په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٧\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٢٥

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

ئازادی ژن لە نێوان ئۆرینتالیزم و فێمێنیزمی ڕۆژئاواییدا.


پەڕینەوەمان لە جوگرافیا ناوخۆییەکەی جەستە و پۆشاک، بەرەو ڕووبەرە گڵۆباڵییەکان، دەمانخاتە بەردەم قەیرانێکی ئۆنتۆلۆژی و هزریی ئێجگار ئاڵۆزتر. کاتێک ژنی کورد لە عەقڵییەتی باوکسالاری ناوخۆیی بڕیار دەدات یاخی بێت، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ناو کێڵگەیەکی مینڕێژکراوی ئایدیۆلۆژییەوە، کێڵگەیەکی بەرینی ناو دوو بەرداشی گەورە. چۆن؟ تراژیدیای ژنە هاوچەرخی کورد ئەوەیە، ئەو بۆ ڕزگاربوون لە زیندانێکی سەرەکی، ناچار دەکرێت لە نێوان دوو زیندانی جوانکاراوی نوێدا، یەکێکیان هەڵبژێرێت. ئەم دیاردەیە لە هزری پۆست-کۆلۆنیاڵی هاوچەرخدا وەک تراژیدیای هەڵبژاردنی ئازادی سنووردار پێناسە کراوە، دۆخێک تیایدا ئازادی هەڵبژاردن هەیە، بەڵام تەنها لە نێوان دوو بژاردە و دوو زینداندا. ئێمە کچە کوردە ئازادەکان، ئەوانەی لە نەریتی خێزان و خانەوادەکەی خۆیان هەڵاتوون دەبینین، چۆن دواتر کەوتوونەتە ناو دامێکی نوێی سۆشیاڵ میدیای ڕۆژئاوایی و فێمێنیزمی لیبراڵی سەرمایەداری. لە بەرداشێکدا، نەرێت پێیدەڵێت باڵاپۆشبە، یان پۆشاکی درێژ لەبەر بکە، لە بەرداشەکەی تردا، ڕۆژئاوا پێیدەڵێت خۆتبە و چۆنتدەوێ ئاوا، ڕێک بەو جۆرە ڕەفتار بکە و خۆت ڕووت و ڕوونبکەرەوە. بەرداشی نەرێت پێیدەڵێت بۆ خانەوادە بژی، بەرداشی ڕۆژئاوا پێیدەڵێت بۆ کاریگەری فەردی بژی. لە هەردوو حاڵەتدا، ژن خۆژیاو نییە و هەرگیز بۆ خۆی ناژییەت.

هەڵەیەکی کوشندەی میتۆدۆلۆژی و سیاسییە گەر پێمانوابێ ڕەتکردنەوەی جیهانبینیی باوکسالاریی کوردی و ڕۆژهەڵاتی، بە مانای خۆبەدەستەوەدان و تەسلیمبوونە بە مۆدێلی فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی. لە ڕاستیدا، فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی بە هەمان ئەندازەی نەریتی خێڵەکی، دەتوانێت ببێتە زیندانێکی نوێ بۆ ژنی کورد، زیندانێک دیوارەکانی نەک هەر لە قوماش و بێدەنگی نین، بەڵکوو لە بە کاڵاکردن و تاکگەراییەکی کوێرانە و وەهم هەڵچنراون. ئازادی ژنی کورد، بۆ ئەوەی بگاتە بکەر و سوبێکتیڤییەتی ڕاستەقینەی خۆی، دەبێت هاوکات و یەکگورز، هەم ئۆرینتالیزمی ڕۆژهەڵاتییانە و هەم فێمێنیزمی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی ڕەتبکاتەوە.

بۆ تێگەیشتن لەم دووفاقییە، با سەرەتا لە ئۆرینتالیزمەوە دەستپێبکەین. بیرمەندی فەلەستینی-ئەمریکی ئێدوارد سەعید، لە شاکارە هزرییەکەیدا، ئۆرینتالیزم، زۆر بە قووڵی ئەوەی ڕوونکردۆتەوە چۆن ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات وەک وێنەیەکی پاسیڤ، سۆزداری، بێئەقڵ و مێینە وێنا دەکات. سەعید لە شیکارییەکەیدا نیشانیدەدات ئۆرینتالیزم، نەک تەنها ڕوانگەیێکی هەڵە یاخود پێشداواکارییەکی ڕۆژئاوایی سادەیە بەرامبەر بە ڕۆژهەڵات، بەڵکوو دەزگەیەکی هزری و سیاسی و مێژوویی گەورەیە بۆ داهێنانی ڕۆژهەڵاتی گوماناوی، ڕۆژهەڵاتێک لە ڕۆژئاوا داهێنراوە بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت. ڕۆژئاوا خۆی وەک عەقڵی، مۆدێرن، ئازاد و پیاوانە پێناسە دەکات، کاتێک ئەم پێناسانە تەنها لە بەرامبەر ڕۆژهەڵاتێکی ساختەی خەیاڵی، پێشمۆدێرن، دەستەمۆ و ژنانە نمایشکراو، مانا پەیدا دەکەن. بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە، خودی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی، تەبعەن بە کوردییەکەیشەوە، ئەم ئۆرینتالیزمەی بە ناوەکی کردووە و لەسەر ژنەکانی خۆی پیادەی دەکات. لێرەدا فەیلەسوفە هیندی-ئەمریکییەکە هومی بابا، لە شیکارییەکدا سەبارەت بە ئۆرینتالیزمی ناوەکی، ئاماژەی بەوە کردوە داگیرکراوەکان، دوای دەیان ساڵ ژیان لە ژێر دیدی داگیرکەردا، دیدەکەی داگیرکەر قبووڵ دەکەن و دواجار بێئەوەی بە خۆیان بزانن بەرامبەر بە خودی خۆیانی بەکاردەهێنن. ئەم دیاردەیەی بابا ناویناوە ڕاڕایی مێژوویی، بەرزترین فۆڕمی داگیرکاری کۆلۆنیالییە. کۆلۆنیزم لە کاتێکدا سەرکەوتوو دەبێت داگیرکراوەکە خۆی وەک داگیرکەرەکەی خۆی بەرامبەر بە خۆی بەکاردەهێنێت.

پیاوی ڕۆژهەڵاتی، خۆی قوربانیی نیگای باڵادەستی ڕۆژئاوایە، کەچی دێت هەمان نیگای سەپێنەر و خاوەندارێتی لەسەر ژنەکەی خۆی تاقیدەکاتەوە. لەم نیگا ئۆرینتالیستەدا، ژنی کورد هەمیشە وەک بوونەوەرێکی بێدەسەڵات، داماو و پێویست بە ڕزگارکەر وێنا دەکرێت. لێرەدا دیاردەیێکی هزری ترسناک هەیە و پێویستی بە شیکاریی وردە. پیاوی هاوچەرخی کورد، لە بەرامبەر ڕۆژئاوا هەست بە کەمی دەکات، هەست دەکات ڕۆژئاوا بە جۆرێک سەیری دەکات ئەو مۆدێرن نییە، ئازاد نییە، باڵا نییە. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم هەستە کەمەکییە، ئەو پیاوە کوردە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆی و ئەم نیگا کەمییەی لەسەر ژن، جا چ هاوسەر، کچ، خوشک یان تەنانەت دایکیشی بێت جێبەجێ دەکات و بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت دەبێت بە ئۆرینتالیستێکی ناوخۆیی. ژنی هاوچەرخی کورد، لە یەککاتدا، لە لایەن دوو ئۆرینتالیزمەوە دەبیندرێت. یەکەم، ئۆرینتالیزمی ڕۆژئاوایی، ئەو وەک قوربانی دەبینێت. دووەم، ئۆرینتالیزمی ناوخۆیی پیاوی خۆی، ئەو وەک ژنی نەریتی سنووردار دەبینێت. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، ژنی کورد وەک خۆی و بۆ خۆی ناخوێنرێتەوە.

ئۆرینتالیزم هەر ئەوە نییە بیانییەک بە چاوی سووک سەیری ژنی کورد بکات، بەڵکوو ئەو کاتەیە دەزگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خۆمان، ژن وەک نامووس و قەڵای شەرەفی نەتەوە، پێناسە دەکەن، بێئەوەی هیچ مافێکی سەربەخۆی پێڕەوا ببینن. گایاتری سپیڤاکی فەیلەسوفی هیندی-ئەمریکیی لە شیکارییەکدا سەبارەت بە یاخیبوونی ژنی ژێردەستە لە کۆمەڵگە کۆلۆنیزەکراوەکاندا، وتەیێکی بەناوبانگی هەیە، پیاوی سپی هەوڵدەدات پیاوی ڕەش-قاڕ لە ژنی ڕەش-قاڕ ڕزگار بکات. ئەم وتەیە کارەکتەرێکی هەرە کوشندەی مێژووی هاوچەرخ دەردەخات. لە کاتی داگیرکاری بریتانی لە هیندستاندا، بریتانییەکان لە هەندێک نەرێتی هیندی وەک ساتی، سووتاندنی بێوەژن لەگەڵ ئەزیزە مردووەکەی، ئەم سوتاندنەیان بەڵگەی نەشارستانی بوونی ڕۆژهەڵاتی وەسفکرد. بەڵام ژنی هیندی خۆی، هەرگیز لە دیالۆگە هزرییەکەدا وەک بکەرێک دەرنەکەوت، تەنها بوو بە هێمای گفتوگۆی نێوان پیاوی داگیرکەری ڕۆژئاوایی و پیاوی داگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی. ژنی کوردیش لە دیالۆگی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگە کوردیدا، هەرگیز خۆی نەبووە، تەنها هێمای گفتوگۆیێک بووە لە نێوان دوو دەسەڵاتدا.

دەی باشە، ئەی ئایا چارەسەر، هەڵاتنە بەرەو باوەشی فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی؟ لێرەدا دەبێت بە دەنگی بەرز و ڕەخنەگرانەوە بڵێین، نا- هەرگیز، نەخێر. فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی، بەتایبەت لە فۆڕمە لیبراڵ و سەرمایەدارییەکەیدا، هەڵگری هەمان لۆژیکی کۆلۆنیاڵیزمە لە فۆڕمێکی نوێدا. بیرمەندی پۆست-کۆلۆنیاڵیست چاندرا تالپادێ مۆهانتی، لە وتارە بەناوبانگەکەیدا - لەژێر چاوی ڕۆژئاوادا، تیشک دەخاتە سەر ئەو حەقیقەتەی چۆن فێمێنیزمی سپیپێستی ڕۆژئاوایی، ژنانی جیهانی سێیەم و ژنی کوردیش لەو چوارچێوەیەدا وەک یەک پاکێجی هاوشێوە و بێ مێژوو دەبینێت، گوایە هەموویان قوربانین و تەنها لە ڕێگەی مۆدێلە ڕۆژئاواییەکەوە دەکرێ ڕزگار بکرێن. ئەمە ڕێک کۆمپلێکسی ڕزگارکەری سپیپێستییە. مۆهانتی ئاماژەی بەوە کردوە فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی، لە شیکاریی خۆیدا بۆ ژنانی جیهانی سێیەم، لە یەککاتدا هەموو ئەم ژنانە یەکدەخات و مێژوو و ئەزموون و پێداویستییە جیاوازەکانیان دەسڕێتەوە. ژنی کورد، ئێرانی، سعوودی، ئەفغانی، سۆدانی، هەموویان لە فۆڕمی ژنە موسڵمانی چەوسێنرادا بە یەک پاکێچ دەبینرێن. ئەم یەککردنە هزرییە، ڕاستەوخۆ خزمەت بە بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکان دەکات. کاتێ هەموو ژنانی جیهانی سێیەم دەکرێن بە یەک، دەکرێ پرۆژە سیاسی-سەربازییە یەکشێوەکان بۆ هەمووان پێشنیاز بکرێن. فەیلەسوفی ئەمریکیی جودیس بەتلەر، لە شیکارییەکدا سەبارەت بە بارودۆخی ژیانی چاوەڕوانکراو، ئاماژە بەوە دەکات هەندێک ژیان لە جیهاندا وەک ژیانی ڕەسەن دەخوێنرێنەوە و هەندێکی تر وەک ژیانی بەرکەوتن. ژیانی ژنی ڕۆژئاوایی سپیپێست، ژیانی ڕەسەنە. ژیانی ژنی کورد، ژیانی بەرکەوتنە. بۆیە ژنی کورد، تەنها لە ڕێگەی ژنی ڕۆژئاوایی سپیپێستەوە دەتوانێت مانای ڕەسەن پەیدا بکات. ئەمە هێمنی سپیپێستییە، لە فۆڕمە فێمینستییەکەیدا.

فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی دەیەوێت ئەو ئەزموونەی ژنانی چینی ناوەڕاستی سپیپێست لە ئەوروپا و ئەمریکا پێیدا تێپەڕیون، بکاتە پێوەری گەردوونی و بەسەر هەموو ژنانی دنیایدا بسەپێنێ. لێرەدا فەیلەسوفی ئەمریکیی ڕەشپێست بێل هوکس، لە شیکارییەکیدا سەبارەت بە فێمینیزمی سپیپێست، دەڵێت فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی، سەدان ساڵە، ژنی ڕەشپێست و ژنی هەژار و ژنی جیهانی سێیەمی دەرکردووە لە شیکارییەکانی خۆی. کاتێک فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی داوای دەکرد ژن پێویستی بە کاری دەرەوەی ماڵ هەیە، بۆ ئازادییەکی ئابووری، ئەو تەنها ئەزموونی ژنی سپیپێستی چینی ناوەڕاستی دەبینی. ژنی ڕەشپێستی ئەمریکایی، لە هەموو مێژووی خۆیدا کاری کردبوو، لە کێڵگە و ماڵی سپیپێستانەوە. بۆ ئەو، کێشەکە کاری دەرەوەی ماڵ نەبوو، کێشەکە دۆخی چەوسانەوەی نەتەوایەتی و چینایەتی بوو. بۆ ژنی کورد، کێشەکە تەنها باوکسالاری ناوخۆیی نییە، بەڵکوو داگیرکاری نەتەوەییە، دەرکراوی سیاسی، ئاوارەیی مێژوویی، هەژاری ئابوورییە. فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی، توانای دیتنی ئەم فرەڕەهەندی چەوسانەوەیەی ژنی کوردی نییە.

ڕەتکردنەوەی ئێمە بۆ فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی، ڕەتکردنەوەیەکی ئیپستیمۆلۆژی، مەعریفی، و ئابوورییە. مۆدێلی ڕۆژئاوایی، ئازادیی ژن لە ئازادیی بەکاربردن، ئازادیی چوونە ناو بازاڕی کار وەک هێزێکی هەرزان و گۆڕینی جەستە بۆ سەرمایەیەک لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا کورت و پوختدەکاتەوە. فەیلەسوفی ئەمریکی نانسی فرەیزەر، زۆر ڕاشکاوانە ڕەخنە لەوە دەگرێت چۆن فێمێنیزمی لیبراڵ بووەتە کارەکەر و هاوپەیمانی نیۆلیبڕالیزم. فرەیزەر لە کتێبی هاوپەیمانی نائاسایی، شیکارییەکی ترسناک دەخاتە ڕوو، فێمینیزمی مۆج دووەم، لە لایەکەوە بۆ ئازادیی ژن دەجەنگا، بەڵام لە لایەکی ترەوە، نەیدەزانی ئەم جەنگە بۆ نیۆلیبراڵیزم زۆر بەکار دەهێنرێ. کاتێک فێمینیزمی لیبراڵ داوای کاری زیاتری ژنی دەکرد، سەرمایەداری فراوان دەبۆوە. کاتێ فێمینیزمی لیبراڵ داوای بازاڕی هاوتای کاری دەکرد، سەرمایەداری هێزی کاری هەرزانتری دەدۆزییەوە. کاتێ فێمینیزمی لیبراڵ داوای ژن پێویستی بە ژیانی خۆی هەیە بەبێ خانەوادەی دەکرد، سەرمایەداری تاکێکی نوێی کڕیاری دەبینی. فێمینیزم، لە فۆڕمە لیبراڵییەکەیدا، هەر گەشەیەکی کردبێ، سەرمایەداریش هەمان ئەو گەشەیەی لەگەڵ ئەودا کردووە. ئەمە هاوپەیمانی نائاساییە. کاتێک فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی پێماندەڵێت ژن ئازادە چونکە دەتوانێ ببێتە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک یان براند بپۆشێت، لە ڕاستیدا خەریکی بەرهەمهێنانەوەی جۆرە سیستەمێکی چەوسێنەرە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتیی ژن دەبڕێتەوە و دەیکاتە مۆنادێکی دابڕاو و تاکگەرای سەرمایەداری.

ئێمە، مرۆڤە زیندووەکانی کورد لە کوردەواریدا، لە ڕەقترین فۆڕمەکانی خێڵگەراییەوە ڕاماننەکردووە، بۆ ئەوەی ببینە کۆیلەی دیجیتاڵی و بەکاربەری بێئیرادەی ناو سیستەمێکی سەرمایەداریی ڕۆژئاوایی. لێرەدا دەبێت لە خاڵێکی هزری زۆر مەترسیدار بوەستین. ئازادیی ژنی کورد، ناتوانێت لە پرۆسەیەکی گواستنەوەی ژن لە قوربانیی نەریت بۆ قوربانیی بازاڕدا کورت بکرێتەوە. ئەم دوو قۆناغە، لە کرۆکدا یەکن، هەردوکیان ژن دەکەن بە ئۆبژێکت، تەنها فۆڕمی ئۆبژێکتبوونەکە جیاوازە. لە یەکەمدا، ژن ئۆبژێکتی نامووسی نەتەوە و لە دووەمدا، ژن ئۆبژێکتی بازاڕی سەرمایەدارییە. ئازادیی ڕەسەن ئەوەیە ژن لە هەردوو ئۆبژێکتبوون ئازاد بێت، ببێت بە بکەری خۆی. لەلایەکی ترەوە، فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی توانای تێگەیشتنی بۆ ئازارە فرەڕەهەندەکانی ژنی کورد نییە. ژنی کورد تەنها قوربانیی دەستی پیاوی کورد-خێڵەکی نییە، هاوکات قوربانیی جینۆساید، داگیرکاریی نەتەوەیی، ئاوارەیی و چەوسانەوەی چینایەتیشە. لێرەدا چەمکی کریمبەرلێ کرێنشا لە شیکاریی هزری فێمینستدا، زۆر پێویستە. کرێنشا چەمکی داکەوتنی چەوسانەوەکانی داهێنا بۆ شیکاریی ئەو حەقیقەتەی ژنی چەوسێنراو، لە یەککاتدا لە چەند لایەنێکەوە چەوسێندراوەتەوە. ژنی ڕەشپێستی هەژاری ئەمریکایی هەم لە ژنبوونەکەیەوە، هەم لە ڕەگەزەکەیەوە، هەم لە چینەکەیەوە، هەم لە زمانەکەیەوە، دەچەوسێنرێتەوە. هەموو ئەم جۆرە چەوسانەوانە کاتێک لە یەکتاکدا کۆدەبنەوە، ئازارێکی نوێ دەخوڵقێنن، ئازارێک نە فێمێنیزمی سپیپێست ئاگای لێیەتی، نە ڕەگەزپەرستە ڕەشپێستەکەیش تێیدەگات. ژنە هاوچەرخی کورد لە داکەوتنی چوار چەوسانەوەدا دەژییەت، چەوسانەوەی ڕەگەزی، نەتەوەیی، چینایەتی، جیۆپۆلیتیکی وەک نەتەوەیێکی بێدەوڵەت. هیچ فێمێنیزمێکی ڕۆژئاوایی خۆی ناخاتە ژێرباری ئەم دۆخەوە و هیچ ئامادەیش نییە لێیتێبگات.
 
کاتێک میدیا و ڕێکخراوە ڕۆژئاواییەکان سەیری ژنی کورد دەکەن، تەنها دوو وێنەیان دەوێت، یان وێنەی قوربانییەکی ئیفلیجکراوی ئەوتۆ پێویستی بە بەزەیی ئەوانە، یان وێنەی شەڕڤانێکی ڕۆمانسی چەکی هەڵگرتووە و بۆ بەرگریکردن لە بەهاکانی ڕۆژئاوا شەڕ دەکات. هەردوو وێنەکە، سڕینەوەی سوژەی ژنی کوردە و بەکارهێنانیەتی وەک کەرەستەیەک بۆ تێرکردنی خەیاڵدانی ڕۆژئاوایی. سارا فەرحان، فەیلەسوفی بریتانیایی-پاکستانی لە شیکارییەکدا سەبارەت بە پۆرنۆگرافیای شەڕی ڕۆژئاوا، ئاماژەی بەوە کردوە ڕۆژئاوا، چەندین سەدەیە، ژنی موسڵمان و ژنی ڕۆژهەڵاتی وەک ئۆبژێکتی خەیاڵانی پۆرنۆگرافیک بەکار هێناوە. ژنانی حەرەمسەرا، سەر و سنگ ڕووت، حیجاب شکاو هەموو ئەم وێنانە خەیاڵدانی سیاسیی ڕۆژئاوایی بوونە بۆ داگیرکاری ڕۆژهەڵات. ئێستا لە دەیەکانی نوێدا، ژنی شەڕڤانی کورد لەم زنجیرەیە زیاد بووە. ڕۆژئاوا ژنی شەڕڤانی کورد وەک شتێکی سەرسوڕهێنەر، وەک ژنێکی ئێکزۆتیک دەبینێت ژنایەتی خۆی گۆڕیوە بۆ چەک، بەڵام لە بنەڕەتدا هەر لە هەمان چوارچێوەی خەیاڵدانی ئۆرینتالیزمدا دەخوێنرێتەوە. ڕۆژئاوا نایەوێت گوێ لە فەلسەفە، توڕەیی و ئیرادەی سەربەخۆی ژنی کورد بگرێت، بەڵکوو دەیەوێت بیکاتە کارەکتەرێک لەناو سیناریۆکانی خۆیدا.

لێرەدا دەبێت پرسیارێکی هزری زۆر ڕەخنەگرانە بکەین، ئەو پرسیارەی زۆر جار لە شیکاری هزری کوردیدا دەخرێتە لاوە. ئایا ئێمەی کورد، لە هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕۆژئاوا، خۆمان بەشێک نەبووین لەم ئۆرینتالیزمی خۆفرۆشییە؟ ئایا هەر خۆمان ژنانی شەڕڤانی خۆمان بۆ ڕۆژئاوا بە بازاڕی نەکردوە، وەک بەڵگەیەک بۆ ئەوەی ئێمە شاڕەستانی ترین لە دراوسێکانمانین؟ ئایا سیاسەتمەدارانی کورد، لە ژنی شەڕڤان خۆی وەک ئامرازی سیاسی و ڕەوایەتی نەتەوایەتی بۆ ڕۆژئاوا بەکارینەبردوە؟ ئازادیی ژنی کورد، پێویستی بەوە هەیە ئێمە خۆشمان ڕوبەڕووی ئەم پرسیارە ببینەوە. ئێمەی کورد لە هەندێجار، ژنی خۆمان بۆ ڕۆژئاوا بە بازاڕیکردووە، وەک ئەوەی سیاسەتمەدارانی جیهانی سێیەم بۆ لە ڕابردوی دووردا کچانی خۆیان بۆ داگیرکەری ڕۆژئاوایی بە بازاڕیدەکرد، بۆ ئەوەی خۆیان بە شارەستانی هەژمار بکەن. ئەمە ڕەقترین ئۆرینتالیزمی خۆفرۆشییە، چونکە خۆشمان لە ئۆرینتالیزمی ڕۆژئاوادا بەشدار بووین.

کەواتە، ڕێگەی سێیەم چییە؟ ئازادیی ژنی کورد دەبێ لەسەر کام زەمینەی هزری پێیەکانی جێگیر بکات؟ ڕێگەی ڕاستەقینە، ڕەتکردنەوەی ئەو دووانە ئۆنتۆلۆژییە مەترسیدارەیە. لێرەدا فەیلەسوفی ئەرجەنتینیی ماریا لوگۆنس، سەبارەت بە فێمینیزمی دیکۆلۆنیاڵ، دەڵێت ڕزگاریی ژنی داگیرکراو، پێویستی بەوەیە ڕەگی هزری خۆی هەبێت، نەک تەنها گۆڕینی چێوەیەکی داگیرکاری بۆ چێوەیەکی تر. لوگۆنس دەڵێت فێمینیزمی دیکۆلۆنیاڵ، پێویستی بەوە هەیە زانیاریی خۆی، شێوازی خۆی، پرسیاری خۆی، لە ڕەگ و ڕیشەی ژنێتی خۆی هەبێت. ئەرکی ڕۆشنبیری ڕاستەقینە بونیادنانی فەلسەفەیەکی ژنانەی ناوخۆییە ڕەگەکانی لەناو مێژووی نەنووسراوی ژنانی خۆ، لەناو بەرخۆدانی ڕۆژانەیان و لەناو ئەو ئازارانەدا بێت لە هیچ کتێبێکی فێمێنیستیی ڕۆژئاواییدا جێگەیان نابێتەوە. ئێمە دەبێت لە ئەرشیفی نەنووسراوی ژنی کورددا، فەلسەفەیەکی ژنانەی خۆمان بدۆزینەوە. لە لاواندنەوەەکانی دایکانەوە، لە بەیتی پیرەژنی گوندەکانەوە، لە دەق و خاڵکوتیی ژنە بەتەمەنەکان، لە نەخشی جل و بەرگی جوانی نەرێتیدا، هزری ژنی کورد سەدان ساڵە بێدەنگ نەبووە، بەڵکوو بە زمانێکی سیمیۆتیکی گشتی قسەی کردووە. کاتێک ئێمە ئەم زمانە بخوێنینەوە، دەتوانین بونیادی فێمینیزمێکی کوردی ڕەسەن بنێین.

دەبێت بزانین ئازادی، کۆپیکردنی شێوازی ژیانی ژنێکی نیویۆرکی یان پاریسی نییە، بەڵکوو دۆزینەوەی ئەو هێزە شاردراوەیەیە لەناو خودی ئەزموونی مێژوویی ژنی کورددا هەیە. ئێمە کاتێک چاویلکەی کۆنەپەرستیی ناوخۆیی فڕێدەدەین، نابێت ڕاستەوخۆ چاویلکەی فێمێنیزمی باڵادەستی ڕۆژئاوایی بکەینە چاومان. پێویستمان بە بینینێکی پەتییە، بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە بۆ هەردوو جەمسەرەکە. ئۆیرۆنکی ئۆیوومی فەیلەسوف، سەبارەت بە داهێنانی ڕەگەز لە ئەفریقا، ئاماژە بەوە دەکات هەندێ لە کۆمەڵگە پێش-کۆلۆنیزەکراوەکان، سیستەمی ڕەگەزی هەرچەند ڕاڕا نەبوو ئێستا لە ژێر ڕۆژئاواوە بەکار دەهێنرێت. لە هەندێ کۆمەڵگە کۆنی ئەفریقی، ڕەگەز نەک بەرەو ژنایەتی و پیاوایەتیی جیاواز کراو، بەڵکوو بەرەو تەمەن و پێگە و پیشە جیاوازکراوە دەڕوات. لێرەدا ئێمە ئەرکێکی هزریمان لەبەردەستدایە، ئایا هزری ژنایەتی-پیاوایەتی مێژوویی کورد، دەقاودەق هەمان هزری ژنایەتی-پیاوایەتی ڕۆژئاواییە، یاخود شیوازێکی خۆی هەبووە؟ ئێمە ئەرکمانە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی خۆمان، بۆ ئەفسانەکانی خۆمان، بۆ چیرۆکەکانی خۆمان، بۆ کاراکتەرە ژنانەکانمان لە کەلتووری فۆلکلۆریدا، ببینین ژنی ناو مێژووی کورد، هەرگیز تەنها ئەو ژنە نەرێتی سنووردارە نەبووە. لە شانامەی کوردیدا، لە مێژووی سیتی چۆلی مەنی، لە چیرۆکی خەج و سیامەند، هزری ژنایەتی کورد مێژوویی ڕۆڵی خۆی هەبووە و هەرگیز کۆپییەکی ڕۆژهەڵاتیی-ئۆرینتالیستی نییە.

لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی ڕزگاریی ژنی کورد نە پرۆسەیەکی تاکەکەسیی مۆدێرنە بە دابڕان لە کۆمەڵگە کۆتایی بێت، نە مانەوەیە لەناو قەفەزی نەریتدا. بەڵکوو پرۆسەیەکی کۆکارییە و پێویستی بە داهێنانی پەیوەندییەکی نوێی کۆمەڵایەتی و هزری هەیە. ئاودری لۆردی فەیلەسوف دەڵێ مانای هەرە قوڵی هەبوونی ژن لە کۆمەڵگە باوکسالاردا، بریتییە لە دۆزینەوەی هێزێک لە پەیوەندیی لەگەڵ ژنی دیکەدا. پەیوەندییەک لە ستوونی داهاتوودا لەژێر چەمکی خوشکایەتی وەک ئەڵقەیەکی نوێی هزری کوردی دەیخەینە ژێر نەشتەرگەرییەکەی خۆمانەوە. ئایا خوشکایەتیی ژنی کورد، دەتوانێت بگاتە ئاستی سیاسی و هزری خۆی؟ ئایا ئێمە ئامادەین بۆ داهێنانی هزرێکی خوشکایەتی، نەک بۆ خزمەتی بازاڕ، نەک بۆ خزمەتی حزب، بەڵکوو بۆ خزمەتی خودی ژنی کورد؟ ئەم پرسیارە، دەرگەی ستوونی داهاتوومانە.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک