٢٣\٥\٢٠١٢
نەک بەشە بەنزین ،
بۆیان بکرێ بەشە ئۆکسجینیشمان لێدەبڕن.

هیواڕەش
پەتى قەنارە جەستەى سەدام حوسێنى سارد و سڕ کردەوە بەڵام نەیتوانى هزرى
خامۆش بکات ، لە ماوەى 24 ساڵەى حوکمڕانى ڕاستەوخۆى دیکتاتۆریانەیدا ،
سەدام توانیویەتى گەراى خۆى لە هزرى خەڵکانێکى زۆر دانێ بە تایبەتى لە
هەڵوێستە قڕانییەکانى شۆفینیزمان لە بەرامبەر گەلى کوردستان ، حوسێن
شەهرستانى بە نمونە .
لەو کاتەوەى شەهرستانى وەکو بەرپرسێکى باڵاى حکومەتى ناوەند ناوى
کەوتۆتە ناوانەوە ، دەیان هەڵوێستى شۆفینیستانەى ئاشکراى خۆى لە
بەرامبەر گەلى کوردستان ڕاگەیاندووە و دواهەڵوێستى ڕەشى ناوبراو ،
هەڕەشەى ڕاگرتنى بەشەبەنزینى هەرێمى کوردستانە و وادەزانێ هەموو
کارتەکانى فشار لە سەبەتەى بیرى ڕەگەزپەرستانەى ئەواندایە ، ئەمەو
ئەگەر پێى بکرایە پەیامى نەگریسى ئەنفال و کیمیابارانى سەدامییەکانى
دەبارە دەکردەوە و تەنانەت ئۆکسجینیشى لە گەلى کورد یاساغ دەکرد ، لە
کاتێکدا ئاو کە سەرچاوەى ژیانە لە کوردستانەوە بۆ نیشتمانى لماوى حوسێن
بیابانستانى شۆڕ دەبێتەوە کە گەلێک لە نەوت و بەنزینەکەى ئەوان
پڕبایەخترە و کاریگەریى زیاتر دەبێت بۆ فشار خستنە سەر دەزگا
دیکتاتۆریەکەیان ، هەروەها نەوتێکى زۆرى عێراقى عروبە بە خاکى کورداندا
تێدەپەڕێت و هەناردەى تورکیا و وڵاتانى دەرەوە دەکرێ کە دەبوایە ( مام
جەلال ) ى سەرکۆمار کارتەکانى کوردستانى بخستایەتە بەرچاوى مالیکى و
شەهرستانى و لعێبى نەک لێیان بپاڕێنتەوە و دامانگیریان بێ و داواى
درێژکردنەوەى جێبەجێکردنى بڕیارى قەرەقوشیى وەزیرى نەوتى عێراق لە
شەهرستانى بکا تا بڕیارى ڕاگرتنى هەناردەى بەنزین لە بەغداوە بۆ هەرێم
بۆ ماوەى مانگێکیتر دوا بخرێ !
ئەگەر شەهرستانى پێى وایە بە نانەوەى قەیرانى بەنزین لە هەرێمدا گەلى
کوردستان ملکەچى خواستى ڕەگەزپەرستانەى ئێرانیزمى ئاغاى مالیکى دەکات ،
خۆ شوکر ماشەڵا سەروڕیشى سپییە و پێویست ناکات بیرى بخەینەوە کە لە
سەردەمى عێراقى خاوەن پێگەى سیاسى و ئابورى بەهێزى دوێنێى ئاغا
گەورەکەى دیکەیدا کە وێڕاى ئەوەى ئاووهەواى کوردستانى پڕژەهر کرد
نەتوانرا کورد ملکەچ بکرێ ، نەبادا لە ئێستاى عێراقە پینەکراوەکەیان ،
خۆ دواى ڕاپەڕینە مەزنەکەى گەلەکەمان نەوت و گاز و بەنزین و خۆراک و
کەلوپەل و کالا پێویستییەکانى ژیان گشتگیر لێمان قەدەغە دەکرا و نەک
کاریگەریى لەسەر ورەى بەرزى گەلە نەبەردەکەمان دانەنا بەڵکو بە چاوى
خۆمان بینیمان قەدەغەچییەکان چۆن فڕێدرانە سەرەنوێڵکى مێژووەوە ،
بێگومان چارەنوسى ئەمانەى ئێستاش باشتر نابێ و شەهرستانیش بە قەد عەلى
حەسەن مەجیدى پێناکرێ .
ئەوەى لەسەرەوە نوسیومە لێرەدا دەیبڕمەوە ، چونکە وەکو شەهرستانى
هەرچییەک بکا دوژمنە و گلەیى لێناکرێ و دەمویست زیاتر ڕووى گلەیى
ئاراستەى بەڕێز - مامجەلال - بکەم لەوەى کە وەکو نوێنەرێکى خاوەن پێگەى
هەستەوەرى کورد لە بەغدا ڕاشکاوانە بەرەو ڕووى پیلانەکانى دوژمنە
گڵاوەکانمان نابێتەوە ، بەڵام ڕاگەیاندنى دواهەڵوێستى سەرۆک - مامجەلال
- ناچارى کردم زیاد لەسەر بابەتەکە نەڕۆم و لێى پاشگەز ببمەوە ، چونکە
لە هەواڵى ئەمڕۆدا و لە میانەى چاوپێکەوتنى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى
کوردستان لەگەڵ ڕۆژنامەى - هاوڵاتى - کە لە ماڵپەڕى - ئێنئاڕتی - دا
خوێندمەوە هاتووە : (( مامجەلال سەرکۆمارى عێراق دەستلەکارکێشانەوەى
ئامادەیە و تەسلیمى سەرۆکهەرێمى کوردستانى کردووە بۆ ئەوەى لەهەر
شوێنێک پێویست بوو وەک کارتى فشار بەکارى بهێنێت )) ، ئەمە
جوامێرانەترین هەڵوێستە لە لایەن بەڕێز تاڵەبانییەوە ، بۆیە بڕیارم دا
لە باتى ڕەخنە و گلەیى ئەوپەڕى ستاییشى دەکەم ، کە لەوە پێش هەڵوێستى
یەکێتى لە زارى بەڕێز - فەرید ئەسەسەرد - ى ئەندامى سەرکردایەتى بەم
شێوەیە ڕاگەیەنرابوو : (( یەکێتى نیشتمانى پەیامێکى ئاراستەى نورى
مالیکى کردووە و ئاگادارى کردۆتەوە کە گرەو لەسەر ناکۆکییەکانى نێوان
پارتى و یەکێتى نەکات و ئومێدیان لەسەر هەڵنەچنێت )) ، بەڵام بەمە دڵم
ئاوى نەدەخواردەوە و هەڵوێستى بەڕێز - مامجەلال - م بە سەنگى مەحەک
دەزانى و بەم هەڵوێستەى شاگەشکە بووم ، ئومێدم وایە ئەم شێوەهەڵوێستانە
شۆڕ ببێتەوە بۆ بنکە و پێگەى تەواوى حیزب و لایەنەکان بە دەسەڵاتدار و
ئۆپۆزیسیۆنەوە ، بە کەسایەتییە سەربەخۆکان و میدیا حکومى و ئەهلى و
سێبەرەکانیشەوە ، با بەڕێزان ( فەیسەڵ دەباغ و ئاڵا تاڵەبانى ) و
هاوشێوەکانیان و تەواوى بەرپرس و کاربەدەستانى کورد خۆیان سەرقاڵى کێشە
لاوەکییەکانى نێوانیان نەکەن و هەموو بە یەکڕیزى و یەکهەڵوێستى و
یەکگگرتوویى وەڵامى گورچکبڕى دوژمنانى گەلەکەمان بدەنەوە ، دڵنیام
ئەوسا سەربەخۆیى کوردستان دێت و لە دەرگامان دەدات و دەبێتە میوانى
هەمیشەیى ئاوات و ئەندێشەکانمان و ئەوساش نەک ڕەخنە ، بەڵکو تێکۆشانى
چەکداریش بۆ بنبڕکردنى گەندەڵى و نادادپەروەرى و قۆرخکردنى دەسەڵات و
پاوانکردنى بازاڕ و کۆنترۆلکردنى بازرگانى و ئابورى بە ڕەوا دەبینم،
بەڵام هەنوکە لە پێناوى سەربەخۆییدا مەرحەبایەکى شەیتان لە هەزار
دۆستایەتى شۆفینیزمان پەسەندترە ، بێگومان هەنگاوى یەکەمى
سەربەخۆییشمان لە یەکڕیزى ماڵى خۆمانەوە دەست پێدەکات.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|