|
١٩\٧\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٢٤
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
بەرگی نەرێت وەک قەڵغانی
جەستەی ژن.
لە وێستگەی پێشوودا، بێدەنگییە مێژووییەکە ژنی کورد و تەڵزگەی
بازاڕگەرایی ڕەسەندۆزیمان خستە ژێر نەشتەرگەرییەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە
ڕوو بکەینە ئەو ڕووبەرە فیزیکییەی ئەو بێدەنگییەی لەناو خۆیدا
هەڵگرتووە و بەرجەستە کردووە، جەستە و بەتایبەتیتر، ئەو بەرگەی جەستەی
تێدا زیندانی کراوە. لە هزر و فەلسەفەی هاوچەرخدا، پۆشاک تەنها پارچە
قوماشێک نییە بۆ پاراستنی مرۆڤ لە سەرمای زستان و گەرمای هاوین، بەڵکوو
دامەزراوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێجگار ئاڵۆزە. لێرەدا دەبێت لە
بنەڕەتەوە دەستپێبکەین. لە مێژووی هزری ئەنترۆپۆلۆژیدا، بەرگ یەکێک لە
سەرەتایترین داهێنراوەکانی دوا قۆناغی پێش-مێژووە دامودەزگە
کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمیهێنابێ. ئەم نەخشە کەلتوورییە لەو ڕۆژەوە
دەستیپێکرد مرۆڤ لە شاخەکانەوە هاتە خوارەوە، بەرگ پێش زمانی نووسراو،
پێش یاسا، پێش دەوڵەت هاتە دنیاوە.
فەیلەسوفی بلگاریی-فەڕەنسی تزڤتان تۆدۆرۆڤ ئاماژەی بەوەکردوە، بەرگ لە
بنەڕەتدا سیستەمێکی وشەییە، پێشئەوەی مرۆڤ زمانی نووسراوی هەبووبێت،
بەرگی وەک زمان بەکارهێناوە. لێرەدا ئێمە پێویستمان بەوەیە بەرگ نە وەک
شتێکی لاوەکیی سەیر بکەین، بەڵکوو دەبێ وەک دامەزراوەیەکی هەرە
بنەڕەتیی ئیدارەکردنی جەستەی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا بیبینین. لە
ئەنترۆپۆلۆژیای جەستەدا، دەگوترێت هەر کۆمەڵگەیەک هەر شتێکی خۆی بۆ
گرنگ بێت، وەک کۆدێک دەیخاتە سەر جل و بەرگەکەی و دەینووسێت. بۆیە
بەرگی نەرێتی ژنی کوردی، نەک تەنها شتێکی داهێنراوی دارەکی، بەڵکوو
ئەنسکلۆپیدیایێکە پێویستە بەوردی بخوێنرێتەوە.
فەیلەسوفی فەڕەنسی میشێل فۆکۆ، کاتێ قسە لەسەر بایۆپۆلەتیک، سیاسەتی
ژیان و دیسپلینکردنی جەستە، دەکات، پێماندەڵێت دەسەڵات پێویستی بەوە
نییە هەمیشە بە زەبری هێز و شمشێر کۆنترۆڵی مرۆڤەکان بکات، بەڵکوو لە
ڕێگەی سەپاندنی نۆرمەکانی ڕۆژانەوە، لەوانەش پۆشاک و چۆنیەتیی دەرکەوتن،
جەستەکان دیسپلین دەکات و دەیانکاتە جەستەیەکی گوێڕایەڵ و کەویکراو.
فۆکۆ لە کتێبی چاودێری و سزا'دا، شیکارییەکی گەورە لەسەر ئەوەی چۆن
کۆمەڵگە هاوچەرخ، لە ڕێگەی دیسپلینەوە کار دەکات، پێشکەش دەکات.
دەسەڵاتی هاوچەرخ ئەندازە جەستەییەکان لە ناوکەوە ڕێکدەخات، جۆری
هەنگاونان، شێوازی سەربڵندکردن، شێوازی هەستان و دانیشتنەوە، جۆری
هەناسەدان، هەموو ئەمانە دیاری دەکات. بەڵام ئێمە دەبێت خاڵێکی نوێ لەم
شیکارییەدا زیاد بکەین. کۆمەڵگە کوردی، لە بەرامبەر ژندا، هەم
بایۆپۆلیتیکی مۆدێرن بەکار دەهێنێت، هەم بایۆپۆلیتیکی نەرێتی. ئەم
دووانە کاتێک لە یەکتاکدا کۆدەبنەوە، ئازارێکی بێئەندازە بۆ ژنی کورد
بەرهەم دەهێنن. لە لەیەکەوە، نەرێتی خێڵگەرایی پێیدەڵێت پۆشاکی درێژ
لەبەر بکە، سەرتداپۆشە، تووتەیی یان لاساییکارەوە نەبن. لە لایەکی
ترەوە، بایۆپۆلیتیکی مۆدێرن پێیدەڵێت جوانبە، لاوازبە، ڕازاوەبە،
پۆشاکی مۆدرێن بپۆشە، سەرنجڕاکێشبە. ژنی کوردەواری هاوچەرخ لە یەککاتدا
لە هەردوو ئاسۆدا دیسپلینکراوە. ئەم دوورەگییە، خستوویەتییە دۆخێکی
سایکۆلۆژی ترسناک، دۆخێک تیایدا هەرگیز ناتوانێت جەستەی خۆی بۆ خۆی
بسازێنێت و ئاڕاستە بکات.
لە کۆمەڵگەی باوکسالاریدا، بەرگی نەرێتی وەک قەڵغانێک بەسەر جەستەی
ژندا دەسەپێنرێت. پاساوە ئایدیۆلۆژییەکە هەمیشە ئەوەیە ئەم قەڵغانە، ژن
لە چاوی تێپەڕی بێگانە و مەترسییەکانی دەرەوە دەپارێزێت و شکۆی
دەپارێزێت، بەڵام لە واقیعە سۆسیۆلۆژییەکەدا، ئەم قەڵغانە دیواری
زیندانێکی گەڕۆکی جەستەیەتی، حەز و بوونە سەربەخۆکەی ژنی تێدا
خنکێنراوە. لێرەدا دەبێت لە خاڵێکی هزری زۆر هەستیاردا بوەستین. قەڵغان
لە هزری سیاسیدا، هەردەم دوو ڕوو هەیە. هەم دژە مەترسی و هەم بەرگری
بێت. بەڵام کاتێک قەڵغان لە جەستەی قوربانیی مەترسی دەبەسترێت،
دەگۆڕدرێ بۆ ئامرازی مەترسی. ئێمەی کورد دەبێت پرسیارێکی گەورە بکەین.
ئەگەر مەترسییەکە لە دەرەوەیە، لە چاوی بێگانەیە، لە سەربازی داگیرکەرە،
بۆچی قەڵغانەکە تەنها لە جەستەی ژندا بەستراوبێ نەک لە سنووری وڵات یان
لە شەقامەکاندا؟ چونکە کۆمەڵگەی باوکسالار لە ڕاستیدا نایەوێ ژن لە
مەترسی بپارێزێ، بەڵکوو دەیەوێ ژن لە بوونی خۆیدا بپارێزێ. مەترسی،
پاساوێکە و کۆنترۆڵ، ئامانجەکەیەتی.
لێرەدا پێویستە پەنا ببەینە بەر ڕۆلان بارت و تێزە قووڵەکانی لەسەر
سیمیۆلۆژیای پۆشاک. بارت لە شاکارە فەلسەفییەکەیدا، شیکاریی نیشانەی
مۆدەی لەسەر ئەو حەقیقەتە کردوە، هەر جۆرێک لە پۆشاک، سیستەمێکی
زمانەوانییە و پەیامێک دەگەیەنێت. لای بارت، پۆشاک لە کۆمەڵگەی
هاوچەرخدا نەک هەر شتێکە بۆ ڕازاوەیی، بەڵکوو زمانێکە پێش-زمان قسە
دەکات. کاتێک ژنێک بەرگێکی دیاریکراو لەبەر دەکات، پێش ئەوەی دەم
بکاتەوە بۆ قسەکردن، دەیان پەیامی گەیاندووە بۆ ئەوانی دەوروبەری. بۆیە
پۆشاک، پەیمانێکی سۆسیۆلۆژی هەڵدەگرێ پێش هەموو گفتوگۆیەک. بەرگی
نەرێتیی ژن لە چوارچێوەی ئەخلاقیاتی خێڵەکی و پیاوسالاریدا، پەیامێکی
زۆر ڕوونی هەیە، ئەم جەستەیە موڵکێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو
خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پیاو، باوک، برا، یان مێرد. ئەم پەیامە
هەرگیز بە دەم نایگوترێت، بەڵکوو لە کاتی ڕۆیشتنی ژن بە کووچە و کۆڵان
و شەقامەکاندا، پێش ئەوەی هیچ کەس قسەیەک بکات، بە هەموو کۆمەڵگە
وتراوە. ئەو قەڵغانە قوماشییەی بە ناوی شەڕەف و ئابڕووەوە ژن دادەپۆشێ،
لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی خودی ژنەکە نییە، بەڵکوو پارێزگارییە لە شوناس
و سەرمایەی کۆمەڵایەتیی پیاوەکە لەناو کایەی گشتیدا. لێرەدا فەیلەسوفی
ئەڵمانی گیۆرگ زیمل، لە شیکارییەکەیدا لەسەر مۆدە، ئاماژەی بەوە کردوە
پۆشاک هەمیشە دوو کار لە یەککاتدا ئەنجام دەدات، دەبەستێت و جیا
دەکاتەوە. تاک بە پۆشاکی خۆی، خۆی بەوانەوە بەستۆتەوە هاوپۆشاکی خۆنی و
جیادەکاتەوە لەوانەی جیاواز لە خۆی پۆشیوویەتی. لە کۆمەڵگە کوردیدا، ژن
بە پۆشاکی نەرێتی خۆی، خۆی بەستۆتەوە بەو کۆمەڵگە پیاوسالارییەی خۆی
وەک ژنی خانەوادە پێناسە دەکات و جیای کردووەتەوە لە ژنانێک لە دەرەوەی
چوارچێوەی نەرێت دەژین. ئەم پرۆسەیە هەرگیز بێلایەن نییە، هەمیشە هێزی
کۆمەڵایەتی-سیاسی پشتیەتی.
کۆمەڵناسی فەڕەنسی پیێر بۆردیۆ، ئەمە بە توندوتیژیی سیمبۆلی ناودەبات.
توندوتیژییەک ئەوەندە بە نەرمی و لەژێر ناوی ڕێز، حورمەت و
ڕەسەنایەتیدا کار دەکات و دەسەپێنرێت، بە جۆرێک قوربانییەکە، ژن، خۆی
دەبێتە پارێزەری سەرسەختی ئەو قەڵغانەی لە واقیعدا زیندانی کردووە. ژن
لە ڕێگەی پەروەردەی کۆمەڵایەتییەوە فێر دەکرێت سەرمایە و بەهای ئەو
لەناو ئەو قەڵغانەدایە و دەرچوون لەو چوارچێوەیە، یەکسانە بە
هەڵوەشانەوەی بوونە کۆمەڵایەتییەکەی و کەوتنە بەر نەفرەتی گشتی. لێرەدا
دەبێت پرسیارێکی تر بکەین، کۆمەڵگە کوردی هەرگیز نەیویستووە ڕوبەڕووی
ببێتەوە. ئەگەر ئەم پۆشاکە بۆ پاراستنی ژن نییە، بۆچی کاتێک ژنێک تووشی
توندوتیژی سێکسی دەبێت، یەکەم پرسیار لێیدەکرێت ئەوەیە چ پۆشاکێکت
لەبەر کردبوو؟ ئایا ئەمە پاساو نییە بۆ ئەوەی توندوتیژی بخرێتە ئەستۆی
خودی قوربانییەکە، نەک ئەستۆی پیاوی توندوتیژ؟ ئایا ئەمە دەرکەوتنی
ڕاستەقینەی ئەو حەقیقەتە ئاشکرایە نییە پۆشاک هەرگیز بۆ پاراستن نەبووە،
بەڵکوو بۆ ئازادکردنی پیاو بووە لە بەرپرسیارییەتی؟ کاتێک ژن پێش
تووندوتیژی دەبێت پۆشاکی درێژ لەبەر بکات، پیاو پێش توندوتیژی هیچ
کاتێک نەبووە بەرپرسیاری کۆنترۆڵکردنی ئارەزووەکانی خۆی هەڵبگرێ.
کۆمەڵگەی باوکسالار، بە درێژایی سەدانێکە پیاوی لە بەرپرسیاریی ئارەزوو
ئازاد کردووە و ژنی کردووە بە بەرپرسیار بەرامبەر بە وروژاندنی غەریزە
و ئارەزووی هەموو کۆمەڵگە. ئەمە خۆی، توندوتیژیەکی سیمبۆلی بنەڕەتییە.
کاتێک جەستە لەژێر باری گرانی ئەم قەڵغانە نەرێتییەدا دادەپۆشرێت،
پەیوەندیی دیاردەناسیی ژن بە جیهانی دەوروبەرییەوە دەگۆڕێ. مۆریس
مێرلۆ-پۆنتی پێماندەڵێت ئێمە لە ڕێگەی جەستەمانەوە جیهان ئەزموون
دەکەین، جەستە تەنها هەر شتێک نییە لەناو جیهاندا، بەڵکوو ناوەندی
بینین و هەستکردن و ئاراستەبوونیشمانە. بەڵام کاتێک کۆمەڵگە جەستەی ژن
وەک سەرچاوەی شەرم و عەورەت پێناسە دەکات و بەناوی نەرێتەوە ناچاری
دەکات بیشارێتەوە، لە ڕاستیدا پەیوەندییە ئۆنتۆلۆژییەکەی ژن بە
جیهانەوە دەشێوێنێ. لێرە با لە دیاردەیەکی ترسناکی سایکۆلۆژیدا بوەستین.
کاتێک تاکێک بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ناچار دەکرێت جەستەی خۆی بشارێتەوە،
جەستەی بۆی دەبێت بە شتێکی نامۆ. دەروونشیکاری بریتانی-پوڵندی
کریستۆفەر بۆلاس، لە شیکارییەکدا لەسەر جەستە و مێشکی نەخوێندراوە،
ئاماژەی بەوە کردوە کاتێک تاک لە خۆ دەرخستنی جەستەی خۆیدا سنووردار
دەکرێ، جەستە لە دیدی ئەودا دەبێت بە شتێکی نامۆ، واتا چیتر ئەو ژنە لە
ژیانی خۆیدا هەرگیز ناتوانێت جەستەی خۆی وەک بەشێکی ڕەسەنی خۆی ببینێت،
بەڵکوو جەستە دەبێت بە شوێنی گومان و ترس و شەرم. کاتێک ژنی کورد سەدان
ساڵە ناچار کراوە جەستەی بشارێتەوە، ئەو جەستەی بۆ بووە بە شتێکی
نەخوێندراوە، بە شتێکی ترسناک، بە شتێک ناتوانرێت بە خۆی ئاشنا بێت.
سیمۆن دی بۆڤوار لە کتێبی ڕەگەزی دووەمدا بە قووڵی درکی بەم کارەساتە
کردووە، ژن لەبری ئەوەی جەستەی خۆی وەک ئامرازێکی سەربەخۆ بۆ کەشفکردنی
جیهان و خۆگوزارشتکردن بەکاربهێنێ، هەمیشە هەستدەکات جەستەی شتێکی
مەترسیدارە و دەبێ لە چاوی ئەویتری پیاودا بیشارێتەوە و بیپارێزێ. ئەم
دۆخە، جۆرێک لە پارانۆیا و دوودڵیی بەردەوام لای ژن دروستدەکات، ئەو
هەمیشە دەبێت لە دادگایەکی ناوەکیدا چاودێریی جووڵە، دانیشتن، پێکەنین
و دەرکەوتنەکانی خۆی بکات نەکا لە سنوورەکانی قەڵغانەکە تێپەڕێت و
پیاوسالاری توڕە بکات. لێرەدا فەیلەسوفی فێمینست بە ڕەچەڵەک ئەمریکیی
ئایریس ماریۆن یانگ، لە بابەتی خۆشەویستی خۆی، فڕێدانی وەک ژن،
شیکارییەکی ناوازەی لەسەر ئەو حەقیقەتە کردوە چۆن ژن جەستەی خۆی
بجوڵێنێت. یانگ دەڵێت ژن لە کۆمەڵگەی باوکسالاردا فێر دەکرێت جەستەی
خۆی وەک شتێکی سنووردار بجوڵێنێت. دەست درێژ ناکات وەک پیاو، باڵەکانی
وەک پیاو بۆ فڕین لێکنادات، ئەو بەردی گەورە وەک پیاو فڕێنادات. نەک
لەبەر ئەوەی جەستەیی توانای ئەم کارانەی نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی
کۆمەڵگە پێیوتووە کاری ژن ئەم شتانە نییە. لە کۆمەڵگە کوردیدا، ژن نەک
هەر جەستەی خۆی وەک شتێکی سنووردار دەجوڵێنێت، بەڵکوو تەنانەت وشە و
هەناسە و خەندەکانیشی سنووردار دەکات. ژنە نەرێتی کوردی، بۆ ئەوەی بە
ژنی چاک بژمێردرێت، دەبێت بە دەنگی نزم بدوێت، بە دەم بەستراوییەکەوە
پێبکەنێت، بە شێوازێکی سنووردار هەڵسێت و دانیشێ و پێشوازی لەو میوان و
کەسانەش بکات خزمەتیان دەکات لە ماڵەکەدا، ئەم پرۆسەیە، هەموو جەستەی
ژنی کوردی کردوەتە زیندانێک لە ناو زیندانی بەرگ و پۆشاکدا.
با لێرەدا پرسیارێکی سیاسی بووروژێنین. کاتێ شۆڕشە کوردییەکان دەرکەوتن،
ژنی پێشمەرگە پۆشاکی پیاوانی لەبەر کرد، جل و بەرگی خێزانی جێهێشت.
ئایا ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی ژنێتی بوو، یان شۆڕشی سۆسیالیستی بوو
بەدواکاریی ژن دەبوو بە هاوەڵی هاوتای پیاو، ئەگەرچی لە ماڵدا هێشتا
هەمان دۆخی نەرێتی مابوو؟ فەیلەسوفی فێمینست فەڕەنسیی کریستین دولفی،
لە شیکارییەکدا سەبارەت بە شۆڕشە ئازادیخوازە نەتەوەییەکان دەڵێت
زۆربەی ئەم شۆڕشانە لە قۆناغی خەباتدا ژنیان بەکار هێناوە وەک
هاوسەنگەری هاوتا، بەڵام لە قۆناغی ئاسایی پاش سەرکەوتندا، ژنیان
گەڕاندووەتەوە ناو ماڵ. کوردستان لەم پەیوەندییەدا نموونەیێکی زیندووە.
ژنە پێشمەرگە لە کێوکاندا، جل و بەرگی خەبات و تێکۆشانی هاوتای پیاوانی
لەبەر دەکرد و کاڵاشنیکۆفی هەڵدەگرت. بەڵام کاتێک لە شاخ گەڕایەوە بۆ
شار، ژن ناچار کرا هەمان بەرگی نەرێتی لەبەر بکاتەوە. ئێمە دەبێت لەم
پارادۆکسە ئازاد ببین. ئازادیی ژن نە لە پۆشاکی خەباتدایە، نە لە بەرگی
نەرێتدا، بەڵکوو لە توانای هەڵبژاردنی ژن خۆیدایە بۆ پۆشاکی خۆی، بەبێ
ئەوەی کۆمەڵگە بۆی دیاریبکات چ بپۆشێت لە کوێدا و کەی.
ئێمە بۆ ئەوەی بگەینە ئەو فەلسەفە ژنانەیەی لە وێستگەکانی داهاتووی ئەم
نەشتەرگەرییەدا ئامانجمانە بونیادی بنێین، دەبێ ئەم تێڕوانینە سەقەتە
بۆ جەستە و پۆشاک لە بنەچەوە هەڵبوەشێنینەوە. فەیلەسوفی
بلگاریی-فەڕەنسیی جولیا کریستێڤا، لە شیکارییەکیدا دەڵێ کۆمەڵگە دەیەوێ
بەشێک لە جەستەی خۆی ڕەتبکاتەوە، وەک شتێکی نزم و شەرمهێنەر. لە
کۆمەڵگەی باوکسالاریدا، جەستەی ژن، بەتایبەت لە قۆناغی هاتنی حەیزیدا،
لە پێستی ژن، لە بۆنی ژن، لە شێوازی جەستەیی ژن، هەموو ئەبجێکت دەکرێت.
کۆمەڵگە دەیەوێت ئەم شتانە نەبیستێت، نەبینێت، نەبۆیێت. لێرەدا بەرگی
نەرێتی، ئامرازی ئەم ئەبجێکشنە کۆمەڵایەتییە بۆ جەستەی ژن. کاتێک بەرگ
دەبێ بە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی جەستە، جەستە خۆی دەبێ بە شتێکی ئەبجێکت.
ژنە کوردی ئازاد، دەبێت ئەم ئەبجێکشنە هەڵبوەشێنێتەوە، دەبێت جەستەی
خۆی وەک بەشێکی ڕەسەنی خۆی بگەڕێنێتەوە. قەڵغانی نەرێت، قەڵغانێک نییە
بۆ بەرگریکردن لە شکۆی ژن لە بەرامبەر ستەمی دەرەکیدا، بەڵکوو
ئامرازێکی ناوخۆییە بۆ سەپاندنی ستەمەکە بەسەر خودی ژن خۆیدا، تا ئەو
ئاستەی خۆی ببێتە پۆلیسی خۆی.
ئازادکردنی جەستە، هەرگیز نابێت بە مانای کاڵاکردنی لە بازاڕی
سەرمایەداری و خستنەڕوویەکی پۆپۆلیستییانە وێنابکرێ و بخوێندرێتەوە و
بناسرێ، هەروەک چۆن لە ستوونی پێشوودا ڕەخنەمان لە نمایشکردنی ژن گرت،
بەڵکوو بە مانای گەڕاندنەوەی مافی خاوەندارێتی و سوژەییەوە بۆ خودی
ژنەکە. جەستە دەبێت لە مەیدانی جەنگی شەڕەفی پیاو و خێڵدا، ببێتەوە بە
نیشتمانی ئازادی و هۆشیاریی خۆی. مافی هەڵبژاردن مانای ئەوە نییە هەموو
کەس دەبێت یەک جۆر جل لەبەر بکات. ژنێکی کورد هەیە بە هەڵبژاردنی خۆی،
بەرگی نەرێتی لەبەر دەکات، چونکە ئەم بەرگە بۆی مانای هەڵگری چیرۆکی
نەتەوەی هەیە، مانای پەیوەندی لەگەڵ دایکی مێژوویی هەیە. ئەم ژنە، لە
ئازادیدا ئەم بەرگە هەڵدەبژێرێت، نەک لە زۆردا. ژنێکی تری کورد هەیە،
بەرگێکی هاوچەرخ لەبەر دەکات، چونکە هەست دەکات ئەم بەرگە دەرکەوتنی
ژیانی ئێستایە. ئەم ژنیش، لە ئازادیدا هەڵبژاردنی خۆی دەکات. کێشەکە
بەرگ نییە، کێشەکە زۆرەملێییە. کاتێک ژن ناچار دەبێت بەرگێک لەبەر بکات
خۆی هەڵینەبژاردووە، ئەم بەرگە دەبێت بە زیندان. کاتێک ژن دەتوانێت
بەرگی خۆی هەڵبژێرێت، ئەم بەرگە دەبێت بە دەرکەوتن.
کاتێک ژن لە وەهمی ئەم قەڵغانە نەرێتییە و ترسە کەڵەکەبووەکانی ڕزگاری
دەبێ، ئەو کاتە دەتوانێت بەرگێک بپۆشێت گوزارشت لە بوون، ئیرادە و
جوانیی نەکەوتووی خۆی بکات، نەک لە ترس، شەرم و ڤیستڤاڵی ساڵانەی
باڵاپۆشکردنی ئایدیۆلۆژی و بێدەنگییەکی سەپێنراو. لێرەدا بە پرسیارێکی
چارەنووسسازی هزری، کۆتایی بەم ستوونە دەهێنین. ئایا ئێمەی کورد
دەتوانین کۆمەڵگەیەک دابهێنین تیایدا ژن بتوانێت خۆی بەرگی خۆی
هەڵبژێرێ، بێئەوەی هەڵبژاردنەکەی خوێندنەوەیەکی سیاسی و ئەخلاقی بەدوای
خۆیدا بهێنێت؟ ئایا ئێمە دەتوانین بگەینە ئەو ئاستە هزرییەی ژنێک بەرگی
درێژ لەبەر بکات، بەو جۆرە نەخوێنرێتەوە ئەو ژنە نەرێتیی و پاسیڤە،
ژنێک بەرگی هاوچەرخ لەبەر بکات، وا نەخوێنرێتەوە یاخی بووە لە نەریت؟
کاتێک بەرگ لە بارگرانیی سیاسی و سیمبۆلی خۆی ئازاد بێت و ببێت بە
هەڵبژاردنێکی ڕەسەنی تاک، لەو ساتەدا بۆ یەکەمجار دەتوانین بە خۆمان
بڵێین ئێستا کۆمەڵگەیەکی ئازادمان هەیە.
لە ستوونی داهاتوودا، نەشتەرەکەمان لەم جوگرافیا ناوخۆییەی جەستە و
نەرێتەوە دەگوازینەوە بۆ ڕووبەرە گڵۆباڵییەکە و دەچینە ناو ئەو
پێکدادانە هزرییە قووڵەی ژنی ئازاد تێیدا لە نێوان دوو بەرداشی گەورەدا
گیریخواردووە، ئۆرینتالیزم - ڕۆژهەڵاتناسی لە لایەک و مۆدێلی ئامادەی
فێمینیزمی ڕۆژئاوایی لە لایەکی ترەوە.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|