په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٩\٢٠١٣

نەمدەویست لە هیچ بدوێم.

هەڵاڵە رافیع      

تەنها چەند سەرە پارچەیەک لە هۆکارەکانی بێ متمانەیی خەڵک بەدەنگدان:


زۆر پێم خۆش دەبوو خوازیاری ئەوەبوم زۆرخاڵی ئیجابی و دەسکەوتی مرۆڤانە لە هەنگاوەکان بۆ خۆشگوزەرانی، ئازادی و پاراستنی مافی مرۆڤ بۆ کۆمەڵگای کوردستان ریز بکەم، بەڵام ئەوەی کە لەو بارەوە کراوە لەچاو بێ مافیی و نەبونی ئازادی و نە پاراستنی کەرامەتی تاکدا زۆرکەمە، هەربۆیە بەداخەوە، بەناچاری و نەخوازراوانە کارنامەیەک کەمافی مرۆڤی تیا پارێزراوبێت مەحاڵە بنوسرێتەوە. پێموابێ ئەوەشی کە لە ماوەی ٢٢ ساڵدا لە کوردسان کراوەو دەبێت بکرێت هیچ منەتێکی دەسەڵاتی تێدانیە، ئەو دەسەڵاتەی لەسەر تەخت دادەنیشێت ئەرکیەتی دەبێت سەروەت و سامان و سەروەری مرۆڤ بە شێوەیەک رێکبخات و بەکاربێنێت کەخۆشگوزەرانی و ئازادی و بەختەوەری و مافی مرۆڤی تیا دەستەبەربکرێت.

گەر دەزگای دەسەڵات بەراوردبکەین بە هەر دەزگایەکی ترو کارمەندێک و مامۆستایەک و کرێکارێک کە ئەرکیانە بەو کارانە هەستن بۆیان دیاریکراوە، لەکاتێکدا بەئەرکی خۆیان هەڵنەستن ئەوا یان بەڕێوەبەر لە دەزگایەکدا دەگۆڕدرێت یان کۆنترۆڵ دەکرێت لەلایەن سەروی خۆیەوە، گەر کارمەند یان کرێکار بێت ئینزاردەکرێت یان لە کار دوردەخرێتەوە لەلایەن خاوەنکارەوە. لێرەشدا کۆمەڵگایەک دەبێت دەسەڵات و سیستەمەکەی بخاتە بەر رەخنە و کۆنترۆڵی بکات.

زۆرجار تەنها ئەوەی کە دەیبینین و دەیبیستین لەسەر هەر دیاردەیەک، دەتوانێ ببێتە سەلمێنەری راستیەکان، بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و تیۆری بۆ بکرێت. ئەوە بەسە کە بزانین لەم ماوەیەدا لە کوردستان چی گوزەراوە، تا ببێتە پاڵنەر بۆ خەڵک و متمانە بکات بچێتە پای سندوقەکانی دەنگدان.

زۆر بەسادەیی.


هەر بەهاتنە ناو شاری دوحیزبی ئێستای دەسەڵات، شەڕی ناوخۆ دەستیپێکرد، کوشتارو راوەدونانەکان لەنێوان دوو ناوچە و لەوێوە بۆ هەندەران کەمتر نەبوو لە ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە. جگە لەوە کوشتن و زیندان و ئەشکەنجەدان و راونانی کەسایەتی و لایەنێک کە هەڵگری بیروباوەڕی جیاوازتر لەخۆیان بوون.

دوای هاتنەسەرکاریان، تا ئێستاش حکومەت و سیستمی حوکمڕانی لەدەسەڵات و هەیمەنەی حیزبی جیانەکراوەتەوە و حیزب و خێڵ سەرۆک عەشرەتەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە.

پەرلەمان نەیتوانیوە دەسەڵاتی هەبێت، « گەر» پێشنیارێکی جەماوەرەکەشیان پێبوبێت، دەسەڵاتی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتی حیزبەکانەوە پێشێل کراوە.

لەناو حیزب و «دامودەزگاکانیشدا»، تاکەکەس (فڵان مەسئول، فڵان ژنە مەسئول …) دەسەڵاتی هەیەو پارەش هەر لای ئەو کۆبۆتەوە. تەنها تاکی دەسەڵاتدارە دەتوانێ بتخاتە سەرکار یان دەرتکات. تەنها تاکی دەسەڵاتدارە دەبێت رویان تێبکرێت لەکاتی هەر کارێک و پرۆژەیەکدا کە پێشنیار دەکرێت لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت، جا گەر لەگەڵ حیزبەکەی ئەواندا نەبیت یان تەنازولیان بۆ نەکرێت ئەوا مەحاڵە کارەکەت سەربگرێت و پشتیوانی لێبکرێت.

یاساو سیستەمی پەروەردە نەک تەنها لەدین جیانەکراوەتەوە، بەڵکو زیاتر وابەستەی دین کراوە، لەڕێگای یاسای نوسراوو نەنوسراوەوە. یاساو رێساکان لەمنبەری مزگەوتەکانەوە دەردەچن.


ئەو یاسایانەی کە پێشنیاری مافپەروەران و رێکخراوە ئازادیخوازەکان و رای گشتی خراوەتە بەردەست پەرلەمان، زۆربەی خوێندنەوەی بۆ نەکراوەو واژۆنەکراوە. ئەو زۆر کەمانەش کە واژۆکراون بەفشاری رێکخراوو کۆمەڵگا سەرەڕای کەموکوڕیشیان، کاریان بۆنەکراوە تابچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بیناسازی و جادەو بان بەدەستی مالیکە دەوڵەمەندەکان دروستکراوە کە پارەکەی تا گەیشتوەتە بواری بەکارهێنان سێچارەکی چوەتە گیرفانی مەسئول و بەڕێوەبەری پرۆژەو بەڕێوەبەری دەزگاکان، ئەمەش وایکردوە بیناسازی و جادەوبانی کاتی و بێ کەیفیەت دروست بکرێت و جادەکان هەر زوو تێکبچنەوە، بۆ ئەوەی دوبارە پارەیەکی تری خەیاڵی بۆ وەرگیرێتەوە.

پارەو سەروەت و سامان لای کۆمەڵێک کۆبۆتەوەو، زۆربەی کۆمەڵگاش ژیانی مەمرەو مەژی هەیە.

مەراسیم و بۆنە دینی و حیزبیەکان رۆژەکانی ساڵی داگیرکردوەو هیچ مەراسیم و بۆنەیەکی گشتی تێیدا جێگای ناکرێتەوە. کۆمەڵگا سەرگەرمی یادەکانی کارنامە خوێناویەکان دەکرێت‌و بەهەست‌و سۆزو پیرۆزکردنی کوشتن‌و بڕین‌و شەهیدبون خەریکە کۆمەڵگا گۆش دەکرێت.

گەنجان:


سیستەمی قوتابخانەو زانکۆکان بەشێوەیەکە، کە زانیاری و پەروەردە بەپێی پێویستی تیایدا فێرنەبون، تەنها شوێنێک کە تائێستاش سەرچاوەی عیلم و مەعریفەی ناو خێزانەکانە، ئایا لەکاتێکدا خێزانیش بەشێکە لەم وەزعە دەبێت بتوانێ چی پێشکەشی بەنەوەکانی بکات؟ تەنانەت وەک جیلی پێش نەوەتەکان بەهۆی بۆچونی قەومیەوە فێری زمانی تر ناکرێن جگە لەکوردی.

لەئێستادا کۆمەڵێک قوتانخانەی تایبەت کراونەتەوە کە تەنها دەوڵەمەندو منداڵە مەسئولەکان دەتوانن تیایدا بخوێنن و کۆمەڵگا زیاتر بەرەو جیاوازی چینایەتی دەبەن. لەهەمان کاتدا وا لەخوێندکارەکانیش دەکات لەکۆمەڵگا ئاساییەکەی خۆیان داببڕێن و سەرەنجام نامۆ دەبن بە دەوروبەرو وەک رۆبۆتیان لێدەکرێت و دوبارە نەوەیەکی لوتبەرزیان لێدروستدەکرێتەوە.

لە دوای تەواکردنی خوێندنیش بە لێشاو دەکەونە بازاڕی بێکاریەوە، گەر خزمی مەسئولێک یان ئەندامی حیزبێک نەبن.

ئازادی بەیان و رادەربڕین، بیروباوەڕ نیە، ئازادی بێ دینبون قەدەغەیە، تەنها چەند نمونەیەکی: کوشتنی عه‌بدولخالق مه‌عروف، بەکر عەلی، شاپور عه‌بدولقادر، قابیل عادل، سۆران مامەحەمە، سەردەشت عوسمان …چەندەهای تر…

خۆشەویستی قەدەغەیە، بەڵام کوشتن مەشروعە. سەرەنجامی خۆشەویستی کچەکان دەکوژرێن و کوڕانیش بێ هیوادەکرێن. زۆربەی کچان ناچار دەکرێن حیجاب بپۆشن، زۆربەشیان بۆ پاراستنی خۆیانە نەک باوەڕبونیان پێی.

شوێنی سەرگەرمی بۆ گەنجان نیە کەتێیدا ئازادانە کوڕوکچ پەیوەندیە ئاساییەکانیان تیا مومارەسە بکەن. گەر دوو گەنجیش ببینرێت هێزەکانی ئاسایش و دەزگای زانیاری دەکەونە گیانیان.


گەنجان لەجیاتی گەشبینی و خۆشویستن و دڵسۆزی و لێبوردەیی، گیانی رق و تۆڵەسەندنەوەو رەشبینیان تیا چێندراوە، کە بیرو رۆحی وێران کردون.

ژنان:


بەهاتنی حیزبەکان بۆ ناوشار لەساڵی ١٩٩٢ ه‌وە، کوشتنی بەلێشاوی ژنان دەستیپێکرد. کۆمیتەو گروپی جیاوازی بۆ پێکهات. لیستی ئەو ژنانە دەنوسرایەوە کە دەبوایە بکوژرێن، بە بیانوی جاسوسی و «بێ ئەخلاقی» لە کاتێکدا جاسوس و پیاوانی بەعسی راستەقینە بەئاشکرا داڵدە دەدران. ئاماری کوشتنەکان زۆر دەڵێن، لە ١٢٠٠٠وە تا زیاتر، ئەوەی کە ئێستا تەنها لە دەزگای بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی بڵاودەبێتەوە، بەبێ ئاماری رێکخراوو ئەوانەی کە کەس پێیان نازانێ رۆژانە زیاتر لەژنێک دەکوژرێ.

دیاردەی خەتەنەو حیجاب زۆر زیادی کردو بڵاوبۆوە. دیاردەی لەشفرۆشی و کردنەوەی ماڵەکان لەلایەن باندەکانەوە پەیدا بوو، کە لێرەدا ژنەکانن تاوانبارن، گەر دەسگیربکرێن لەهیچ شوێنێکیش داڵدە نادرێن جگە لە زیندانەکان.

بەیاساکانی فرەژنی، لێبوردنی گشتی و دەسەڵاتی حیزبی و خێڵەکی لە دادگاکانداو ئەژمارنەکردنی ڕای گشتی، تاوانباران گەر دەسگیریش بکرێن ئازاد دەکرێن.

ژنان تا ئێستاش گەر لە ناوەندێکی بڕیاریشدا هەبن، بڕیارو پێشنیارەکانیان بەهەند وەرناگیرێت، لەبەرئەوەی لەهەموو «دامودەزگاکاندا» لەحکومەت و پەرلەمانەوە بۆ خوارەوە هەمان بۆچونی ژن بون نەک مرۆڤ بون بەرامبەر بەژنان پیادەدەکرێت، بیروبۆچون و تێڕوانینی سەرۆک و لێپرسراوان لەبەرامبەر ژناندا بۆتە پێوەری کۆمەڵگاو دامودەزگاکان.


ئەوە بێکاری و نەبونی پێگەی ئابوری سەربەخۆ بۆ ژنان، نەبونی دایەنگاو زۆر خزمەتگوزاری تر هەر مەپرسە.

خزمەتگوزاری بۆ پیرو کەمئەندامان:


بۆ پەرلەمانتاران، لەجیاتی ئەوەی پەرلەمانتارێک لە دوای هاتنە دەرەوەی لەپەرلەمان بگەڕێنرێتەوە سەر کارە یەکەمەکەی خۆی، یان خانەنشینی بەپێی کارەکەی خۆی بۆ دابین بکرێت، خانەنشینیەکی زۆری بۆ دەبڕدرێتەوە کە مافی خانەنشین و کەمئەندامی ئاسایی تیا پێشێل دەکرێت، کە خانەنشینیان گەر هەیانبێ لە ١٥٠٠٠ هەزارەوە دەستپێدەکات، کە بەهیچ شێوەیەک بە هی پەرلەمانتاران بەراورد ناکرێت.

هەرچەندە شوێنی حەوانەوەی پیران هێشتا نەبوەتە دیاردەیەکی ئاسایی لەکۆمەڵگاداو زۆر جێگای نەگرتوە، بەڵام ئەوەی کە هەشە بێکەڵک و بێخزمەتن و هانی کەسانی تەنهاو پیر نادات لەوێ بمێننەوە.

خزمەتگوزاری ئابوری، تەندروستی، سەرگەرمی و مافەکانی تری کەمئەندامان بە تەواوی پێشێلکراوە، وەڵامی خواست و داواکاریەکانیان نادرێتەوە تەنانەت گەر مانگرتنیشی بۆ بکەن.

بانگەشەی دەنگدان:


جگە لەناوەرۆک، روکەشەکەی بەشێوەیەکی ناشارستانی ئەنجامدەدرێت، هەر لەسەرەتاوە، هەزاربارە بەشەڕە پەڕۆو ناووناتۆرە لەسەر یەکتر کارکرا. تا وایلێهات ببێتە شەڕە چەقۆو شەڕە تەقەو خەڵکی تیا بکوژرێت. جگە لەمانە پێشێلکردنی مافی خەڵک لەئەمنیەت و ئارامیدا و هەراسانکردنی ئەوانەی کەناچنە سەرجادەکان.

بۆ دژایەتیکردنی پاڵێوراوانی یەکتر، لە جیاتی ئەوەی قسە لەسەر توانایی و مێژوی کاری پاڵێوراوان و سیاسەتی لایەنەکان بکرێت، سەبارەت بە ژیانی سەخسی پاڵێوراوان قسەدەکرێت و هێرش دەکرێتە سەر حورمەت و کەرامەتیان، ئەم سلوکەش بۆتە فەرهەنگی کۆمەڵگاو لەناوخەڵکیشدا رەنگی داوەتەوە، لەهەمولایەکەوە رەخنەکان لەبەرامبەر پاڵێوراواندا زۆر شەخسی و بێ بنەمایەو شکاندنی حورمەت و کەرامەتی ئینسانیە.

هەموو دارو دیواری شارەکان دیمەنێکی ناشایستەیان پێدراوە بەچەسپاندنی وێنەو پۆستەر، کەدواتریش ئەرکی پاککردنەوەی هەڵناگیرێت. لەکاتێکدا کە دەبێت ناوەندو جێگای تایبەت هەبێت بۆ بانگەشەو قسەوباسی لایەنەکان. لێرەدا پێم وانیە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن کارێک بکات، لەبەرئەوەی ئەوانیش هەر دانراوی دەسەڵات و حیزبەکانن.

سەبارەت بەناوەرۆکی بانگەشەکان، بەرنامەو ستراتیجێکی دیاریکراو لەلایەن حیزبەکانەوە نەهاتۆتە خوارەوە بۆ پاڵێوراوان، ئەوەش کە دەوترێ تەنها بەئیجتیهادی شەخسیەو بۆ پرۆسەی دەنگدان و بردنەوەیە لەلایەن زۆربەی زۆری پاڵیوراوانەوە.

من بەداوای لێبوردنەوە لە هاوڕێیانێکی ژن و پیاوم کە لە ناو لایەنە جیاوازەکاندا هەن، گەر بەئومێدی ئەوە دەچن کە گۆڕانکاری بکەن، ئەوە دەڵێم، لەناو سیستمێکی لەم شێوەیەدا کە کارنامەی ٢٢ ساڵی ئەمانە بێت چۆن رێگا دەدرێت جیاوازتر لەوە ئەنجام بدرێت!؟
 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵاڵه رافیع‌

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک