|
٢\٧\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
١١
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
تەرمی بتەکان و
دڵەڕاوکێی ئازادی.
لە دە ستوونی ڕابردوودا، بە تیغێکی ڕیشەبڕ نەشتەرگەریمان بۆ سەرەکیترین
بونیادە داڕماوەکان کرد. زمان، خێزان، دەسەڵات، ئەخلاقی نەرێتی، مێژوو
و گرێی دارایی، هەموویانمان لەسەر مێزی نەشتەرگەرییەکە پارچەپارچەکرد.
ئێستا تەرمی بتە گەورەکان لەبەردەمماندا کەوتوون، هیچ هێزێکی دەرەکی
نەماوە پاسەوانیی وەهمەکانمان بکات. بەڵام ئەمە دۆخێک نییە ئاسانتر بێت
لە پێشوو تر، بەڵکوو لە چەند ڕوویەکەوە سەختتریشە. کاتێک دەزانین لە
دەرەوەی دیواری کۆڵانەکانمانەوەیە، دوژمن کێیە، چییە و ترسەکەمان
چەندەیە. بەڵام کاتێک ئاوێنەکان شکێنرابن و دوژمنە کۆنەکان مردوون، تاک
ڕووبەڕووی شتێکدەبێتەوە، بەلایەوە ترسناکترە لە هەموو دوژمنە
دەرەکییەکان، لێرەوە ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە، ڕووبەڕووی ئەو خودەی
چاوەڕێی لێدەکرێت خۆی وڵامی پرسیارەکانی بوون بداتەوە.
لێرەدا قۆناغی هەڵتەکاندن بە ناواخنە دە ستوونییەکەی پێشوویەوە
کۆتاییهات و گەیشتینە خاڵی سفر. بەڵام ئەمە، نابێتە ئارامییەکی سادە و
بێدەنگییەکی خۆشحاڵهێنەر، بەڵکوو سەرەتای زریانێکی ترسناکترە مرۆڤی
تێدا ڕووت و تاک و تەنها دەبێتەوە. کاتێک پەردە درۆینەکان لادەبەین و
دیواری زیندانەکان دەڕووخێنین، ڕاستەوخۆ بەر بۆشاییەکی گەورەی
بوونناسیانە دەکەوین، بۆشاییەک هیچ شتێک ناتوانێ پڕیبکاتەوە جگە لە
ئیرادەی ڕەهای خودی مرۆڤ خۆی. ئەمە ئەو وێستگەیەیە پاسکاڵ لە فکرگەلدا
تووشی داچڵەکین دەکات، کاتێک دەڵێت: بێدەنگیی ئەم پانتاییە بێسنوورانە،
دەمترسێنێت. پاسکاڵ لە بێدەنگیی پانتایی دەرەکی دەترسا، بەڵام ئێمە
لێرە ڕووبەڕووی توندوتیژترین پانتایی دەبینەوە - پانتاییی ناوەکی،
پانتاییی ئەو خودەی دوای ڕووخانی هەموو ئەو پۆستەر و دروشم و فریشتانە،
بەتاڵ ماوەتەوە. لێرە لەم خاڵەوە پرۆسەی بونیادنانەوە دەستپێدەکات،
سەرەتاش بە قبووڵکردنی ئەم شۆکە گەورەیە.
ئەم بۆشاییە، هەمان ئەو تەنهاییە ئۆنتۆلۆژییە قووڵەیە، تاک پاش
جیابوونەوەی لە مێگەل ئەزموونی دەکات. لەناو سیستەمە کۆنەکەدا، کۆمەڵگە
و خێڵ هەمیشە ئامادەبوون وڵامی هەموو پرسیارەکان بدەنەوە. مرۆڤ پێویستی
بە بیرکردنەوە نەبوو، تەنها دەبووایە ملکەچی ڕێسا عورفی و
ئامادەکراوەکان بێت و لەناو گەرمییە ساختەکەی حەشامەتدا بتوێتەوە.
مێگەل لێرە نەک هەر گەرەنتیی مانەوەی بوو، بەڵکوو ماشێنێکی
پێشئامادەکراوی واتاش بوو، کارگەیەکی ناسنامەسازی تێیدا تاک ڕاهێنرابوو
هەرگیز ساتێکی بێمانا تێپەڕ نەکات. بەڵام ئێستا، پاش کوشتنی ئەو بتانە،
مرۆڤ دەبێت بە تەنها سەرچاوەی مانا بۆ بوونی خۆی. سارتەر ئەم دۆخەی بەو
وتە بەناوبانگەی پێناسە کردووە: مرۆڤ مەحکوومە بەوەی ئازاد بێت. لێرەدا
مەحکوومبوون نەک مانایەکی دینی، بەڵکوو مانایەکی ئۆنتۆلۆژی هەیە، مرۆڤ
بێئەوەی پرسیاری لێبکرێت، خراوەتە دۆخی ئازادییەوە و ناتوانێت هەڵبێت،
چونکە ئەگەر بڵێت 'ئازاد نیم'، ئەم وتنە خۆی هەڵبژاردنێکە و
دەرئەنجامێکی ئازادییە. ئەم تەنهاییە باجی یەکەمی ئازادییە، هەستکردنە
بەوەی چیتر هیچ باوکێکی ڕۆحی، هیچ سەرکردەیەکی فریادڕەس و هیچ
مێژوویەکی پیرۆز بوونیان نییە تا لە کاتی قەیرانەکاندا پەنایان بۆ
بەرین. مرۆڤی ئازاد دەبێت بەرگەی سەرماوسۆڵەی ئەم تەنهاییە بگرێت،
بێئەوەی هەرگیز داوای گەڕانەوە بۆ ناو دیوەخان و قەفەزە زێڕینەکان
بکاتەوە.
لێرەوە ترسناکترین و هاوکات جوانترین دیاردەی دەروونی لەدایکدەبێت،
ئەویش دڵەڕاوکێی ئازادییە. کیرکەگۆر پێشتر ئەمەی لە چەمکی 'دڵەڕاوکێ'دا
داڕشت و ئاماژەی پێدا - دڵەڕاوکێ، نەک ترسێکە لە شتێکی دیاریکراو،
بەڵکوو شڵەژانی ئازادییە بەرامبەر بە بێسنووریی ئەگەرە کراوەکان.
هایدگەر دواتر ئەم چەمکەی هێنایە سەر ئاستی فەلسەفەی بوون و گوتی،
دڵەڕاوکێ کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە بوونی ڕەسەن، چونکە ئەو دەستکاری مرۆڤ
دەکات لە ڕۆتینی ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارەی دەکاتەوە: بوون چییە بۆ
تۆ، خۆت؟ زۆرجار بە هەڵە وا وێناکراوە ئازادی تەنها بریتییە لە شادی،
ئاسوودەیی و ڕزگاربوون لە ئەرکەکان، بەڵام فەلسەفەی حەقیقی پێماندەڵێت
ئازادی بارێکی ئێجگار قورسە لەسەر شانی مرۆڤ. کاتێک هیچ پاساوێک
نامێنێت بۆ شکستهێنان، کاتێک ناتوانیت خەتای کەموکوڕییەکانت بخەیتە
ئەستۆی کۆمەڵگە، مێژوو، یان قەدەری نادیار، ئەوکات هەموو
بەرپرسیارێتییە ڕەهاکە دەکەوێتە ئەستۆی خۆت.
ئەم بەرپرسیارێتییە قورسە، دڵەڕاوکێیەکی بوونناسیانە دروستدەکات. ئەمە
نەخۆشییەکی دەروونی نییە تا لە کلینیکەکاندا چارەسەریبکەین، بەڵکوو
نیشانەی زیندووبوون و بەئاگابوونەوەیەکی تەواوەتییە لە ماهییەتی ژیان و
مەرگ. لێرە دەبێ زۆر ئاگاداری ئەو هەڵە ستراتیژییە بین مۆدێرنیتە
کردوویەتی، ئەو دۆخەی بۆ وێستگەی نەخۆشی دەگوازێتەوە و چارەسەرە
کیمیاییەکانی دەداتێ، تا کزی و ناڕەسەنیی ئازادی ئەم سەردەمە بپۆشێتەوە.
ئەمە ئەو ساختەکارییەیە بیونگ چول هان لە 'کۆمەڵگەی ماندوو'دا دەست
دەخاتە سەری، ئەم سەردەمە دڵەڕاوکێی ئۆنتۆلۆژی ناناسێت، تەنها ئاشنای
دڵەڕاوکێی نەخۆشییە، بۆیە تاک کاتێک هاوار دەکات هیچ مانایەک نییە،
سیستەم وڵامی بۆ نییە جگە لە حەبێک. بەڵام ئەم حەبە، نەک هەر چارەسەری
ناکات، بەڵکوو دەرگەی گەشت بەرەو خودی خۆی لێدادەخات. دڵەڕاوکێی ڕەسەن،
نەک هەر دڵنیایی نییە، بەڵکوو دڵنیاترین نیشانەیە بۆ ئەوەی تاک
گەیشتووەتە دەرگەی ڕاستی، بەڵام هێشتا ناوێرێت دەرگەکە بکاتەوە.
لەبەردەم ئەم بارە قورسەدا، مرۆڤی لاواز و ڕاهاتوو بە کۆیلایەتی تووشی
شۆک دەبێت و بەردەوام هەوڵدەدات هەڵبێت. ترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم
دڵەڕاوکێیە، وادەکات زۆرێک ئارەزووی گەڕانەوە بۆ ناو زیندانەکان بکەن و
هەوڵی زیندووکردنەوەی تەرمی بتەکان بدەن. ئەوان دەیانەوێت بتە
مردووەکان لە گۆڕ بهێننە دەرەوە، چونکە کۆیلایەتی ئاسانترە لە ئازادی.
ئەمە ئەو دیاردەیە ئێریک فرۆم لە 'هەڵاتن لە ئازادی'دا شیکاریی بۆ
کردووە، کۆمەڵگەکان کاتێک بەشێوەیەکی ئۆبجێکتیڤ ئازاد دەبن، بەشێکی
گەورەیان لە کۆتاییدا یاخی دەبن لە ئازادی خۆیان و بۆ پەنابردن بەرەو
بتە نوێیەکان دەڕۆن، چونکە ئازادی، نەک نیعمەت، بەڵکوو پێداویستییەکی
هزری و کۆمەڵایەتیی پێشخستنی هەر تاکێکە و کاتێک تاک ئامادە نییە،
ئازادی دەبێت بە هاوار. لێرە تراژیدیای پاش شۆڕشە مۆدێرنەکان
دەردەکەوێت، کۆمەڵگەکان دەسەڵاتە کۆنەکانیان ڕووخاند، بەڵام ناتوانن
بەرگەی ئازادی بگرن، بۆیە دیکتاتۆریی نوێیان بەرپا کرد، بەڵام ئەم جارە
بە دەستی خۆیان، نەک بە دەستی فاتیحێکی دەرەکی.
لە کۆیلایەتیدا یەقینێکی کوێر هەیە، مرۆڤ دەزانێت چی لێداوا دەکرێت و
چی تێدا قەدەغەیە، بەڵام لە ئازادیدا هیچ یەقینێک بوونی نییە و هەموو
ساتێک ئەگەرێکی کراوەیە. مرۆڤی کۆیلە لەناو ئارامیی مێگەلدا دەخەوێت،
لەکاتێکدا مرۆڤی ئازاد هەمیشە بێدار و پڕ لە پرسیارە. دۆستۆیێڤسکی لە 'برایانی
کارامازۆڤ'دا، لە چیرۆکی 'موفەتیشی مەزن'دا، ئەم حەقیقەتە تاڵە دەنووسێ،
مرۆڤ نان دەخوازێ، نەک ئازادی، مرۆڤ موعجیزە دەخوازێ، نەک پرسیار، مرۆڤ
پاسەوان دەخوازێ، نەک هاوسەنگەر. موفەتیشی مەزن لێرە نووسەرێکی
توندوتیژ نییە، بەڵکوو دیاردەناسێکی دڵسۆزی ئەو حەقیقەتەیە و بۆ
زۆرینەی مرۆڤایەتی ئازادی نائاسانە، چونکە ئازادی پرسیاری بەردەوامە و
پرسیار خواردنی هزر و خەوە. بۆیە گەورەترین تاقیکردنەوەی قۆناغی
بونیادنانەوە، بەرگەگرتنی ئەم وەهمەی گەڕانەوە و ڕەتکردنەوەی
نۆستالیژیایە بەرەو زنجیرەکان. کۆمەڵگەی ئێمە لێرە تەنها ڕووبەڕووی ئەو
تاقیکردنەوەیە نییە، بەڵکوو لە ناوەوەیشیدا چەند دەنگێکی نهێنی هەن
بەردەوام دەنگ هەڵدەبڕن بۆ گەڕانەوە، گەڕانەوە بۆ سادەیی پێشوو، بۆ
گەرمیی خانەوادە، بۆ یەقینی نەرێت، چونکە پێیانوایە ئازادی هیچ شایانی
ئەم زەبرە سامناکە نییە. ئەم دەنگانە، دەنگی موفەتیشی مەزنن لە دڵی
خۆماندا و گەورەترین ململانێی ئەم قۆناغە، ململانێیە لەگەڵ ئەو دەنگەی
ناوەکیماندا، نەک لەگەڵ هیچ دەنگێکی دەرەکی.
ئەگەر بە عەقڵێکی داهێنەرانە و بوێرییەکی ئۆنتۆلۆژییەوە مامەڵە لەگەڵ
ئەم دڵەڕاوکێیەدا بکەین، ڕاستەوخۆ دەگۆڕێ بۆ گەورەترین مەکینەی
خولقاندن. دڵەڕاوکێی ئازادی ڕێک ئەو وزە شاراوەیەیە پێویستمانە بۆ
دەستپێکردنی قۆناغی دروستکردنەوەی خۆمان و جوگرافیاکەمان. نیتشە ئەم
گۆڕانکارییەی لە چەمکی 'ئیرادەی هێز'دا شیکار کردووە، هێز لێرە نەک
دەسەڵاتی سیاسی، بەڵکوو وزەی ناوەکیی بوونە بۆ ئاراستەکردنی خۆی، بۆ
خوڵقاندنی بەهای نوێ، بۆ گەشە. دڵەڕاوکێ کاتێک نەخوێندراوەتەوە و
پەنگدەخواتەوە، تەرمێکی هزرییە، بەڵام کاتێک خرایە ناو کارگەی ئیرادەوە،
دەبێتە ماددەی خام بۆ خوڵقاندنی نوێ. لێرەدا نەشتەرە تیژەکە فڕێدەدەین
و قەڵەمە سۆفتەکە هەڵدەگرین، تا لەسەر لاپەڕە سپییەکەی بوونمان،
ئۆنتۆلۆژیایەکی نوێ بنووسینەوە. ئەمە ئەو شتەیە نیتشە بە 'ئەمۆر فاتی'
- واتە عەشقی چارەنووس، یان وتنی بەڵێ بە ژیان ناوی دەبرد، نەک تەنها
قبووڵکردنی ژیان، بەڵکوو دەنگدانی بەڵێ بۆ هەموو ساتەکانی، تەنانەت بۆ
ئەو دڵەڕاوکێیە، بۆ ئەو تەنهاییە، بۆ ئەو بێبتییە، چونکە ئەمانە ئیتر
نەک باج، بەڵکوو دیاریی ژیانی ڕەسەنن.
ئەم قەڵەمە بە مەرەکەبی هەمان ئەو دڵەڕاوکێیە دەنووسێت و جێگەی یەقینە
کوێرەکەی مێگەل دەگرێتەوە. ئێمە لەناو شک و گومانەکانمانەوە دەستدەکەین
بە بونیادنانی بەهای نوێ، بەهایەک لەسەر بنەمای تێگەیشتن، لێبوردەیی و
پرسیارکردن دامەزرابێت، نەک لەسەر بنەمای ملکەچی و ترسی سزای
کۆمەڵایەتی. کامۆ لە 'ئەفسانەی سیزیف'دا، ئەم تابلۆیەی تۆکمەتر کرد،
مرۆڤ نازانێت بەرزکردنەوەی بەردێکی زەبەلاح بۆ سەر شاخێک چ مانایەک
دەدات، بەڵام دەزانێ بەرزکردنەوەی ئەم بەردە، خۆی مانای ژیانە، چونکە
ئەم بەرزکردنەوەیە، شێوازی هەستکردنیەتی بە ئازادی. لێرە مانا، نەک
شتێکی پێشئامادە، بەڵکوو شتێکە دەخوڵقێنرێت لە ساتی هەنووکەییدا، لێرە
تاک نەک هەر بکەری بەهایە، بەڵکوو سەرچاوەی ڕووناکیی ئەخلاقیی نوێشە.
بەم شێوەیە، مەرگی بتەکان دەبێتە تاکە دەروازە بۆ لەدایکبوونەوەی خودی
ڕاستەقینە. مرۆڤ لێرەدا دەگۆڕێت بۆ تابلۆیەک، ئیرادەی ئازادیش دەبێتە
تاکە ڕەنگی ئەم تابلۆیە بۆ کێشانی وێنەیەکی نوێ. ئێمە چیتر چاوەڕێی
دەستی دەرەکی نین تا چارەنووسمان بۆ دیاریبکات، بەڵکوو خۆمان دەبینە
ئەندازیاری هەر سانییەیەکی ژیانمان و بەرپرسیارێتیی تەواوی
بڕیارەکانمان هەڵدەگرین. فۆکۆ لە دوا قۆناغی نووسینەکانیدا چەمکی 'خەمخۆریی
بۆ خود' لە یۆنانی کۆنەوە دەگەڕێنێتەوە، مرۆڤی ئازاد، تەنها ئەو مرۆڤە
نییە لە بەندە کۆنەکان ڕزگاری بووە، نەخێر، بەڵکوو ئەو مرۆڤەیە دەبێتە
بکەری ئیستاتیکیی خۆی، خۆی وەک هونەرێکی بەردەوام دەخوڵقێنێتەوە، نەک
وەک سروشتێکی پێشئامادە بپارێزێت. ژیان لێرە دەبێت بە کارێکی هونەری و
هونەری بوون بە خود، بەرزترین فۆڕمی ئەخلاقییە لە دۆخی ئازادیدا.
قبووڵکردنی باجی ئازادی و لەئامێزگرتنی تەنهاییە ئۆنتۆلۆژییەکە،
یەکەمین هەنگاوی بونیادنانەوەی مرۆڤی نوێیە. ئەم ئامادەگییە دەروونییە
زەمینە خۆشدەکات بۆ ئەوەی یاخیبوون لە کردارێکی وێرانکەرەوە بگۆڕین بۆ
پرۆسەیەکی هونەری و فەلسەفی. کامۆ گوتی: یاخیبوون ئەزموونی هاوکاتی
نەخێرێکی تەواو و بەڵێیەکی تەواوە. ئەمە حەقیقەتی قۆناغی پاش
نەشتەرگەرییە، نەخێر وتنمان بە هەموو بتە کۆنەکان، بەڵام ئەم نەخێرە لە
بنەڕەتدا بەڵێیەکی گەورەترە بۆ ژیانێکی نوێتر، بۆ مرۆڤێکی نوێتر، بۆ
جوگرافیایەکی نوێتر. لەم خاڵەوە، پێویستە بزانین چۆن ئیستاتیکای
یاخیبوون دەکەینە نەخشەڕێگەیەک بۆ داڕشتنەوەی خود، ئەمەش ئەو پرسەیە لە
ستوونی داهاتوودا قەڵەمەکەی بۆ دەخەینە گەڕ.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|