٧\٥\٢٠١٠
نەفرەت لە گوللە،
سڵاو لە ووشە.

پێشڕەو حەمید
لەسایەى دەسەڵاتى لۆکاڵى حکومەتەکەى یەکێتى و پارتى دا تادێت
ئازادیەکانى تاکى کوردى زیاتر پێشێل دەکرێت و ئیهانەکردن و ڕفاندن و
کوشتن لەپەرەسەندنى زیاتر دایە بەبێ بە بەدواداچون و لێپرسینەوەى
پاڵەوانەکانى لیژنەى کوشتنى پیاوە گرگنەکانى خۆیان ؟! کوشتنى هاوپیشە و
هاوڕێمان ( سەردەشت عوسمان ) ى گەنجى جوانەمەرگ ، سەرەتاى دەرکەوتنى
لاوازى دەزگا ئەمنیەکانى حکومەتى هەرێم دەردەخات و ڕفاندو کوشتنى
ناوەوەى ڕۆژنامەنوسان و هەڕەشەکردن لە ڕۆشنبیران و لغاو دان و دەم کوت
کردنى ئەدیبان و نوسەران ، ئاسایشى هەرێم دەخاتە ژێرپرسیارەوەو
حکومەتیش بیباکانە لیپرسینەوە و بەدوادا چون بۆ ئەو پرسە هەستیارانە
ناکات و تادێت ئەو ئەزمونەى کە دەسەڵاتى کوردى شانازى پێوەدەکات و
بەنمونەیەکى جوان ویناى دەکات لە ڕۆژهەڵاـى ناوەڕاستدا دەرواتە خانەى
خەونێکى خۆشى منداڵدانى ئەو دەسەڵاتەوەو لەدیدى ئەو کەسانەوە جیاوتر لە
خەڵکانى بارگاوى بیردەکەنەوە ، وەک ماڵە باجینە شوناسى پێدەبەخشن .
ڕفاندن و دواتر تیرۆرکردنى ( سەردەشت عوسمان ) بەهەر بیانویەک بێت
حکومەتى هەرێم و دەزگائەمنیەکانى لێى بەرپرسیارن و دەبێت وەڵامى ئەو
پرسیارانە بداتەوە ، ئایا ئەنجام دانى کارێکى تیرۆریستى لەناوجەرگەى
پایتەختى کوردستاندا ماناى لاوازى دەزگا ئەمنیەکانە یان لایەنە
ئەمنیەکان خۆیان بەشێک بون لە سەرخستنى پلانى ڕفاندن و کوشتنى (
سەردەشت عوسمان ) ؟ ئایا بکوژانى سۆرانى مامە حەمە هەمان ئەو لیژنەیەن
کە سەردەشت عوسمانیان تیرۆرکرد ، یان لیژنەیکى جیاوازترن و لەکوردستان
خەڵک دەرفێنن و لە دەرەوەى هەرێم دەیان کوژن و حکومەتى هەرێم بێ
دەسەڵاتانە لێان دەڕوانیت .
بەهەربیانویەک کوشتنى مرۆڤ لادانە لە بەها ئەخلاقیەکانى مرۆڤایەتى و
دروستکردنى جەهەنمێکە بۆ نێو ژیانى تاک بەتاکى کۆمەڵگاو یەکەمین ئەرکى
ئەخلاقیى و ویژدانى حکومەتى هەرێم ئەوەیە کە بەدواداچونى خێرا ئەنجام
بدات و بەبێ سازشکردن تاوانباران بەخڵک بناسێنێت و ڕاپێچى دادگایان
بکات .
ئێمە وەک ڕۆژنامەنوسانى شارى دەربەندیخان سەرەڕاى ئیدانەکردنى ئەو
تاوانە گەورەیە دەرهەق بە ئەو گەنجە خۆین گەرمەى هاوڕێ و هاوپیشەمان ،
داوا لەحکومەتى هەرێم و دەزگائەمنیەکان دەکەین کەهەوڵى شلگێڕانەى خۆیان
بدەن بۆ دۆزینەوەى بکوژانى سەردەشت عوسمان ، چونکە ئێستا ئەوان
لەبەردەم گەورەترین تاقى کردنەوەى ئەخلاقى پیشەى خۆیاندانن کە
دۆزینەوەى تاوانبارن و دابین کردنى هێمن و ئاسایشە بۆ کۆمەڵگاى کوردى .
زیندو بوونەوەى لیژنەکانى کوشتن
ئاسایشى کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
هێشتاکە بکوژانى ڕۆژنامەنووس( سۆرانى مامە حەمە)و (عبدالستار شریف(
ئاشکرا نەکراون و ڕادەستى بەردەم یاسا نەکراون و حکومەتى هەرێم لەو
پێناوەدا هەوڵى شلگێرانەى نەداوە بۆ ڕاگرتنى ئەو هەوڵانەى کە بە
پیلانێکى ڕێکخراو کار بۆ کوشتنى بەردەوامى ئەو دەنگانە دەکات ، کە
جیاواز تر لە خەڵکانى بارگاوى بوو لەسەر پرسە گشتى یەکانى کۆمەڵگا دێتە
قسە کردن .
ڕفاندن و دواتر تیرۆرکردنى ڕۆژنامە نووسى گەنج ( سەردەشت عوسمان) جگە
لەوەى ڕەوشى هێمنى کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە ، سەرتاى زیندو
کردنەوەى لیژنەکانى کوشتنەو حکومەتى هەرێم بەلاواز لە بەردەم ئەوپیلانە
ڕێکخراوەدا ناچارى خۆبەدەستەوەدان دەکات و سەرلەنوێ ئیرادەى بیرى تاریک
پەرستانەى ئەو کەسانە فراوان تر دەکات لەبەرامبەر ئەو دەنگانەى دونیا
جیاواز تر وێنا دەکەن بۆ خۆشنودى کۆمەڵگا.
ئیهانە کردن و کوشتن و ڕفاندنى ڕۆژنامە نوسان لە سایەى دەسەڵاتى لۆکاڵى
هەرێم دا، تەواوى دام و دەزگا ئەمنیەکانى ئەو حکومەتە دەخاتە بەردەم
گومانى بێ دەسەڵاتى و بێ باکیانەوە لە بەرامبەر پاراستنى ئەمن و
ئاسایشى هاوڵاتیانى کوردستان .
ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسانى شارى دەربەندیخان بەتوندى ئیدانەى ئەو هەوڵە
نەزۆکانە دەکەین کە کار بۆ کوشتنى ووشەى ئازاد دەکات ،هاوکات هیچ
هەوڵێک لەو جۆرە کردارە دژ بە ،بەها ئەخلاقیەکانى مرۆڤ ئێمە لە کارکردن
خاو ناکاتەوەو هەموو ئیهانەوڕفاندنێک و کوشتنێکى لەو چەشنە زیاتر
هاندەرمان دەبێت بۆ بەردەوام بوون .
نەفرت لە گوللە
سڵاو بۆ ووشەى ئازاد
بەواژووى
1-حسین لەتیف
2-سابیر عزیز
3-عەتا حسێن
4-على حمە ێالح
5-پێشڕەو حمید
6-ئەنور محمد
7-تاهیر تۆفیق
8-هێمن محمود
9-سیوان مجید
7/5/2010 - دەربەندیخان
ماڵپهڕی پێشڕهو حهمید
|