په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٩\٢٠١٢

چیرۆک بۆ منداڵان:

نێرگزی کوردستان.. بوو بە شاگوڵی نەرویج.


رەزا ساڵح        

شۆخان، کچە کوردێکی جوان و رووخۆشە، زیرەک و ژیرە، لە شاری (ئۆسڵۆی)ی پایتەخی وڵاتی نەرویج لە دایک بووە.


دایک و باوکی ھەر لە منداڵییەوە، لە ماڵەوە بە زمانی شیرینی کوردیمان لەگەڵ شۆخانی کچیاندا دەدوان.. بۆیە شۆخان بە کوردییەکی پەتی و رەوان دەدوێت، ھەر وەکو لە سلێمانی یا لە کەرکوک و مەھاباد ژیابێ وایە.


شۆخان ئێستا لە پۆڵی شەشەمە، لە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لە ئۆسڵۆدا.


شۆخان ھەموو ساڵێک بۆ ماوەی دوو ھەفتە لە مانگی ئادارد دا، لەگەڵ دایکی یا باوکی، یا ھەرسێکیان پێکەوە دەھاتنەوە بۆ شاری سلێمانی، بۆ ئەوەی لەگەڵ خزمەکانیاندا، بەشداری لە ئاھەنگ و سەیرانی و خۆشیی جەژی نەتەوەییمان (نەورۆز) بکەن.


لە نێو ھەموو گۆڵە سروشتییە جوانەکانی بەھاری قەشەنگ و رەنگینی کوردستاندا.. ‌شۆخان زۆر ھۆگری گوڵە نیرگزە.. جوانترین گۆڵە بەلایەوە و بە شاگوڵی دەزانێ.. ئەو جۆرە نێرگزەی کە لە نەرویجدا ھەیە نە جوانی و نەبۆنی، ناگاتە جوانی و بۆنی نێرگزی کوردستان.


لە مانگی ئاداری پاردا (٢٠١١)، شۆخان و دایکی ھاتنەوە بۆ سلێمانی.. دوو رۆژ بەر لە جەژنی نەورۆز، شۆخان و دایکی لە شەقامی (مەولەوی)دا.. کچێکی خوێن شیرینی ناسکۆڵەیان بینی کە سەبەتەیەک پڕ لە چەپکە گوڵە نێرگزی گەشی لە بەردەم خۆێدا بۆ فرۆشتن دانابوو.. شۆخان و دایکی چوونە لای کچە نێرگز فرۆشەکە و دوو چەپکیان لێ کڕی.. شۆخان یەکسەر تێر و پڕ بۆنی نێرگزەکەی ھەڵمژی. ‌

دایکی شۆخان (بیست وپێنج ھەزارییەکی دایە دەست کچە نێرگز فرۆشەکە)وە و.. پێی وت : ھەمووی ھەڵگرە بۆ خۆت.


نێرگزفرۆشەکە: (بە رامانێکەوە) ئەم پارەیە زۆرە .. ئەو دوو چەپکە نێرگزە بایی دوو ھەزار دینارن .. لە دوو ھەزارەکە زیاترتان لێ وەرناگرم.


شۆخان: خوشکە جوانەکەم ، دەتوانیت بۆ سبەینێ ، لەم کاتە و ھەر بۆ ئەم شوێنە .. پانزە چووزەرە نێرگزم بە سەلکەکانیانەوە بۆ بھێنیت ..؟


دایکی و نێرگزفرۆشەکە (بە سەرسامی و بزەخەنەوە لە شۆخانیان روانی): چووزەرە نێرگز بەسەلکەکەیەوەوە .. بۆچیتە؟!‌


شۆخان: دایکە گیان دەیان بەمەوە بۆ وڵاتی نەرویج و لەوێدا لە مەبەستەکەم تێ دەگەیت کە بۆ چیمە.


نیرگزفرۆشەکە: بەسەر چاو .. دڵنیابە کە دەتوانم بۆ سبەینێ بۆتی بێنم.


بۆ سبەینی نێرگز فرۆشەکە ، بیست و پێنج چووزەرە نێرگزی بە سەلک و رەگ و ریشاڵەوە ، کە پارچە کەتانێکی تەڕی پێوە ئاڵاندبوون بۆ شۆخانی ھێنابوون.. لە ھەمان کات و شوێندا دانشتبوو .. چاوەڕێی شۆخان و دایکی دەکرد .. شۆخان و دایکی لەم کاتەدا گەیشتنە لای کچە نێرگز فرۆشەکە و.. بۆخچەیەکی گەورەی پڕیشیان پێ بوو.


نێرگزفرۆشەکە (بە شۆخان و دایکی بە زەردە خەنەیەکی ناسکەوە): بەخێر بێن .. شۆخان خان ئەوەی ‌ داوات لێ کردم بۆتم ھێناوە .. ئەمە بیست و پێنج دانە چووزەرە نێرگزی ھەراشن ، بە سەلک و رەگ و ریشاڵەوە بۆم ھێناوی پێشکەشتبن .. ھیوادارم کە بە دڵت بێ.



شۆخان باوەشی لە کچە نێرگزفرۆشەکە دا و ، ئەم لاو ئەولای ماچ کرد و ، زۆر سۆپاسی کرد .. وتیشی : ھەرگیز خۆت و ئەم دیارییەت لە بیر ناکەم.


دایکی شۆخان سەد دۆلاری دەرھێنا و لە گەڵ پاکەتێک گەزۆی نایاب و بە کێژۆڵە نێرگز فرۆشەکەی وت : وابزانە کە من پوورتم ، ئەم بوخچەیەش دەستێک جلی تازەی جوانی کوردی و جووتێ پێڵاوی جوانیشی تێدایە .. کە ئەمڕۆ بە تایبەتی بۆ تۆمان کڕیون و ، دیاریین لە شۆخانی خوشکتەوە.. بۆ تۆی ئازیز .. بۆ ئەوەی بەیانی کە جەژنی نەورۆزە لە بەریان بکەیت و دەمی خوشک و براکانیشت شیرین بکەیت .. ئەگەر ئەم دیارییەمان لێ وەرنەگری ،‌ ئێمەش دیارییەکەت لێ وەرناگرین.


نێرگزفرۆشەکە: من شۆخان چووە دڵمەوە و.. ئەم سەلکە نێرگزانەشم بە دیاری بۆ ھێناوە .. چۆن دەبێ لە بریتییان پارە و جلوبەرگتان لێ وەربگرم.


شۆخان و دایکی زۆریان ھەوڵدا .. تا ‏نێرگز فرۆشەکەیان رازی کرد و .. دیارییەکانیانی لێ وەرگرتن.


نێرگزفرۆشەکە: لە دڵم نایات دڵتان بشکێنم و .. داواکەتان رەتبکەمەوە.


بە ئەوپەڕی رێزەوە دیارییەکانی لێ وەرگرتن و .. باوەشی لە شۆخان و لە دایکی داو .. ماچیانی کرد و .. زۆریش سوپاسیانی کرد.. ھەر بۆ یادگاریش ھەرسێکیان پێکەوە وێنەیەکیان گرت.

یەکەم رۆژی دوای جەژنی نەورۆز ، شۆخان و دایکی گەڕانەوە بۆ نەرویج .. ھەر ئەو رۆژەی کە گەیشتنەوە ماڵ .. شۆخان لە ناو سێ ئینجانەی گەورە و جواندا ، سەلکە نێرگزەکانی چاند .. لە ماوەی دوو ھەفتەدا .. نێرگزەکانی گوڵیان کرد و .. بۆن و بەرامەی خۆشیان ھەموو لایەکی حەوشەکەیانی پڕ کرد .. ھەر میوانێکیشیان بھاتایە لە جوانی و بۆنخۆشی گوڵە نێرگزەکان سەرسام دەبوون.


لە رۆژی چوار شەممەی ھەفتەی یەکەمی مانگی گوڵاندا .. شوخان داوای لە باوکی کرد ، کە ئەمڕۆ بە ئۆتۆمبیلەکەی بیگەیەنێتە قوتابخانەکەیان چونکە یەکێک لەو دوو ئینجانە نێرگزانە دەبات بۆ قوتابخانەکەیان .. لەوێوە دەینێرن بۆ شوێنێکی تر .. تا ئەو کاتەش نە دایکی و نە باوکی لە مەبەستی شۆخان لە بردنی ئەو گوڵە نێرگزانە بۆ قوتابخانەکەی تێ نەگەیشتبوون .. شۆخانیش دەیویست پێش وەخت قسە نەکات تا ئەو کاتەی کە ھیوا و مەبەستی دێتەدی. ‌


شۆخان ئینجانە نێرگزەکەی برد بۆ قوتابخانەکەیان .. لەگەڵ چەند ئینجانە پڕ لە گوڵێکی تری چەند قوتابییەکی تری قوتابخانەکەیان .. کە ھەر یەکەیان جۆرە گۆڵێکیان ھێنابوو .. ھەر ئەو رۆژەش ھەموو گوڵەکانیان برد بۆ ھۆڵی پێشبڕکێی ( پێشانگای شاگوڵی ساڵ ـ لە نەرویج ) دا .. کە ھەموو جۆرە گوڵە ھەڵبژاردەکانی شارەکانی نەرویجیان لەو پێشانگایەدا پێشان دەدان.


لە رۆژی ھەینی ھەمان ھەفتەدا پێشانگاکە کرایەوە .. بینەرانی گوڵەکان زۆر بە جوانی و ناسکی و بۆن خۆشی گوڵە نێرگزەکانی شۆخان سەرسام بوون .. سەرەنجی (لیژنەی بڕیادەر) راکێشا .. لە ئەنجامدا بە تێکڕای دەنگەکانی ئەندامانی ( لیژنەی ھەڵسەنگاندن و بڕیاردەر) .. گۆڵە نێرگزەکانی شۆخانیان .. بە جوانترین و بە بۆن خۆشترین و بە یەکەمین گوڵی ساڵ ھەڵیان بژارد و .. نازناوی .. (شاگوڵی ساڵی ٢٠١١)یان پێ بەخشی.


بانگی شۆخان و دایک و باوکیشیان کرد .. کە بۆ ئاھەنگی پێشکەشکردنی خەڵاتەکان ئامادەبن .. بۆ ئەو رۆژەش شۆخان خۆی رازاندەوە و دەستێ جلی کوردی جوانی لە شێوەی ھەر چوار رەنگەکانی ئاڵای کوردستان لەبەر کرد .. دوو ھێندەی تر شۆخان شۆختر و جوانتر بوو .. کە گەیشتنە ھۆڵی ئاھەنگەکە .. سەرۆکی شارەوانی ی ئۆسڵۆ زۆر بەگەرمی بەخێرھاتن و پێشوازی لە شۆخان و دایک و باوکی کرد.

لەگەڵ چەپڵە رێزانی ئامادەبوواندا.. سەرۆکی شارەوانی ی ئۆسڵۆ.. میدالیای یەکەمی زێڕینی (شاگوڵی ساڵی ٢٠١١)ی لە ملی شۆخان کرد و .. زۆر بە گەرمییش تەوقەی لە گەڵیدا کرد و روومەتی ماچ کرد و .. دەستخۆشی و پیرۆزبایی لێ کرد .. بە زەردەخەنەیەکیشەوە پێی وت: " خۆتیش و جلە جوانەکانیشت شایانی ئەوەن کە بە (شا خونچە و شاجلوبەرگی ساڵ) ھەڵبژێردرێن .. ھیوای سەرکەوتن و دواڕۆژێکی گەشت بۆ دەخوام . " لێشی پرسی: " ئەم گۆڵە ناسک و جوانە بۆن خۆشەت لە کوێوە ھێناوە ؟ ".


شوخان بە زمانی نەرویجی ، بۆ سەرۆکی شارەوانی و ئامادەبووانی گێڕایەوە .. کە گوڵی نێرگز یەکێکە لە گوڵە جوانەکانی کوردستان و .. سیمبولی جەژنی نەورۆز و بەھاری رەنگینی کوردستانە .. ھەر بە نەرویجیش کورتە باسێکی دەربارەی کورد و کوردستان بۆ ئامادەبووان کرد .. ئامادەبووانیش بە قایمی چەپڵەیان بۆ لێدا و .. پیرۆزباییان لێ کرد و .. وێنەیان لەگەڵ خۆی و لەگەڵ گوڵە نێرگزەکانی کوردستانیشدا گرت.


٢٨
\٩\٢٠١٢ - نەرویج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک