په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٧\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٢٨

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

مامۆستا وەک نوێنەری بێدەنگیی نەریتی.


لە ستوونی پێشوودا و لە کۆتایی نەشتەرکاری چەمکە باوکسالاری و جێندەرییەکاندا، گەیشتینە خاڵی بەریەککەوتنی دوو نیگای ئازاد، نیگایەک لە دەرەوەی چاویلکەی نەرێت و وەهمی دەسەڵاتدا. باشە کێ یان چی، ڕێگرە لە گەشەکردن و دروستبوونی ئەم مرۆڤە ئازادە؟ بەر لەوەی کۆمەڵگە وەک پێکهاتەیەکی گشتی مرۆڤ وردوخاش بکات، دەزگەیەکی زۆر ڕێکخراوتر، ئامادەتر و یاساییتر هەیە، دەزگەیەک ئەرکی ڕیشەکێشکردنی ئەو نیگا ئازادەی پێسپێردراوە. لێرەوە پێدەنێینە ناو بلۆکی پێنجەمی باسەکەمانەوە، ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ سیستەمی پەروەردە. یەکەم نەشتەریش بۆ ناو جەستەی ئەم دەزگەیە، لە گرنگترین کارەکتەری ناو سیستەمەکەوە دەستپێدەکات: مامۆستا وەک نوێنەری بێدەنگیی نەریتی.

با ڕوون بێت، کاتێک قسە لەسەر مامۆستا دەکەین، مەبەستەکە پیشە یان تاکێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو پێگە ئۆنتۆلۆژییەکەیە. مامۆستا، لە فەلسەفەی هاوچەرخدا، تەنها پێشکەشکاری زانیاری نییە، بەڵکوو یەکەم دەرگەی منداڵە بۆ ناو جیهانە سیمبۆلییە گشتییەکە. منداڵ کاتێک لە خێزانەکەی جیا دەبێتەوە و دەچێتە پۆلەوە، یەکەمجاریەتی دەکەوێتە بەردەم دەسەڵاتێکی نامۆی دەرەوەی پەیوەندیی خوێن، دەسەڵاتی گشتی، دەسەڵاتی سیستەم. هەر بۆیە مامۆستا دەبێت بە یەکەم ماسکی دەسەڵات بۆ منداڵ، یەکەم دەم و یەکەم چاوی سیستەم بۆ منداڵ. ئەگەر ئەم یەکەم دەرگەیە بە ترس، بە بێدەنگکردن و بە دیسپلینکردن بە ڕوویدا بکرێتەوە، ئیدی ئەو منداڵە بە درێژایی هەموو ژیانی خۆی، سیستەم بە ماسکی ترس و بێدەنگی دەبینێت.

لەم فەزایەدا، دەبێت بە بوێرییەوە مامۆستا لە پێناسە ڕۆمانسییە باوەکەی - مامۆستا مۆمێکە و دەسووتێت بۆ ئەوەی ڕووناکی ببەخشێ داماڵین. لە ڕوانگەی شیکاریی فەلسەفی و دامەزراوەییەوە، مامۆستا لە سیستەمی باودا بەشێک نییە لە پرۆسەی ڕووناککردنەوەی عەقڵ، بەڵکوو ئەڵقەیەکی بەهێزی ناو ئەو زنجیرەیەیە کۆمەڵگە بەکاریهێناوە بۆ گواستنەوەی ترس، گوێڕایەڵی و بێدەنگی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر. فەیلەسووفی فەڕەنسی لوی ئالتووسێر، لە شاکارە فەلسەفییەکەیدا - ئایدیۆلۆژیا و ئامرازە ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەت، دەڵێت دەوڵەت لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا دوو ئامرازی هەیە بۆ خۆپارێزی، یەکەم، ئامرازە توندوتیژەکان وەک هێزی سەربازی، زیندان و دادگا. دووەم، ئامرازە ئایدیۆلۆژییەکانی وەک قوتابخانە، دەزگەی ئایینی، خانەوادە و میدیا. ئالتووسێر دەڵێت ئامرازی هەرە بەهێزی ئایدیۆلۆژی، قوتابخانەیە، چونکە قوتابخانە منداڵ لە پانتاییەکی درێژخایەندا دەگرێتە خۆی، واتا پێشئەوەی بگاتە قۆناغی هزری قووڵ و ڕەخنەگرانە.

کاتێک منداڵ لە پۆلدا باوێشک دەدات، مەسەلەکە تەنها ئەوە نییە بابەتێکی بایۆلۆژی و هزری نایگاتێ، بەڵکوو لەناو گێژاوی داسەپاندنێکی سیستەمیی گەورەدایە، منداڵ وادەزانێت شتێک فێر دەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا خەریکی هەڵمژینی تۆزی ئایدیۆلۆژیایە. پاولۆ فرێری، پەروەردەناسی مەزنی بەڕازیلی، لە تیۆری پەروەردەی بانکی دا دەڵێت سیستەمی پەروەردەی نەریتی وەک سندووقێکی خاڵی مامەڵە لەگەڵ خوێندکاردا دەکات و ئیشی مامۆستا لەوێدا ئەوەیە زانیاری تێبکات، نەک وەک عەقڵێک دەبێ پرسیار بکات. فرێری لە کتێبی پەروەردەی چەوسێنراوەکان دا دەڵێت پەروەردەی بانکی، پەروەردەیەکە کۆمەڵگەی باڵادەست بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی چەوسێنراوان خۆیان لە دیدی چەوسێنەرەکانیانەوە پێناسە بکەن و بخوێننەوە. کاتێک منداڵێک لە قوتابخانە فێری زمانی نەتەوەی باڵادەست دەبێت، لە ڕاستیدا نەک هەر زمانێک فێر دەبێت، بەڵکوو دیدی نەتەوە باڵادەستەکە بۆ خۆی، بۆ نەتەوەکەی خۆی و بۆ مێژووی خۆی فێر دەبێت. هەر بۆیەش خۆی لەو نێوەندەدا خۆی بە بێگانە لە خودی خۆی دەبینێت، ئەمە بەر لەوەی ببێت بە هاووڵاتی.

ئیشی مامۆستا لەناو ئەم مۆدێلەدا، تەنها گواستەرەوەی زانیاری نییە، بەڵکوو پۆلیسی پاراستنی سنوورەکانی عورف و بێدەنگییە. فێرکراوە باشترین پۆل، ئەو پۆلەیە بێدەنگە. باشترین خوێندکار، ئەو خوێندکارەیە پرسیار ناکات و تەواو ملکەچی دەقی ناو پەڕەی کتێبەکان و دەنگی دەسەڵاتداری مامۆستاکەیەتی. لە کاتێکدا ڕەنگە یەکەمین پرسیاری قووڵی ئەو منداڵە لە پۆلەکەیدا بریتی بێت لەوەی بۆچی هەر بە ناوی باوکییەوە ناوی دەهێنرێت و دەخوێندرێتەوە؟ بۆچی جارێک ناوی دایکی نابێت بە پاشگری ناوەکەی لە کاتێکدا ئەو خۆی بە منداڵی هەردووکیان دەزانێت؟ بۆ ئەو منداڵەی نافامێت وەها پرسیارێک هێڵی سوورە، باوک لە نەستیدا دەبێت بە سەردار و سەروەر و سیمبولی دەسەڵات و دایکیش دەکەوێتە پەراوێزەوە. لێرەدا مامۆستا لەبری وڵامێکی ئۆنتۆلۆژی، سەرکۆنەی منداڵەکە دەکات و دەڵێت کەی گەورە بوویت لەمە تێدەگەیت، یان منداڵەکە دەشکێنێتەوە و دەڵێت دانیشە، ئەمە هەروا هاتووە و هەرواش دەبێت.

لای دەروونشیکاری فەڕەنسی ژاک لاکان، منداڵ لە قۆناغی سیمبۆلیدا لە دەرگەی بێدەنگیی ژینگەکەی خۆیەوە، دەکەوێتە بەردەم پیتی گشتی، پیتێک دەیەوێ ئەم بێدەنگییە بکاتە ڕێزبەندێکی ڕوونکراوەی زمانی. مامۆستا لای لاکان، دەبێت بە بەرزترین نوێنەری ئەم پیتە گشتییە، نوێنەری زمانی باوک، زمانی سیستەم و زمانی یاسا. لێرەدا کاتێک منداڵان فێر دەکرێن زمانی دایک زمانێکی نالەبار و لاوازە، لەو دۆخەدا نەک هەر زمانی خۆی لەدەستدەدات، بەڵکوو بەشێکی بنەڕەتیی خۆی و هاوسەنگیی سایکۆلۆژیی نێوان خۆی و ژیانی هەڵمژراوی خۆی لەدەستدەدات. زمانی دایک، زمانی خۆراکی یەکەمە، زمانی گریانی یەکەمە، زمانی خۆشەویستیی یەکەمە. کاتێک ئەم زمانە دەکرێت بە زمانێکی شاراوەی ڕەگەزی یان ژێردەستەیی، ئەم منداڵە بەرەو دووفاقیبوون و دابەشبوونی کەسایەتی دەبات، منداڵ لەگەڵ خۆیدا دەکەوێتە شەڕێکی ئەوتۆوە دواجار سەری خۆی لێسەرەو دەرناکات. منداڵانی کورد سەدان ساڵە خراونەتە ناو ئەم شەڕە سایکۆلۆژییەوە و مامۆستای نەریتی لە یەککاتدا ئەفسەری دوو جۆر داگیرکارییە، داگیرکاریی نەتەوایەتی و داگیرکاریی سایکۆلۆژی، ئەمە منداڵەکەی کردووە بە بێگانە لە خودی خۆی.

ئەگەر لەسەر ئاستی جیهان مامۆستا نوێنەری سەپاندنی دیسپلین بێت، لە کوردستاندا دۆخەکە تراژیدیتر و ئاڵۆزترە. مامۆستای کورد بۆخۆی قوربانییەکی گەورەی سیستەمی سیاسی، پەروەردەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە. ئەو بە ترۆمایەکی قووڵی شکستی نەتەوەیی، بێمتمانەییەوە بە داهاتوو و نائارامیی دەروونییەوە دەچێتە ناو پۆلەکەیەوە. لای دەروونشیکار ئەلفڕێد ئەدلەر، کاتێک تاکێک تووشی گرێی کەمی دەبێت، لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەسەن لەگەڵ ئەم گرێیەدا، هەوڵدەدات شوێنگۆڕکێ بکات، بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێت بتوانێت تێیدا ئارام بێت و بەسەریدا زاڵ بێت. ئەم دیاردەیە لای ئەدلەر، دەرکەوتنی هەرە ترسناکی ئازاری سایکۆلۆژییە. کاتێک تاک ناتوانێت لە شوێنی ڕەسەنی خۆیدا هێز پیشانبدا، بەدوای شوێنێکی لاوازدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی هێزی خۆی تێدا نیشانبدا.

مامۆستای نەریتی دەقاودەق ئەم دیاردەیە بەرجەستە دەکات. ئەو ناتوانێت لە بەرامبەر داگیرکەری سیاسیدا هێز پیشانبدا، لە بەرامبەر بەڕێوەبەری قوتابخانەدا هێز پیشاننادات، لە بەرامبەر وەزارەت و تیرۆری ئابووریی خۆیدا هێز پیشاننادات. بەڵام کاتێک دەچێتە پۆلەوە، ئەو خۆی لە بەرامبەر سی تاکی هەرە لاوازدا دەبینێتەوە، سی منداڵێک ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن. لێرەدا ئەو دەبێت بە دیکتاتۆر، دەبێت بە پاشا، دەبێت بە خواوەندی بچووکی پۆلەکەی. ئەم گواستنەوەیەی گرێی کەمی بۆ ناو پۆل، هەرە ترسناکترین دیاردەیە لە سیستەمی پەروەردەی ئێمەدا. منداڵی کورد دەبێت باجی گرێی کەمیی مامۆستاکەی خۆی بدا. ئەو مامۆستایەی ناتوانێ هێزی خۆی بەرامبەر سیستەمەکەی پیشانبدات، دەیکاتە ترس بەسەر منداڵدا. بێئەوەی بەخۆی بزانێت، ئەو هەستکردنە بە کەمی و بێدەسەڵاتییەی دەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی باو بەسەریدا سەپاندووە، لەناو پۆلدا و لەسەر تەختەی خوێندکارەکانی خاڵیدەکاتەوە. بۆ ئەوەی لە دەرەوەی پۆل هەست بە بێدەسەڵاتی نەکات، لە ناوەوەی پۆلدا دەبێتە دەسەڵاتدارێکی ڕەها. ئەو پرسیارە ئۆنتۆلۆژی و مەعریفییانەی منداڵ پڕن لە خەیاڵ و وێرانکردنی سنوورەکان، لەلایەن مامۆستاوە وەک هەڕەشە بۆ سەر شکۆی خۆی و دەسەڵاتی پۆل سەیر دەکرێن، بۆیە خێرا سەرکوت دەکرێن. بێدەنگکردنی منداڵ دەبێتە میکانیزمێکی بەرگری بۆ مامۆستا، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو پرسیارانە نەبێتەوە خۆیشی وڵامەکەیان نازانێت یان نایەوێت بیزانێت یان هەر ناوێرێت بیریشیان لێبکاتەوە.

میشێل فوکۆ کاتێ قسە دەهێنێتە سەر کۆمەڵگەی دیسپلینکراو، قوتابخانە، نەخۆشخانە و زیندان دەخاتە پاڵ یەک. لەم دونیابینییەدا، پۆلەکانی خوێندن بۆ کۆنترۆڵی جەستە و مێشک دیزاینکراون. فوکۆ لە کتێبی چاودێری و سزا دا پێیوایە پۆلەکانی قوتابخانە هەموو تایبەتمەندییەکانی چاودێریی زیندانیان تێدایە. هەر خوێندکارێک دەبێت لە شوێنێکدا دانیشێت، بەرامبەر تەختەیەک، دەبێت لە ژێر چاودێری مامۆستادا بمێنێتەوە. مامۆستا لە جێگەی خۆی لە بورجی ئەو چاودێرییەوە هەموو خوێندکارەکانی دەبینێت، بەڵام هەموو خوێندکارەکان مامۆستاکە نابینن، تەنها لە یەک لایەنەوە دەیبینن. کاتی خوێندن دیاریکراوە، کاتی پشوو دیاریکراوە، کاتی چوونە توالێت دیاریکراوە، کاتی قسە و پرسیار دیاریکراوە، هەموو شت لە ژێر ڕێگەپێدانی مامۆستادایە. لێرەدا منداڵ، لە هەرە قووڵترین قۆناغی گەشەی سایکۆلۆژیی خۆیدا، فێر دەکرێت ئازادی شتێکە و دەبێت لە کەسێکی گەورە داوا بکرێت، پرسیار شتێکە دەبێت مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت و جەستەی شتێکە پێویستی بە دیسپلین هەیە.

منداڵ لەبری ئەوەی خاوەنی شوێنێکی گەشە بێت، تێیدا بەبێ ترس بتوانێ هەڵە بکات و خەیاڵەکانی تاقیبکاتەوە، دەخرێتە ناو ماشێنێکی گەورەی وێناکردنەوە. کاتێک منداڵێک دەچێتە قوتابخانە، ناسنامەیەکی هەرە پڕ لە خەیاڵ و جیاوازییە، بەڵام قوتابخانە ئەم منداڵە دەخاتە ژێر پرۆسەیەکی ڕژێنیی هاوشێوەکارییەوە، هەر منداڵێک دەبێ هەمان شت بپۆشێت، هەمان شت بخوات، هەمان کات پشوو بدات و کاتێکیش وڵامدەداتەوە، دەبێ هەمان وڵامی منداڵێکی تر بێت. هەر جیاوازییەک، دەیخاتە بەردەم دیدی سزادانەوە. گەورەترین تاوان لەم فەزایەدا جووڵەی بێمۆڵەت و پرسیاری پڕتاوە. کاتێک منداڵێک دەچێتە قوتابخانە، پڕە لە پرسیاری فەلسەفیی بێپەروا، بۆچی ئاسمان شینە؟ چیاکە چۆن دروست بووە؟ کێ ئێمەی دروستکردووە؟ بەڵام دوای چەند ساڵێک مانەوەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی نوێنەرانی بێدەنگیدا، ئەم منداڵە فێر دەبێت تاکە پرسیاری دروست تەنها ئەوەیە، مامۆستا، ئەرێ ئەمە لە تاقیکردنەوە دێتەوە؟.

بۆ ئەوەی بەرەو بونیادنانەوەی عەقڵێکی ڕەخنەیی کوردی هەنگاو بنێین، دەبێت سەرەتا مامۆستا خۆی لەم زیندانە دەروونی و دامەزراوەییە ڕزگار بکات. جۆن دیویی لە کتێبی دیموکراسی و پەروەردە دا دەڵێت پەروەردە و کۆمەڵگە دوو دیوی یەک ڕووکارن. کۆمەڵگەی دیکتاتۆر، پەروەردەی دیکتاتۆر بەرهەم دەهێنێت، کۆمەڵگەی ئازاد، پەروەردەی ئازاد. ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی دۆگما، دیکتاتۆر، سواو و پارتیاردا دەژین، بۆیە پەروەردەکەیشمان دیکتاتۆر و سواو و پارتیارە. ناکرێت لە پۆلێکی سواودا، منداڵێکی ئازاد بەرهەم بهێنین. کاتێک دەمانەوێت پەروەردەی خۆمان چاک بکەین، هەمانکات دەبێت کۆمەڵگەی خۆیشمان چاک بکەین.

مامۆستای ڕاستەقینە نابێ وڵامدەرەوەی بێدەنگی و پاسەوانی نەرێت بێ، بەڵکوو دەبێ خوڵقێنەری ژاوەژاوی فکری بێت. دەبێت ئەو کەسە بێت خوێندکارەکەی فێردەکات چۆن گومان بکات و چۆن دەبێت شکێنەری ئەو ئاوێنانە بێت ڕاستییەکانیان شێواندووە. پاولۆ فرێری سەبارەت بە هۆشیاریی پەروەردەیی دەڵێت هۆشیارکردنەوە، پرۆسەیەکە تیایدا چەوسێنراو لە دەرگەی هزری خۆیەوە، دەسەڵاتی ژێردەستەبوونی خۆی دەبینێت. مامۆستای ڕاستەقینە، دەبێت هۆشیارکەرەوە بێت. دەبێت منداڵ فێر بکات خۆی چۆن دەبینێت، بۆچی خۆی بەو جۆرە دەبینێت و کێ ئەو خۆیەی بەم جۆرە بۆ داهێناوە؟

مەترسیدارە ئەم پرۆسەیە وەک پرۆسەیەکی ڕاگوزەر ببینرێت. دەشێت حکومەت و سیستەمی پەروەردەیی بێباک بن، بەڵام بێباکیی مامۆستا کوشندەیە. مامۆستای زیندوو و ڕاستەقینە، ئەو مامۆستایەیە درک بەو بەرپرسیارێتییە مرۆیی، نەتەوەیی، نیشتمانی و پیشەییەی خۆی دەکات، چونکە لە دەرەوەی سیستەم دەتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت و بەردی بناغەی وەها گۆڕانێک دابنێت. مامۆستای ڕاستەقینە دەبێت لە ڕۆژە سەرەتاییەکانی خوێندنەوە، دیالۆگی قووڵ بخاتە ناو پۆل و دامەزراوەی خێزانییەوە، تەنها لە ڕێگەی وروژاندنی پرسیارەکانەوە، بۆچی تۆ تەنها ناوی باوک وەک پاشگری ناوەکەی خۆت دێت؟ بڕۆن لە خێزانەکانتان بپرسن و وڵامەکان بگەڕێننەوە. ئەگەر مامۆستا ئەم ئەرکە مێژووییەی خۆی وەک ئەرکێکی شکێنەری نەفامی تێنەگات، ئەوا قوتابخانەکان هەرگیز نابنە ناوەندی دروستکردنی مرۆڤی ئازاد. کاتێکیش ناتوانن ببنە پەناگەی عەقڵی ڕەخنەیی، ڕێڕەوی دواتر پەیمانگە و زانکۆکانە، دۆخێکی زۆر کارەساتبارتر بەرهەم دەهێنێت. ئەوکات دەبێت بپرسین ئایا پەیمانگە و زانکۆکانمان، مەڵبەندی دروستکردنی عەقڵن یان تەنها کارگەیەکی بێڕۆحی تیۆرین بۆ بڕوانامەبەخشین؟

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک