په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٦\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٤

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

پاسەوانە شاراوەکەی دەسەڵات، کێ منی لە ناو ئێمەدا کوشت؟

لە وەهمە گەورەکانی ڕۆناکبیران و ئەدیبانی ئێمەدا، تێڕوانینەکە بۆ لوتکەی هەڕەمەکەیە. ئەوان هەردەم، لە هەر بوارێکدا کاتێک دەم دەکەنەوە، هاوسۆزەکانی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی، قەدەر و دژبەرەکانیشی هەمیشە دەسەڵات و سیستەمی سیاسی تاوانبار دەکەن، بێئەوەی بیانەوێ یان بوێریی ئەوەیان هەبێت دەست بۆ ڕەگ و یەکەی هۆکارە شاراوە بوونیادییەکە بەرن. هەڵبەتە بۆ دۆزینەوەی وڵامێکی بونیادی ئەم قەیرانە تەپوتۆز لێنیشتووە، دەبێت ئاوێنە ڕەخنە بخەینە سەر ناوەندی ئەو پیرۆزییەی زۆرینە لێیدەترسن؛ بونیادی خێزانی ڕۆژهەڵاتی و کوردەواری. ئەگەر بە قووڵی ڕۆبچینە ناو پەیکەربەندییەکەیەوە دەبینین کێشەکە تەنها کەلتورێکی تاکڕەهەند، فەرهەنگێکی دەرە سیستەم و پەروەردەی هەڵە نییە، بەڵکوو تراژیدیاکە لەوەدایە خێزان لێرەدا سەرچاوەی هەموو ئەو پاسیڤبوونەیە دەسەڵات خۆی لەسەر نمایش دەکاتەوە.

گرفتی قووڵی ئەم بونیادە لەو ڕاستییەدایە، لەم جوگرافیایەدا مرۆڤ وەک تاک بوونی نییە. یەکەی بنەڕەتیی پێکهێنەری کۆمەڵگە، تاکێکی سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە نییە، خودی خێزانە وەک یەکەیەکی دەستەجەمعی. ئەم یەکەکۆکارە وەک ئامێرێکی هاڕین کاردەکات بۆ توانەوەی هەر تایبەتمەندییەکی جیاواز. مرۆڤ لێرەدا مافی خاوەندارێتیی جەستە و عەقڵی خۆی لێسەندراوەتەوە و کراوەتە موڵکی باکگراوندێکی خێزانی. هەمیشە ئێمەی خێزان بەسەر منی تاکدا زاڵە و بەردەوامیش پانیدەکاتەوە، تا ئەو شوێنەی ئیرادەی ڕەخنەگرتن بەتەواوی ئیفلیج دەبێت و کەسەکە لەسەر ئاستی ئۆنتۆلۆجی دەسڕێتەوە.

هەڵتەکاندنی ئەم بونیادە دەستەجەمعییە بە هیچ جۆرێک مانای پیاهەڵدان و سەرسامبوون نییە بە مۆدێلی خێزانی ڕۆژئاوایی. نا- ئەو مۆدێلە مۆدێرنەی ڕۆژئاوا خۆی لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەی نامۆبوون و وێرانبووندایە، تێیدا مرۆڤ بووەتە بوونەوەرێکی بەکاربەری گۆشەگیر و ڕۆحێکی سەرگەردان لەناو سەرمایەداریدا. کێشەی ئێمە بەراوردکاری نییە لەگەڵ وێرانەی ئەواندا، بەڵکوو کێشەی ئێمە لەدایکبوونێکی بەزۆر و گشتێنەرە لەناو قاڵبێکدا مرۆڤایەتیی مرۆڤ لە قۆناغی کۆرپەلەییدا دەخنکێنێت. ئێمە ڕووبەڕووی سیستەمێکی عورفی ئەوتۆین - سیستەمێک لە پشت هەموو دەسەڵات و دامەزراوەکانەوە حوکم دەکات، هەر لەسەرەتاوە، پێش ئەوەی تاک هەناسە بدات، بە ناوی پاراستنی ئەساڵەت، شەرەف و شکۆی خێزانەوە، بڕیاری لەسێدارەدانیداوە.

لەم یەکە دەستەجەمعییەدا، گوێڕایەڵی وەک باڵاترین بەهای ئەخلاقی پێناسە دەکرێت، دیدی ڕەخنەیی و یاخیبوون وەک دابڕان بە لادانێکی مەترسیدار هەژمار دەکرێت و سزا دەدرێت. کاتێک خێزان بڕیار لە شێوازی بیرکردنەوە، هەڵبژاردن و تەنانەت چۆنیەتیی ئازارچەشتنیش دەدات، تاک بۆ هەمیشە لە توانای سەربەخۆیی خۆی دادەماڵرێت. ئەم کەسە کاتێک دەچێتە ناو کایەی سیاسی یان ئەکادیمییەوە، هەرگیز ناتوانێت پرسیار بکات و پرسیار دروستبکات، چونکە پێشتر لەناو خێزاندا فێرکراوە تەنها وڵامە ئامادەکراوەکان قبووڵبکات. ئەو دەبێتە پارچەیەک لە مێگەل بە مۆدەکراوێکی گەورەتر، ئامادەیە بۆ هەر سەرکردە و بتێک کڕنۆشببات، چونکە بونیادی دەروونیی لەسەر بنەمای ملکەچبوون بۆ دەسەڵاتی باوکسالاری داڕێژراوە.

ئەنجامی ئەم باڵادەستییەی یەکەی خێزانی، ونبوونی تەواوەتیی چەمکی بەرپرسیارێتییە. مادام من بوونی نییە و هەموو بڕیارەکان بەناوی خێزان و خێڵەوە دەدرێن، بۆیە هیچ کەس لە شکستەکاندا خۆی بە تاوانبار نازانێت. ئەمە هەمان ئەو خەیاڵدانی بێتاوانییەیە لە خوارەوە بۆ سەرەوە کشاوە. دەسەڵاتی سیاسی لای ئێمە دەسەڵاتێکی موستەبید نییە لە بۆشاییەوە هاتبێت، بەڵکوو وێنەیەکی گەورەکراوی هەمان ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارەیە ناوەندی خێزان بەڕێوەدەبات. میللەتێک لەناو خێزاندا فێری جەمعییەت و کوشتنی تاک بووبێت، لە دەرەوەشدا بەردەوام بەدوای شوانێکدا دەگەڕێت پێشڕەوییبکات.

لێرەوە دەگەینە خاڵی پێکدادانە بونیادییەکە. ئەگەر خێزانی کوردی و ڕۆژهەڵاتی بەم فۆرمە دەستەجەمعییەی ئێستایەوە، گۆڕەپانی سەرەکیی کوشتنی بکەر و بەرهەمهێنانەوەی نەفامی بێت، ئایا چۆن دەتوانین ئەم پەیکەرە هەڵبوەشێنینەوە، بێئەوەی بکەوینە ناو فەوزای نامۆبوونی ڕۆژئاواییەوە؟ کاتێک ئێمەی خێزان دەبێتە زیندانێکی ئەخلاقی، ئایا تاک لە چ جوگرافیایەکی هزریدا دەتوانێت خەریکی بونیادنانەوەی منی ڕەخنەگر و ئازاد بێت، بێئەوەی بە ناوی پاراستنی ئەساڵەتەوە بەردەبارانبکرێت؟

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک