په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠٢٠

نێچیر بارزانی و سیاسەتی دیزە بەدەرخۆنە کردن!


تاهیر عیسا       


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆی بە پێدانی ھەموو نەوتی ھەرێمی کوردستان، لەبەرامبەر نۆ سەد ملیار دینار، بە حکومەتی ناوەندییدا نیشاندا!


ڕاگەیاندنەکەی نێچیرڤان لە نێوان دوو ئەگەردایە!


ئەگەرێک ئەوەیە، لە سەرنەگرتنی وەھا پێشنیارێک دڵنیایەو بەمەش دەیەوێ لەلایەک لەڕێگای خۆڵکردنە چاوی خەڵکەوە نیازپاکی خۆی بۆ رێککەوتن وەک لایەنی داکۆکیکاریی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان پیشانبدات و لەلایەکی تریش وەک دیارە ناڕەزایەتیەکی بەرفراوان لەئاستی گشتیدا لەبەرامبەر ڕێککەوتنە پەنجا ساڵیەکەیان لەگەڵ ئەردۆغاندا ھەیەو دەیەوێت بڵێ کە ھەروەک پێشتریش لەڕاگەیاندنی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە لەگەڵ حکومەتی ناوەندییدا سەربەخۆن لە سیاسەت و ڕێککەوتنیاندا.


بەڵام (ئەمری واقیع) پێچەوانەکەی پیشان دەدا و دەریدەخا کە ئەوان بە تەواویی بە مەرجی مانەوەیان وەک بنەماڵەیەکی تاڵانکار و مافیاگەری دەسەڵاتدار بەسەر خەڵکی چەوساوەی کوردستاندا، ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەیان بە ڕادەستکردنی نەوتی کوردستان بە تورکیادا واژۆ کردوە.


لە ئەگەریی ڕاست نەبوونی ئەگەریی یەکەمماندا، دووەم ئەگەر، ئەگەر ئەوان ڕاست دەکەن و دەزانن کە ھەموو نەوتی ھەرێم بای نۆ سەد ملیار دینارە، بێ لەو ھەموو داھاتانەی لە گومرگەکانی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و یەکە بەرھەمھێنە ناوخۆییەکانی دیکەدا کە بە سەدان ملیار دینار دەقەبڵێندرێ، دەستیان دەکەوێت، چپ ێویستییان بە وەھا ڕێککەوتنێک ھەیە و بۆ ھەر خۆیان کارو بارە کارگێڕئییەکانی حکومەت و خەڵک رایی ناکەن؟؟


بەڵام ھەر کەسێک، لە کوردستاندا بە چاوی بەرژەوەندیی گشتیی و بە چاوی مووچەخۆرانێک، یان بە چاوی بێکارانێک کە بە دەستی ئەم حیزب و دەسەڵاتەوە گیرۆدەن، بڕوانێ، دەتوانێ لەوە تێبگا، کە ئەم حیزب و دەسەڵاتە دژە خەڵکییە، چەندە درۆزن و ساختەچیی و مەکرۆ و تەڵەکەبازن و خەریکی چ جۆرە یارییێکن، لەسەر حیسابی قوت و داھاتی خەڵکی نەداردا و چۆن سیاسەتی ھەموو شتێک لە پێناوی دەسەڵات و بنەماڵە و مانەوەیاندا پەیڕەو دەکەن!


ھەر ھەوڵ و تەقەڵایەکی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان، بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەران و زامنکردنی مووچە و بیمە ھەمەلایەنەکانی ژیانیان، بە ڕێکخراوبوونی گشتییان لەم سەر و ئەوسەریی ھەرێمی کوردستانەوە گرێی خواردوە و بە بێ دەستبەرکردنی ئەم یەکێتی و یەکدەنگییەی کرێکاران خۆیان، مەحاڵە لە چاوەڕوانیی بەڵێن و پەیمانی سیاسەتی درۆزنانەی بۆرژوازیدا، کۆتایی بەم ھەلومەرجە سەخت و دژوارە بھێندرێ.
 

 

١٦\١١\٢٠٢٠
taheresa_9@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک