|
١٧\٣\٢٠٢٦
ناسیۆنالیزم،
سەربەخۆییخوازیی و ئەستێرەکانی ئەوروپا!

برایم فەڕشی
ئەم
ڕۆژانە، چەپ و ڕاست و شاهی و مەلایی فارس زۆرتر لە جاران باس لە
''جودایی خوازیی'' حیزبی کوردی دەکەن، کە گەرەکیانە ئێرانی ئەوان
،،تجزیە،، بکەن. ئەمەش تێگەیشتنی زاڵی حکوومەت و نوخبەی فارس بووە و
هەیە. بە ساڵان بە تایبەت لە ناو چەپی فارس باس لەوە کراوە و دەکرێ کە
مەسەلەی نەتەوەیی و نەتەوایەتی لە سەردەمی گلۆبالیزم بەرەو کەمڕەنگبوون
چووە و دەچێ و فرەنەتەوەبوون و جیهانیبوون بە وتەی هامبرماس فەیلەسووفی
ئاڵمان، جێگای نەتەوەیی بوون دەگرێتەوە. بۆ ئیسباتی ئەم بۆچوونە
یەکیەتی ئەوروپا وەک وێنە باس کراوە و باس دەکرێ.
نووسەری ئەم دێڕانە لە کتێبێکدا بە ناوی (مرۆڤ و ناسنامە و ناسنامەی
نەتەوەیی) کە جارێ لە لایەن وەشانخانەوە چاپکردنی ڕاگیراوە، ئەم
بابەتەی تاوتۆ کردووە کە چۆن ناسیۆنالیزم لە هەموو ئەوروپا، فەڕانسە،
ئاڵمان، هولەند، ئوتریش، بلژیک، سپانیا، ئیتالیا، سکاندیناوی و شوێنی
تر گەشەی ساندووە. هەڵوەشانەوەی یۆگسلاوی، چکۆسڵەواکی دوو وێنەی بەرچاو
بوو. جگە لەوە یەکیەتی ئەوروپا لە ناوخۆیدا تووشی قەیرانێکی بنەڕەتی
بۆتەوە کە بابەتی سەرەکی گەڕاندنەوەی سەربەخۆیی سیاسی وڵاتانی ناو
یەکیەتییە و ئەوەش وای کردووە یەکیەتی ئەوروپا لە زۆر لایەنەوە نەتوانێ
وەک ناوەندێکی ئەوروپی یەکدەست هەڵوێست بگرێ و بەرنامەکانی پێش بخات.
ئەوەی ڕوونە، ئەوەیە کە لە وڵاتانی ئەوروپا، ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی
وناوچەیی لە گەشەکردن-دایە و داوای سەربەخۆیی کردن، تەنیا ،،باسک و
کاتەلان،، ناگرێتەوە. ژمارەی جودایی خوازنی ئەوروپا بە سەت گرووپ و
حیزب و ناوچە مەزندە دەکرێ. هەرچەند ناسیۆنالیزم و سەربەخۆییخوازیی لە
ئەوروپا لە سەدەی ١٨ و ١٩ گەرم بوو، بەڵام ئەو نەتەوە و کۆمەڵگایانەی
وەک خۆیان نەکەوتنە ناو پرۆسەیی سەربەخۆیی خوازیی سەدەکانی ڕابوردوو،
ئێستا داوای سەربەخۆیی و بڕیاردانی مافی خۆیان دەکەن و لە لایەنی
سیاسی جیاواز دەنوێنن.
بەناوبانگترین هێز و جوڵانەوەکان، کاتەلان(سپانیا) کە بە ساڵانە داوای
جیابوونەوەی تەواو لە سپانیا دەکەن. جوڵانەوەی شۆتلاند(بریتانیا) وەک
حیزبی نەتەوەی شۆتلاند(SNP) کە بە تەمان دووهەمین ڕفڕاندۆمی خۆیان بۆ
سەربەخۆیی بەڕێوە بەرن.
نەتەوەخوازانی فلامی Flandern بلژیک کە زمانیان هولەندییە و ژمارەیان
دەگاتە نزیک حەوت ملیۆن، داوای جیابوونەوە لە بەشی فەڕانسە زمانی بلژیک
دەکەن. باسکی سپانیا بەناوبانگن بۆ ئەوەی بە ساڵانە داوای سەربەخۆیی
خۆیان لە سپانیا دەکەن. کرۆسیکا Korsika دوورگەیەکی نزیک ئیتالیایە،
بەڵام لە ساڵی ١٧٦٨ ەوە بۆتە مڵکی فەڕانسە و داوای ئاتۆنۆمی زۆرتر هەتا
سەربەخۆیی خۆیان لە فەڕانسە دەکەن.
ئەو شوێنانەی داوای سەربەخۆیی دەکەن وەک پادانیەن و باشووری تیرۆل لە
ئیتالیا، دورگەی فێرۆر لە (دانمارک) و بایرن لە ئاڵمان خاوەنی
دامودەزگای خۆیانن. حیزبی بایرن Die Bayernpartei BP ساڵی ١٩٤٦ دوای
کۆتایی شەڕی دووهەم دامەزراوە و داوای جیابوونەوە لە ئاڵمان دەکات. ئەم
حیزبە لە ساڵی ١٩٤٩ هەتا ساڵی ١٩٦٦ ئەندامی پارلەمانی ئاڵمان بووە و
ئێستا ئەندامی پارلەمانی ئەیالەتی بایرن و ئەندامی بەرەی ئازاد لە
ئەوروپایە کە ٣٨ ئەندام، واتە حیزب و گرووپ لە خۆ دەگرێ.
حیزبی بایرن گەرەکیە ئەیالەتی بایرن لە ئاڵمان جیا کاتەوە، بەڵام
ئەندامی فێدرالیزمی ئەوروپا بمێنێ و ئابووریی و سیاسەتی خۆی و
بایخەکانی نەتەوەیی خۆی ڕاگرێ و بیپارێزێ. ئەم حیزبە خۆی لە حیزبی
سەرەکی بایرن کریست دێموکرات مەسیحی دوور ڕادەگرێ و ئەوان بە حیزبی
ناوەندگەرا پێناسە دەکات.
هۆی جیابوونەوەی ئەم خەڵکانە جگە لە مەسەلەیی نەتەوایەتی، فەرهەنگی،
زمانی و ناسنامە، سیاسەتی ئابووریی حکوومەتی ناوەندیی بەرانبەر بە
خۆیان و ناوچەکەیانە کە دواکەوتوتر لە شوێنی تر ڕاگیراوە.
جگە لەم جوڵانەوانە، پاش دەرچوونی بریتانیا لە ناو یەکیەتی ئەوروپا ،
هێزی ناسیۆنالیست لە زیادبووندایە و لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لە
ڕێگای هەڵبژاردن هێدی هێدی هەم لە ناو پارلەمانی ئەوروپا و هەم
پارلەمانی وڵاتان و ئەیالەتەکان پەرە دەستێنن و لە ساڵانی داهاتوو
ڕەنگە لە زۆر وڵاتی وەک فەڕانسە، ئاڵمان، هولەند، ئوتریش و شوێنی تر
زۆرینەی دەنگ پەیدا بکەن و دەسەڵاتی دەوڵەت و حکوومەت بگرنە دەست و
بوونی یەکیەتی ئەوروپا تووشی قەیرانی بنەڕەتی بکەن.
ئەم پرۆسەیە لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاش لە ئارادایە.
حیزبی ساین فەین Sinn Féin باکووری ئیرلەند بە ساڵانە داوای
یەکگرتنەوەی هەر دوو ئیرلەند دەکات، کارێک کە ئاڵمانییەکان بە
یەکگرتنەوەی دوو ئاڵمان کردیان و کارێک کە کورد دەبوو لە سەدەی شازدە و
سەدەی هەژدە و سەدەی بیست کردبایان و وەدوایان خستووە.
لە ئەوروپا، مافی خەڵکان Volksrechte بە ڕەسمی ناسراوە، بەڵام لە
قانوونی بنەڕەتی ئەو وڵاتانە باس لە جیابوونەوە وەک ماف نەکراوە و ئەو
خەڵکانە ڕووبەڕووی حکوومەتی ناوەندی دەبنەوە ، هەر وەک چۆن ڕووبەڕوو
بوونەتەوە.
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە ئەوروپای ساڵان و دەیەکانی داهاتوو، ئەگەر وڵامی
ئەم پرسیارانەی ئێستا نەداتەوە، تووشی قەیران و شەڕ و کێشە دەبێ. ئایا
کوردی پارچە پارچە کراو لە چوارجێوەی تئۆریی و سیاسەت و بەرنامە
وستراتێژیی بە بوونی ئەو ئەوروپایە کە مێژووی ٢٥٠ ساڵەی دێموکراسیان لە
پشتە، پرسیاری تازەیان بۆ نایاتە پێش؟ ئایا دەوڵەتانی دیکتاتۆری ناوچە
کە کوردستانیان داگیر کردووە، خەونی کورد لە دێموکراسی خۆیاندا، وەدی
دەهێنن، هەتا کورد لە سایەی دێموکراسی ئەواندا، ببێتە خاوەنی مافی خۆی؟؟
١١\٣\٢٠٢٤
ماڵپەڕی
برایم فەڕشی
|