|
٢٢\٧\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٢٦
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
خوشکایەتی وەک ئەڵقەیەکی نوێی هزری کوردی.
ئەگەر بڕیاربێت ئازادی ژنی کورد نە قوربانیی بێدەنگی ڕۆژهەڵاتییانە و
نە مۆنادێکی سەرمایەداریی ڕۆژئاوایی بێت، ئەی کەواتە لە کوێدا هێزی خۆی
دەدۆزێتەوە؟ وڵامی ئەم پرسیارە، لە چەمکێکدا چڕ دەکەینەوە، بە ناوی
خوشکایەتی. هەڵبەتە خوشکایەتی نەک هەر بە تەنها بە مانا بایۆلۆژی و
خێزانییەکەی، بەڵکوو وەک ئەڵقەیەکی نوێی هزری، وەک بونیادێکی
ئیپستیمۆلۆژی بۆ بەرخۆدان و خۆدۆزینەوە.
زۆربەی ئەو چەمکانەی لە بابەتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاردێن،
دەکەونە ناو پەیوەندییە ستوونییەکانەوە، پەیوەندیی نێوان دایک و منداڵ،
پەیوەندیی نێوان باوک و کوڕ، پەیوەندیی نێوان مامۆستا و خوێندکار،
پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی. بەڵام خوشکایەتی، پەیوەندییەکی
ئاسۆیی بنەڕەتییە، پەیوەندییەک لە هێزە ڕەسەنەکەی خۆی، لە هاوپلەیی و
هاوسەنگیی پێکەوە بوونەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم شێوازە جۆرێکی نوێی
هزریی سیاسییە و پێیوایە هێز لە سەروەوە بۆ خوارەوە نا، بەڵکوو لە
پێکەوەبوون و هاوتایی و هاوپیمانیبووندا دەخوڵقێت. ئەم جۆرە هێزە، لە
کۆمەڵگە باوکسالار و هاوشێوەکانیدا، هەرگیز بایەخی پێنەدراوە.
سیستەمی باوکسالاری، بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی، هەمیشە پشتی بە
ستراتیژییەتی کۆلۆنیالیی وەک پەرتکە و زاڵبە بەستووە. گەورەترین
سەرکەوتنی باوکسالاری، هەرگیز بە تەنها ئەوە نەبووە، پیاو ژن
دەچەوسێنێتەوە، بەڵکوو ئەوە بووە ژن بکاتە پۆلیس و چەوسێنەری ژنێکی تر.
فەیلەسوفی فێمینست ئەڵمانی-ئەمریکیی ماریا میس، دەربارەی باوکسالاری و
بەرهەمهێنانی سەرمایە جیهانی، ئاماژە بەوە دەکات باوکسالاری سیستەمێکی
سادەی چەوسانەوەی ژن نییە بە دەست پیاوەوە، بەڵکوو تۆڕێکی ئاڵۆزی هێزی
چاودێری کۆمەڵایەتییە، ژن بۆ چاودێریی ژن بەکار دەهێنێت، دایک بۆ
چاودێریی کچ، خەسو بۆ چاودێریی بووک، دراوسێ بۆ چاودێریی دراوسێ، تا
دەسەڵات پێویستی بە دیتنی ڕاستەوخۆی هەموو شتێک نەبێت. باوکسالاری،
بەرزترین فۆرمی خۆی نەک لە ڕەفتاری پیاو خۆیدا، بەڵکوو لە ڕەفتاری ئەو
ژنانەدا دەردەخات لە پێناو سیستەمەکەیدا کار دەکەن. کاتێک دایکێک بە
کچەکەی خۆی دەڵێت پیاوەکەت هەرچەند خراپیش بێت، دەبێت خۆشتبوێت، ئەو
دایکە لەو دۆخەدا، بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێ دەنگێکی باوکسالارانەی
بیستراو – سەرکەوتووانە ترە لە خودی دەنگی ئەو باوکەی هەمان ئەو قسەیە
بە کچەکەی بڵێت، چونکە باوکسالاری بێئەوەی خۆی قسە بکات، لێرەدا، لە
ڕێگەی ژن خۆیەوە قسە دەکات.
لە مێژووی نەریتی ئێمەدا، خەسو و بووک، دەستەخوشک و هەوێ، ئەو
کارەکتەرانەن سیستەمە عورفییەکە دایتاشیون، بۆچی؟ بۆ ئەوەی ژنەکان
لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی پیاو، وزەی خۆیان لە شکاندنی یەکتردا
بەهەدەر بدەن. دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی جێگەی سەرنجە، پەیوەندیی نێوان
خەسو و بووک لە کولتووری کوردیدا، هەرگیز پەیوەندیی نێوان دوو ژن نییە
بۆخۆیان، بەڵکوو پەیوەندیی نێوان دوو نوێنەری دەسەڵاتی پیاوە، نوێنەری
کۆنی کوڕەکە و نوێنەری نوێی ئەو. ئەمە هەر خۆی، پێش هاتنە ئاراوەی هەر
گفتوگۆیەک، ژەهراوی کراوە. خەسو دەبێت چاودێری بووکی خۆی بکات چونکە
بووک لە کۆتاییدا دەبێت بە خەسوی نەسڵێکی نوێی ژنان و دەبێ ئەم
زنجیرەیە درێژە بکێشێت. ئێمە زۆرجار دەبیستین ژنە بەتەمەنەکان،
بەرزترین پارێزەرانی نەرێتن، بۆچی؟ وڵامی سادە ئەوەیە، ئەوان بەتەمەنن.
بەڵام وڵامە هزرییە قوڵەکە ئەوەیە ئەوان ماوەیەکی درێژخایەن، تاکە هێز
و پێگەی کۆمەڵایەتییان لە پێگەیەکی ژنانەدا بووە، پێگەی خەسوێتی، پێگەی
گەورەیی، پێگەی چاودێریی کچ و بووک و مێینەی لە خۆی بچووکتر، لەبەر
ئەوە ئەگەر ئەم وەهمەی نەرێت هەڵبوەشێتەوە، ئەم پێگەیەی خۆیان
هەڵدەوەشێتەوە. بۆیە شێلگیرانە بەرگری خۆیان، بەرگری نەرێتەکە دەکەن.
ئەم دیاردەیە دەرکەوتنی ترسناکی ئەو حەقیقەتەیە کاتێک قوربانی ماوەیەکی
درێژ هیچ هێزێکی نییە جگە لە هێزی پاشەکەوتکراو لە سیستەمی خۆیدا، ئەو
خۆی دەبێتە پارێزەری سیستەمەکە.
کاتێک ژنێک بە ژێر لێوی پاراستنی نامووس و شەرەفەوە، پلارێک دەگرێتە
ژنێکی تر یان چاودێریی جموجووڵەکانی دەکات، ئەوە لە ڕاستیدا پیاوە
نەریتییەکەیە لە جەستەی ئەو ژنەدا قسەدەکات و سزادەدات. باوکسالاری
پەیوەندیی نێوان ژنانی لەسەر بنەمای کێبڕکێ بۆ ڕازیکردنی نیگای پیاوان
داڕشتووە. تا ئەو کاتەی ژن وەک ئۆبژێکتێک سەیری ژنێکی تر بکات، ئاوێنەی
باوکسالاری نەشکاو دەمێنێتەوە. فەیلەسوفی فێمینست فەڕەنسیی لوس
ئیریگاڕای، سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ژنان، دەڵێت لە کۆمەڵگە
باوکسالاریدا، پەیوەندیی نێوان ژن و ژن، هەرگیز ڕاستەوخۆ ڕوو نادات،
بەڵکوو هەمیشە لە ڕێگەی پیاوێکەوە دیاری دەکرێت. کاتێک ژنێک ڕقی لە
ژنێکی تر دەبێتەوە، لە ڕاستیدا ڕقی لە ژنەکە نییە، بەڵکوو ئەو ڕقی
پیاوە ژنی بەرامبەر پێناسە دەکات. کاتێ ژنێک بە پیرۆز سەیری ژنێکی
دەکات، هەرگیز ئەوە خۆی نییە بەو جۆرە دەڕوانێتە ژنی بەرامبەر، بەڵکوو
بنەمای ڕوانینەکە لە دیدێکی پیاوانەوە هاتووە. ئێرگاڕای ئەم دیاردەیە
بە سیمبۆلی سیمبۆلگرێدراوی سێهەم پێناسە کردووە، لە هەموو پەیوەندییەکی
نێوان دوو ژندا، هەمیشە پیاوی سێیەمی نەبینراو لەو نێوانەدا هەیە و
پەیوەندییەکە دیاریدەکات. ئازادکردنی پەیوەندیی نێوان ژنان، پێویستی بە
دەرکردنی پیاوی سێیەمی نەبینراوە.
لەلایەکی تریشەوە، فێمێنیزمی نیۆلیبراڵ مۆدێلێکی تری لە خوشکایەتی
پێشکەشکردووین، مۆدێلێک لە کرۆکدا هەمان پەرتەوازەیی بە بەرگێکی
مۆدێرنەوە. خوشکایەتیی ڕۆژئاوایی، زۆرجار لە نێتۆڕکینگ و تۆڕی
پەیوەندیی کچانە بۆ سەرکەوتن لە بازاڕی کاردا، یان گروپکارییەک بۆ
ئاهەنگگێڕان بە کاڵا و براندەکان کورتدەکرێتەوە. لە جەوهەردا ئەمە
خوشکایەتیی نییە، بەڵکوو هاوپەیمانیی کڕیارەکانە. فەیلەسوفی
کەنەدی-بریتانیی سارا ئەحمەد، دەڵێت خوشکایەتیی نیۆلیبراڵی،
خوشکایەتیەکی چیخ چووە، خوشکایەتیێکە دەیەوێ هەموو کێشەکان بە پێکەنین
و هاوپەیمانی و پۆزیتیڤیتی چارە بکات. ئەم خوشکایەتیە هەرگیز ناپرسێت
بۆچی هەندێک ژن دەوڵەمەند و هەندێک تر هەژارن، هەرگیز ناپرسێت بۆچی ژنی
سپیپێست دەبێ بە ڕایەڵ لە کاردا و ژنی ڕەشپێست دەبێت بە خزمەتکاری ئەو،
هەرگیز ناپرسێت بۆچی ژنانی جیهانی یەکەم کڕیار و ژنی جیهانی سێیەم دەبن
بە بەرهەمهێنەری هەرزانفرۆشی کاڵاکانی. ئەم خوشکایەتییە، لە ڕاستیدا
هێمای هەژموونی نوێی ژنی سپیپێستی چینی ناوەڕاستی سەرمایەدارییە. ژنە
هەژاری کورد، ژنە ئاوارە، ژنە قوربانی ئەنفال و کیمیاباران، جێگەیان
لەم خوشکایەتییە ڤیئایپییەدا نابێتەوە، چونکە ئەم مۆدێلە لەسەر بنەمای
توانای بەکاربەرێتی دامەزراوە، نەک ئازارێکی هاوبەش و قووڵ.
کەواتە خوشکایەتیی ڕەسەنی کوردی لە کوێدایە؟ بۆ وڵامی ئەمە، دەبێت
بگەڕێینەوە بۆ ئەرشیفە عورفی و نەرێتییە نەنووسراوەکەی کوردەواری.
پاتریشیا هیل کۆلینز'ی فەیلەسوف دەڵێت هزری ژنانی چەوساوە، هەرگیز لە
کتێبخانەکاندا نەبووە، بەڵکوو لە چێشتخانەکاندا بووە. کۆلینز پێیوایە
ژنی چەوساوە، هزری خۆی لە فەزا نارەسمییەکاندا داهێناوە، لە کۆرەکانی
خۆیان بۆ چێشتلێنان، لە کاتی قاپشۆردندا، لە گسکدانی حەوشەی ماڵدا، لە
کێڵگەی کاردا. ئێمە کوردەکان دەبێت ئەم بنەما هزرییە بگرینەبەر. هزری
مێژوویی ژنانی کورد، لە کتێبخانەکان نییە، لە دیوانی خانی و مەلای
جزیریدا نییە، لە شعری هێمن مۆکریانی و نووسەرانی تردا نییە. هزری
مێژوویی ژنانی کورد، لە قاڵی و بەڕەی کوردیدایە، لە خاڵکوتی سەر
چەناگەی دایکاندایە، لە لاواندنەوە و بەیتزانی منداڵدایە، لە شیوەن و
لاوکی کوژرانی ئازیزدایە، لە دیالۆگی نێوان دایک و کچ لە کاتی
چێشتلێناندایە. ئێمە دەبێت فەلسەفەی خوشکایەتی لە ناو تەونی کۆکار و
دەستەجەمعیی ژنانی گوندنشیندا بخوێنینەوە، کاتێک بەیەکەوە و بەبێ
جیاوازی چینایەتی، نەخشی خەون و ئازارەکانیان دەچنی.
لێرەدا دیاردەی نائاسایی هزری هەیە پێویستی بە شیکاریی زۆر ورد هەیە.
کاتێک ژنانی گوندنشینی کورد، لە حەوشەیەکی ماڵدا کۆدەبوونەوە بۆ چنین،
ئەم چنینە هەرگیز کارێکی بەرهەمهێنانی سادە نەبوو. ئەم چنینە دیوانێکی
زیندووی هزری ژنانە بوو. ئەوان لە کاتی چنیندا، چیرۆکەکانی خۆیان
دەگێڕایەوە، لاواندنەوەە و لاوکی خۆیان دەوت، ئازارەکانی خۆیان دەکردە
دەرسێک بۆ کچەکانیان، دەیانکردە نیشانەیەکی تازە بۆ دۆزینەوەی نەخشێکی
نوێ لە نەخشە کۆنەکەدا. گرنگە بزانین، هزر، لە هزری کەلتووری
باڵادەستدا، هەمیشە دواکاریگەریی تاک بووە، دواکاریگەریی فەیلەسوف تاکە،
دواکاریگەریی نووسەر تاکە، دواکاریگەریی شاعیر تاکە. بەڵام هزری ژنانی
کورد، هەمیشە هزرێکی کۆکار و دەستەجەمعی بووە، هەرگیز خاوەنی تاکایەتی
خۆی نەبووە، ئێمە دەبێت لەسەر ئەم بنەما هزرییە، فەلسەفەیێکی نوێ بۆ
خۆمان بونیاد بنێین.
ئێمە دەبێت خوشکایەتی لەو ساتانەدا ببینین کاتێک دوای کارەساتی هەڵەبجە
و ئەنفال، ژنانی کورد لە نێوان خۆیاندا دەبوونە پەناگە نەوەکانی
داهاتوو، بۆ یەکتر، بەبێ بوونی پیاوەکانیان، نەک هەر تەواوی بارگرانیی
مانەوەی نەتەوەیەکیان دەخستە سەر شانی خۆیان، شۆڕشی میللەتێکیشییان بە
نەوەکانیان سەرخست. لێرەدا دیاردەیێکی مێژووی زۆر بەهێز هەیە پێویستی
بە شیکاری ئۆنتۆلۆژی هەیە. کاتێک پیاوانی کورد کوژران یاخود ئاوارە
بوون بە کۆمەڵ، ژنانی کورد ناچار بوون بەڕێوەبردنی هەموو ژیانی
خانەوادە و کۆمەڵگە هەڵبگرن، بێئەوەی توانایی سیاسی یاخود ئابوورییان
پێدرابێت. لە کامپەکانی ئاوارەییدا، لە قوتابخانەکانی ژێر ڕەشماڵدا،
تۆڕێکی نەبینراوی ژنانە دەرکەوت. ئەم تۆڕە هەرگیز رەسمی نەبوو، هەرگیز
حزبی نەبوو، هەرگیز ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی لە پشتیانەوە نەبوو. ئەم
تۆڕە، خوشکایەتیی مێژوویی ژنانی کورد بوو، خوشکایەتی لە پێناو مانەوەدا.
ڕیوی کۆنێل'ی فەیلەسوف سەبارەت بە ژنانی جیهانی سێیەم، دەڵێت هزری
فێمینستی ڕەسەن، لە ژنانی جیهانی سێیەمەوە بەرەو ڕۆژئاوا دەڕوا، نەک لە
ڕۆژئاواوە بەرەو جیهانی سێیەم. ئەو ئەزموونەی ژنانی کورد و گوندنشینی
کورد هەیەتی ژنی ڕۆژئاوایی نەک هەر نیانە، هەرگیز ناشتوانن پێیبگەن،
ئەویش مانەوەیە لە ساتی بێبەشیدا.
لە ساتی لاواندنەوە و شیوەنە دەستەجەمعییەکاندا، کاتێک فرمێسکی ژنێک
تێکەڵی فرمێسکی ژنێکی تر دەبوو، ئەوە تەنها گریان نەبوو، بەڵکوو
مانیفێستۆیەکی سیاسی و ئۆنتۆلۆژی بوو بۆ ڕەتکردنەوەی لەناوچوون.
لاواندنەوەی دەستەجەمعی ژنانی کورد، هەرگیز تەنها ماتەم نەبوو. ئەم
لاواندنەوانە، دیوانی زیندووی سیاسی و ئەخلاقی نەتەوەیەک بوون. لە کاتی
لاواندنەوەیەکی دەستەجەمعیدا، دەیان ژن نەک هەر بۆ ئەزیزە کوژراوەکەی
خۆیان دەگریان، بەڵکوو بۆ هەموو مێژووی ئازاراوییان دەگریان. ئەم
گریانە، هەڵمژینی مێژوویی بوو، پرۆسەیەکی هەرە قوڵی هەڵبژاردنی مێژوو
بوو. ئێمەی کورد دەیان ساڵە فۆکلۆرگەرەکانمان لاواندنەوەکانی ژنانیان
کۆکردووەتەوە، بەڵام هەرگیز ئەوانمان وەک شیکاریێکی سیاسی-هزری
نەخوێندووەتەوە. هەرگیز ئەوانمان وەک مانیفێستۆی خوشکایەتی و
بەڕەنگاربوونەوە لە بەرامبەر مەرگی نەتەوایەتیدا نەخوێندووەتەوە.
ئەوانمان وەک ئەدەبی ماتەم خوێندووەتەوە، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا ئەدەبی
سیاسی گەورە بوون. لێرەدا ژنی کورد ئەزموونی جۆرە خوشکایەتییەکی کردوە
لە هیچ تێکستێکی ڕۆژئاواییدا نەوتراوە و نەنووسراوەتەوە، خوشکایەتییەک
لە پێناو مانەوەی سوژەیەک لە بەرامبەر مەرگێکی هەمەلایەنەدا.
بۆ ئەوەی ژنە کوردی هاوچەرخ، بگاتە ئازادییەکی ڕەسەن، دەبێت ئەم مێژووە
شاردراوەیەی خوشکایەتی بخاتە سەر زمانێکی نوێی هزریی و سیاسیی مۆدێرن.
خوشکایەتی دەبێت ببێتە بڕیارێکی مەعریفی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو نیگا
سزادەرەی باوکسالاری خستوویەتە ناو چاوی ژنانەوە. خوشکایەتی، لە
بنەڕەتدا نەک هەستێکی سۆزەکی، بەڵکوو بڕیارێکی مەعریفی و ئەخلاقییە.
ژنێک بڕیار دەدات ژنێکی تر بە ڕەخنە و ئاوێنە ببینێت، نەک وەک ڕکابەر و
دوژمن. ئەم بڕیارە، بەرزترین کرداری هزری ژنی هاوچەرخە. لە کۆمەڵگە
هاوچەرخی کوردیدا، بەشێکی گەورەی توندوتیژی سایکۆلۆژی نێوان ژنان، لە
فەزای دیجیتاڵیدا ڕوو دەدات. ژنی کورد لە سۆشیاڵ میدیا، ژنە کوردی تر
بە دەگمەن دەگرێ، تاوانباری دەکات، ڕەخنە کوشندە لە ڕوخساری
بەرامبەرەکەی دەگرێت. ئەم ژنانە، لە ڕاستیدا نیگای پیاوسالاریین لە
جەستەی ژنانەدا دەژی. کاتێک ژنێک ڕقی لە ژنێکی تر دەبێتەوە لەبەر ئەوەی
زیاتر ئازادانە جل لەبەر دەکات، ڕقی لە خۆی نابێتەوە وەک ژن، بەڵکوو
ڕقی باوک و برا یاخود مێردەکەیەتی دەیگوازێتەوە، ئەو پیاوانەی
ئازادییان لەخۆی قەدەغە کردووە. توڕەیی ژن بەرامبەر بە ژن، هەمیشە
توڕەیی نەبینراوی پیاوێکە.
کاتێک ژنی کورد بڕیاردەدات ژنێکی تر نەکاتە ئامانجی حوکمدانی ئەخلاقی،
کاتێک لەبری شکاندنی، دەبێتە قەڵغانێک بۆی، لەو چرکەساتەدا گەورەترین
شۆڕشی ئۆنتۆلۆژی ڕوودەدات. کاتێک ژنێک ژنێکی تر دەپارێزێت، ئەو یاخی
نابێت لە ژنێکی تر، ئەو یاخی دەبێت لە هەموو سیستەمی چاودێری
کۆمەڵایەتی. ئەو دەڵێ من نامەوێ ببم بە ئامرازی چاودێری، من نامەوێت
ببم بە پۆلیسی سیستەمی باوکسالاری. ئەم بڕیارە، بەرزترین کرداری سیاسی
ژنی هاوچەرخە، ئەگەرچی زۆرجار لە شێوازی سادەییەکەیدا دەرکەوێت.
ئاودری لۆرد'ی فەیلەسوف زۆر دروست دەیپێکێت کاتێک دەڵێت هێزی ڕاستەقینە
لە پەیوەندیی ژناندایە بەیەکەوە. لۆرد لە یەکێک لە بەرزترین ساتەکانی
هزری خۆیدا، جیاوازیێکی گەورە لە نێوان یەکگرتنی ژنانانی بەوەکالەت
پیاو و ژنانی ژنانە دەکات، یەکگرتنی ژنانە یەکگرتنێکە جیاوازییەکان
دەپارێزێت و لەگەڵیدا هێزی هاوبەش دەدۆزێتەوە. ژنی هەژار و ژنی
دەوڵەمەند، ژنی گوندنشین و ژنی شارنشین، ژنی نەخوێندەوار و ژنی
خوێندەوار، دەتوانن لە هەمانکاتدا خوشکی یەکتر بن و جیاوازییەکانی
خۆیان بپارێزن. بەڵام بۆ ئێمەی کورد، ئەم پەیوەندییە دەبێت ڕەهەندێکی
باڵاتری نەتەوەیی و چینایەتی لەخۆبگرێ. خوشکایەتیی دەبێت بەردێک بێت
ئاوێنەی هەردوو زیندانەکە، ئۆرینتالیزمی ناوخۆیی و بازاڕی ڕۆژئاوایی،
بشکێنێت.
لێرەدا دەبێت لە یەکێک لە هەرە قوڵترین پرسیارە ئەخلاقییەکانی ئەم
چوارچێوە هزرییەدا بوەستین و لە خۆمان بپرسین، خوشکایەتیی کوردی، ژنی
توندڕەوی ئایینی، ژنی هەڵبژاردەی سیستەمی نەرێتی، ژنی حزبی سیاسی
باوکسالار، ژنی سپیشۆر لە بازاڕی سەرمایەداریدا، ئایا هەموو ئەمانە
دەگرێتەوە یاخود نا؟ ئایا خوشکایەتی، پەیمانێکە هەمووی هەرچەندە بێمەرج،
یاخود پەیمانێکە بنەمای ئەخلاقی و سیاسیی هەیە؟ خوشکایەتی نابێت ببێت
بە پەیمانێکی سایکۆلۆژی سادە، ژنێک بەلایەوە هەموو ژنان یەکسانن. ژنە
چاودێری سیستەمی نەرێتی وەک هاوسەنگەری خۆی نابینێ، لە هەمانکاتدا ژنە
چاودێری سیستەمی نەرێتی هاوپەیمانی پیاوسالارییە بەڕوبەرووی خوشکەکەی
خۆی، خوشکە ئازادەکەی. خوشکایەتی، پرۆسەیەکی بژاردەیە، بژاردەیەک
هەمووی نییە، بەڵکوو هەڵبژاردنێکە بۆ ئەو ژنانەی بەرەو ئازادیی جەستە و
هزری دەڕۆن.
کاتێ ژنان یەکتر وەک سوژەی ئازاد دەخوێننەوە، نە وەک ڕکابەر لەسەر
ڕەزامەندیی سیستەمەکە، ئەو کاتە پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ دادەمەزرێت.
ئەم خوشکایەتییە نوێیە، دەبێتە ئەو زەمینە پتەوەی ژن دەتوانێت لەسەری
بوەستێ و لە قۆناغی داهاتوودا، خودی چەمکی نیشتمان و پەیمانی نێوان نێر
و مێ لە کۆمەڵگەی کوردیدا دابڕێژێتەوە. ئوما ناراێن، لە شیکاریی خۆیدا
لەسەر فێمینیزم و مۆدێرنیتەی جیهانی سێیەم، ئاماژە بەوە دەکات
فێمینیزمی جیهانی سێیەم، نابێت فێمینیزمێکی دژە-پیاو بێت، بەڵکوو
فێمینیزمێک بێت پیاوی جیهانی سێیەم لە ئایدیۆلۆژیای مێژوویی خۆی ئازاد
بکات. ئایا پیاوی کورد لەم هاوکێشە نوێیەی خوشکایەتییەدا دەبێتە
دوژمنێکی پەراوێزخراو، یان ناچار دەکرێت خۆی وەک مرۆڤێکی نوێ، لە
دەرەوەی ئیمتیازە باوکسالارییەکانی پێناسە بکاتەوە؟ لێرەدا دەبێت
پرسیارێکی گرنگ بکەین. پیاوی کورد، لە کاتێکدا لە دەرگەی ئیمتیازی
باوکسالاری دەچێتە دەرەوە، ئایا خۆی دەستداوە یاخود خۆی
بەدەستهێناوەتەوە؟ لە دیدێکی سەرچڵیانەدا، ئەم پرسیارە دیارە خۆی
دەستداوە. بەڵام لە دیدێکی هزری قوڵتردا، ڕزگار دەبێت. ڕزگار دەبێت لەو
ئەرکە هەمیشەییە کۆنینەیەی سەلماندنی نێرینەبوونی خۆی، ڕزگار دەبێت لە
ئەرکە هەمیشەییەی بەرگرییکارییە کوێرانەیە، ڕزگار دەبێ لە ترسی
هەمیشەیی. کاتێک پیاو لە ئەرکی نێرینەیی سایکۆلۆژی ئازاد بێت، بۆ
یەکەمجار دەتوانێ وەک مرۆڤ بژی، نەک وەک نێرینە. ئەمە ئەو کێڵگە
سەختەیە لە ستوونی داهاتوودا نەشتەرەکەمانی تێدا دەخەینەوەگەڕ، بەرەو
فەلسەفەیەکی ژنانەی کوردی.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|