٧\١\٢٠١٩
ناسنامەی ئەدەبیی.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
ناتوانین ھەرگیز لە
زمانێک زێتر بە کار بھێنین. "دریدا".
ناتوانین ھەر تەنھا زمانێک بە کار بھێنین.
"عەبد ئەلکەبیر ئەلخەتیبی".
لە ژێر تایتڵی پرسیارکردن لە تاریکی و سەبتایتڵی " لە ھیچ دنیایەکەوە
رەوانە نەکراوم" کتێبی ناسنامەی ئەدەبی (عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا) لە
بڵاوکراوەکانی گۆڤاری "نما" ھەولێر ٢٠١٨ کەوتە کتێبخانەی کوردییەوە،
ناوەڕۆکی ئەو کتێبە پێکھاتووە لەو بەشانە: نیگای ھونەر، چاوی شۆڕش،
نەخشی منداڵی، خەیاڵی کتێب، شۆڕشی نوێ، ئەدەبی بەرگری، پرسیارکردن لە
رۆمان و رۆمانی کوردی، نیگای من و ھەشتاکانی ئەدەبی کوردی، لە
خوێندنەوەوە بۆ خوێندنەوە، من و یەکێتی نوسەران، من و ئازاد سوبحی وەک
شاعیر، گۆڤاری سەراب سەراب...
لە پێشەکییەکی کورتدا پێناسەی ئەو کتێبە بەو جۆرە کراوە:
خوێنەری خۆشەویست ئەو دەقەی بەردەستتان یادەوەری نییە، چونکە گێڕانەوەی
ژیانی کەسی نییە، وەک چەمکی یادەوەری داوای دەکات. ژیاننامە نییە، وەک
ئەوەی لەسەر راستبێژی وەستا بێت، بەڵکو زمانێکی دیکەیە بەرانبەر زمانء
لەگەڵ زماندا! نەک بەو مانایەی کە کاری چارەسەرکردنی یەکیەتی زمان بکات،
بەڵکو بەو مانایەی کە زمان دەیەوێت.
بە ھەر زمانێک کە (من) دەخەینە نێو رستەوە، یان یادی (من) دەکەینەوە،
یان زمانی (من) ئاشکرا دەکەین... راستەوخۆ "من بیر دەکەمەوە"ی دیکارت
ئامادەیی ھەیەو (من) دەبێتەوە سێنتەری بیرکردنەوە. ئەو دەقە بە نیازە (من)ی
دیکارتیء (من)ی گرامەرو (من)ی ئەدەبی بخاتە سەر خودی خۆی، یان سەر ئێمە...
بیرکردنەوەیەک ھەیە پێیوایە کۆی ئەو (من)انە لە رووە (سۆسیۆ-
رۆشنبیری)یەکەی با جیاوازیش بن، ھەر ھاوشێوەن، چونکە کۆی ئەو (من)انە
بە ھەمان واقیعء دەروونء دیاردەوە بەندن، ئەگەرچی رێگای زمانیان ھەمان
رێگاش نەبێت... بە دیوەکەی دیکەش دریدا لە (ل ٤٤) کتێبی (احادیە الاخر
اللغویە) دەڵێت: ھەر چۆنێ بێ گەڕان بە دوای چییەتیمان لە نێو زماندا،
وەک مەسەلەی گەڕانەوەی بێکۆتایی سەیر دەکرێت.
بە کورتی دەمەوێ بڵێم (من) لەو دەقەدا بابەت نییە، بەڵکو دەکەوێتە نێو
ئەزموونی زمانء ئەزموونی (سۆسیۆ- رۆشنبیری)یەوە، لەوێوە پەیوەندی بە
جەوھەری (من) لە لەگەڵ زمانء زمانی ئەدەبییەوە دەبەستێت.
(١)
یەکێک گوتبووی ئەوەی زۆربەی وەرزەکان پانتۆڵێکی کاوبۆی شینء کراسێکی
سپی و کڵاشێکی سپی لە پێ دەکا، ھەمیشە کتێبێکی بە دەستەوەیەو خەیاڵی
لێرە نییە، ئەوە موتەڵیبە؟! دەزانم سەرم لە نێو کتێبان دەجولێتەوە،
بەڵام وەک (ئەرستۆ)ی گەورە خوێنەری دنیا نا، خەیاڵم بەدوای گرتنی
گەردەلوولەوەیە، بەڵام (ریلکە) نیم! ئەوە فیگۆری ژیانی رووتی منە بە
کەمەکێک دەستکارییەوە، مرۆڤێک کە نەیتوانی خۆی بکوژێ، نەیتوانی وڵات
جێبھێڵێت، مرۆڤێک لە ناخەوە دژی دامەزراوی سیاسیء پیرۆزی ئیمانی
داخراوو لەگەڵ شتە پەراوێزو بچوکەکاندا دێتەوە...
(٢)
نابێ بیر لە تێکدانی دنیاو شۆڕشء یاخیبوون بکەینەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ
بۆ شۆڕشمان دەگەڕێنێتەوە، شتە بچوکەکانە نەک حیکایەتە گەورەکان،
جیاوازییە نەک پەیوەستبوون...مرۆڤبوونە، مرۆڤبوون زێتر بە شۆڕشمان
دەبەستێتەوە، زێتر لە پرسی چەوسانەوەو ئازادی...مرۆڤی شۆڕشگێر بەرگری
لە دادپەرەوەری دەکات، شۆڕش پێویستی بە بەرگری نییە؟! نادادپەروەری
دیارە، بەڵام دادپەرەوەری تەمومژاوییە، وەک چۆن تاریکی ئەو کاتە
ئامادەیە، کە رۆناکی نائامادەیە! دادپەروەریش جگە لە ونبوونی
نادادپەروەری شتێکی دیکە نییە! شۆڕش دیارە وەک ئەوەی ھەیە، شۆڕشیش ئەو
کاتە بوونی ھەیە کە مرۆڤبوون و دواتر ئازادی و خودی دادپەروەری... لە
لێوی مەرگ نزیکترن، نەک لە دەمی ژیان...
(٣)
شتەکان وەک چۆن ھەن، ئەوە نین، یان مەرج نییە وابن... ژمارەی
دانیشتوانی ئەمریکا لە شەش پۆینت سێی دنیا تێپەڕ ناکات، بەڵام ئەو
بانگەشەیەی کە بۆ مافی مرۆڤ دەیکات ھەموو دنیای لەخۆگرتووە، بیر لەوە
ناکاتەوە کە لە سەدە پەنجای سامانی ھەموو دنیا لە ئەمریکایە، بیر لەو
جیاوازییە گەورەیە ناکاتەوە لە نێوان ژمارەی دانیشتوانی دنیا و خۆی....
ئەو قسەیەم لەوێوە دێت، کە ناکۆکی سیاسی ھەموو شتێکی بەخۆوە گرێ داوەو
ھەموو شتێکی بە رەمزکردوە. دەزانم ھەموو ناکۆکییەک بەرئەنجامی
ناھاوسەنگی ھێزە، ئەی خۆگونجانی خەڵکی مانای چییە؟ خۆگونجانی خەڵکی
پەیوەستبوونێکی درۆزنانەیە! ئەو قسەیەم گشتگیر و ھەندێ رەقە، بەڵام
خەڵکی بە بێ ئاگایی بوون باوەڕ بە ئایدیۆلۆژیا دەھێنن، بەر لەوەی بیر
لە راستییەکان بکەنەوە... خەڵکی ھەمیشە بە کارێک ھەڵدەستن کە حەزی
لێناکەن، چونکە دەیانەوێت لە واقیع دوور بکەونەوە، ئەوە ئایدیۆلۆژیایە!
ئایدیۆلۆژیا مانا بە ھەموو شتێک دەبەخشێت بە تیرۆر و کۆنەپەرستیش...
ئەوەی خەڵکی بێ ئاگا رێست دەکاتەوە ئایدیۆلۆژیایە، ئەوەی ماندوویان
دەکات ئایدیۆلۆژیایە، ئەگەرچی ئایدیۆلۆژیا وەک ئەوەی ھەیە، درۆزنانەش
بێت.
(٤)
کتێب ئازادی تاک دەچەسپێنێء دەسەڵات رەتدەکاتەوە. یەکەمیان ھەر تەنھا
پەیوەندی بەوەوە نییە کتێب تەنیامان دەکات، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە ھەیە
کە دەرگاو پەنجەرەکانی مێشکمان بەسەر ئەویدیکەدا دەکاتەوە. دووەمیان
مەبەست دەسەڵاتی رەھایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کتێب بەشێوە کراوەکەی
وزەیەکمان پێدەبەخشێت کە بە مەعریفەی جیاوازەوە بەندە، ھەمیشە لە نێوان
وزەی مەعریفیء تەنیاییدا دیکتاتۆرییەت ھەرەس دێنێ! لە پانتایی
مەعریفەدا ژیان بە رەنگە جیاوازەکانی دەجولێتەوە، لە تەنیاییدا دەسەڵات
بێ کەس دەمێنێتەوە...دنیای کتێبء خەیاڵی خوێندنەوە، دنیای رامانء
ھەڵوێست و بیرکردنەوەیە. ھەمیشە ژیان بابەتێکە مرۆڤ بەر لەوەی مامەڵەی
لە تەکدا بکاتء ھاوژیانی بکات، دەبێ بیخوێنێتەوە، دەبێ تێیبگات.
(٥)
من دەڵێم ئەوەم کە ھەم، لە ھیچ دنیایەکەوە رەوانە نەکراوم .. قسەی
پۆلیسی ئایدیۆلۆژیی ھەرچی بێت، ئەوان سەربەستن چۆن بیر دەکەنەوە، من
ھەمیشە رێزم بۆ بیروڕای جیاوازی ئەویدیکە ھەیە، نەیاری کەس نیم، من
ئەوەم کە ھەم و چێژی لێدەبینم، بێ ئەوەی کەس پێمبڵێت چێژ وەربگرە؟!
ئێمە مرۆڤین کاڵا نین، وەک مامۆستای یەکەم ئەرستۆ دەڵێت بوونەوەرێکی
کۆمەڵایەتین، بە تەنیا ناژین، پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە یەکمان
دەبەستێتەوە نەک بازاڕ، بەڵام گرفتی ئەویدیکەی سیاسیی لێرەوە
دەستپێدەکات لە بەیەک بەستنەوەی بازاڕی ئایدیۆلۆژیا... گرفتی ئەویدیکەی
سیاسیی ئەوەیە دەیەوێت وەک ئەوان بیر بکەینەوەو وەک ئەوان خەیاڵ بکەینء
وەک ئەوان ھەڵبژێرین... ئایدیۆلۆژیستەکان دەیانەوێ کتومت ئەوان بیت،
سارتەر لە ئاماژەیەکی بەناوبانگی فەلسەفییدا بە ئەویدیکە دەڵێت "ئەو
منەی کە من نییە" بەڵکو ئەویدیکەیە، ئەویدیکەیەک کە ھەموو خەسڵەتە
جەوھەرییەکانی خودی ھەیە، لە بیرکردنەوەو ئازادیء ویست....
(٦)
(پێشمەرگە ١٩٦١)ی (رەحیمی قازی) یەکەمین رۆمانی کوردییە، یان (مەسەلەی
ویژدان ١٩٧٠)ی ئەحمەد موختار جاف، یان (لە خەوما ١٩٧٥)ی جەمیل سائیب؟!...
رۆمان وەک کردەیەکی ھونەری پەخشانئامێز لەسەر بنەمای گێڕانەوەو رووداوو
کاراکتەر، لە نێوان خەیاڵء حەقیقەتدا خۆی دەبینێتەوە و بە شێوەیەکی تا
ئەندازەیەک ئاڵۆز دەچنرێت... رەنگە ئەو بە ناو پێناسەیە (ئاڵۆزی رۆمان)
و (ئازادیی رۆمان) لەوێدا ھەڵگرێتەوە، کە تاکو ئێستا نەتوانراوە
سنورەکانی رۆمان وەک پێویست دیاری بکرێت!! کەواتە پێشمەرگەی (رەحیمی
قازی) ئاڵۆزترین رۆمانی چنراوی کوردییە، یان (لە خەوما)ی جەمیل سائیب
چەمکی ئازادی لە رۆمانی کوردی دەخاتە روو؟! لەسەرەتادا ھەموو ئەوانەش
زۆر گرنگ نیین، گرنگ ئەوەیە لە کوێ وەستاوین، من دەڵێم ھەتا ئەوەی
دەگوترا کورد رۆمانی نییە، با رۆمان بنوسین... لە نوکتەیەک وەستابووین،
دەڵێت: کەسێک لە کافەیەکدا داوای قاوەیەکی بێ سەرتوو دەکات، دوای نیو
سەعات لە چاوەڕوانی، گارسۆنەکە دێتەوە دەڵێت: سەرتوومان نییە، بەس
شیریشمان نییە، بۆ قاوەیەکی بێ شیرت بۆ دروست نەکەم.
(٧)
بزاڤی روانگە بەشێکی زۆری ئەدەبی حەفتاکانی کوردی (باشوری کوردستان)ی
داگیر کردبوو و بانگەشەی بۆ کۆمەڵێ دروشم دەکرد لەوانەش: وتەی نوێ،
بیری نوێ، کرداری نوێ، لە رووی بیرکردنەوە ھەنگاوێکی نوێ بوو بەرەو
یاخیبوون لە دابونەریت، لە زمانی سروشئامێزی گۆران و ھاوڕێکانی...
روانگە ھەرگیز شۆڕش نەبوو، روانگە یاخیبوون لە رووی رەمزگەراییء زمانی
ئەدەبیء ھونەرییەوە، بانگەشەی تیۆری ھونەر بۆ ھونەرییان دەکرد، ھەموو
ئەوانەش رووییەکی نوێی بە ئەدەبی کوردی بەخشی...
بە بڕوای من ھەشتاکانی ئەدەبی کوردی ئەوەندە تاریک نەبوو، ئەدەبی
ھەشتاکان جگە لە پەرەپێدانی چێژی ھونەریء زمانء جوانکاری، مەعریفەی
ئەدەبی قوڵتر کردەوەو دنیابینییەکی بوونگەرانەی بەرھەم ھێنا! دەشێ
جوانکاریء زمانی مەعریفیء خودگەرایی وەک سیمایەکی جیاوازی شیعرییەتی
ھەشتاکان ھەڵگرینەوە، دەمەوێ بڵێم بە شێوەیەکی گشتی ئاکامی شیعرییەتی
ھەشتاکان، دەکەوێتە نێوان چێژو خودگەراییەوە.
(٨)
خوێندنەوە فەزایە، بۆیە دەخوێنینەوە تاکو فەزایەکی دیکەی جیاواز بە
خۆمان دروست بکەین... لە تیۆری (وەرگرتن) لە یەک نەچوونی دەقء خوێنەر
وەک یەکێک لە مەرجە بنەڕەتیەکانی (ئاوێتەبوون) قسەی لێدەکرێت! بۆ ئەو
مەسەلەیەش رەخنەگری ئەدەبی (وولفگانگ ئایزەر) سوودی لە توێژینەوە
کۆمەڵایەتیء دەروونییەکانەوە وەرگرتووە بۆ نموونە: لە بواری
کۆمەڵایەتیدا تێکەڵبوونی دوو کەس ئەو کاتە بەشێوەیەکی بەھێز روودەدات،
کە ھەر یەک لەوانە بتوانن ناسنامەی کۆنی یەکتر لەبیر بکەن، لە نوێوە
یەکتر بناسن، چونکە لە کاتی لەبیرکردنی ناسنامە کۆنەکانیان ھەر یەک
لەسەر ئەویدیکە لە ڕێگای خوێندنەوەی حەقیقی خۆی یان "ناشت" وێنەیەک
دروست دەکات، یان تەئویلی تایبەت بەخۆی دەبێت و ھەر لەسەر بنەمای ئەو
وێنەیەی کە لە یەکەم ناسیینەوە دروست دەبێت، پەیوەندی نوێ دادەمەزرێنێ،
دامەزراندنی پەیوەندی نوێ لەنێوان ئەو دوو کەسە، لەسەر بۆشء پڕکردنەوەی
ئەو بۆشاییە، جگە لە پشتبەستن بە خوێندنەوەی حەقیقیء تەئویل شتێکی دیکە
نییە، ھەموو خوێندنەوەو تەئویلێکی نوێی دەقیش رەھەندێکی جولاو و نوێ بە
تێڕوانینء بیرکردنەوەی خوێنەر دەبەخشێت! وەک دەزانین ھەمیشە تێڕوانین و
بیرکردنەوە لەسەر تەئویلی کۆنء پێشینە، حاڵەتە جێگیرو پەڕگیرەکە یان
کۆنەکە زێتر دەچەسپێنێت، بەو مانایەش ھیچ خوێندنەوەو تەئویلکردنێکی نوێ
لەسەر ناسنامەی کۆن لە دایک نابێت، چونکە خوێندنەوەو تەئویلکردن لە
دەرەوەی ئیبداع نییە، بە مانایەکی دیکە خوێندنەوە و تەئویلکردن لەسەر
ناسنامەی کۆن، زۆرجار بۆ وەھم دەگۆڕێت، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوەشدا
خوێندنەوەو تەئویلکردنیش وەک کردەیەکی بەردەوام لە تێگەیشتن، ھەرگیز
خاوەندارێتی ناکرێت، بەڵکو فۆرمێکە لە فۆرمەکانی بوون لە جیھاندا، بەو
مانایەش دەشێ "وەھم"و " تەئویلکردن" دوو فۆڕمی ھاوپەیوەست بن...
(٩)
سوکرات لە دووری شاری زاڵمان پیاسە دەکاتء لە نێو قساندا خەون بە
شارێکی دیکەوە دەبینێ! سوکرات لە دەرەوەی شاری زۆرداران، لەگەڵ قسان
ھەنگاو دەنێء خەون بە شارێکی دیکەوە دەبینێ! شاری زاڵمانء شاری
زۆرداران لەو دوو نەخشەیەدا یەک واتایان ھەیە، بەڵام دەشێ زاڵم شار
بەڕێوە بباتء زۆردار ئەوە بێ کە واز لە دەسەڵات ناھێنێت؟! لەگەڵ ھەموو
ئەوانەدا دەزانم لە شەڕی نێوان کەسەکانء ھۆزو گروپء دیدە جیاوازەکان...
خەونبینین یۆتۆپیایە، خەونبینین ئەو کاتە واقیعییە کە دادپەروەری بوونی
ھەیە، راستە دادپەروەری چەمکێکی ئیشکالییە! من چیڕۆکنوس نیم، بەڵام
ھەوڵمدا زاڵم لە نادادپەروەری وێنا بکەم و زۆردار لە شەڕدا بنەخشێنم،
چونکە لە مێژووی دەسەڵاتی کوردیدا خەونبینین ھەمیشە کورتی دێنێ، نھێنی
دەسەڵاتی کوردی لە ژمار نایەت، بە داخەوە مێژووی دەسەڵاتی کوردی،
مێژووی شەڕو نادادپەروەرییە، نھێنی دەسەڵاتی کوردی ئەو نھێنیانەشن کە
شەھیدان بردیانە ژێر گڵ.
(١٠)
چۆن (لم نیازمە)ی عەباس عەبدوڵڵا یوسفء (دوکەڵ)ی ھاشم سەراجء (گەرم
نەبوونەوە)ی جەلال بەرزنجیء قەسیدەی (سوتانی رەنگەکان)ی دلشاد
عەبدوڵڵاء (لە غوربەتا)ی حەمە عومەر عوسمانء (تەمە سپیەکانی رۆح)ی
کەریم دەشتیء (زەردک)ی ئەحمەدی مەلا... وەک شیعر بۆ من جیاوازی خۆیان
ھەبوو، ناسینی (ئازاد سوبحی)یش وەک مرۆڤ و وەک شاعیر، نەک ھەر تەنھا
جیاوازی، بەڵکو دڵکرانەوە بوو.
(١١)
ئێمە کۆمەڵێک ھاوڕێی نوسەر، لە دوای ئەوەی لە رووی بڵاوکردنەوەی
بەرھەمەکانمان دووچاری جۆرێک لە نائومێدی بووین، دوای ئەوەی پانتایی
میدیای کوردی جگە لە ھیچ نەگوتنء بێنرخکردن، فریای گوتنء جیاوازی
نەدەکەوت، جگە لە رووکارخوازیء دروشمبازاڕی ئازادیء ئەویدیکە شکاندنء
پیاھەڵدانی بێ بنەما، کاری بە بیرکردنەوەی جیدیء راڤەکردنء رەخنەوە
نەبوو... ئیتر منء دانا سەعید سۆفی و ئازاد سوبحی بیرمان لە دەرکردنی
گۆڤارێکی ئەدەبی کردەوە، لە چەند بەیەکگەیشتنێکی سێ قۆڵیدا بیرۆکەی
گۆڤاری (سەراب)مان ھێنایە ئاراوە، دواتریش بە پێشنیارکردنی نەوزاد
ئەحمەد ئەسوەد لە لایەن ئازادەوە، سەراب بووە جێگای بیرکردنەوەو پرۆژەی
ئەدەبیمان.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|