاندەرسۆن نموونەیەک بۆ نەخشی وەدوا خستن یان ڕەددی ئەوڕوانگەیە دێنێتەوە و دەڵێ : بەشێکی لێکدانەوەی ساکار لە مەڕ وێنەی مەحاسەباتی ناسەرکەوتووانەی نەتەوەیەک کاردانەوەیەکی ڕوونە و واقیعییەتێکی دڵتەزێن کە بەفۆڕمی سەرلێشێواوییەکەیەوە دیارە .ئاندەرسۆن ئەو دیوی شتەکەش ھەڵدەداتەوە وئاماژە بە ڕادەیەک لە سەرلێشێواوی دەکا کە بوونە واقیعییەتێکی حاشاھەڵنەگری وەک وەستان و چوخسان دە دیاریکردنی وێنەیەک لە چۆنیەتی سنوور دە بواری نەتەوەیی دا.

کاڕڵ دابلیوو. دۆچ.


کاڕڵ دابلیوو دۆچ لە ٢١/٠٦/١٩١٢ لە پڕاگ لە دایکی بووە و لە١/١٠/١٩٩٢ لە کامبریج ماساچووسێتی ئەمریکا کۆچی دوایی کردووە و یەکێک لە دەوڵەتناسەکان و پڕۆفسۆرە بە ناوبانگەکانی لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥٨-١٩٦٧ ولەدوایەش چالاکی خۆی لە زانستگاکانی ئەمریکا درێژە پێداوە . دۆچ لە ڕێگای بە تایبەت لێکۆڵینەوەکانی یارمەتیدەرێکی بەرچاوی سەردەمی مۆدێڕن لە مێتۆدی ئەزموونی دە بواری توێژینەوەی دەوڵەتیدا بووە . دە نێوان نووسراوەکانیدا بە ”(ھاوبەشی ئەمنییەتی ) و (توێژینەوە لە مەڕ پەیوەندییەکانی نێونەتەوەیی ) بکەین.بەرھەمی کاڕڵ دابلیوو دۆچ واتە (ناسیونالیزم و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ) دەتوانین بێ شک بڵێین چەکەرەیەک بوو بۆ لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە مەڕ چەمکێکی وەک ناسیونالیزم و بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی . ئەو نووسراوەیە ئەژمارێکی بەرچاوی دەساڵی ١٩٦٦دا لێ چاپکرا وکارل وەک زانایەکی جێکەوتوو و ئاشنا بە توێژینەوەی چەمکی ناسیونالیزم دوای تەواو بوونی شەڕ بوو . گرینگی دەوەدا بوو کە لەو ڕەوتە پێشوویییەی نەزمی ڕووحی ڕەوانی کۆمەڵایەتی کە لە لایەن Gustave Le Bons، Massans psykologi ١٨٩٥ نوێنەرایەتی دەکرا گوێزرایەوە بۆ پێداگری لە سەر کەرەسەیەکی تەکنیکی بە دەستانەوە بۆ کارتێکەرییەکی ھەرچی زیاتر و فەرھەنگێکی یەکدەست و ھاوبەش . سرنجێکی زیاتر بە ڕێکخراوەکانی پەیوەندی جەماوەری کۆمەڵگا دەدرا و دەگونجێندرا - ودە دڕیژەپێدانەکەش نەخشی ناوەندی پەیوەندییە جەماوەرییەکانی وەک یەکدەست کردنی کەرەسەکان بە مەبەستی بنیاتنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بە خولقێنەر دەزانی . ئەو ڕەوتە مۆدێڕنە پێشکەوتوویە بە روانگەیەکی نوێی توێژینەوە پێی نایە مەیدان ، بەرلە ھەموو شتێک ڕووناکایی خستنە سەر چۆنیەتی کۆمەڵگایەکی سەنعەتی وگرینگیی شێوەی ئەوپێکھاتانە دە پەیوەندی دەگەڵ سەر‌ھەڵدانی دامەزراندنی دەوڵەتە نەتەوەیی یەکان . وەک ھەلومەرجێکی بنەڕەتی بۆ دابینکردنی کۆمەڵگایەکی سەنعەتی ئاماژە بە پەیوەندییەکانی جەماوەری و پەرەپێدان بە کەرەسەکانی بەرھەمھێنەر لە کۆمەڵگا دا دەکا .دەوڵەتی نەتەوەیی و کۆمەڵگای سەنعەتی بەیەکەوە دەلکێندرێن و وێکڕاش وەک مۆدێلێک دێنە بەر لێکۆڵینەوە . تاریفێکی کە دۆچ لە دەوڵەتی نەتەوەیی دەکرد بەپێی ئەو بناخە دانراوانە بوو .کارڵ دۆچ لە سەر ئەو باوەڕ بوو کە خەڵک لە ڕێگای کاناڵگەلی تەواو و بێ کەموکوڕی پەیوەندییەکانی جەماوەرییەوە دەکرێ ڕیکبخرێن . وەک دۆچ خۆی بە پاڵپشتی ئەو مێتودە مۆدێڕنەی توێژینەوە کە زۆرتر ئاماژە بە باسی بەکردەوەکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەییە - نەخشی ڕاستەقینەی پێکھاتەکانی پەیوەندبە دەوڵەتی نەتەوەیی چن - بە بێ لە بەرچاوگرتنی چۆنیەتی دامەزراندن و چوارچێوەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی .بە قسەیەکی دیکە دە تەکنیکی پەیوەندییە جەماوەرییەکانی ئەو دەوڵەتە مۆدێڕنە نەتەوەیی یەدا ،کە خۆی خاوەن نێوێکی ناسیونالیزمی یە ، بدۆزرێتەوە. لە ڕێگای ئەوتۆ تەکنیکێکەوە بۆ پەیوەندییەکانی کۆمەڵگا دەتوانرێ ڕواڵەتی ئەو یەکدەست وھاوبەشی کردنانەی لە مەڕ فەرھەنگی نەتەوەیی دابمەزرێ ، بسەلمێندرێ ، و ھەر ھەمووشی بە پێی پێویست نوێ بکرێنەوە .دە کتێبی (ناسیونالیزم و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان)ی دۆچ چاوی بە توێژینەوەیەکی پێشوو لە مەڕ ئەو چەمکە دەکەوێ و ژێرنووسی دەکا وەک وێکچووی دەگەڵ بیر وبۆچوونەکانی خۆی و لە باری کۆمەڵناسییەوە لە سەر ھێندێکیان ،دەبینێ کە دەکرێ وەک بنەمایەک بۆ ئەو تێئۆرییەی کە خۆی ھێناوێتەگۆڕێ ھەڵسوکەوتی دەگەڵ بکرێ ، جا ئەوەیە کە دۆچ پێشنیارەکانی خۆی دێنێتە گۆڕێ ، دەیانناسێنێ لەوانە تێئۆری بنەما بۆ ئەوپەیوەندی بەکەلکانەی کۆمەڵگا بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی .جێوازی نێوان کۆمەڵگا و کۆڕ(دەستە ) دیاری دەکا کە لە مانای پردەبازی حەیاتی ‌نێوان ئەو جووتە تێبگەین.


زۆرجاران دۆچ ئەو‌بۆچوونەێ Ferdinand Tönnies ی واتەGeneinschaft کە لە سەر چۆنیەتی کۆمەڵگا و کۆمەڵناسی بوون ،وەبیر دێنایەوە و دەیگووت :ئەو فۆڕمە کۆنەی کۆمەڵگا دەگەڵ بۆچوونی Demeninschaft وئەو دەستە وکۆڕە فەرھەنگی ھاوبەشییانەی کۆمەڵگای مۆدێڕنی کە بە پێی ھێزی تەکنیکی پێکھاتوون دەگەڵ بۆچوونی Gesellschaft زۆر وێکچووییان ھەیە . جێوازییەکەش ئەوەیە کە بە پێی لێکدانەوەی Tönnies دە ساڵی ١٨٨٧ دا لە دەرفەتێکدا کە ھێشتا دەوڵەتی‌نەتەوەیی نەبووە ئەو چەمکە کە بکەوێتە بەر لێکۆڵینەوە . حەولێTönniesئەوە بوو کە لە سەر دەوڵەتی نەتەوەیی وەک ڕیکخراوەیەکی کۆمەڵایەتی شتێک بنووسێ ھاوکات کە Deutsch یش دەیەویست شتێک بنووسێ ، کە ئەرێ ئەساسەن دەوڵەتێکی نەتەوەیی ئیمکانی دامەزراندنی ھەیە .ناسیونالیزم و پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتی پاشان سر‌نجی Ernest Gellner وBenedict Anderson یان ڕاکێشا و بوونە ھۆی گەشەکردنی نەخشی پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتی دە پێکھێنان و وەڕێخستنی فەرھەنگێکی نەتەوەییدا.

ھووگ ستێن واتسۆن.


جۆرج ھووگ نیکۆلاس سێتۆن واتسۆن لەساڵی ١٩١٦ لە بریتانیا لە دایک بووە و لە ساڵێ ١٩٨٤ کۆچی دوایی کردووە ، پرۆفسۆری مێژووی ڕووس و سەرۆکی مەدرەسەی سلاوۆنیک و ڕۆژھەڵاتی ئوروپا لە زانستگای لەندەنێ بووە دە نێوان ساڵەکانی ١٩٥١ تا ١٩٨٣ دا .بەرھەمی سێتۆن واتسۆن (نەتەوە و دەوڵەت )دە ساڵێ ١٩٧٧ دا لە باری تێئۆرێکییەوە دەگەڵ بەرھەمی کارڵ دۆچ وێچوویەکی زۆریان بووە . دە پێشوتاری کتێبەکەیدا سپاسی ئانتۆنی دێ سمیت و دۆچ دەکا ،بەڵام ئەو حەولی نەداوە تا شوێنی ئەوان ھەڵبگرێتەوە .ناکرێش ھەر وا بە ھاسانی لێکۆڵینەوەکانی ئەو تێکەڵ بە لێکۆڵینەوەکانی تر بکرێن ، بەڵام یەک دوو بۆچوونی ھەن دە کتێبی ”دەوڵەتان زۆربەرلە بوونی نەتەوەکان ھەبوون ” دا ئاماژە بە لاپەڕەی ھەووەڵ دەکا و جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە نەتەوە،مەشڕووت بە مێژووی ھاوبەشە ، کە زیاتر لە گەشەکردنی فەرھەنگی یەکدەست و ھاوبەش دەدوێ تا حقووقی دەوڵەتی و بواری سیاسی .ئەو دەڵێی:”یەک نەتەوە ‌ لە یەکگرتوویی مرۆڤەکان کە ئەندامانیان دەپەیوەندییەکی بەھەستی ھاودەردی دەگەڵ یەکتر، فەرھەنگی یەکگرتوو و ھەستی نەتەوایەتی ”دا خۆی دەنوێنێ .ئەو خۆ بە لێکۆڵینەوە لە مەڕ ناسیونالیزم وەک تێئۆرییەک خەریک ناکا یان حەولی وەکۆکردنەوەی بەڵگە بۆ باسی نەتەوایەتی نادا . تێئۆری بەرزەفڕانەی ئەو زیاتر لەوانە لە شەقەی باڵی دەدا .حەولی ئەوە دەدا کە سەیوانێک بە سەر تێگەییشتنی فەرھەنگی ئوروپایی دا ھەڵبدا . کە بەشێکی گەورەتری ڕەوتی مێژوویی چۆنیەتی دامەزراندنی دەوڵەتە نەتەوەییییەکان لە ئاسیا و ئەفریقاش بگرێتەوە .لێرە بە زمانێکی دیکەی لە مەڕ ئەو بزووتنەوە سەربەخۆییەی نەتەوایەتی و ئاسەواری ئەو لە سەر چۆنیەتی چوارچێوەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیییەوە دەدوێ .‌ لێکۆڵینەوەکە ئەو بەشە کە دەگەڕێتەوە سەر ئاسەواری ناوەرۆکی بزووتنەوی نەتەوایەتی لە سەر دەوڵەتەکان دە نێو نەتەوەی جۆراوجۆرکانیشدا دەگرێتەوە . سێتۆن واتسۆن ئەوەش لەبەرچاو دەگرێ کە ئەو بزووتنەوە ناسیونالیستییانەی ڕۆژاوای ئوروپا ئەغڵەب شوێندانەربوون لە سەر بزووتنەوەسەربەخۆییخوازەکانی لە دەرەوەی ئوروپا ،تا بیری ناسیونالیستی کۆپی بکەن بۆ داوای بە ھەرێمیکردن و حەول بە مەبەستی بۆ بە یەکدەست کردنی فەرھەنگی ئەو بزاوانە .نەتەوەودەوڵەت وەپێش ئەو ئاڵۆگۆڕانەی کە ھۆی خولقاندنی گەرای تێئۆری دە ساڵەکانی ١٩٨٠ دا بوو، کەوت ، کە ھەر ئەوەش ئیزنی بە سەرقاڵی ئەو بۆ ئەو ڕەوانگە مێژوویی یەی خۆی دەدا . ئەو ‌توانی پاشان چەکەرەی تێئۆری لێکۆڵینەوەی لە مەڕ ناسیونالیزم بخولقێنێ . بەو مانایە کە ئەو دەیدیت کەبیری نەتەوایەتی ھێزی ھاندەرە دە قووڵایی ناخی ھەموو ئینسانێکدا ، کە ڕیشەی دە سروشتی مرۆڤایەتی و میراتی کۆمەڵایەتی و لە مێژووی کشتوکاڵی ھەزاران ساڵ لەمەوبەری ئێمەدا ھەیە.ئەو پێیوایە کە بەرھەمی نکۆڵی لەو میراتە ڕووحی ڕەوانییە ھەر وەک چۆن بەستێنی بۆ ناسەرکەوتوانەی پێکھێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی ساز دەکا بۆ تاکەکانیش ساز دەکا. زانیاری نەتەوەیی بە پێی تێڕوانینی ئەو بوونی ‌باشە بۆیە دژایەتی دەگەڵ پاراستنی ھێندێک شتی فەناتیکی دە قالبی نازیسم و دیکتاتۆری کەلە سۆویەتدا ھەیە دەکا . نکۆڵی لە زانیاری نەتەوایەتی و میراتی نەتەوەیی نەک ھەر لە ناسڵامەتی سیاسی بگرە لە ناسڵامەتی ڕەوانیش دەدوێ ، ھەروەھا خۆی لە خۆیدا دژایەتییەکیشە دەگەڵ شارستانییەت..دە کۆکردنەوەی سەرجەمی باسی نەتەوە و دەوڵەت دا باسەکە دەھەرێمێکی بەربەرینی لێکۆڵینەوەدا دێ و دەچێ ، و وتووێژەکان بادراو وئاڵۆزن .سێتۆن واتسۆن زارکی ھەگبەی لێکۆڵینەوەکەی لە دوایین بابەتی گرێدەدا و سەر لە نوێ وبیر دێنێتەوە کە زانیاری نەتەوایەتی نەک ھەر دزێو نییە بەڵکوو بە پێچەوانەوە شتێکی یەکجارسروشتییە .مرۆڤایەتی دەبێ فێربێ ھەر وەک چۆن چارەی کێشەی چینایەتی و ناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی دە بەرنامەی نێو نەتەوەیی خۆیاندا گونجاندووە، دەبێ دەگەڵ سەرھەڵدان و خۆ نواندنی فەرھەنگی نەتەوەکانیش ھەر بە بەرنامەیەکی نێو نەتەوەیی یەوە خەریکی چارە سەری بێ . ئەگینابە پێچەوانەوە ھەڵسوکەوتی دەگەڵ بکرێ ، مرۆڤایەتی بەرەو فەوتان و داڕزان ھەنگاو دەنێ . بە پێی قسەکانی سێتۆن واتسۆن ،ھیچکام لەو فاکتۆڕانەی کە باسیان ھاتە گۆڕێ ناتوانن لە بایخیان کەم بکرێتەوە لە ڕاست پرسگەلی ئیدۆئۆلۆژی وئەو بەرھەمەتازە کەڵەکەکراوانەی سەرخەڵوزی کوورەی کۆمەڵگای سەنعەتی .لێکۆڵینەوەی سێتۆن واتسۆن ھەر دەڵێی ھەموو ناسیونالیزمێکی وەکۆکردووە تا وەدوای نیزیکترین بەرنامەی لواوی میژوو بکەون . ھەر وەک ھێردێر جارێک لە جاران دە سەدەی ١٧دا دە دوایین ئاگادارییەکەیدا گوتوویەتی، (تەنیا ئەو دەوڵەتە بەر حەقە کە دەتوانێ دەگەڵ خەڵکی خۆی وبایخەکانی سروشتی خۆی بە بێ مەترسی دەگەڵ خەڵک ونەتەوەی دیکەش دە ئاشتەوایەکی گونجاودا بژین .سێتۆن واتسۆن یش دەگەڵ جەوھەری ئەوباوەڕی ھێردێر بە تەواوی کۆکە.

کارلتۆن ھێ. ھایێز.


کارڵتۆن ژۆزێف ھونتلی ھایێز دە ساڵی ١٨٨٢ لە نیوویۆڕک لەدایکی بووە و سێی سێپتامبری ساڵی ١٩٦٤ کۆچی دوایی کردووە ودە ساڵی ١٩١٩دا یەکێک لە مێژووناسان و ماموستا و پڕۆفسۆری ئەمریکا بووە . ئەو کاتولیک بوو و دە شەڕەکانی ناوخۆیی ئیسپانیایەدا لایەنگری لە فڕانکۆ دەکرد ،ساڵی ١٩٤٢ - ٤٥ باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە ئیسپانیایە ،ئەو دوایین حەولی خۆی دا تا ئیسپانیای ڕازی کرد کە لایەنگری لە بەرەی دژ بە موتەحیدین نەکا واتە دەگەڵ بەرەی موتتەفیقین کە بریتی بوون لە ژاپۆن، ئیتالیا ،ئاڵمان، نەکەوێ .بەرھەمی کارڵتۆن ھایێز واتە( تەکامولی مێژوویی ناسیونالیزمی مۆدێڕن )کە دە ساڵی ١٩٣١ دا دراوەتە دەرێ .ئەو وەک ھەووەڵین مێژووناسی بواری ناسیونالیزمە کە حیسابی بۆ کراوە ، و وەک پێشەنگێک کە بە ڕوونی زنەی ناسیونالیزمی وەک بەرھەمێکی ڕووناکبیرانەی سەدەی ١٧ڕۆشەنگەری کە لە لایەن تاقمێک بیرمەندانی وڵاتە ڕۆژاوایی یەکانەوە بە دیاری بۆ ئەو دەوڵەتە نەتەوەیییە تازە دامەزراوانەی وەک پشتیوانی توند وتیژی و - دە ئەوپەڕی خۆیدا فاشیزم ھێنرابوو .ئەو لێکۆڵینەوەی مێژوویی ھایێز بە مەبەستی سەرزرینگاننەوە و وشیارکەرەوەیەک دەبابەتی (تەکامولی مێژوویی ناسیونالیزمی مۆدێڕن ) دا بە دژایەتی ئەو بەستێنە مەنفییە نووسێوێتی ،ویستوویە لێکدانەوەیەکی بەرینتر و زیاتر پلورالی ( چەندلایەنە )لە بیری نەتەوەیی وەک چەمکێک بداتە دەستەوە . ھایێنز لێرە بازدێک بە سەر دونیای کۆندا دەدا ،ولەوێ کە گوند ، خزم وبیری عەشایری بە سەر مرۆڤەکاندا دابەشکراوە بە”ئێمە”و”ئەوان”و ئیدۆئۆلۆژێی یەکی کۆمەڵگا کەدە لێکۆڵینەوەکەی ھایێنز دا وەک پێناسەی ناسیونالیزمی مۆدێڕن خۆی دەبینێتەوە. پاشان درێژەی سەدەی ناوەڕاست و مەسیحییەت و بە جیھانی کردنی سیاسەتی کلیساکانی کاتولیک وەک نموونەیەک بۆ کۆمەڵگا دێنێتە ژێر توێژینەوە. ‌سەدەی ١٥ وەک دەرفەتێکی بە سیاسی کردنی پڕۆتستانتیزم وسەرەتای خۆ ڕزگارکردن لە کۆمەڵگای فێئۆداڵی بەرەو دەوڵەتی نەتەوایەتی دادەنرێ.ناوەڕاستی ساڵەکانی ١٧٠٠ ھایێز بەچاخی سەرھەڵدانی فەلسەفەی ناسیونالیزم دەناسێنێ ، کە ھەووەڵین ھێمای دابینکراوی خەڵکسالاری دە کۆمەڵگا دا ھەستی پێدەکرا. ھایێنز باسی بەرنامەیەک بۆ ڕوونکردنەوە کە بەشێکی بەر لە ویستی بە جیھانیکردنی مرۆڤەکان و توێژێنەوەی لە مەڕ کۆمەڵگا . وبەشێکی دیکەی کە جوێ کردنەوەی بیرو باوەڕگەلی فەرھەنگی نەتەوەییە دەکا . ئەوەش پێش لە ھەموو شت پێویستی بە چیکڵدانە ، مرۆڤدۆستی ، ناسیونالیزم ھەیە کە بۆڕادەی بەربەرینییان ،‌ ھایێز ئاماژە بەبولینگبرۆک لە ئینگلیس و ڕاسۆ لەفەڕانسە وھێردێرلە ئاڵمان دەکا .ئەو چەشنە ناسیونالیزمە سەرەتایی یە لایەنگری زۆری لە نێوان یەعقوبییەکان و لیبڕالە سووننەتییەکان وھەر توێژ و پلەیەکی خۆگونجێنەری دی بوو ھەرکام بە پێی کەسایەتی بیر وبۆچوونیان نوێنەرایەتی بەشێکیان دەکرد .ڕەوتەکە نیشاندەری پێشەوەچوونێکە دە بواری ئەو بیری نەتەوەیی یە دا کە تا ڕادەیەک ھەموو بە پێی بۆچوونی خۆیان کاردانەوەیان بووە.بەڵام ھایێز حەول بۆ وەیکە بڵێ مێژوو ھەنگاوی بەرەو باشبوون دەنێ دەدا. شێوە ناسیونالیزمی ئەو دوایی یانە ، کەوەشەندارە دە سروشتی خۆیدا خۆیی پارێزی گرژە ، دەمارگرژ و دژ بە بێگانەیە . ئەوە کاتێکە کە خۆی ھایێز ماوە و بە شێوەیەکی گشتی بە وەرچەرخانێک بەرەو کۆمەڵگایەکی سەرەڕۆیی یانە کە لە سەردەمی بەر لە چاخی ڕۆشەنگەریی وڕۆژانی بەرلە شۆڕش کە حاکم بوو لێکیدەداتەوە. ئەو دەو دەوڵەتە دیکتاتۆرانەی ئێستاش کەم تا کورتێک ئەو خۆگیفکردنە بە نێوی مەسبەتگەرایی و ماتریالیزمی سەدەی ١٨دادەبینێ، و دە ناسیونالیزمی ئینسانی یشدا بیر وبۆچوونی بەرھەڵستکاری وبەرچاوتەنگی و بێ چیکڵدانەیی . ڵێکۆڵینەوەی ھایێز ھیوادارێکی پێوەدیارە کە بەشکەم کۆمەڵگای ئەمریکا بەرپرسیارەتی ناسیونالیزمی خۆیی پاریز وەک موشکیلێکی ناوخۆیی وەستۆ بگرێ.بنەمای کتێبی ئەو کۆی ئەو قسە و وتووێژانەیە کە لە موئەسیسەی جیھانی لە ماساچوسێت و ئەوسمینارانەن کەدەگەڵ خوێندکارەکانی زانستگای کلۆمبیا کردوونی وڕێبازی دابینکردنی بابەتەکە شیدەکاتەوە . تێڕوانینی ھایێز لە سەر ئەو ڕووناکبیرانەی مامناوەندی کۆمەڵگا کە نوێنەرایەتی بیری نەتەوەیی لە ئوروپا دا دەکەن ، وەک دەسکەوتێک کە ئەو دەیەویست ئاسەواری بە سەر چۆنیەتی کۆمەلگاوە ڕوو بە ڕێبازێکی دیکە وەدی بێ .ئەگەر بیری نەتەوەیی بە درێژایی ئەو سەتساڵانە لە سەرھەڵدان بوایە ،جێی خۆی بوو کە ھێزێکی دژبەریش بیتوانیبا دە دوا ڕۆژدا سەرھەڵبدا.ناسیونالیزم سروشتیتر لە ئیمپریالیزم یان بیری ڕیشەیی نییە. ھەرلەبەر وەشە کە پرسیاری لە مەڕ چاکی و ناچاکی ناسیونالیزم بۆ ھایێز پرسیارێکە ویژدانی دە نێو دەستەڵاتداراندا و دەرێژی ئەو پرسیارەش پێویستی بەزانیاری و ڕوونکردنەوە ھەیە . ساڵی ١٩٢٦ ئەو کتێبی (وتارگەلێک لەمەر ناسیونالیزم )ی وەک لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت و جێواز لە مەڕ شکڵی میلیتانتی ناسیونالیزم کە دە پەیوەندی دەگەڵ شەڕی ھەووەڵی جیھانیدا خۆی دەنواند بڵاوکردەوە.
____________________________
سەرچاوە: (NNSR). 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک