|
٢٨\٧\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٢٩
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
گۆڕستانەکانی عەقڵ و کارگەکانی وەهمی
بڕوانامە.
لە ستوونی پێشوودا، لەو پرسیارە جەوهەرییەدا وەستاین، ئایا زانکۆ و
پەیمانگەکانمان مەڵبەندی دروستکردنی عەقڵن یان تەنها کارگەیەکی بێڕۆحی
تیۆریی و بێ پراکتیکی بڕوانامەبەخشینن؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە،
دەبێت سەرەتا لەو وەهمە گەورەیەی بۆ زانکۆ دروستمانکردووە، ڕزگارمان
بێت، ئەو وەهمەی پێیوایە زانکۆ فەزایەکی پیرۆزی زانست و بیرکردنەوەی
ئازادە. بۆ ئەم مەبەستە باشتر وایە لە خاڵێکی مێژووی هزریدا بوەستین.
زانکۆ لە بنەڕەتی خۆی و لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، شوێنی سکۆلاستیک بوو،
شوێنێک هزری کاسۆلیکیی زاڵ خۆی تێیدا دووبارە دەکردەوە. کاتێک ڕۆشنگەری
هاتە ئاراوە، فەیلەسووفانی وەک کانت خەونی ئەوەیان بۆ زانکۆ بینی، ببێت
بە شوێنی هزری ڕەخنەگرانە، شوێنێک تیایدا هەموو شتێک لە بەردەم دادگای
عەقڵدا بەرپرسیار بێت. بەڵام مێژووی زانکۆی مۆدێرن، مێژووی شکاندنی ئەم
خەونەیە. زانکۆ لە سەدەی نۆزدەدا، دەرگەی بۆ نوێنەرایەتیی سەرمایەداری
کردەوە. لە سەدەی بیستدا، بوو بە پارچەیەک لە ماشێنی دەوڵەت-نەتەوە. لە
سەدەی بیست و یەکیشدا، بووە بە بەشێک لە زنجیرە مارکێتینگی جیهانیی
بازاڕی نیۆلیبراڵی. کاتێک قوتابخانە و خوێندنگە سەرکەوتوو دەبن لە
کوشتنی ئەو نیگا ئازادەی منداڵدا و دەیگۆڕن بۆ کارەکتەرێکی ملکەچ و
دیسپلینکراو، زانکۆ ئەرکەکەی ئەوەیە ئەو ملکەچییە بە دامەزراوەیی بکات
و مۆری کۆتایی خۆی لێبدات. زانکۆ لەبری ئەوەی ببێتە فەزایەک بۆ
هەڵوەشاندنەوەی ئەو دۆگمایەی لە قوتابخانە و خوێندنگەکان دروستکراوە،
دەبێتە قۆناغی کۆتایی مۆنتاژکردنی مرۆڤی سیستەمکراو.
فەیلەسووف و کۆمەڵناسی فەڕەنسی، پیێر بۆردیۆ، لە شیکارییەکانیدا بۆ
سیستەمی پەروەردە، چەمکی سەرمایەی کەلتووری و بەرهەمهێنانەوەی
کۆمەڵایەتی دەهێنێتە ئاراوە. لای بۆردیۆ، زانکۆ دامەزراوەیەک نییە بۆ
دروستکردنی یەکسانی یان ڕزگارکردنی مرۆڤ لە نەفامی، بەڵکوو ئامرازێکی
شەرعییە بۆ ئەوەی چینە باڵادەستەکان تێیدا دەسەڵاتی خۆیان بەرهەم
بهێننەوە. بۆردیۆ لە شاکارە فەلسەفییەکەی خۆیدا بە ناوی میراتگران،
دەڵێت زانکۆ بەرزترین فۆرمی توندوتیژیی سیمبۆلییە. کاتێک زانکۆ کوڕ و
کچە مامۆستا و کوڕ و کچە جووتیارێک دەخە پۆلێکەوە و پێیاندەڵێ هەمووتان
یەکسانن، ئەوە سەپاندنێکی زۆرەملێیانەی گەورەی هزرییە. چونکە کوڕ و کچە
مامۆستاکە، لە ماوەی درێژخایەندا و لە ماڵەوە پێشئەوەی بگەنە قۆناغی
زانکۆ، هەموو کۆدە هزری و زمانەوانی و ڕەفتارییەکانی زانکۆیان بەجۆرێک
لە جۆرەکان وەرگرتووە، بەڵام کوڕ و کچە جووتیارەکە، ئەم کۆدانەی هەرگیز
نەدیوە. کاتێک زانکۆ بەم گەنجە کەلتوور و سایکۆلۆژی جیاوازانە، دەڵێت
ئێوە یەکسانن، کچ و کوڕە مامۆستاکە تەنها هزری کۆنی بازرگانیی مامۆستا
وەردەگرێت و کچ و کوڕە جووتیاریش دڵشکاو و سەرشکاو دەکات. لێرەدا
زانکۆ، لە بری ئەوەی ببێت بە دەرگە و دەروازەیەکی هزری و کەلتووری
دیموکراسی، دەبێت بە دەرگەی سەلماندنی نایەکسانی. زانکۆ پێوەرێک
دادەنێت بۆ ئەوەی کێ مافی قسەکردنی هەیە و کێ نییەتی. ئەو زمانەی لە
زانکۆدا قسەی پێدەکرێت و ئەو بابەتانەی دەخوێنرێن، ڕێک ڕەنگدانەوەی
ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتن، دەسەڵات نەک هەر بە مانا پلاستیکییە
سیاسییەکەی، بەڵکوو بە مانا عورفی و فرەڕەهەندییەکەی. لە کۆمەڵگەی
کوردیدا، ئەم دیاردەیە فۆڕمێکی زۆر کارەساتبارتری وەرگرتووە. زانکۆ
کوردییەکان نەک هەر نەبوونە ناوەندی بەرهەمهێنانی مەعریفەی لۆکاڵی و
چارەسەرکاری قەیرانەکانی کۆمەڵگە، بەڵکوو بووەنە ئامرازێک بۆ
دروستکردنی چینێکی نوێی نەخوێندەواری بڕوانامەدار.
با وردتر هەڵوەستە لەسەر ئەم تێزە بکەین، ئەو دیاردەیەی بۆردیۆ ناوی
ناوە میراتگری ئۆکسیۆن. نەوەکانی چینی خوارەوە کاتێک لە دەرگەی
بڕوانامەی زانکۆ دەردەچن، هەستدەکەن پێگەیەکی هزرییان وەرگرتووە، بەڵام
لە ڕاستیدا هەرگیز ئەو پێگە هزرییەیان بەتەواوی وەرنەگرتووە، بەڵکوو
ئەو کۆدە هزرییانەیان وەرگرتووە مامۆستا، بەڕێوەبەر، حزب لێیەوە
دەڕوانن، هەر بۆیە لە ماوەیەکی درێژخایەندا و لە ژیانکردنی ئاسایی
خۆیاندا، هەست بە بێگانەبوون دەکەن لەناو ئەو پۆست و پێگە هزرییانەی
پێیدەگەن. ئەم دووفاقییە، دواکاریگەرییەکی سایکۆلۆژیی گەورەیە. منداڵە
جووتیارەکە کاتێک دەبێت بە دکتۆر، هەرگیز لە ناخی خۆیدا خۆی وەک دکتۆر
نابینێت، هەمیشە هەست دەکات ماسکی کردوە، بۆیە زیاتر لە هەرکەسێکی تر،
ماسکەکەی سفت دەگرێت. ئەم پرۆسەیە، ئەو دکتۆرە دەکات بە یەکێک لە
پارێزەرانی هەرە توندی سیستەمەکە، چونکە ئەو دەبێت هەموو ساتێک
بیسەلمێنێت ئەو ڕاستەقینەییە بەشە هەرە گەورەکەی سیستەمەکەیە.
کاتێک گەنجی کورد دەپەڕێتەوە بۆ زانکۆ، ئەو بەدوای زانستدا ناگەڕێت،
چونکە ناوەندە سەرەتایی و ئامادەییەکانی خوێندن، پێشتر ئارەزووی زانین
و پرسیارکردنی تێدا کوشتووە. ئەو تەنها بەدوای پەناگەیەکدا دەگەڕێت بۆ
دواخستنی ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعە تاڵەکەی بێکاری و نائومێدی.
فەیلەسووفی پۆستمۆدێرن، ژان فرانسوا لیۆتار، لە پەڕتووکی دۆخی
پۆستمۆدێرن دا. دەڵێ مەعریفە لە سەردەمی نوێدا بووە بە کاڵا. لیۆتار لە
شیکارییەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات زانین لە قۆناغی هاوچەرخدا، لە
دوایین بایۆکۆدیدا هەڵکەوتووە. زانین دیسان بۆ خۆی نییە، بۆ
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حەقیقەتدا نییە، بۆ گەشەی مرۆڤ نییە، زانین
ئێستا کاڵایەکە و دەبێت بفرۆشرێت، بکڕدرێت، بەرهەم بهێنرێتەوە و دەخل
بەرهەم بهێنێت. زانکۆکان ئیتر خەڵکانی هۆشمەند و بیرمەند بەرهەم
ناهێنن، بەڵکوو کاڵایەک دەفرۆشن پێیدەوترێت بڕوانامە. گەنجی ئێمە چوار
ساڵی تەمەنی خۆی لە زانکۆدا بەسەردەبات، نەک بۆ ئەوەی تێڕوانینێکی نوێ
بۆ گەردوون، کۆمەڵگە یان خودی خۆی پەیدا بکات، بەڵکوو بۆ ئەوەی کاغەزێک
بەدەستبێنێ لە بازاڕی وەهمیی پێگەی کۆمەڵایەتیدا کەمێک بەهای پێببەخشێ.
ئەمە بازرگانیزەکردنی چوار ساڵی ژیانی مرۆڤە. چوار ساڵ لە خۆشترین
ساڵانی گەشەی هزریی تاک، دەکرێت بە پرۆسەیەکی هەرزانبازاڕی. ئەو گەنجەی
دەبووایە لەو چوار ساڵەدا لە خۆی و جیهانەکەی خۆی، لە کۆمەڵگە، لە
مێژووی و لە داهاتووی بپرسێت، لەبری هەموو ئەمانە تەنها لە هاوکێشەیەکی
سادەدا قەتیس دەکرێت: وانە، تاقیکردنەوە، نمرە، بڕوانامە. بێگومان بۆ
ئەوەی هەر هیچ نەبێت کەسێتییە مەعنەوییەکەی لە دیدە جڤاکییە گشتییەکەدا
تێر و تەواوتر نیشانبدا و نمایش بکات.
زانکۆ لەبری ئەوەی شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەی فکر بێت، دەبێتە درێژکراوەی
هەمان ئەو پەروەردە بانکییەی پاولۆ فرێری باسی دەکرد، بەڵام ئەمجارە بە
قات و بۆینباخ و زاراوەی ئەکادیمییەوە. فرێری لە ئاماژەکردن بە
پەروەردەی بانکیدا دەڵێت زانکۆ فۆڕمی هەرە مەترسیداری خۆی هەیە. لە
قوتابخانەدا، پەروەردەی بانکی هەرچەند ڕژێن بێت، هاوکات سادە و دیارە،
مامۆستا ڕۆژانە زانیاری دەداتە منداڵ و منداڵ لە تاقیکردنەوەدا
دەیداتەوە. بەڵام لە زانکۆدا، پەروەردەی بانکی خۆی لە بەرگی ڕۆشنبیریی
و تیۆریی بازرگانیدا دەپۆشێ. مامۆستای زانکۆ زاراوەکان بەکاردەهێنێت و
ناوی فەیلەسووفەکانی مێژوو دەبات، بەڵام لە بنەڕەتدا هەمان ڕەفتاری
بانکی ئەنجام دەدات. ئەو زانیاری دەداتە خوێندکار و خوێندکار لە
تاقیکردنەوە دەیداتەوە. هەرگیز پرسیاری ئەوە ناکات ئایا ئەم زانیارییە
ڕاستە؟ ئایا ئەم زانیارییە بەکەڵکە؟ ئایا ئەم زانیارییە دەرگەی
ئاسۆیەکی نوێی ژیان دەکاتەوە؟ مامۆستای زانکۆ، لەبری ئەوەی ڕۆشنبیرێکی
ڕەخنەگر، زۆرجار دەبێتە فەرمانبەرێکی بیرۆکرات و ئەرکەکەی تەنها
تەواوکردنی پرۆگرامێکە، لە ڕاستیدا هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی
ڕاستەقینەی خوێندکارەکانی یان واقیعی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەکەیەوە نییە.
ئەو نامە و توێژینەوە زانستییانەی لە زانکۆکانی کوردستان دەنووسرێن،
زۆرجار تەنها کۆپیکردنێکی بێڕۆحی دەقەکانن بۆ بەدەستهێنانی نازناوی
زانستی. تەنانەت ئەو سیمینار و چالاکییە ڕۆشنبیرییانەیشی لەناو زانکۆ و
لە دەرەوەی زانکۆ بەشدارییان تێدا دەکرێت، زۆرجار تەنها بۆ خاڵ
کۆکردنەوەن بۆ هەمان مەبەست، نەک هەوڵێک بۆ تێگەیشتن و شکاندنی ئەو
ئاوێنانەی ڕاستییەکانی ئێمەیان تەڵخ کردووە. لێرەدا مەعریفە لە
ئامرازێکی ڕزگارییەوە دەبێتە کۆتوبەندێکی نوێ.
کاتێک باس لە مامۆستایان لە زانکۆکانی کوردستان دەکەین، باس لە
پرۆسەیەکی ڕژێنی مێژوویی دەکەین. مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان لە
ژینگەیەکدا گەشەیان کردووە، ئایدیۆلۆژیا لە ڕەگەوە هەموو پنتەکانی
خواردووە. ئەو لە قۆناغی گەشەی هزریدا، بە یەکێک لە حزبە سیاسییەکانی
کورد پەیوەستبووە، لە ڕۆژاڤا حزبێک، لە باکوور حزبێک، ڕۆژهەڵات حزبێک و
لە باشووری کوردستان حزبێکی تری خۆشویستووە. لە هەموو دۆخێکدا، حزبێک
هەبووە ئایدیۆلۆژیای سەرەکیی ئەو مامۆستایەی تێدا نیشتەجێیە. کاتێک
دەچێتە زانکۆ و دەبێتە مامۆستا، ئەو نەک هەر بابەتی خۆی دەڵێتەوە،
بەڵکوو ئایدیۆلۆژیای خۆیشی دەڵێتەوە. لێرەوە مامۆستایانی زانکۆکانی
کوردستان لە خۆدا هەرگیز ڕۆڵی مامۆستایەکی بێلایەن نابینن. تەنانەت
بێئەوەی بەخۆیان زانیبێت، وەک مامۆستا نوێنەرایەتیی حزبێک و
ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو دەکەن. مامۆستا هەیە وانیشاندەدا فێمینیستە،
بەڵام لە ماڵەکەی خۆیدا چاودێریی هاوژینەکەی و کچەکەی دەکات. هەشە وا
خۆی دەنوێنێت شیوعییە، بەڵام لە ماڵەوە سەرمایەدارێکە چاوچنۆک. هەیشە
وەک لیبراڵ خۆی نمایش دەکات، بەڵام لە خێزاندا، مێینەکانی بێبەری و
مافخوراو کردوە لە هەر جۆرە هەڵبژاردنێک. ئەم دووفاقییە هزرییە،
خوێندکاری کوردی خستووەتە دۆخێکی سایکۆلۆژیی هەرە مەترسیدارەوە، بە
جۆرێک ئیتر باوەڕی بە هیچ گوتارێک نەمێنێت. هزر و وزەی هزری لە خۆی و
کۆمەڵگە دەبات و ڕوو دەکاتە شتێکی هەرە سادەی وەک بڕوانامەیەک،
پیشەیەک، مووچەیەک، دوای ئەوە هەموو شتێک کۆتایی دێت.
ئەگەر سەیری ژینگەی ناوەوەی زانکۆکانمان بکەین، دەبینین ئەو فەزایە
لەبری ئەوەی شوێنی گەشە و دیالۆگی کراوە بێت، بووەتە ستەیجی
شانۆنامەیەکی گەورەی نمایشی. خوێندکاران لەبری پێشبڕکێی مەعریفی،
کەوتوونە پێشبڕکێی مۆدێلاتی جلوبەرگ، ئۆتۆمبێل و پیشاندانی ئەو پێگە
چینایەتییەی خێزانەکانیان هەیانە. زانکۆ دەبێتە مینیاتورێکی
بچووککراوەی کۆمەڵگەیەکی بەرخۆر و تێیدا عەقڵ و بیرکردنەوە هیچ
بەهایەکیان نییە ئەگەر نەکرێت بە سەرمایەی ماددی. زانکۆ لە بنەڕەتدا
دەبووایە شوێنی هزر بێت، بەڵام لە بەشێکی گەورەی خۆیدا لە کوردستان،
بووە بە شوێنی نمایشی چینایەتی. کچی کاربەدەستی حزبی یان حکومی،
ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرزی پێیە و دەچێتە زانکۆ. کچی مامۆستای زانکۆ، بە
ئۆتۆمبێلێکی مامناوەندترەوە فیز دەفرۆشێت، کچە جووتیارەکەش بەپێ یان بە
دۆڵمش و تەکسی دەچێتە زانکۆ. کاتێک ئەم سێ کچە لە یەک زانکۆدا دەبنە
خوێندکار، پێیدەڵێین یەکسانیی هزری، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم سێ کچە لە
زانکۆدا سێ ئەزموونی جیاوازن و لە هیچدا هیچ مانایەکی هاوبەش کۆیان
ناکاتەوە جگە لە ناوی زانکۆ. ئەمەش کوشندەترین گورزە بەر چەمکی ئازادی
دەکەوێت. کاتێک گەنجێک لە زانکۆ دەردەچێت، ئەو ئازاد نییە، بەڵکوو
بووەتە کۆیلەیەکی مۆدێرن و چاوەڕێی سیستەم یان بازاڕە دایبمەزرێنێت و
بیکڕێت. توانای بەرهەمهێنانی هیچ ئەلتەرناتیڤێکی تری نییە، چونکە زانکۆ
فێری نەکردووە چۆن بیر بکاتەوە، تەنها فێری کردووە، چۆن لەبەر بکات و
دووبارە بکاتەوە.
ئیڤان ئیلیچ، بیرمەند لە پەڕتووکی کۆمەڵگەی بێقوتابخانەدا هۆشداری لە
بەدامەزراوەییکردنی زانست دەدات، پێیوایە ئەم هەنگاوە خودی زانین
دەکوژێت. ئیلیچ دەڵێت کاتێک زانین دەکرێت بە موڵکی دامەزراوەیەک، ئەو
زانستە دەبێت بە ئامرازی چاودێری، نەک ئامرازی ئازادی. کاتێک هزری
ئازاد پێویستی بە بڕوانامەی زانکۆ هەبێت بۆ ئەوەی ڕەسمی بێت، هزری
ئازاد کوژراوە. ئیلیچ بیرمان دەهێنێتەوە هزرمەندە هەرە گەورەکانی
مێژووی مرۆڤایەتی، هیچ کامیان بڕوانامەی زانکۆیان نەبووە. سۆکرات
بڕوانامەی زانکۆی نەبوو. پەیامبەرەکان بڕوانامەیان نەبوو. لاوتزێ
بڕوانامەی نەبوو. ڕۆسۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ژیانی خۆیدا، ئۆتۆدیداکت
بوو. کاتێک ئێمە بڕوانامەی زانکۆ دەکەین بە مەرجی هزر، بەڵێی هزریمان
داوەتە دەست ئەو دامەزراوانەی دەیانەوێت مانای هزر بۆ خۆیان دیاری
بکەن. کاتێک زانکۆ دەبێتە تاکە دەروازەی شەرعی بۆ زانین، ئەو کەسانەی
لە دەرەوەی زانکۆن وەک نەزان سەیر دەکرێن، تەنانەت ئەگەر هەڵگری
قووڵترین حیکمەتی ژیانیش بن. ئیلیچ بیرمان دەخاتەوە ئێمەی کورد، هزری
هەرە قووڵی خۆمانمان لە دەرەوەی زانکۆ داهێناوە. مەلای جزیری بڕوانامەی
مۆدێرنی نەبوو. ئەحمەدی خانی بڕوانامەی مۆدێرنی نەبوو. شێرکۆ بێکەس
بڕوانامەی زانکۆیی نەبوو. جگەرخوێن بڕوانامەی مۆدێرنی نەبوو. هزری
هاوچەرخی کورد، لە دەرەوەی زانکۆ داهێنراوە. زانکۆکانی ئێمە لەبری
ئەوەی ئەم گەنجینەیە بپارێزن، لە ژێر پێوەرە جیاوازە خۆرئاوایی و
زیانبەخشە ئێرانی، عەرەبی و تورکییەکاندا دەیانخنکێنن. هەر ئەمەیشە
فەلسەفەی ژنانە و نەریتە ڕەسەنەکەی ئێمەی پەراوێز خستووە، هەر ئەوەی
پێشتر باسمان کرد. زانکۆ نەیتوانیوە ئەو داناییە لۆکاڵییە بکاتە تیۆر و
پراکتیکی بکات، بەڵکوو هاتووە بە زاراوەی بێگانە و پێوەرزانی زمانی
بێگانە هەستی نامۆبوون بە خۆی لای تاکی کورد قووڵتر کردەوە.
بۆ ئەوەی لەم کارەساتە دەرباز ببین، دەبێت چەمکی زانکۆ لە فەزایەکی
وەزیفی و بڕوانامەبەخشینەوە بگەڕێنینەوە بۆ ناو فەزایەکی ئەگۆرایی،
هاوشێوەی یۆنانی کۆن، ئەوەی فەیلەسووف و هاووڵاتی، خوێندکار و مامۆستا،
تێیدا لە یەک ئاستدا دیالۆگ دەکەن بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت. ئەکادیمیای
ئەفلاتوون هەرگیز شوێنی بڕوانامەبەخشین نەبوو، شوێنی گفتوگۆی هزری بوو،
شوێنی گەڕان بوو بەدوای حەقیقەتدا و شوێنی هەڵوەشاندنەوەی وەهمەکان
بوو. کاتێک ئەفلاتوون بەڕێوەبەری ئەکادیمیا بوو، ئیمتیازێکی زیاتری
نەبوو لە شاگردەکانی خۆی. ئەم هاوسەنگییە هزرییە لە زانکۆکانی ئێمە
هەرگیز بوونی نییە. مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان، خوێندکارانی خۆیان
وەک هاوسەفەری هزری نابینن، بەڵکوو وەک وەرگر و وەک تاکێکی لاواز، ئەو
تاکە بۆشەی پێویستی بەوەیە پڕ بێت. زانکۆ دەبێ ببێتە ئەو شوێنەی تێیدا
پرسیارە گەورەکانی کۆمەڵگەی کوردی، پرسیارەکانی داگیرکاری، جێندەر،
نایەکسانی و ناسنامە بە ڕووتوقووتی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، نەک لە ژێر
سانسۆری ئایدیۆلۆژیا و ترسی نانبڕین و تەوەزەلی تیۆریدا بشاردرێنەوە.
ئەگەر وا نەکەین، ئەوا ئەو لەشکرە گەورەیەی هەڵگرانی بڕوانامە، نەک
نابنە ڕزگارکەری ئەم نیشتمانە، بەڵکوو دەبنە قورسترین باری سەر شانی و
چارەسەرکردنی ترۆماکانیان دەیان ساڵی تری دەوێت. ئەو گەنجەی چوار ساڵ
لە ژیانی خۆی لە زانکۆ سووتاندووە، بەڵام هەرگیز پێیوایە فێری
بیرکردنەوە نەبووە، دوای دەرچوونی تووشی دووفاقی دەبێ. نەک هەر ناتوانێ
کاربکات لە کۆمەڵگەدا بەڵکوو ناتوانێ لە خۆیدا هێمن بێت. ئەو هەموو
ژیانی خۆی، لە دۆخ و داوێکی سایکۆلۆژیدا دەبێت. ناتوانێت بگەڕێتەوە
ژیانی هەرزەکاری، چونکە زانکۆ ماوەیەکی هەرە درێژخایەنی لە ژیانی
هەڵمژیوە. ناتوانێت لە زانکۆ دەربچێت بەرەو ژیانی ڕاستەقینە، چونکە
ژیانی ڕاستەقینەی فێرنەکراوە. ئەو دەکەوێتە ناو زبڵدانێکی هزرییەوە،
ئەم زبڵدانە، ئەو دۆخە دەروونییە ئەفسانەیی و سۆزدارییەیە پێیدەڵێن
ژیانی هاوچەرخی گەنجی کورد، ژیانێک نە بەڵێنی مانایی و نە ماددی، نە
هیوای هزری و نە ئومێدی سیاسی هەیە.
ئەگەر زانکۆ قۆناغی کۆتایی مۆنتاژکردنی مرۆڤی دەستەمۆ بێت، ئەوا دەبێت
بگەڕێینەوە بۆ قووڵایی پرۆسەکە و بپرسین، ئەم سیستەمە پەروەردەییە لە
بنەڕەتدا پشتی بە چ کەرەستەیەکی بێدەنگ بەستووە بۆ داڕشتنەوەی ئەم
عەقڵە؟ لە نێوان مامۆستای نوێنەری بێدەنگی و زانکۆی کارگەی وەهمی
بڕوانامەدا، ئامرازێکی تر هەیە لە هەموویان شەرعیتر و پیرۆزتر کراوە.
ئەو هێزە شاراوەیە، ئەو دەقەیە لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەوە دەخرێتە
بەردەم منداڵ و نابێت گومانی لێبکرێت. لێرەدا لەبەردەم پرسیارێکی هەرە
بنەڕەتیدا دەوەستین، ئایا ئەو مەنهەج و کتێبانەی دەخوێنرێن، تەنها
ئامرازێکن بۆ گواستنەوەی زانیاری، یان گەورەترین مەکینەی سیستەمن بۆ
چەواشەکردنی بوون و ئۆنتۆلۆژیای تاکی کورد؟ وڵامی ئەم پرسیارە و
هەڵوەشاندنەوەی پیرۆزیی دەقی مەنهەجی، دەرگەیەک بەرەو ستوونی داهاتوو
دەکاتەوە.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|