په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٤

دوو کورتە چیرۆک:

نەگبەتییەکی گەورە.

وەرگێڕانی: رەزا ساڵح  

هاوڕێی یەکەم: کێشەیەکی گەورەم هەیە!
هاوڕێی دووەم: کێشەکەت چییە؟
هاوڕێی یەکەم: وابزانم.. لە ماڵەکەمدا مشکێکم بەرچاو کەوت.
هاوڕێی دووەم: ئۆی.. باشە تەڵەیەکی بۆ دابنێ.
هاوڕێی یەکەم: تەڵەم نییە.
هاوڕێی دووەم: گرفت نییە.. بڕۆ تەڵەیەک بکڕە.
هاوڕێی یەکەم: پارەم نییە و ناتوانم بیکڕم.
هاوڕێی دووەم: من تەڵەکەی خۆمت دەدەمێ.. دوایی بۆمی بهێنەوە.
هاوڕێی یەکەم: شتێکی باش و بەجێیە.
هاوڕێی دووەم: بەڵام پێویستە کەمێک پەنیر بخەیتە نێو تەڵەکەوە.
هاوڕێی یەکەم: پەنیرم نییە.
هاوڕێی دووەم: ئۆی.. کەواتە پارچە نانێک لە رۆن هەڵکێشە و بیخە نێو تەڵەکەوە.
هاوڕێی یەکەم: رۆنم نییە.
هاوڕێی دووەم: دەباشە.. تەنها پارچە نانەڕەقێک بخەرە ناو تەڵەکەوە.
هاوڕێی یەکەم: نانەڕەقیشم نییە.
هاوڕێی دووەم (بە زەرخەنەیەکەوە): هاوڕێ گیان.. جا پێم ناڵێیت مشک لە ماڵەکەی تۆدا.. چی دەکات و.. چی بخوت..؟؟
 


سەرتاشین بە خۆڕایی.

 


رۆژێک گوڵفرۆشێک چوو بۆ سەرتاشخانەیەک و.. سەری تاشی.
گۆڵفرۆشەکە: کاکی ئازیزم.. پارەکەت چەند دەکات؟
سەرتاشەکە: پارەت لێ وەرناگرم.. ئەم هەفتەیە لە خزمەتی گەلەکەم دم.. بە خۆڕایی سەر دەتاشم.
گوڵفرۆشەکە گەشایەوە و پێی خۆشبوو.. لە سەرتاشخانەکە چووە دەرەوە و رۆیشت.
بۆ سبەی بەیانی کە سەرتاشەکە چوو سەرتاشخانەکەی بکاتەوە، لە پێش سەرتاشخانەکەیدا.. چەپکی گوڵی رەنگاوڕەنگی جوان و.. کارتێکی سوپاسکردنی لە گوڵفرۆشەکەوە بۆ دانرابوو.
ئەو رۆژە بازرگانێک هات سەری تاشی.. ویستی پارەی سەرتاشینەکەی بدا.
بازرگانەکە: برای بەڕێزم.. پارەی سەرتاشینەکەم چەندە؟
سەرتاشەکە: پارەت لێ وەرناگرم.. ئەم هەفتەیە لە خزمەتی گەلەکەم دم.. بە خۆڕایی سەر دەتاشم.
بازرگانە دڵشادبوو.. لە سەرتاشخانەکە چووە دەرەوە.
بۆ بەیانی رۆژی دوایی.. کە سەرتاشەکە چوو سەرتاشخانەکەی بکاتەوە، لە بەردەم سەرتاشخانەکەیدا.. پاکەتێک شیرینی و.. کارتێکی سوپاسکردنی لە بازرگانەکەوە بۆ دانرابوو.
رۆژی دواتر سیاسەتمەدارێک هات و.. سەری تەراش کرد.
سیاسەتمەدارەکە: کاکە گیان.. پارەی سەرتاشینەکەم چەند دەکات؟
سەرتاشەکە: پارەت لێ وەرناگرم.. ئەم هەفتەیە لە خزمەتی گەلەکەمدم.. بە خۆڕایی سەر دەتاشم.
سیاسەتمەدارەکە زۆر گەشایە و پێی خۆشبوو.. سەرتاشخانەکەی بەجێهێشت و رۆێشت.
بۆ بەیانییەکەی رۆژی دوای تر.. کە سەرتاشەکە چوو سەرتاشخانەکەی بکاتەوە.. بینی سیاسەتمەدارێکی زۆر لە پێش سەرتاشخانەکەیدا ریزیان گرتووە.. چاوەڕیی کردنەوەی سەرتاشخانەکەی دەکەن.. تا بە خۆڕایی سەریان بتاشن.

 

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک