په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١٢\٢٠١٢

ناوچە تێکەڵەکان؟!


ستار محەمەد قادر    


دوا بەرئەنجامی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوە بوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە ئەنجومەنی وەزیران، ناوچە جێناکۆکەکان یان کێشە لەسەرەکانی بە ناوچە تێکەڵەکان ناوزەد کرد، ئەمە لە کاتێکدایە لە هیچ گریمانێکی سیاسییدا شوێنی ئەم زاراوەیە نابێتەوە، چەمکی تێکەڵ یان تێکەڵاوکردن، بۆ دوو رەگەز یان دوو شلەمەنیی یان دوو تەنی لێک جیاواز دەبێ، وا دیارە جەنابیان کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان بە ماست داناوە بۆ ئەوەی لە گەڵ ئاودا تێکەڵی بکا و ماستاو بۆ ئەوانە سارد بکاتەوە وا رێنمایی دەکەن؟!

ئاخر لە کوێی دونیادا ئەم گاڵتەجاڕییەی جەنابیان بە دەستوورو مافە دەستووریەکان هەزم دەکرێ، سەرۆک وەزیرانێک نێوی یەکە کارگێڕییەکەی دەوڵەتی قانوون بێ و خۆیشی یاسا پەراوێز بخا و بکەوێتە گەمەی ناودروستکردن؟

بە راستیی هێنانی هێز و دروستکردنی ئۆپەراسیۆن و پەنا بردن بۆ کڕینی فڕۆکەی (ئێف ١٦) هێندەی ئەم گەمە ئاگرینەی جەنابیان کە لەم دوواییەدا بە وشەوە دەیکا مەترسیدار نییە، چونکە ئەمەیان دەچێتە قاڵبی گاڵتەکردن بە هەستی کورد و پێکهاتەکانی کەرکوکەوە، دەکرێ لە چوارچێوەی ئەو ناوزەدکردنە لە جەنابیان بپرسین: ''ئایا بۆ ئەم ناوچانە تێکەڵکراون''؟! ئامانج لەو تێکەڵکردنە لە رابردوودا چی بووە؟ ئایا لەسەر بنەمایەکی ئەقڵانی ئەو پڕۆسەیە ئەنجام دراوە، یان شەیتانی؟!

کێ لەو باوەڕەدا بوو دوای درووستبوونی گرژیەکان جوڵەی هێز بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و دانووستان بۆ ئەوەی بگەن بە رێککەوتن لەسەر چۆنێتی هێور کردنەوەی بارو دۆخەکەو دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە هێنایە ئاراوە، مالیکی داوای ئەوە لە کورد بکات هێزی پێشمەرگەو دەزگای ئاسایش بگەڕێتەوە بۆ هێڵی سی و شەش، ئێمە دەڵێین خوازیاری شەڕ نیمان، ئەو هەوڵی خۆی بۆ خۆشکردنی شەڕی کوردو عارەب بەگڕ دەخات، ئێمە دەڵێین با دەستوور حاکم بێت، ئەو بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز باس لە کەمکردنەوەی بودجەو رادەستکرنەوەی چەک دەکا!

ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر جێی نیگەرانیە، مالیکی پێگەی خۆی وەکو سەرۆکی یەکەمی یەکەیەکی کارگێڕیی و بەڕێوەبردن لە بیر خۆی دەباتەوەو دەکەوێتە شەڕی پارێزگاری کەرکوکەوەو بەوە تۆمەت باری دەکات عارەب لەو شارە دەردەکات، ئەمەش بۆ خۆی گوزارشت لە ئاستی نەفس نزمی جەنابیان دەکات و ئەوەمان بۆ پشت راستدەکاتەوە ئەو لە پێناوی سەرخستن و پراکتیزەکردنی ئەجێندای سیاسی خۆی ئامادەیە تەڕو ووشک پێکەوە بسووتێنێ؟!

هەر چەندە ئەم نووسینانە هێندەی رووی لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستانە، بۆ ئەوە نییە رەخنە ئاراستەی مالیکی بکەین، چونکە دەبوایە هەموو حیزب و هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، پەندیان لەوەوە وەربگرتایە کاتێک جەنابی مالیکی رووبەڕووی سەدریەکان بوویەوەو قەڵاکەیانی لە شاری بەسرە تێکشکان و دوایش لە (مەدینەی سەدر) لەڕێی دیواری بەرلینەوە گووشاری خستە سەریان و هەژموونی خۆی بەسەریاندا سەپاند، ئەمە لە کاتێکدا بەر لەو هێڕشەی جەنابیان جەنابی موقتەدا سەدر گەورەترین پاڵپشتی مالیکی بوو؟!

هەر وەکو بینیشمان لە رێی دروستکردنی فایلێکی تراویلکە ئاساوە چۆن و بە چی شێوەیەک جێگری سەرۆک کۆماری عێراقی تارو مار کردو ویستی بەهۆی تاکتیک و ستراتیژی خۆیەوە کوردیش لە دۆسیەی تاریق هاشمی تێوە بگلێنێت بە تایبەتیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان؟!

ئێمە دەتوانین ناوی ئەم حکومەتەی جەنابی مالیکی لە دەوڵەتی قانوونەوە بگۆڕین بۆ حکومەتی کودەتایی و (تەسفیەی حیسابات)، چونکە وەکو ماری بێ مۆڵەت وایە و بە هەموو لایەکەوە دەدا؟!

ئەمڕۆ بمانەوێت یان نا، مالیکی لە دەلاقەی رێککەوتنامەی هەولێرەوە بۆ جاری دووەم گەیشتەوە بە هەڕەمی دەسەڵات، بۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت زۆر بە راشکاوی ئەو پرسیارەیان ئاڕاستە بکەین: ''ئایا بەبێ شڕۆڤەکردنی کەسایەتی و کاراکتەری خودی مالیکی و باگراوندی سیاسی و پێشینەی ئاستی رۆشنبیریی و رەوشتیی ئەو جەنابە، چۆن و بە چ شێوەیەک ئەو خۆش باوەڕیەیان لە لا درووست بوو بۆ جاری دووەم متمانە بە مالیکی ببەخشنەوە''؟! ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٨ بە چاوی خۆمان بینیمان ئەو چۆن و بە چی شێوەیەکی دڕندانە رووبەڕووی رەوتی تەیاری سەدری بوویەوە؟! لە پێناو راستکردنەوەی هەڵەکانمان، دەبێت هەموو لایەکمان دان بەو راستیەدا بنێین، ئەم کێشانەی ئەمڕۆ رووبەڕوومان دەبنەوە، لە نەبوونی دەوڵەت و قەوارەیەکی سەربەخۆوەیە، بۆیە بۆ ئەوەی لەوە پتر تووشی باری دۆگمابوون نەبین، پێویستە بڕیاری یەکلاییکەرەوە بدەین، چونکە ئەگەر کورد گاڵتەئامێزیی پێ هەرس بکرێت، ئەوا سازش لەسەر مافی رەوای ئەم گەلەیش دەکا؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک