په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٦\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٢

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

خەیاڵدانی ڕزگارکەر.

لە کۆتایی پرسیارە بونیادییەکەی پێشوودا، گەیشتینە ئەو تراژیدیایەی ئێمە خودی خۆمان پاسەوانی ئەو سیستەمەین تێکماندەشکێنێت. لێرەوە دەبێت پەردە لەسەر درۆیەکی گەورەتر هەڵبدەینەوە، درۆیەک بەناوی خەیاڵدانی ڕزگارکەر. مادام ئێمە چێژ لەم قوربانیبوونە دەبینین و تێیدا نغرۆ بووین، کەواتە لە واقیعدا ئێمە هەرگیز نامانەوێت ڕزگارمان ببێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم حەقیقەتە تاڵە لە خۆمان بشارینەوە، هەمیشە چاوەڕوانی دروستبوونی پاڵەوانێکین.

تاکی ئێمە – کوردی، لە ئاستی نائاگاییدا هەمیشە چاوەڕێیە هێزێک، سیاسییەک، حزبێک، بیرمەندێک، یان تەنانەت موعجیزەیەکی میتافیزیکی بێت و فریایبکەوێت. ئەم چاوەڕوانییە، لە بنەڕەتدا چاوەڕوانییەکی بێهوودەیە بۆ ئەوەی کەسێک بێت و هیچ نەکات. چونکە ئێمە ئەو ڕزگارکەرەمان تەنها بۆ ئەوە دەوێت دواتر بیڕووخێنین و شکستی پێبهێنین. ئەگەر ئەو ڕزگارکەرە سەرکەوتوو بێت و سیستەمێکی عەقڵانی بونیادبنێت، ئەوا دۆخی قوربانیبوونی ئێمە کۆتایی دێت و دەبێت باجی قورسی بەرپرسیارێتی و کارکردن بدەین.

ئێمە بۆیە بەردەوام پاڵەوان دروستدەکەین، بت دەتاشین و پیرۆزیدەکەین، تەنها بۆ ئەوەی دواتر تێکیبشکێنین و بە ئاسوودەییەوە بڵێین: بینیتان؟ کەس ناتوانێت ئێمە ڕزگاربکات، دەی ئیتر ئەوە بەختی ئێمەیە. ئەم میکانیزمە دەروونییە، پاساوێکی بوونناسییە بۆ مانەوە لەناو ئەو پاسیڤبوونەی ڕێگەمان پێدەدا لە دەرەوەی بەرپرسیارێتی بوەستین. ڕزگارکەر لای ئێمە ئامرازێکە بۆ سەلماندنەوەی چارەڕەشیی خۆمان، نەک ئامرازێک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.

ئەمە لە بونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێمەدا بە ڕوونی ڕەنگیداوەتەوە. ئێمە بەردەوام داوای سەرکردەی کاریزما دەکەین، نەک سیستەم و دامەزراوە. بۆچی؟ چونکە سیستەم داوای هاووڵاتیبوونی چالاک، لێپرسینەوە و ئەرک دەکات، بەڵام سەرکردەی کاریزما ڕێگەمان پێدەدا بین بە شوێنکەوتەی بێئیرادە. کاتێکیش ئەو سەرکردەیە یان ئەو هێزە سیاسییە تووشی هەرەسهێنان دەبێت (کە زۆرجار خودی کۆمەڵگە پاڵنەر و هۆکارێتی)، ئێمە لەبری لێپرسینەوەی عەقڵانی، دەگەڕێینەوە سەر لاواندنەوە و مەزڵومییەت، وەک ئەوەی هەر لە سەرەتاوە حەزمان بەو خیانەت و هەرەسە بووبێت.

تەنانەت لە کایەی فەرهەنگی و ئەدەبیشدا، ئێمە هەمان ئەو درۆیەی خەیاڵدانی ڕزگارکەر دووبارە دەکەینەوە. ئێمە لە نووسەر و بیرمەندەکانمان ناخوازین نەخشەڕێگەکی ڕەق و تاڵی عەقڵانیمان پێشکەش بکەن بۆ دەرچوون لەم تونێلە، بەڵکوو لێیان دەخوازین ببنە گوتەبێژی ئازارەکانمان. ئەگەر ڕۆناکبیرێک بێت و بە نەشتەرێکی بێبەزەییانە ڕووبەڕووی ئەو دەردەمان بکاتەوە، زۆر بە توندی ڕەتیدەکەینەوە و دەیخەینە پەراوێزەوە. ئێمە تەنها ئەو قەڵەمانەمان قبووڵە لەگەڵماندا دەگرین و بۆمان پێدەکەن، نەک ئەوانەی ڕووتی و نەفامیمان پێشاندەدەن.

هەر کاتێک هێزێک یان فکرێک دەیەوێت بە شێوەیەکی ڕیشەیی دەستکاریی بونیادی فەرهەنگی و مەعریفیی کۆمەڵگە بکات، ئێمە دەبینە یەکەمین دوژمنی. چونکە عەقڵانییەت و دامەزراوەییبوون، ئەو چێژە تاریکەمان لێدەسەنێتەوە لە دروستکردنی پاڵەوانی تێکشکاودا دەستمانکەوتووە. لەم ڕوانگەیەوە، کوشتنی باوک یان ڕووخاندنی سەنتەرەکان لە فەرهەنگی ئێمەدا، پرۆسەیەکی ڕەخنەیی نییە بۆ گەیشتن بە کرانەوە، بەڵکوو پرۆسەیەکی خۆلەناوبەرە بۆ گەڕانەوە بەرەو خاڵی سفر و دەستپێکردنەوەی گریان و لاواندنەوەی بەردەوام.

ئەم سووڕە بێهوودەیە، واتە خولانەوە لە نێوان دروستکردنی بتێک و دواتر شکاندنی، وزەی فەرهەنگی و مەعریفیی ئێمەی بەتەواوی هەڵمژیوە. ئەگەر ئێمە لە نائاگاییدا نەمانەوێت ڕزگارمان ببێت و لە هەمان کاتیشدا باوەڕمان بە تواناکانی خۆمان نەبێت بۆ گۆڕانکاری، ئایا ئەو شتەی پێیدەوترێت حەقیقەت و مانا لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا چی لێدێت؟ ئایا ئێمە نەبووینەتە کارگەیەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنانەوەی نەفامی بە ناوی پاراستنی ئەساڵەت و شوناسەوە؟

______________________________________

گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک