په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٤\٢٠١٥

ناوەندی سێکولار لە کوردستان راگەیەندرا.
 


لە دانیشتنێکی کەم وێنەدا ڕۆشنبیرانی تینوی ئازادی و سێکولاریزم و مەدەنیەت لە کوردستان، بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران و چالاکوانی بواری ئازادیەکان و نوێنەری حیزب و ڕیکخراوە و میوانانی وەفدی ڕێکخراوێکی زانستی ئەمریکی و بەئامادەبونی کەناڵەکانی میدیا لە ھۆڵی ئەنیستتیۆی کەلەپوری کوردی لە شاری سلێمانی کاتژمێر ٤ی ئێوارەی بەرواری ١٩\٤\٢٠١٥ ناوەندی سێکولار لە کوردستان ڕاگەیەندرا.


سەرەتا گۆنا سەعید ئەندامی بۆردی ناوەندی سێکولار بەخێرھاتنی ئامادەبوانی کرد و باسی لە گرنگی پێویستی ناوەندی سێکولار لە کوردستان و چۆنیەتی دەستپێکردنی ئەم پرۆژەیە کردو ئەندامانی بۆردی ناوەندەکەی ناساند و ڕاگەیاندنی ناوەندەکە و گەڵاڵەنامەی سێکولاریزمی خوێندەوە . پاشان د.سالار باسیرە وتەیەکی لەسەر پێناسەی سێکولاریزم و تێگەیشتنی ھەڵە لەسەر ئەم بیرۆکەیە و گرنگی گۆڕینی یاساکان و پەروەردە بە پێی پرەنسیبەکانی سێکولاریزم کرد.

 

دواتر ئاسۆ کەمال لەسەر گەڵاڵە نامەی سێکولاریزم و باکگراوەندە فکری و زانستیەکەی و خاڵەکانی جیایی دین لەدەوڵەت و دەستور و خوێندن کرد و پەیوەندی ئەم خەباتە سێکولاریستیەی لەگەڵ ڕوبەڕوبونەوەی خەتەری داعش و بیر و بەدیلی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان و ناوچەکە باسکرد.

 

دواتریش فەتاح زاخۆیی باسی لەسەر پەیوەندی ئەم ناوەندە بە ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنان و گرووپ و چالاکیەکانی بواری ئازادیەکان کرد و گرنگی نێت ۆرک و ھاوکاری نێوان ناوەند و ھەموو ھەوڵە سێکولاریستی و ئازادیخوازیەکانی ئاماژەپێدا و داوای لەبەشداربوان و ئازادیخوازانی کوردستان کرد کە پێکەوە لە پێناو سەرخستنی پرۆژەی سێکولاریستەکردنی ژیانی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی کاربکەن و ئەم ناوەندە بە ناوەندی خۆیان بزانن.

 

لە کۆتایی ئەم بەشەدا گۆنا سەعید باسی لە ستراتیژی کار و بوارەکانی چالاکی ناوەندەکە کرد. ھەروەھا ئەندامانی بۆردەکەی ناساند بریتی بوون لە ''فوئاد مەجید میسری، ئاسۆ کەمال، گۆنا سەعید، د. شێرکۆ کرمانج، د. سالار باسیرە، ڕیبوار ئەحمەد، فتاح زاخۆیی، شێرزاد حەسەن و بەھار مونزیر'' و باسی کرد کە ژمارەی بۆردەکە بەپێی پێویستی و ئامادەییەکان زیاد دەکرێ و دەرگا لەبەردەم بەشداریدا کراوەیە و دواتریش باسی لە دەستەکانی بواری کاری فکر و ڕۆشنگەری و ڕاگەیاندن و یاسا و کەمپینەکان و کاری دەرەوەی وڵاتی کرد و داوای لەبەشداربوان کرد بەپێی تواناییەکانی خۆیان لە ھەر کام لەو دەستانە و بوارانەی کاری ناوەندا بەشداری بکەن.


لەبەشی دووەمی بەرنامەکەدا نوینەرانی حیزب و ڕیکخراوە جەماوەریی و گرووپی ژنان و کرێکاران و منداڵان و مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆ و کۆلیژەکان و نووسەران و ڕۆشنفکران و چالاکوانانی بواری ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان پەیامی پشتیوانی خۆیان لە ناوەندی سێکولار لە کوردستان پێشکەش کرد و بەشداربوان بۆچوون و پێشنیارەکانیان بۆ پێشخستنی ناوەندەکە و مەیدانەکانی کار و چالاکی خستەڕوو و تاوتوێی پڕۆژەی سیکۆلاریان کرد.

 

زۆربەی ئامادەبوانی ناو ھۆڵی دانیشتنەکە ئەندام بوون یاخود بەشداربونی خۆیان لەو پڕۆژە یەدا ڕاگەیاند و دواتر وڵامی پرسیارەکان لە لایەن پانێلەکەوە درایەوە بە ئامادەبوان، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە پەخشی ڕاستەوخۆی بەشێک لە بۆنەکە و چاوپیکەوتنی بۆردی ناوەندی سێکولار و دانانی بەرنامەی تایبەت بە ناساندنی ئامانج و کارەکانی ناوەندەکە رۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە بڵاوبونەوەی ھەواڵی ڕاگەیاندنی ناوەندەکە و ناساندنی بە ڕای گشتی.

 

 

ناوەندی سێکولار لە کوردستان
info@kurdistansecular.com

www.kurdistansecular.com

٠٠٤٤٧٨٩٤٢٥٢٧٠٨ ،٠٠٩٦٤٧٧٠١٥٢١٥٢٢

 

٢٧\٤\٢٠١٥

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک