په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٧\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٣٠

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

کتێبی خوێندن وەک بەڵگەی چەواشەکاریی ئۆنتۆلۆژی.


لە ستوونی پێشوودا، مامۆستامان وەک نوێنەری بێدەنگی و زانکۆمان وەک کارگەی وەهمی بڕوانامە بەخشین شیکردەوە. بەڵام لە نێوان مامۆستا و خوێندکاردا، لە چەقی ئەم پرۆسە دیسپلینکارییەدا، شتێکی بێدەنگ، بێگیان و هاوکات ئێجگار ترسناک هەیە، ئەویش کتێبەکانی خوێندن'ـە، ئەو دەقانەی وەک مەنهەج بەسەر قوتابخانەکاندا سەپێنراون. کتێب لە فەلسەفەی هاوچەرخدا، شتێکی سادە نییە. کاتێک کتێبێکی مەنهەجی بۆ منداڵێکی حەوت ساڵان دەخوێنینەوە، نەک هەر زانیاری دەگوازینەوە، بەڵکوو جیهانێکی تەواوی بۆ دەخوڵقێنین. بۆ منداڵ، کتێب یەکەمین نەخشەی جیهان، یەکەمین ڕوخساری حەقیقەت و یەکەمین پێناسەی خودە. لە سیستەمی پەروەردەی نەریتیدا، کتێب تەنها کۆمەڵێک لاپەڕەی پڕ لە زانیاری نییە، بەڵکوو دەقێکە هێندە پیرۆز کراوە، نابێت گومانی لێبکرێت. پێش ئەوەی منداڵ فێری خوێندنەوەی وشەکان ببێت، فێری ئەوە دەکرێت هەرچی لەم کتێبەدا نووسراوە حەقیقەتە و هەرچی لە دەرەوەی ئەم کتێبەدا هەیە، یان هەر بوونی نییە یان هەڵەیە. ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە دەتوانین ناوی بنێین چەواشەکاریی ئۆنتۆلۆژی.

دەی کەواتا چەواشەکاریی ئۆنتۆلۆژی مانای چییە؟ مانای ئەوەیە کتێبی مەنهەجی، تەنها درۆ لەگەڵ زانیارییەکاندا ناکات، بەڵکوو بوون (ئۆنتۆلۆژیا)ی مرۆڤ دەشێوێنێت. لای فەیلەسووفی ئەڵمانی مارتین هایدگەر، مرۆڤ تاکە بوونەوەرە پرسیار لە هەبوونی خۆی دەکات. مرۆڤ لە هەموو بوونەوەرەکانی تر جیاوازتر دەردەکەوێت، چونکە توانای ئەوەی هەیە خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم پرسیارە ڕەسەن بێت، مرۆڤ دەبێت خاوەنی ئاسۆیەکی کراوەی بیرکردنەوە بێت. کاتێک منداڵ لە قۆناغی هەرە زوودا، ئاسۆی تێڕوانینی خۆی تەنها لە کتێبی خوێندنەوە وەردەگرێت، ئەم ئاسۆیە دەبێتە زیندانی خەیاڵەکانی. ئەو منداڵە هەرگیز ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە پرسیار بکات، چونکە سنوورەکانی پێشوەختە بۆ داڕێژراون. کتێبی خوێندن وێنەی جیهان و خود بۆ منداڵ وێنا دەکات، پێیدەڵێ کێیە، لە کوێوە هاتووە، کێ دۆستیەتی، کێ دوژمنیەیتی و سنووری خەیاڵەکانی تا کوێ دەبڕن. میشێل فوکۆ لە شیکارییەکانیدا بۆ چەمکی گوتار، پێیوایە دەقە فەرمییەکان حەقیقەت دروستدەکەن، نەک تەنها بیگوازنەوە. لای فوکۆ، هەر گوتارێک ژینگەیەکی هزری لە ناخی خۆیدا دەخوڵقێنێت، دیاری دەکات چ شتێک دەکرێت بگوترێت و چ شتێک قەدەغەیە، چ شتێک مۆری حەقیقەتی لێدراوە و چ شتێک حەقیقەتی لێزەوت کراوە. کتێبی خوێندن گەورەترین و باڵاترین گوتاری دەسەڵاتە. ئەو شتانەی لە کتێبی خوێندندا نین، لە ڕووی ئۆنتۆلۆژییەوە لە خەیاڵدانی منداڵیشدا دەسڕدرێنەوە. سڕینەوەی مێژوویەک، جوگرافیایەک، یان ئازادییەک لە لاپەڕەی کتێبێکدا، یەکسانە بە سڕینەوەی بەتەواوی هەموو ئەو شتانە لەناو مێشکی نەوەیەکدا.

ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری کتێبە مەنهەجییەکانی خوێندکاری کورد بکەین، بە ڕوونی دەبینین ڕووبەڕووی گەورەترین کارەساتی مەعریفی دەبینەوە. دەیان ساڵە منداڵی کورد لە ڕێگەی کتێبی خوێندنی نەتەوە سەردەستەکانی وەک عەرەب، تورک و فارسەوە پەروەردە دەکرێت. لەو کتێبانەدا، کورد وەک بوونەوەرێکی ئۆنتۆلۆژی بوونی نەبووە، یان ئەگەر هەشبووبێت، تەنها وەک یاخیبوو، تێکدەر، یان پاشکۆیەک وێنا کراوە. فرانتز فانۆن، لە پەڕتووکی پێستی ڕەش، ماسکی سپی دا، باس لەوە دەکات چۆن منداڵی کۆلۆنیزەکراو لە ڕێگەی کتێبی داگیرکەرەوە فێر دەکرێت خۆی وەک بێگانە ببینێت. ئەو دەڵێت کاتێک منداڵی جەزائیری لە ڕێگەی کتێبی فەڕەنسییەوە مێژووی فەڕەنسا وەک مێژووی خۆی دەخوێنێت، نەک هەر تاوانێکی مێژوویی بەرامبەر بە باپیرانی خۆی دەکات، بەڵکوو خودی خۆیشی لە ناخەوە زیندانی دەکات و دەبێتە ئەولادی داگیرکەرەکەی. منداڵی کورد لە قوتابخانەکانی داگیرکەردا، هەمان ئەم تراژیدیایەی دووبارە کردوەتەوە. کاتێک منداڵێکی کورد لە خوێندنی کتێبی مێژووی فارسدا فێری ئەوە دەکرێت کۆرشی مەزن باپیری گەورەی ئەوانە، ئەو نەک هەر لە باپیرە ڕەسەنەکانی خۆی دادەبڕێ، بەڵکوو دەبێتە ڕۆڵەی نەتەوەیەک نەفرەتی لە بوونی ئەم دەکات. منداڵی کورد مێژووی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی پێلەبەرکراوە، ناوی پاشا و خەلیفەکانیانی وەک پاڵەوان پێناسێندراوە، بەبێ ئەوەی بۆی هەبێ ناوی گوندەکەی خۆی لە جوگرافیادا بخوێنێتەوە. ئەمە چەواشەکارییەکی قووڵی ئۆنتۆلۆژیی بووە و تاکی کوردی کردوە بە مرۆڤی شیزۆفرینی، مرۆڤێک جەستەی لە کوردستانە، بەڵام عەقڵی لەناو مێژوو و جوگرافیای ئەوانی تردایە.

لێرەدا دەبێت لە یەکێک لە کوشندەترین دیاردەکانی سایکۆلۆژیای کۆلۆنیالیدا بوەستین. ئەلبێرت مێمی، فەیلەسووفی توونسی-فەڕەنسی، لە پەڕتووکی پۆرترێتی کۆلۆنیزەکراودا ئاماژە بەوە دەکات مرۆڤی کۆلۆنیزەکراو، لە قووڵترین قۆناغی ژێردەستەییدا، تووشی دیاردەیەک دەبێ مێمی ناوی دەنێ مێشکشۆردنەوەی هزری. ئەمە پرۆسەیەکە کەسی ژێردەستە، نەتەوەکەی خۆی تێدا وەک نەتەوەیەکی بێمانا، بێمێژوو و بێ‌داهاتوو دەبینێت. ئێمەی کورد لە ماوەیەکی درێژخایەنی مێژووی هاوچەرخماندا، تووشی ئەم مێشکشۆردنەوەیە بووین. کتێبی خوێندنی داگیرکەر، بەشێکی گەورەی هزری کۆمەڵگەی ئێمەی سڕییەوە. ئێمە دەیان ساڵ بە زمانی فارسی، عەرەبی و تورکی پێمان گوتراوە کورد نەتەوەیەکی سەرەکی نییە، مێژوو و شارستانییەتێکی سەربەخۆی نییە. ئێمە ئەم زانیارییانەمان لە خوارترین تەمەنماندا وەرگرتووە، پێش ئەوەی توانای ڕەخنەگرتنمان هەبێت. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا فێر بووین هەرچی گەورەیە بۆ ئەوانی ترە، هەرچی جوانە بۆ ئەوانی ترە، هەرچی زانستییە بۆ ئەوانی ترە. ئێمە بووین بە پاشکۆی هزریی ئەوانی تر، پێش ئەوەی تەنانەت بزانین خۆمان کێین.

ئەی دوای ئەوەی کورد خۆی بوو بە خاوەنی دەسەڵاتی پەروەردەیی چی ڕوویدا؟ لێرەدا کارەساتەکە فۆڕمێکی تری وەرگرت. کتێبە مەنهەجییەکانی، لەبری ئەوەی ببنە ئامرازی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ترۆمایە و بونیادنانەوەی عەقڵێکی ڕەخنەگر، بوو بە پاشکۆی ئایدیۆلۆژیای حزبی، هەمان عەقڵیەتی کۆیلایەتیی بەرهەم هێناوە. لای فرانتز فانۆن، ئازادیی نەتەوەیی هەرگیز بە مانای ئازادیی مێژوویی نایەت، ئەگەر ئەو ئازادییە لە دەروازەی هزری ڕەخنەگرانەدا نەکرێتەوە. فانۆن دەڵێت نەتەوە ئازادکراوەکان زۆرجار، دوای دەرکردنی داگیرکەر، هەمان سیستەمی داگیرکەرانە بەرهەم دەهێننەوە، بەڵام ئەمجارە بە دەستی خۆیان. لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە سێ دەیەیە خاوەنی سیستەمی پەروەردەیی خۆمانین، بەڵام هێشتا ڕوون نییە فەلسەفەی ئەم سیستەمە ڕاستە، چەپە، ناوەڕاستە، لیبڕاڵە، چییە، هێشتا دیار نییە چ مرۆڤێک بەرهەمدەهێنێت، هەر بۆیەشە کتێبە مەنهەجییەکانی هێشتا نەیانتوانیووە ئاستەکانی کتێبی مەنهەجی داگیرکەران تێپەڕێنن، ئەوەی کردومانە تەنها ناوی چەند سەرکردەیەکی حزبیمان خستە شوێنی ناوی خەلیفە عەرەبەکان، ناوی چەند شەڕێکی بە مەبەستمان خستووەتە شوێنی جەنگەکانی داگیرکەر و ناوی شەهیدە حزبییەکانمان خستە شوێنی پاڵەوانەکانی ئەوان. بەڵام فۆڕمە هزرییەکەی کتێبەکە هەرگیز نەگۆڕاوە. کتێبی ئێمە، هێشتا ڕێک وەک کتێبی داگیرکەرەکان ئاسۆیەکی داخراوی هزریی بەسەر منداڵدا دەسەپێنێ. منداڵ فێر دەکات پرسیار نەکات، گومان نەکات و لە دەق لانەدات. هێشتا مێشکی منداڵ وەک دەفرێکی بەتاڵ دەبینێت و پێیوایە تەنها پێویستی بە پڕکردنەوەیە. پەڕتووکی مێژووی ئێمە، لەبری ئەوەی مێژوویەکی ڕەخنەگرانەی نەتەوەیەک بێت، زۆرجار مێژووی سەرکەوتنە وەهمییەکانی حزبێک و شکستی ئەوانی ترە. کاتێک منداڵی کورد کتێبی مێژوو دەخوێنێتەوە تووشی لێکترازان دەبێت، چونکە ئەو مێژووەی پێیدەدرێت مێژوویەکی ئایدیاڵیست یان سانسۆرکراوە و هیچ پەیوەندییەکی بەو واقیعە وێرانەمانەوە نییە ڕۆژانە دەیبینێت.

گرنگە لێرەدا لەسەر دیاردەیەکی هزریی گەورە بوەستین، ئەو دیاردەیەی کتێبە مەنهەجییەکانی خوێندنی هاوچەرخی کوردیی زەمینەی بۆ ڕەخساندووە. ئێمە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن هەڵوێستێکی نائاساییمان بەرامبەر بە مێژووی خۆمان وەرگرتووە. کاتێک باس لە شکستە مێژووییەکان دەکەین، خۆمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هزری دەپارێزین. کاتێک باس لە هەڵە مێژووییەکانی سەرکردایەتیی کورد دەکەین، بەردەوام پاساویان بۆ دەهێنینەوە. کاتێک باس لە کۆچی بەکۆمەڵ، خیانەت، یان شکستی مێژووییمان دەکەین، هەموو تاوانەکان دەخەینە ئەستۆی داگیرکەر، یانی مێژوویەکمان بۆ خۆمان داهێناوە هەرگیز پرسیار لە خۆی ناکات. لای فەیلەسووفی ئەڵمانی، نیتشە، مێژووی ڕەسەن ئەو مێژووەیە ڕەخنە لە خۆی دەگرێت، ئەو مێژووەیە قووڵترین پرسیارەکان ئاڕاستەی خودی خۆی دەکات. بەڵام ئێمەی کورد، هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغی ڕەخنەگرتن لە مێژووەکەمان. کتێبی مێژووی ئێمە لەبری ئەوەی ببێتە ئامرازی ڕەخنە، بووەتە ئامرازی سەلماندن، سەلماندنی ئەوەی ئێمە هەمیشە قوربانی بووین، هەرگیز هەڵەمان نەکردووە و هەرگیز خاوەنی کەموکوڕی نەبووین.

لەلایەکی ترەوە، با سەیری ئۆنتۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و جێندەری ناو کتێبەکانی قۆناغی بنەڕەتییمان بکەین. مایکل ئەپڵ، بیرمەندی بواری پەروەردە، چەمکی مەنهەجی شاراوە دەهێنێتە ئاراوە. ئەو پێیوایە مەترسیدارترین شت لە کتێبدا ئەو وانەیە نییە بە ڕوونی دەوترێتەوە، بەڵکوو ئەو پەیامە شاراوەیەیە لە پەراوێز و وێنەکانیدا ئاڕاستە دەکرێت. ئەپڵ لە شاکارە فەلسەفییەکەیدا - ئایدیۆلۆژیا و مەنهەج، ئاماژە بەوە دەکات کتێبی مەنهەجی دوو ڕەهەندی هەیە، یەکەم، ئەو زانیارییەی بە ڕوونی دەردەکەوێت. دووەم، ئەو ئایدیۆلۆژیایەی لە پشتی زانیارییەکەوە بە نهێنی دەگوازرێتەوە. ئەپڵ دەڵێت ئایدیۆلۆژیا شاراوەکە هەمیشە لە زانیارییە ڕووکەشەکە بەهێزترە، چونکە بێدەنگە و هەستی پێناکرێت. کاتێک لە کتێبی خوێندنەوەی پۆلی یەکەمدا، وێنەی باوکێک دەکێشرێ ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە یان دەچێت بۆ سەر کار و لە بەرامبەردا وێنەی دایکێک دەکێشرێت خەریکی گسکدان و چێشتلێنانە، ئەمە وانەی خوێندن نییە، بەڵکوو وانەی داسەپاندنی دەسەڵاتی باوکسالارییە. لێرەوە، کتێبەکە بە شێوەیەکی نەستەکی، ڕۆڵە ئۆنتۆلۆژییەکانی نێر و مێ لە مێشکی منداڵدا جێگیر دەکات. کچەکە فێر دەبێت بوونی ئەو لەناو چوارچێوەی ماڵدا پێناسە دەکرێت و کوڕەکەش فێر دەبێت جیهانی دەرەوە و عەقڵانیەت موڵکی ئەوە. ئێمەی کورد لە کتێبەکانی خۆماندا، بەتەواوی هەمان ئەم پەیامە شاراوانەمان دووبارە کردووەتەوە و هەرگیز جیهانێکی نوێی هزریمان دانەهێناوە.

ژاک دێریدا، فەیلەسووفی هەڵوەشاندنەوە، فێرمان دەکات بۆ تێگەیشتن لە هەر دەقێک، نابێت تەنها ئەوە بخوێنینەوە نووسراوە، بەڵکوو دەبێت ئەوەش بخوێنینەوە نەنووسراوە، ئەوەی پەراوێز خراوە و بێدەنگ کراوە. دێریدا لە پەڕتووکی دەربارەی گراماتۆلۆژی دا دەڵێت هەر دەقێک دوو لایەنی هەیە، یەکەم، ئەوەی نووسراوە. دووەم، ئەو شتەی دەبوو نەنووسرێت یان بسڕدرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەم دەقە بتوانێت بوونی هەبێت. لای دێریدا، دەرگەی هەڵوەشاندنەوە، دەرگەی گەڕانە بەدوای ئەم لایەنە ونبووەدا. کتێبی خوێندنی نەریتی دەیەوێت خوێندکار دەقەکە وەک خۆی و بەبێ پرسیار وەربگرێت. بەڵام بۆ دروستکردنی عەقڵێکی ڕەخنەگر لە کوردستان، پێویستمان بە پەروەردەیەکە منداڵ فێری خوێندنەوەی دژە-دەق بکات. کاتێک منداڵ کتێبی مێژوو دەخوێنێتەوە، دەبێت مامۆستا لێیبپرسێ ئایا ئەم مێژووە هەموو حەقیقەتەکە دەگوازێتەوە؟ کێ لەم مێژووەدا بێگانەیە؟ کێی لێدەرکراوە؟ کێی تێیدا بێدەنگ کراوە؟ کاتێک کتێبی زمان دەخوێنێتەوە، دەبێت بپرسێ ئایا ئەم زمانە تەواوی جیهان دەگرێتەوە؟ کێ بەم زمانە قسە دەکات و کێ بێدەنگە؟ کاتێک کتێبی زانست یان ژینگە دەخوێنێتەوە، دەبێت هەمان پرسیارە ڕەخنەییەکان بوروژێنرێن.

پێویستە مامۆستا و خوێندکار پێکەوە بپرسن، بۆچی ئەم بابەتە لێرەدایە و بۆچی بابەتێکی تر نەبوو؟ کێ ئەمەی نووسیوە؟ چ بەرژەوەندییەک لە پشتی ئەم زانیارییەوە هەیە؟ کتێبی خوێندن نابێت سەردار بێت و خوێندکار کۆیلە، بەڵکوو دەبێت ببێتە کەرەستەیەکی خاو بۆ گفتوگۆ و گومانکردن. کاتێک باس لە ڕەخنە دەکەین، باس لە پرۆسەیەکی ڕیشەیی هزری دەکەین لە هەڵوەشاندنەوەی باوەڕە کوێر و سادەکانەوە دەستپێدەکات. ئێمەی کورد لە درێژخایەندا وا فێر کراوین گومانکردن لە کتێب یەکسانە بە بێدینی. سیستەمی ئۆتۆکراسی، نەریتی ئایینی، شەڕەفی خێزان و ئۆتۆریتەی زانستی، هەموویان دەیانەوێت گومانکردن بە واتای بێباوەڕی و بێهیوایی لێکبدەنەوە. بەڵام لای ئیمانوێل کانت، ڕۆشنگەری لە یەکەم قۆناغیدا لە بوێریی گومانکردنەوە دەستپێدەکات. کانت دەڵێت دروشمی ڕۆشنگەری بریتییە لە بوێریی ئەوەت هەبێت عەقڵی خۆت بەکار بهێنیت. کاتێک ئێمە دەمانەوێت پەروەردەیەکی ڕەسەن دابهێنین، دەبێت پێش هەموو شتێک منداڵی کورد فێری گومانکردن بکەین، گومان لە کتێب، گومان لە مامۆستا، گومان لە باوک، گومان لە سیستەم و گومان لە خودی خۆیشی. گومان، باڵاترین کرداری هزریی مرۆڤی ئازادە.

تا ئەو کاتەی کتێبەکانی خوێندن لە کوردستان لە بەڵگەی چەواشەکاریی ئۆنتۆلۆژی و تابۆی پیرۆز نەگۆڕێن بۆ دەقێکی کراوەی ئەوتۆ قابیلی ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوە بن، ئێمە ناتوانین باس لە پەروەردەکردنی مرۆڤێکی ئازاد بکەین. مرۆڤی ئازاد، ئەو مرۆڤە ڕاستەقینەیە دەتوانێت لە دەرەوەی ئەو سنوورانەش بیر بکاتەوە کتێبەکان بۆیان کێشاوە. جۆن دیوی دەڵێت پەروەردەی ڕەسەن هەرگیز نابێت ببێتە پرۆسەی گواستنەوەی زانیاری، پەروەردەی ڕەسەن پرۆسەیەکی گەشەکردن و تێپەڕاندنە. منداڵ دەبێت لە ژینگەیەکدا گەشە بکات تێیدا عەقڵی خۆی وەک شتێک نەبینێت بۆ هەڵگرتن، بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە جیهان و گۆڕینی بەکاری بهێنێت. ئێمەی کورد، لە کتێبەکانی خۆماندا، منداڵ فێر ناکەین بیر بکاتەوە، بەڵکوو فێری دەکەین زانیاری وەربگرێت. ئەم دوو شتە تەنها لە مانادا جیاواز نین، بەڵکوو لە ڕووی ئۆنتۆلۆژی و بوونیشەوە جیاوازن. منداڵێک بیر دەکاتەوە، دەتوانێ ژیانێکی نوێ بۆ نەتەوەکەی داهێنێ، بەڵام منداڵێک تەنها زانیاری وەردەگرێ، هەرگیز ناتوانێ شتێکی نوێ بخوڵقێنێت.

ئەگەر کتێبی خوێندن تەنها نەخشەیەک بێت بۆ دیاریکردنی سنوورەکانی بیرکردنەوە، ئەوا ئەم چەواشەکارییە ئۆنتۆلۆژییە لە بۆشاییدا کار ناکات، بەڵکوو پێویستی بە فەزایەک و ژینگەیەک هەیە تا بەکردەیی بەسەر ڕۆح و خەیاڵی منداڵدا بسەپێنرێت. کتێب بە تەنها ناتوانێت پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردن تەواو بکات، ئەگەر دیوارەکانی قوتابخانە، دیسپلینی سارد و ڕەقی پۆلەکان و سیستەمی بێدەنگکردن ڕامکردنی جەستە و عەقڵی منداڵ لە ئەستۆ نەگرن. کاتێک دەقی مەنهەجی سنوور بۆ زانین دابنێت، ژینگەی خوێندنیش دەبێتە ئەو قەسابخانەیەی تەواوی خەیاڵ و ئەگەری باڵگرتنی منداڵ دەکوژێت. لێرەوە لەبەردەم پرسیارێکی جەوهەریداس دەوەستین، ئایا ژینگەی مادی و دەروونیی قوتابخانەکانی ئێمە چۆن دەبنە کەرەستەی کوشتنی خەیاڵی منداڵانە و خنکاندنی هەر هەوڵێک بۆ داهێنان؟ وەڵامی ئەم پرسیارە و هەڵکۆڵینی ئەو ژینگەیە، دەبێتە بابەت و تیشکی ستوونی داهاتوومان.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک