٢\٧\٢٠١٦ ناوچەکە دەکوڵێ، یان ژان دەیگرێ؟!
ئەوەی پێویست قسەی لەسەر بکرێت، ئەوەیە کەکورد وەکو زیهن و بیرکردنەوەو دونیا بینی لەئاستی ئەو گۆڕانکاریە گەورانەدا نیە وا بەڕێوەن و روودەدەن، بۆیە ئیش بۆ ئەوە دەکات تا بۆ سەد ساڵی ئایندەیش هەروا ژێر دەستەو پاسیڤ بمێنێتەوە، کەئەڵێم کورد لەوئاستەدا نیە، مەبەستم ئەوەیە کورد بەر لەوەی بیر بکاتەوە، بڕیار بدات، ئاراستە ئەکرێت، بەمانایەکی تر جڵەو کراوە، چونکە پرۆسەی ناشیرینکردن و پێشاندانی کورد بەجیهانی دەرەوە وەکو وێنەیەکی قێزەون، جگە لەجڵەوکاری ناکرێت مەودای عەقڵی مرۆڤ بەتایبەتیش سیاسی ئەوەندە بچووک بێت درک بەو گەمەیە نەکات کە بەوێنەو رووخساری خۆیەوە ئەیکات، ئەگیتا رێکخستنی نێو ماڵی کورد کەلەدەلاقەیەوە دەتوانین تەماشای سەد ساڵی ئایندەی پێ بکەین، ئەوەندە کارێکی زەحمەت نیە تا عەساکەی مووسای پێویست بێت، بەڵکو ئەگەر ئامانج چنینەوەی دەسکەوت بێت بۆ نەتەوەیەکی ستەملێکراو، ئەوە ئەو پەڕی سەربەرزی و لێبووردەییە مرۆڤ قووربانی بەشتی بچووک بدات لەپێناوی شتی گەورەدا، نەک پێ لەپێڵاو بنێی بۆ بەقووربانیکردنی میللەتێک، هەرچەندە زۆر بەداخەوە کورد ئەوەندە میللەتێکی هۆشیار نیە تالەهوونەری کاری ئاراستەکردن تێ بگات، کەئەمڕۆ بەهۆی شۆڕشی تەکنۆلۆژیاوە بەزۆر شێواز کاری لەسەر ئەکرێت، بەڵکو کورد بەشێوەیەک سەرقاڵکراوە، بێ ئاگا لەم سەردەمە، لەکەناڵی ئاسمانیەوە قسە بەیەک ئەڵێن، لەکاتێکدا دوو رووی دراوێکن، لەماڵپەڕە ئەلیکترۆنیەکانەوە هەزارو یەک قسەی ساردوو سووک دەرخواری خەڵکی ئەدەن، ئەمە بەقسەی ئەوان بێت، ناوچەکە لەگۆڕانکاریی گەورەدایەو ئەکووڵێت و دەبێ خۆیان تەیارو ئامادە بکەن بۆ هەموو گۆڕانکارییەک.
باشە دەپرسم: بەم شێوەیە خۆتان ئامادە ئەکەن؟ هەی لەشتان ساخ نەبێت؟ لەشوێنی ئەوەی ئەو خەڵکە فێری هاوسۆزی هاوخەمی بکەن، چی شتی ناشیرین و نەشیاو هەیە دەرخواردیانی ئەدەن، بەو مانایەی دڵی دووژمنان و ناحەزانمان بائاسوودە بن، ئەها کوردە حەیاتەکە خەریکی شەڕی خۆتڕێنە، بەو واتایەی بەدۆستانی کورد بڵێن، کورد ئەبێ هەروا ژێر دەستەو پاسیڤ بمێنێتەوە ئێوە بەهەڵەدا چوونە ئەوە واقیعەکەمانە، خۆزگە ئەوەمان لەزاری ئێوەوە نەئەبیست کەناوچەکە ئەکووڵێت، چونکە ئێستا زیاتر لەهەموو شتێکتان بەگوومانین، لەمێژووتان لەناو و وێنەتان، کەبەزۆری زۆرداری ئەتانەوێت لەسیاقی کووڵانی ناوچەکەوە ریسی ئەو کوردە داماوە بکەنەوە بەخووریی و ژانی ئەم جارەی مێژوویش بۆ ئێمەی کورد یەکسان بکەنەوە بە سفر؟!
|