٣٠\١١\٢٠١٠
ناوەڕاستی
دونیا.

تەیب قادر
هەزار کون لە پرچم
بوو و
هەر سەر ئاو نەکەوتم
من دەمەوێ لە ناوەڕاستی تەمەنمدا
سەر ئاو بکەوم و
تەواوی دونیا بە ڕووت و قووتی ببینم
ژنێک ببینم لە پەنا بەردێکی بچوکی شینی تۆخ
چۆن بە دزیەوە دەستی دەشوا
پیاوێکی پیری کەترە
چۆن لە دۆزینەوەی نیگایەک دەگەڕێ
تا بە هەموو بێ تاقەتی خۆیەوە لە کچێکی
ناسک
ناسک
بگرێ
چۆن چۆلەکەیەک لە بەر بارانێکی
زۆر
زۆر
توڕەو تەنگاو
دانیشتوەو سەیری تەڕبوونی ژیان دەکا
چۆن مێروولەیەک
کەشتییەک گەنمی
سوورو سپی بار کردوەو بەرەو زستان دەڕوا
چۆن لە تەنیشت سەعاتێکی خەمگین ، تف هەڵدەی وشک دەبێ
سەبەتەیەک پرتەقاڵ دانێی قل نامێنێ
پێنج کیلۆ ئاگر دانێی بەشی دوو خولەک ناکا
چۆن پیرێژنێک ، بە تەنەکەیەک و گەسکێک ، بە دوایی مانگاکەی کەوتوە
قل
قل
تەپاڵەی هەڵدەگرتەوە
بۆ داگیرساندنی تەندوورەکەی
هەزار کون لە کراس و بێجامەکەم بوەو
کەچی هەر سەر ئاو نەکەوتم
من دەمەوێ کاتێ دونیا خەوتوە
لە پڕ سەر ئاو بکەوم و
دونیا ئاگای لە من نەبێ ، کاتێک سەیری دەکەم
لە خافڵەتەوە سەرم لە ئاو دەربێنم و
بڵێم : ئەوە خەریکی چی ئەی دونیا
بۆچی ئاگات لە کۆنەکردنەوەی هەورو
توڕە بوونی خەوی سپێدان نەماوە ؟
بۆچی قرچە قرچی دەرزی شەقامی ئیمان نابیستی ؟
بۆچی قوڕوهۆڕی سکی تەنیایی من
بە نێو لەپەکانت ، لە گوێچکەکانت دوور دەخەیتەوە ؟
ناترسێی من بڕژێم و
هەموو کۆشت پیس بکەم
ناترسێی لە ڕقی دانەگیرسانی گلۆپێکی شەوت
چاوم بکوژێنمەوەو
ئیتر هەموو تەمەنت خەریکی دەست ڕاکێشانی من بی ؟
هەموو تەمەنت بە دیار نینۆک کردنی من بە سەر ببەی ؟
ئاخر کەی لێکردنەوەی هەنجیرێکی نارنجی ،
لە بەژنی دونیا ، بە دڵی خۆت تاوانا ؟
هەزار کون لە سەرە پەنجەکانم بوەو
کەچی هەر سەر ئاو نەکەوتم
من دەمەوێ تاک و تەنیا نا
دەستەکانم لە گەڵ قاچی ماسییەکی
گەرم
گەرم
بئاڵێنم
پێیەکانم
تێر
تێر
لە سینگی پیاسەیەکی
نەرم
نەرم
بخشێنم
بیسەلمێنم گرتنی مانگ لە نێو ئاو سەراب نیە
ببینم ئاو بە ڕووت و قوتی
بە پێ خواسی
بە سەر جەستەی بەرداخێک دێتە خوارێ
هەزار کون لە دەم و لوتم بوە
کەچی هەر سەر ئاو نەکەوتم
هەموو ڕۆیشتنە قورسەکانم و
کۆشکە
سپی
سپییەکانم و
گیرفانە
زل
زلەکانم فڕێدا
ددانی پشوە دوورو درێژەکانم دەرهێنا
پێڵاوە
پڕ
پڕ
لە سەفەرەکانم لە پێ کردەوە
کەچی هەر سەر ئاو نەکەوتم
هەزار کون لە هەناوم بوو و
کەچی هەر سەر ئاو نەکەوتم
من دەمەوێ سەر ئاو بکەوم و
بە ڕوونی خیانەتی بۆقێک ببینم لە مێردەکەی
خیانەتی کەرێک ببینم لە ژنەکەی
هەزار کون لە ڕۆیشتنم بوەو
کەچی هەر سەر ئاو نەکەوتم
من نامەوێ لە ژێر ئاودا مۆر مۆر بچمەوە
من نامەوێ کەفی سەر بەرداخێک ئاو ،
باسی دونیام بۆ بێنێ
من دەمەوێ
خۆم
دونیا ببینم
خۆم
بە چاوی دەستم و
بە پەنجەکانی چاوم
من بۆیە دەمەوێ سەر ئاو بکەوم
تا ناوەڕاستی ژیان ببینم.
ماڵپەڕی تەیب قادر
|