په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٧\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٢٢

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

دیاردەناسیی پیرۆزیی ساختەی دایکایەتی.

 
ئەزموونکردنە سەرکەوتووانەکەی پێشووترمان بۆ خوێندنەوەی جەستەی ژنی کورد وەک جوگرافیایەکی جێگرەوەی نیشتمان و ئەرشیفێکی زیندووی ترۆما مێژووییەکان، ئێستا باشتر ڕێگەمان پێدەدات بەرەو قووڵایی کایە سیمبۆلی و ئایدیۆلۆژییەکەی کۆمەڵگە شۆڕ ببینەوە. ئەو شوێنەی سیستەمی باوکسالاری بۆ شاردنەوەی شکستە قووڵەکانی خۆی، تەڵەیەکی زۆر زیرەکانەتر و ترسناکتری بۆ جەستە و ڕۆحی ژن ناوەتەوە، ئەویش تەڵەی بە پیرۆزکردنە.

لێرەدا دەبێت لە خاڵێکی هزری زۆر هەستیاردا بوەستین. سیستەمەکانی دەسەڵات لە مێژوودا فێرە داسەپاندنی کۆیلایەتی بەزۆر بوون، شکێنەرانە و خۆویستە، هەر بۆیەش دەبنە مامۆستای پرۆسەیێکی نازکتر. ئەگەر بتوانن قوربانییەکە ڕازیبکەن بەوەی کۆیلایەتییەکەی لە واقیعدا پێگەیەکی پیرۆزە، کارەکەیان بۆ یەک هەزار هێندە ئاسانتر دەبێت. فەیلەسوفی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی لە کتێبچەی زینداندا، چەمکێکی گەورەی بە ناوی هەژمۆنیای کەلتووری هێناوەتە ئاراوە. گرامشی دەڵێت چینی سەروو، دەسەڵاتی خۆی نەک هەر بە ئامرازی زۆر و پۆلیس دەپارێزێت، بەڵکوو جیهانبینیی خۆی وەک عەقڵی سەلیم بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت. کاتێک قوربانی ئیدیاسی دەسەڵاتدار بە ئیدیاسی خۆی بەکار دەهێنێت، دەسەڵات هەرگیز پێویستی بە شەڕکردن نییە. پیرۆزی دایکایەتی، لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەرزترین فۆڕمی ئەم هەژمۆنیایەیە.

کاتێک کۆمەڵگەی باوکسالار ناتوانێت یان نایەوێت مافە مرۆیی، یاسایی و سیاسییەکانی ژن وەک هاووڵاتی و سوبژێکتێکی هاوتا دەستەبەر بکات، دێت پێگەیەکی وەهمیی پێدەبەخشێت و ناوی دەنێت فریشتەی دایکایەتی. ئەمەش ڕێک ئەو دیاردەیەیە کۆمەڵناسی فەڕەنسی پییەر بۆردیۆ بە توندوتیژیی سیمبۆلی پێناسەی دەکات. توندوتیژییەک پێویستی بە قامچی و زیندانی فیزیکی نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی چاندنی چەمک و کاتێگۆرییەکانی دەسەڵاتەوە لە ناخی قوربانییەکەدا کار دەکات، بە شێوەیەک خودی ژنەکە جیهان و پێگەی خۆی بەو چاوانە دەبینێت سیستەمەکە پێیداوە. بۆردیۆ لە شاکارە فەلسەفییەکەیدا، دەسەڵاتی نێرینە، شیکاریێکی گەورە لەسەر توندوتیژیی سیمبۆلی چۆن لە پرۆسەی هابیتوسدا کۆدەبێتەوە، دەخاتە ڕوو. هابیتوس ئەو کۆدە جەستەیی و هزرییەیە کۆمەڵگە لە منداڵیدا لە تاکدا دەیچێنێت، تا ئەو تاکە بە بێهۆشی، واڕەفتار بکات دەسەڵات دەیەوێت. کاتێک کچە کوردێک لە شەش ساڵییەوە دەبیستێت بەهەشت لە ژێر پێی دایکاندایە، ئەو ئەم قسەیە هۆشەکی ناژمێرێت، بەڵکوو لە ڕێگەی ماسولکەکانی جەستەیەوە هەڵیدەمژێت. کاتێک لە بیست ساڵی تەمەنیدا دەبێت بە دایک، ئەم هابیتوسە بەرەو ئەوەی دەبات خۆی وەک فریشتەی هەبووی ئەرکی پیرۆز ببینێت، ئەمە بێئەوەی بتوانێت پرسیار لەم پێگەیە بکات، چونکە پرسیارکردنەکە پێش بیرکردنەوەکە، کوژراوە.

کاتێک دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بە ژن دەڵێت بەهەشت لە ژێر پێی دایکاندایە، لێرەدا زمانێک دادەهێنێت تێیدا هەر جۆرە تێڕامانێکی ڕەخنەیی یان ڕەتکردنەوەی قوربانیدان، دەبێتە هاوواتای کوفر، یان شەیتانیبوون و هەڵوەشاندنەوەی پیرۆزییەکان. فەیلەسوفی فێمینست-ئەمریکیی سارا ڕوددیک، لە کتێبی بیرکردنەوەی دایکایەتی، ئاماژە بەوە دەکات جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان دایکایەتی وەک کاری زیندووی مرۆڤانە و دایکایەتی وەک ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات. دایکایەتی وەک کاری زیندوو، ئەو کار قورس و ئازاراوی و شادییە هاوکاتییەیە ژن لە ژیانی خۆیدا لە پاراستنی منداڵدا هەیەتی. ئەم کارە پێویستی بە پێزانین و دەستەبەرکردنی سیاسی و ئابووری هەیە. بەڵام دایکایەتی وەک ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات، ئەو چوارچێوە سیمبۆلییەیە دایکایەتی دەگۆڕێت بۆ ڕۆڵێکی پیرۆزکراوی نەگۆڕ و بێدەنگ. ئایدیۆلۆژیای دایکایەتی، چیرۆکێکی بۆخۆی داهێناوە و تیایدا دایک وا نمایش دەکات بێئارەزوو، بێخواست، ناتوڕە، بێکات بۆخۆی، بێجەستەی خۆی، تەنها بۆ خزمەتی منداڵ لە دایک بووە. کچی کورد ناتوانێت لە دایکێکی ڕاستەقینەدا بژی، چونکە ئایدیۆلۆژیا ئەم دایکەی پێش ئەو کوشتووە. بەم شێوەیە، ژن ناچار دەکرێت لە نێوان دوو جەمسەری تونددا یەکێکیان هەڵبژێرێت. یان دایکێکی فریشتە ئاسای بێدەنگ و خۆبەختکەر، یان بوونەوەرێکی یاخی و دەرکراوی شایستەی سەرکۆنەکردن. ئەمەش والێدەکات خۆی ببێتە توندوتیژترین پاسەوان بەسەر حەز و ئیرادەی خۆیەوە. ئێمە لێرەدا لەبەردەم دیاردەیەکی دەروونشیکارییدا وەستاوین ژنی کورد لە ناخی خۆیدا دەبێت بە زیندانەوانی خۆی، بێئەوەی هەرگیز پەی بەم ڕاستییە ببات.

ئەم وەرچەرخانە بوونناسییە ناچارمان دەکات بە نەشتەرە تیژەکەی ئێلیزابێت بادنتێر و سیمۆن دی بۆڤوار، ئەو ڕووکەشە بایۆلۆژییە ساختەیەی دەسەڵاتی نەریتی بەسەر چەمکی دایکایەتیدا کێشاویەتی بکڕێنینەوە. بادنتێر لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکانیدا پێماندەڵێت شتێک نییە بە ناوی غەریزەی دایکایەتی وەک هێزێکی حەتمیی سروشتی، بەڵکوو ئەمە داهێنانێکی ئایدیۆلۆژی و ئابوورییە بۆ بەستنەوەی هەمیشەیی ژن بە کایەی ناوماڵ و کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی مرۆیی. بادنتێر لە شیکاریی مێژووی فەڕەنسیدا نیشانیداوە لە سەدەی هەژدە و پێش ئەو، ژنانی دەوڵەمەند منداڵەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر دەخستە ماڵی شیردەرەکانەوە و هەرگیز چاودێریان نەدەکردن، ئەمە بەبێ ئەوەی کۆمەڵگە بە ژنی خراپیان بزانێت. غەریزەی دایکایەتی، وەک بوونێکی هەمیشەیی و سروشتی، لە قۆناغی سەرمایەداریی پیشەسازیدا داهێنراوە، کاتێک پێویستیی سیستەمە نوێیەکە ئەوە بوو ژن لە بازاڕی کاردا پاشەکشە بکات و بۆ خزمەتی منداڵ لە ماڵدا بمێنێتەوە. لە کاتێکدا بۆڤوار هۆشداریمان دەداتێ دایکایەتی لەم چوارچێوە باوکسالارییەدا، ژن لە قۆناغی داهێنان و تێپەڕین دادبڕێت و فڕێی دەداتە ناو چەقبەستوویی و مانەوەی بایۆلۆژیی پەتی.

ژنی کورد هەر کاتێک دەبێتە دایک، پرۆسەی سڕینەوەی ناسنامە تاکەکەسییەکەی دەستپێدەکات، واتا چیتر وەک مرۆڤێکی خاوەن ئارەزووی فکری، سۆزداری و سەربەخۆ نابینرێت، بەڵکوو ناوەکەی لە دەستدەدات و دەبێتە سێبەرێک بە ناوی دایکی فڵان. لێرەدا دەبێت لە دیاردەیەکی زمانەوانیی ترسناکدا بوەستین، دیاردەیەک لە ڕێگەی زمانەوە نەک بوونیادی زمانەکە، لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ژن دەکرێت بە ژنی فڵان کاتێک شوو دەکات، پاشان دەکرێت بە دایکی فڵان کاتێک لە دایکبووی هەبێت. لە هەردوو حاڵەتدا، ناوی ڕەسەنی خۆی لە دەستدەدات. ئەمە لە دەیان دیاردەی تری ژیانی ژندا، سنووری ژنبوون پەیوەستی نێرینەکانی دەوروبەر دەکات. ژن بە کچی فڵان لە دایک دەبێت، پاشان دەبێت بە خوشکی فڵان، دواتر بە ژنی فڵان، لە کۆتاییشدا بە دایکی فڵان. لە هیچ ساتێکدا لە ژیانی خۆیدا، ناوی خۆی وەک بوونێکی سەربەخۆ نییە. ئەوەی لێرەدا بە زمان دەکرێت نەک وەسیلەیێکی سادەی گفتوگۆیە، بەڵکوو نەخشەیێکی هزری داسەپاوە. ئەو جەستەیەی پێشتر ئۆبژێکتێکی شەرەف بوو بۆ پیاو، ئێستا دەبێتە کارگەیەکی بێدەنگ بۆ بەرهەمهێنانی نەوەکان.

لێرەدا دەبێت پرسیارێکی دەرونشیکاری قوڵ بکەین. بۆچی دایکی کورد ئەم پرۆسەیەی سڕینەوەی خۆی بە ئاسایی و خۆشحاڵییەوە قبووڵ دەکات؟ بۆچی هەرگیز ناچێتە ژێر پرسیار ئەوەی مەسەلە چییە بە ناوی خۆیەوە ناناسرێتەوە؟ زیگموند فرۆید، لە شیکاریی خۆیدا لەسەر مازۆکیزم، چەمکێکی داڕشتووە بە ناوی مازۆکیزمی ئەخلاقی. لە مازۆکیزمی ئەخلاقیدا، تاک ئازار و قوربانیی خۆی بەخۆشییەوە قبووڵ دەکات، چونکە ئەم ئازارە بۆی دەبێت بە بەڵگەی چاکە و بەڵگەی بەرزی ئەخلاقی. ژنە دەروونشیکاری ئەڵمانی-ئەمریکی کارین هۆرنی، شاگردە سەرکەشەکەی فرۆید، ئەم چەمکەی بردە مەیدانی ژنایەتی. هۆرنی وتی مازۆکیزم لای ژن نەک شتێکی سروشتییە وەک ئەوەی فرۆید دەیوت، بەڵکوو دواکاریگەریی ئایدیۆلۆژیکی کۆمەڵایەتییە. ژن لە کۆمەڵگەی باوکسالاردا، تەنها ڕێگەی بەدەستهێنانی هەندێک لە بەها و متمانە، لە ڕێگەی قوربانیدانی خۆیەوە دەگاتێ. کاتێک هەموو دەرگەکانی دیکەی ژیان بە ڕوویدا داخراون، مازۆکیزم دەبێت بە تاکە دەرگەی هەبوونی. دایکی کورد، لە ناخی خۆیدا، دەزانێت هیچ مافێکی نییە بۆ خۆی، بۆیە هەموو هێزی خۆی لە پێناوی منداڵ و شوودا دەخاتەگەڕ، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا دەنگی ستایشی نەریت وەک تاکە مووچەی ئەم گەڕکەرکارییە بەدەستبهێنێت. هەر ساتێکیش ئەم ژنە بیەوێت بڵێت منیش پێویستم بە کاتە بۆ خۆم، منیش ئارەزوو و ماندووبوونم هەیە، دەستبەجێ لە لایەن دەوروبەرەوە وەک دایکێکی خراپ یان خۆپەرست دادگایی دەکرێت. چونکە سیستەمەکە پێشوەختە مەرجی فریشتەبوونی بە سڕینەوەی تەواوی مرۆڤبوونی ئەوەوە گرێداوە.

ئەم مۆدێلە لە سڕینەوە، کاتێک دەچێتە ناو گوتاری ئەدەبی، فۆلکلۆری و تەنانەت سیاسیی کوردییەوە، فۆرمێکی مەرگدۆستانە بەخۆیەوە دەگرێت. لێرەدا دیاردەی ئەدەبیمان لەبەردەستدایە پێویستی بە شیکاریی تایبەتی هەیە. لە شیعری کوردیدا، دایکی کورد هەمیشە وەک ژنێکی ڕەشپۆش، چاو بە فرمێسک و خەمگین وێنا دەکرێت تەمەنی خۆی لە پێناو خێزانەکەیدا سووتاندووە و هیچ ئارەزوو و شادییەکی شەخسیی لە ژیاندا نەهێشتووەتەوە. 

ئێمە بەم وێنەیەوە دەنازین و شیعر و پەیکەری بۆ دەبێژین و دروستدەکەین، بەڵام لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە، لە پشت ئەم پەرستنەی دایکە خەمگینەوە، گرێی تاوانباریی قووڵی پیاوی کورد شاردراوەتەوە. بەهۆی زەوتکردنی فەزا و ئازادی لە ژن، دێت ئازارەکانی ئەو ژنە وەک فەزیلەتێکی ئەخلاقی نمایش دەکات تا ڕێگری لە هەر یاخیبوونێک بکات. لێرەدا فەیلەسوفە فێمینستە ئەمریکییەکە جۆن ڕایمر لە شیکاریی خۆیدا لەسەر ئایدیۆلۆژیای دایکایەتی، ئاماژەی بەوەداوە کۆمەڵگە باوکسالار پێویستی بەوە هەیە دایک هەمیشە خەمگین بێت، چونکە دایکی شاد، هەڕەشەیە. دایکی شاد، دایکێکە دەرگەی لە دەرگەی ژیانی خۆی کردووەتەوە، دایکێکە داوای مافی ژیانی خۆی دەکات. بۆیە کۆمەڵگەی باوکسالار دایکی خەمگین دەپیرۆزێنێت، چونکە خەمگینی نیشانەی ئەوەیە دایک هێشتا لە ناو زنجیرەکاندایە.

ڕێژەی پیرۆزیی دایک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پەیوەندییەکی ڕاستەوانەی بە ڕێژەی خەم و کەنەفتبوونییەوە هەیە. ئەگەر دایکێک بیەوێت لەم کاتێگۆرییە دەربچێت، پێبکەنێت، پۆشاکی ڕەنگاوڕەنگ بپۆشێت و داوای ژیانی سۆزداریی خۆی بکات، دەستبەجێ بتەکە دەشکێت و کۆمەڵگە بە دایکێکی بێباک ناوزەدی دەکات. ئەم دۆخەش ترۆمایەکی گواستراوە لە نێوان نەوەکاندا دروستدەکات، بە شێوەیەک کچی کورد کاتێک سەیری دایکی دەکات، داهاتووی خۆی وەک تەمەنێکی سووتاو دەبینێت. کەچی ناتوانێت ڕەخنەشی لێبگرێت چونکە دایکەکە وەک بتێکی پیرۆز وێنا کراوە. لێرەدا دەرونشیکارە فەڕەنسییەکە لوس ئیریگاڕای شیکاریێکی گەورەی داوە لەسەر ئەو حەقیقەتەی چۆن پەیوەندیی نێوان دایک و کچ لە کۆمەڵگە باوکسالاردا ژەهراوی دەکرێت. ئیریگاڕای گوتی لە کۆمەڵگە باوکسالاردا، پەیوەندیی نێوان دایک و کچ هەرگیز پێگەیێکی ڕەسەنی هزری خۆی نییە، هەمیشە لە ڕێگای سیمبۆلی باوکەوە دیاری دەکرێت. کچ لە دایکەکەی خۆی نەک ئەم ژنە دەبینێت، بەڵکوو ئەو ڕۆڵە دەبینێت باوکسالاری بۆ ژنی داڕشتووە. ئەمە کچ لە دایک دوور دەخاتەوە، لە هەمان کاتدا کچ ناتوانێت لە دایکەکەی یاخی بێت، چونکە یاخیبوون لە دایک، مانای یاخیبوون لە بتێکی پیرۆز دەگەیەنێت. ئەمەش جۆرێک لە گەمارۆی دەروونی دروستدەکات و دەبێتە هۆی کوشتنی ئیرادەی یاخیبوون لە ناخی کچەکەدا. کچ لە ماوەیێکی درێژی ژیانی خۆیدا لە بەرامبەر دایکەکەیدا، لە دۆخێکی نیزیک لە قوربانیبوونی سیاسیدا دەبێت. ئەو ناتوانێت ئازاد بێت لە ژیانی خۆیدا، چونکە ئازادییەکەی مانای دەرکردنی دایکەکەیە.

بۆیە، تێکشکاندنی ئەم بتە هزرییە، یەکەمین هەنگاوی ڕاستەقینەیە بەرەو ئەوەی ژنی کورد خۆی وەک سوبژێکتێکی ئازاد و خاوەن ئارەزوو لە دەرەوەی ڕۆڵە سەپێنراوەکانی باوکسالاری بدۆزێتەوە. لێرەدا دەبێت لە خاڵێکی هزری ناسک بوەستین. شکاندنی بتی دایکایەتی، ڕەتکردنەوەی خۆشەویستیی نێوان دایک و منداڵ نییە، بەڵکوو ئازادکردنی ژنە لەو زیندانە ئایدیۆلۆژییەی ناچاری دەکات تەنها لە ڕێگەی قوربانیدانێکی بێکۆتاییەوە بوونی خۆی بسەلمێنێت. ئێمە دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان ئەو خۆشەویستیە ڕەسەنە زیندووە پەیوەندی دایک و منداڵ لە بنەڕەتدا هەیبێت، و ئەو زنجیری ئایدیۆلۆژییەی سیستەمی باوکسالاری بەرەو ئەم پەیوەندییە ڕەسەنە دەیدرکێنێت. خۆشەویستی ڕەسەن، خۆشەویستییەکە دایک دەتوانێت لە شادییەکەی خۆیدا، لە داهێنانەکەی خۆیدا، لە ژیانی ئازادی خۆیدا، منداڵەکانی خۆی خۆش بوێت. بەڵام خۆشەویستیی زنجیرکراو، ئەو خۆشەویستییەیە دەبێت لە قوربانبوونی هەمیشەیی، لە بێدەنگی هەمیشەیی، لە پەلاماردانی خۆی هەمیشەییدا دەربکەوێت. یەکەم خۆشەویستی، ژن و منداڵ هەردووکیان ئازاد دەکات. دووەم خۆشەویستی، ژن و منداڵ هەردووکیان دەبەستێتەوە.

لێرەدا دەبێت پرسیارێکی سیاسی زۆر گەورە بکەین. ئایا شۆڕشە کوردییەکان بۆ ئازادیی نەتەوە هەرگیز پرسیاریان لە دایکی کورد کرد؟ ئایا ئەو کاتەی کوڕی خۆی وەک شەهیدێک دانا لە پێناو نەتەوە، کەس لێی پرسی چۆن؟ چۆن هەست دەکەیت؟ ئایا تۆ توانای بێزار بوونی لە کوڕی خۆت هەیە بەرامبەر بەم قوربانبوونە؟ ئایا مافی ئەوەت هەیە بێزار بیت؟ ئایا مافی ئەوەت هەیە کاتێک ئەوانی تر ستایشی کوڕەکەت دەکەن، تۆ لە ناخی خۆتدا هەست بە خەفەت و توڕەیی بکەیت؟ کۆمەڵگەی کوردی، نەیدەتوانی ئەم پرسیارانە بکات، چونکە دایکی کورد پێش هەموو ژنێک، هێمای پیرۆزی نەتەوە کرابوو، هێمای ئەو ژنەیە فرمێسکەکەی خۆی وەک باج دەدات بۆ ئازادیی نەتەوە. ئێمە دەیان ساڵە فرمێسکی دایکی شەهیدی کوردمان لە شیعر و ستراناتی نیشتیمانی ستایش کردووە، بەڵام هەرگیز مافی نەخوستنی ئەم فرمێسکەمان نەداوە. ئازادیی ژنی کورد، نەک تەنها لە قوربانی سڕدنی ئازادییە دەرکراوە، بەڵکوو لە قوربانی سڕدنی توڕەییەکەیشە. دایکی کورد مافی توڕەبوونی هەبێت لە کوڕی شەهیدی خۆی، لە نەتەوەیێک کوڕی خۆی لێی داوا کردووە، لە پیاوێک کوڕەکەی بۆ شەڕ نێردووە. ئەم توڕەییە پیرۆزە. ئەم توڕەییە یەکەم دەرگای مرۆڤ بوونەکەیە.

دایکایەتی پێویستە لە دامەزراوەیەکی کۆنترۆڵکەرەوە بگۆڕێت بۆ ئەزموونێکی ئازادانەی مرۆیی. چونکە ئازادبوونی نەتەوەیەک لە چەقبەستوویی مێژوویی، تەنها بە پیرۆزکردنی فرمێسکی دایکەکان نابێت، بەڵکوو بە ڕێگەدان بەوە دەبێت وەک مرۆڤێکی تەواو، خاوەنی خەونی زانستی و سیاسیی خۆیان بن و بە ئازادی بژین. لێرەدا فەیلەسوفە فێمینستەکە ئادرین ڕیچ، لە کتێبی خۆی لە دایکبوونەوە، بەبیرمان دەهێنێتەوە کە کۆمەڵگە پیشەسازییەکە جیهانی داهێنانی بۆ پیاوان تەرخان کردووە و جیهانی دایکایەتی بۆ ژنان. ئەم جیاکارییە دووگرەکییە، بونیادی مۆدێرنیتەیە. بەڵام ژنی کورد لە کاتێکدا بۆ ناو مۆدێرنیتە دەچێت، ناچار دەکرێت بۆ چوارچێوەی نەریتی و مۆدێرنی، هەردوکیان لە یەک کاتدا خزمەت بکات. ژنی کورد ئەم دووئەرکەی هاوکاتیی ناتوانێت هەڵبگرێت. یاخود دەبێت بەگوێرەی نەریت بژی و بە ماڵدا سنووردار بێت، یاخود دەبێت بەگوێرەی مۆدێرنیتە بژی و لە هەردوو کارگە بەرهەم بهێنێت. لە هیچ حاڵەتدا، ژیانی خۆی بۆ خۆی نییە. ئازادیی ژنی کورد لە سەدەی بیست و یەکدا، پێویستی بەوە هەیە هەم لە زنجیری نەریتی، هەم لە زنجیری مۆدێرنی، هەم لە زنجیری پیرۆزکراوی دایکایەتی، بەیەکەوە ئازاد ببێت. تەنها ئەو کاتەی ژنی کورد لە وەهمی پیرۆزیی ساختە ڕزگاری دەبێت، دەتوانێت ئازادییە ڕاستەقینەکەی تام بکات و پاشەکشە بەو ماشێنی سەرکوتکارییە بکات سەدان ساڵە لە ژێر ناوی پیرۆزیدا ڕۆحی دەهاڕێت.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک