په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١\٢٠١٠

نەعلەکانى (ئەبو تەحسین) بە نرخترە لە پێنووسەکەى دادگا!!


نەجم محەمەد   


دواجار دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق بڕیارى لە سێدارە دانى بۆ گەورە تاوانبار عەلى کیمیایى دەرکرد دیارە ئەم بڕیارە بۆخۆى بڕیارێکى باشە وگرنگى خۆى هەیە ئە گەر چى پێشتر ئەم تاوانبارە گەورەیە لە سەر دۆسیەکانى ترچەند حوکمێکى بەسەردادراوە ولەوانە حوکمى لە سێدارە دانیش بە ڵام لێرەدا ئەوەى بڕیارێکى خراپەو مایەى نیگەرانیە ئەوەیە کە لە گەڵ دەرچوونى ئەم بڕیارەدا تاوانى گەورەى هەڵەبجە بچووک کرایەوە وبە بریارێک وەک تاوانێکى مرۆیى ناسێنرا نەک وەک جینۆساید کە ئەمەش بۆ خۆى تاوانێکى گەورەى ترە بەرامبەر هەڵەبجەو کەیسەکەى ئەنجام درا و هەروەها غەدرێکى ترە لە وغەدرانەى کەبەردەوام لەم شارە دەکرێت ئە م شارە بێ خاوەنەى فرەخاوەنە.

 

من پێم وایە بچوککردنەوەى دۆسیەى هەڵەبجە لە جینۆسایدەوە بۆ تاوانى مرۆیى شتێکى چاوەڕوانکراوبوو چونکە هەرلە سەرەتاى دروستبوونى ئەم دادگایەو کەیسى هەڵەبجە بە بەرنامە بچوککرایەوە بەئیرادەو بڕیارى سیاسى وشیعە گەرایى وە لە ڕیزبەندى کەیسەکاندا کەوتە قڕەوەو قە بارە و بارستایەکەى بچووک و کەمکرایەوە وتاوانى دوجەیل کرایە سەرقافڵەى هەموودۆسیەکان بە دۆسیەى هەڵەبجەشەوە تە نانەت کار گەیشتە ئەوڕادەیەى گەورە تاوانبارێکى وەک سەدام حسین لە سەر ئە و کەیسە لەسێدارە بدرێت ڕاستە هەمووتاوانەکانى ڕژێمى ڕوخاو تاوانى گەورەن و گرنگى خۆیان هە یە بە ڵام تاوانى هەڵەبجەو ئەنفال ترۆپکى تاوانەکانى ئەو ڕَژێمە ڕووخاوەن نە ک تاوانى دوجەیل هە ربۆیە من پێم وایه‌ ئێمە هەر لە سەرەتاوە کەیسى هەڵەبجەمان دۆڕاند و بە دۆراِویەوە چوینە ئەو دادگایەوە ئەو دەمەى ڕازیبووین کە کەیسەکەمان بکەوێتە قڕەوەو ئەو دەمەى ڕازیبووین کە کەیسەکەمان بخەینە دادگایەکى ناوخۆیى یەو ە وئەو دەمەى هەوڵى پێکهێنانى دادگایەکى نێودەوڵتیمان بۆ نەدا و داواى دادگایەکى نێودەوڵەتیمان بۆ نەکرد ئائەو دەمانە گەورەترین هەڵەى مێژوویمان کرد و گەورەترین هەلى مێژوویمان لەدەستدا وخۆمان بەدەستى خۆمان کەیسەکەمان بچوککردەوە و بەشداربوین لە بچوککردنەوەى ودۆراِندنى کەیسەکەماندا ئێمە هەر لە سەرەتاوە کارى جدیمان بۆ نەکرد چ وەک سەرانى دەسەڵاتى کوردى چ وەک پارتە سیاسیەکان چ وەک بنەماڵەو کەس و کارى قوربانیەکان چ وەک خەڵکى هەڵەبجەو هاوڵاتیانى کوردستان چ وەک ڕوناکبیران و چ وەک ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى چ وەک دەستەى داکۆکى کار لە کەیسى هەڵەبجە و هتد هەرهەموومان بەشدرارین لە بچوککردنەوەى دۆسیەى هەڵەبجەدا دەبوو هەر لە سەرەتاوە کەیسەکەمان بکشانایەتەوە لەو دادگا ناوخۆیەداو داواى دادگایەکى نێودەوڵەتیمان بکردایە.

 

ئەوى بە لاى منەوە مایەى سەرنج و تێڕامانە و کۆمیدیایەکى گەورەیە هێنانى ئەو پێنووسەى دادگایە کە بڕیارى لە سێدارەدانى عەلى کیمیایى پێ نوسراوە بۆ مۆنۆمێنتى هەڵەبجە لە هەمووشى کارەسات تر سازدانى ئەو ئاهەنگ و کۆبوونەوە جەماوەریە بوو بۆ پێشوازى کردن لەو پێنووسە وبۆ پێشکەشکردنى بە مۆنۆمێنتى هەڵەبجە ئەو پێنوسەى کە هەمان پێنووسەکە تاوانى هەڵەبجەى پێ بچوککرایەوە ئەوپێنووسەى کە بڕیارى بەتاوانى مرۆیى کردنى هەڵەبجەى پێنووسرا وئەو پێنووسەى تاوانى جینۆسایدى هەڵەبجەى پێ سڕایەوە ئەو پێنوسەیە کە غەدرى گەورەى پێکراو پێ نووسرا دژ بەهەڵەبجە ئەو پێنووسەخەڵکى هەڵەبجەى توڕەو نیگەرانکرد ئەو پێنووسە هەمان پێنووسە کەلە ڕیزبەندى دۆسیەکاندا هەڵەبجەى لە قڕەوە نووسى ئەو پێنووسە هەمان پێنووسە کەبڕیارى لە سێدارەدانى عەلى کیمیایى پێ نووسرا لە سەر دۆسیەکانى تر پێش دۆسیەى هەڵەبجە ڕاستە ئێمە هەموومان بە و بڕیارە دڵخۆشین و لەگەڵ لە سێدارەدانى ئەو تاونبارە گەورەیەداین بەڵام خۆئەم تاوانبارە یەکەمجارى نییه‌ بڕیارى حوکم و لە سێدارەدانى بۆ دەرچێ بەڵکو ئەمە چەند جارێکە و بەتەنیا لەسەر کەیسى هەڵەبجە ئەو بڕیارە ى بۆ دەرنەچووە.

 

من دەڵێم خەڵکى هەڵەبجە دەبوایە لە برى ئاهەنگ و پێشوازى لە و پێنووسە ى دادگا دەبوایە گەورەترین ڕێپێوان و ناڕەزایەتى سازبدایە دژ بە بڕیارى بە جینۆساید نەناساندنى تاوانى هەڵەبجە کە بەو پێنووسە نووسرا دەبوو خەڵکى هەڵەبجە ئەو پێنووسەیان بشکاندایە نەک بەڕێوڕەسم و ئاهەنگ و مەراسم لە مۆنۆمێنتى هەڵەبجەدا دایاننایە ڕاستە بەدیوێکدا ئەوپێنووسە بڕیارى لە سێدارەدانى عەلى کیمیایى پێنووسراوە بە ڵام بەچەند دیوێکى دیکەدا چەندین تاوان و غەدرى پێنووسراوە بەرامبەر هەڵەبجە ئەو پێنووسە هى ئەوەبوو بشکێنرێ نەک بپارێزرێت بەلاى منەوە نەعلەکانى ئەبووتەحسین زۆر بەنرخ تر و پیرۆزترە لەو پێنووسە شەرمەزارو تاوانبارەى دادگا هەر بۆیە لە جێى خۆیدا بوو کە ئەونەعلە لە مۆنۆمێنتى هەڵەبجەدا دانراو پارێزرا بەڵام ئەو پێنووسە شیاوى ئەوجێگەیە نییه‌ ئەوەتا هەموو دنیا دەزانێ و دەڵێ هەڵەبجە جینۆسایدە بەڵام ئەو پێنووسە سەرشۆڕەى دادگا دەڵێ نەخێر هەڵەبجە تاوانى مرۆییه‌.

 

من وەک هەڵەبجەییەک لە گەڵ ئەوەدام خەڵکى هەڵەبجە شایى و ئاهەنگ بگێڕن سەبارەت بە بڕیارى لەسێدارەدانى عەلى کیمیایى بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نیم ئاهەنگى پێشوازى لە پێنوسێکى تاوانبارى وەک ئەوەى دادگا بکەن چونکە ئە وپێنوسە گەورەترین غەدرو ناهەقى و تاوانى کرد بەرامبەر بەکەیسى هەڵەبجە کە دواهەمین غەدرى بە جینۆساید نەناسانى کەیسى هەڵەبجە بوو کەچى بەداخەوە کۆمەڵێک خەڵک کەخۆیان کردووە بە نوێنەرو دەمڕاستى خەڵکى ئەم شارەو لە ئاست ئەم نا هەقیە گەورەى کە بە و پێنووسە نووسراو کرا بەرامبەر بە دۆسیەى هەڵەبجە بێدەنگ دەبن و ڕازى دەبن و خۆیان دەخەڵەتێنن و دەیانەوێت خەڵکى هەڵەبجە بە ئاهەنگى پێشوازى کردن لەو پێنووسە بخەڵەتێنن ئەوان بێئاگان لەوەى کە کەیسى هەڵەبجە وەها دۆڕاوە هەرگیز بەو پێنووسە نایەتەوە مایە ئیتر ئەم ڕوانینە سادە و ساکار و عاتفیە بۆ ئەو پێنووسە و گەورەکردن و بەنرخکردن و پیرۆزکردنى ئەو پێنووسە هیچى تر نییه‌ جگە لەسیناریۆ و خۆخەڵەتاندن و مایەپووچى نەبێ.

 

ئاخر من چى بکەم لە پێنووس کە کەیسى شارەکەم بچووکراوەتەو من پێم وایە ڕێزگرتن لەو پێنووسە یەکسانە بە بچوککردنەوەى هەڵەبجەوە کەیسەکەى، بەداخەوە زۆرن ئەوانەى ساڵانێکە نان لە سەر ئەم غەدرو بچووککردنەوى هەڵەبجە دەخۆن و لە سەر ئەو غەدرە دەژین وبەرژەوەندیان لەوەدایە و بەردەوام لە سەر غەدرەکانى هەڵەبجە دەژین و وپۆست وەردەگرن و مزایەدە دەکەن بە سەر کەیسى هەڵەبجە و خەڵکى هەڵەبجەوە بەڵام خەڵکى شۆرشگێرو زیندوى هەڵەبجە زۆر لەوە بەئاگاترو گەورەترن کە بەو پێنووسە بخەڵەتێن و هەروەها کەیسى هەڵەبجە و هەڵەبجە زۆر لەوە گەورەترە کە بچووک بکرێتەوە لە پێنووسێکدا و لە بڕیاریکى ناعادلانەى دادگادا و هەروەها کەیسى هەڵەبجە و هەڵەبجە زۆر لەوە گەورەترە کە کۆمەڵێک خەڵکى بەرژەوەندخواز لەپێناو ڕازیکردنى دەسەڵات و حیزب لە خۆیان و لەپێناو پاراستنى پلە و پایەدا و لە پێناو دەرکەوتن لە شاشەى کەناڵەکانەوە ئاهەنگى پێشوازى لەو پێنووسە سازبدەن .