په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٨\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٣١

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

ژینگەی خوێندن و کوشتنی خەیاڵی منداڵانە.

ئەگەر کتێبی مەنهەجی، وەک ئەوەی لە ستوونی پێشوودا ڕوونمانکردەوە، ئەو دەقە بێت سنوورەکانی ئۆنتۆلۆژیا و بیرکردنەوەی منداڵ دادەڕێژێت، دەبێ لەوە تێبگەین ئەم دەقانە هەروا خۆکار و ئاسایی و لە بۆشاییدا گەشە ناکەن و کار ناکەن. بۆ ئەوەی پرۆسەی دەستەمۆکردن و کوشتنی وزە و هزری داهێنان بەتەواوی سەر بگرێت، دەسەڵات پێویستی بە فەزایەکی مادی و دەروونیی تۆکمەتر هەیە، پێویستی بە ژینگەیەک هەیە جەستە و ڕۆح پێکەوە ڕام بکات. ئەو ژینگەیە ژینگەی ناوەندەکانی خوێندنە. لای فەیلەسووفی فەڕەنسی هێنری لۆفێڤر، فەزا هیچ کاتێک بێلایەن نییە. ئەو دەڵێت هەموو فەزایەک، بەرهەمی کۆمەڵگەیەکە و هەموو کۆمەڵگەیەکیش فەزای خۆی بۆ بەرهەمهێنانی خۆی داهێناوە. کاتێک ئێمە دەچینە ناوەندێکی خوێندن، نەک هەر چووینەتە شوێنێک، بەڵکوو چووینەتە ناو بەرهەمی هزری کۆمەڵگەیەک، ناو بەرهەمی ئارەزوو و ترسی سیستەم، بەرهەمی ئایدیۆلۆژیایەک لە دیوارەکاندا خۆی نووسیوەتەوە. زۆرجار ناوەندەکانی خوێندن وەک پەرستگەی پیرۆزی زانست و ڕووناکبیری وێنا دەکەین، بەڵام ئەگەر لە دیدێکی ڕەخنەیی و بە چاویلکەی هەڵوەشاندنەوەوە، سەیری پەیکەربەندی و تەلارسازیی ئەم دامەزراوەیە بکەین ڕوون دەردەکەوێ و دەبینین ناوەندەکانی خوێندن زیاتر لە زیندان، سەربازگە و کارگە دەچن تا باخچەیەک بۆ گەشەی مرۆیی.

میشێل فوکۆ، لە شاکارەکەیدا - چاودێری و سزادان، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چۆن سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی مۆدێرن، بۆ بەرهەمهێنانی جەستەی گوێڕایەڵ، سوودیان لە جۆرێک لە تەلارسازی و دیسپلین وەرگرتووە بۆ زیندان، نەخۆشخانە، کارگە و ناوەندەکانی خوێندن. فوکۆ لە شیکارییەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە لە قۆناغی سەرمایەداریی پیشەسازیدا، دەسەڵات پێویستی بە جۆرێکی نوێی هاووڵاتی هەبوو. هاووڵاتییەک کاتی دیاریکراوی خۆی دەزانی، ڕەفتارەکانی خۆی بەو پێوەرە ڕێکدەخست، جەستەی خۆی لە خزمەت بەرهەمهێناندا دەخستە کار. ئەم هاووڵاتییە، لە خانەوادەوە نەهاتبوو و پێنەگەشتبوو، چونکە خانەوادە پتر بۆ چێژی جەستەیی و پەیوەندیی هزری بوو. ئەم هاووڵاتییە دەبوایە لە دامەزراوەیەکی تازەدا پێبگات، دامەزراوەیەک کاتی خۆی، فەزای خۆی، جەستەی خۆی بە شێوازێکی نوێ ڕێکبخات. لێرە ناوەندەکانی خوێندن پێش هەموو شتێک، کارگەی داهێنانی جەستەیەکی نوێ بوون، جەستەیەک لە خزمەت پیشەسازی و سوپادا بێت. کاتێک منداڵ پێدەنێتە ناو حەوشەی قوتابخانە، یەکەم شتێک دەیبیستێ و ڕووبەڕووی دەبێتەوە زەنگی قوتابخانەیە. زەنگەکە کاتژمێری بایۆلۆژی و دەروونی لە هۆشی منداڵدا دەسڕێتەوە و لە جێگەیدا کاتژمێری سیستەماتیکی دادەنێ و دەسەپێنێ. لێرە دیاردەیەکی هزریی گەورە دەردەکەوێت. لای فەیلەسووفی فەڕەنسی هێنری بێرگسۆن، مرۆڤ لە کاتی ڕەسەندا دەژی، کاتێک بێرگسۆن ناوی لێدەنێ ماوەی پەتی، کاتێکە لە ناخی مرۆڤدا ناتەواوە، ڕیزبەندییەکی نییە و پارچەپارچە نییە. بەڵام کۆمەڵگەی پیشەسازی، ماوەی پەتیی مرۆڤی سڕییەوە و کاتی کاتژمێری لە جێگەیدا داهێنا، کاتێکی پارچەپارچەکراو، ڕیزکراو، ڕێکخراو. زەنگی قوتابخانە، بەرزترین ئامرازی سەپاندنی کاتی پیشەسازییە لەسەر ژیانی مرۆڤ. کاتێک زەنگ لێدەدرێت، منداڵ فێر دەبێت هیچ کاتێکی ئارەزوومەندانەی خۆی، لەبەردەمدا نییە. کاتی پشوودانی بۆ ماندووبوونەکانی خۆی نییە. کاتی بۆ گەشەی ناخی خۆی نییە. ئەوەی هەیەتی تەنها کاتێکە، کاتی زەنگ. ئەم وانەیە، کاریگەرترین وانەی هزریی سیستمی سەرمایەدارییە بۆ منداڵ.

دواتر ڕیزبوون لە گۆڕەپانەکەدا، وەستان بە شێوەیەکی سەربازی، لەبەرکردنی یەک جۆر جلوبەرگ بە ناوی نەهێشتنی ڕووکاری چینایەتی و مادی، بەڵام لە بنەمادا بۆ سڕینەوەی هەر جیاوازییەکە لە بۆتەی ئەو تاکڕەهەندییەی دەسەڵات دەیخوازێت، پاشان چوونە ناو پۆلێکی چوارگۆشەوە یان لاکێشەی داخراو، بە جۆرێک ڕیزە کورسییەکانی وەک هێڵی بەرهەمهێنانی کارگەیەک بەدوای یەکدا ڕیز کراون. لە پێشەوەی پۆلیشدا، مامۆستا لەبەردەم وایت‌بۆردێکدا دەوەستێت. ئەمە هەر تەنها دابەشکارییەکی مادی نییە، بەڵکوو سەپاندنی دەسەڵاتێکی هەڵتۆقیوە. لێرەدا دەبێت لە دیاردەیەکی سایکۆلۆژیدا بوەستین. لای فەیلەسووفی فەڕەنسی گاستۆن باشلار، فەزا هەرگیز شتێکی ئەندازەیی سادە و ساکار نییە بۆ مرۆڤ. باشلار لە کتێبی - شاعیریەتیی فەزا دا، ئاماژەی بەوە کردووە، مرۆڤ لە فەزای ماڵی خۆیدا، هزری خۆی دادەهێنێتەوە. کاتێک منداڵ لە فەزای گەرم و ژیاوی ماڵی خۆیدا گەشە دەکات، ئەم فەزایە دەبێتە فەزای خەیاڵی سەرەکی بۆ ژیانی هزریی داهاتووی. بەڵام کاتێک منداڵ دەکەوێتە ناو فەزای چوارگۆشەی قوتابخانە، ئەو فەزایە دەبێت بە جیهانی هزریی ئەو. ئەو لە قوتابخانە فێر دەبێ جیهان چوارگۆشەیە، لاکێشەیە، ڕەقە، بێڕەنگە، بێگیانە و هیچ ڕەهەندێکی نییە جگە لە ڕەهەندێکی فەرماندەریی و فەرمانی. ئەم وانە فەزاییە، زۆر لە وانەی کتێبی خوێندن بەهێزترە، چونکە ئەم وانەیە هەرگیز بە دەم ناوترێت، تەنانەت نەگونجاوە پرسیاری لێبکرێت، ئەو تەنها بە جەستە وەریگرتووە. ئەم ژینگەیە بۆ ئەوە دروستنەکراوە منداڵ تێیدا بئافرێنێت، بەڵکوو بۆ ئەوە دروستکراوە منداڵ تێیدا فێری گوێڕایەڵی بکرێت، فێر بێت بێدەنگ بێت و تەنها کاتێک قسە بکات لەلایەن مامۆستاکەیەوە، مۆڵەتی پێدەدرێت.

لەم فەزایەدا، ئەوەی ڕوو دەدات، ترسناکە، کوشتنی خەیاڵ. سێر کێن ڕۆبنسن، بیرمەندی گەورەی بواری پەروەردە، لە شیکارییەکانیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە منداڵان بە بەهرە و خەیاڵێکی بێسنوورەوە لەدایک دەبن، بەڵام قوتابخانەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەم داهێنانە دەکوژن. ڕۆبنسن لە یەکێک لە شیکارییە هەرە بەناوبانگەکانی خۆیدا، تاقیکردنەوەیەکی گەورەی سایکۆلۆژی دەهێنێتە ئاراوە. لە توێژینەوەیەکدا، دەیان منداڵی ژێر پێنج ساڵان، لە شێوازە جیاوازەکانی هزری داهێناندا تاقیکردنەوەیان بۆ کرا. زیاتر لە نەوەد و هەشت لە سەدیان، لە بەرزترین ئاستی داهێناندا بوون. هەمان تاقیکردنەوە دووبارە کرایەوە کاتێک ئەو منداڵانە بوون بە دە ساڵان، تەنها سی لە سەدیان لە هەمان ئاستدا مابوونەوە. کاتێک هەمان تاقیکردنەوە لە پازدە ساڵیدا دووبارە کرایەوە، تەنها دوانزە لە سەدیان لە هەمان ئاستدا مابوون. کاتێک لە بیست و پێنج ساڵیدا دووبارە کرایەوە، تەنها دوو لە سەدیان لە هەمان ئاستدا مابوون. لێرەدا ڕۆبنسن پرسیارێک دەکات: ئایا ئەم داکشانە هزرییە، سروشتییە یاخود لێکەوتە و تێکەوتەی چاندێکی ئایدیۆلۆژییە؟ وڵامەکە زۆر ڕوونە. ئەم داکشانە دەرکەوتەی ئەوەیە قوتابخانە، هزری داهێنانی لە منداڵدا کوشتووە. خەیاڵی منداڵانە، وزەیەکی سروشتی، بێسنوور و فرەڕەهەندە. منداڵ لە دەرەوەی قوتابخانە لە یەککاتدا وێنەکێشە، فەیلەسووفە، ئەندازیارە و چیرۆکنووسە. بەڵام ژینگەی خوێندن، بە دابەشکردنی زانست بۆ وانەی جیاکراوەی وەک بیرکاری، زمان، زانست و بە سەپاندنی سیستەمی نمرەدان، ئەم خەیاڵە سروشتییە خاوێنە کەفگیر دەکات.

لای فەیلەسووفی فەڕەنسی مۆریس مێرلۆ-پۆنتی، هزری منداڵ لە بنەڕەتدا هزرێکی جەستەیی-جیهانییە. منداڵ لە دەرگەی جەستەی خۆیەوە جیهان دەبینێت. ئەو دەگاتە دەرگەی بەرکەوتن، دەرگەی بۆنکردن، دەرگەی گوێگرتن. بۆیە هزری منداڵ، هزرێکی لێکدابڕاو و پارچەپارچە نییە، بەڵکوو هزرێکی گشتییە، هزرێکە هەموو کۆدەکانی دونیا لە یەککاتدا دەبینێت. کاتێک قوتابخانە بیرکاری لە وانەیەکدا پێدەڵێت، زمان لە وانەیەکی تر، زانست لە وانەی سێیەمدا، منداڵ دەبێت بە دوو بوونەوەر، دوو پارچە، دوو نەتەوەی هزری. ئەم پارچەپارچەکردنە هزرییە، وێرانکەرترین کارێکی هزریی قوتابخانەیە بەرامبەر بە هزری سروشتیی منداڵ ئەنجامی دەدات. سیستەمی نمرەدان وا لە منداڵ دەکات لەبری ئەوەی بەدوای دۆزینەوەی جیهاندا بگەڕێت، تەنها بەدوای دۆزینەوەی وڵامە ڕاستەکەدا بگەڕێت، ئەو وڵامەی مامۆستا و کتێبەکە دەیانەوێت و بۆیان دیاریکردوە و داناوە. ترس لە هەڵەکردن، دەبێتە پۆلیسی ناوەکی لە مێشکی منداڵدا. ڕۆبنسن دەڵێت ئەگەر ئامادە نەبیت هەڵە بکەیت، هەرگیز ناتوانیت شتێکی ڕەسەن دابهێنیت. بەڵام قوتابخانە ئەو ژینگەیەیە تێیدا هەڵەکردن گەورەترین تاوانە. لێرەدا دیاردەیەکی سایکۆلۆژیی زۆر گەورە دەرکەوتووە. کاتێک منداڵ لە ماوەیەکی درێژخایەندا فێر دەکرێت هەڵە شتێکە شەرمهێنەرە، ئەو دەبێت بە تاکێک هەرگیز ناتوانێ ببێتە بەشێکی چالاک لە خەڵک و کۆمەڵگە. چونکە خەیاڵ خۆی، لە کرۆکی خۆیدا، دەرگەی هەڵەیە. ئەگەر ئێمە هەڵە نەکەین، هەرگیز داهێنانێک ناکەین. سۆکرات دەیگوت زانین، بریتییە لەوەی دەزانین نازانین. کاتێک منداڵ فێر دەکرێت نەزانین شەرمە، ئەو هەرگیز ناتوانێت زانا بێت.

ئەگەر سەیری ژینگەی خوێندنی قوتابخانە و خوێندنگە کوردییەکان بکەین، ئەم قەسابخانەی خەیاڵە شێوەیەکی دڕندەتر وەردەگرێت. ناوەندەکانی خوێندنی ئێمە نەک هەر بەدەست دیسپلینە ڕەقە جیهانییەکەوە دەناڵێنن، بەڵکوو قوربانیی وێرانیی سیاسی و ئابووریی کۆمەڵگەکەشمانن. دیوارە سارد و بێڕەنگەکان، نەبوونی تاقیگە و کەرەستەی تاقیگە، قەرەباڵغی و بچووکیی پۆلەکان و نەبوونی هیچ فەزایەک بۆ سەربەستیی جەستەیی، ناوەندەکانی خوێندنیان کردووەتە شوێنێکی بێزارکەر بۆ ڕۆحی منداڵان، هەرزەکاران و گەنجان. کۆمەڵگەی کوردی شارەکانی دەرکەوتن، بەڵام هەرگیز نەگەیشتینە هزرێکی ڕەسەن بۆ فەزای شارەکانمان. ئێمە نەخشەی شارەکانمان لە شارە فارسی و عەرەبی و تورکی و ڕۆژئاواییەکانەوە وەرگرت و کۆپیمانکرد. ئێمە قوتابخانەکانمان لە قوتابخانەکانی داگیرکەرانەوە کۆپیکردن. ئێمە هەرگیز نەمانپرسی: ئایا فەزای ڕەسەن بۆ منداڵەکانی خۆمان چییە؟ ئایا قوتابخانەیەکی ڕەسەن بۆ نەتەوەیەک لە دەشت و شاخدا ژیاوە دەبێت چۆن بێت؟ ئایا فەزای دیموکراسیانە بۆ نەتەوەیەک هەرگیز دەسەڵاتی خۆی نەبووە دەبێت چۆن بێت؟ ئێمە هەرگیز ئەم پرسیارانەمان لە خۆمان نەکردووە. لەلایەکی ترەوە، ئەو بێلایەنییە هزرییەی دەبێ لە ژینگەی زانستیدا هەبێ، نەک هەر بوونی نییە، بگرە سێبەری نەریتی ڕێچکە و ڕێبازە ئایینگەراکان، حزب، ململانێ سیاسییەکان و دۆخی خراپی بژێویی مامۆستایان، ڕاستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ ناو پۆل. لێرە دەبێت پرسیارێکی ڕەخنەگرانە بکەین. کاتێک منداڵێکی کورد لە قوتابخانەیەکی کوردستان دەخوێنێت، ئایا منداڵ نازانێ حزب و ململانێی سیاسی، لە هەموو کۆڵانەکاندا مامۆستایانی گیرۆدە کردووە؟ منداڵ زۆر باش دەزانێ. منداڵی کورد لە ژینگەیەکدا دەخوێنێ نەک هەر خەیاڵ ناوروژێنێ، بەڵکوو چرای ئومێدیش دەکوژێتەوە. کاتێک قوتابخانە لە شوێنی دۆزینەوەی خودەوە دەگۆڕێت بۆ تەنها زیندانێکی ناچاری بۆ بەسەربردنی چەند کاتژمێرێک، ئیتر ناتوانین چاوەڕێی پەروەردەکردنی نەوەیەکی ئازاد بین.

گاستۆن باشلار لە کتێبی - شاعیریەتیی فەزا دا باس لە گرنگیی فەزای مادی دەکات لە دروستکردنی خەیاڵدا. ئەو دەڵێت ماڵ، یان هەر فەزایەک مرۆڤ تێیدا دەژی، دەبێ پەناگەیەک بێ بۆ خەونبینین. باشلار لە شیکارییەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە ژووری منداڵی لە ماڵەکەی خۆتدا، یەکەم فەزایە تۆ خۆت وەک بوونێکی سەربەخۆ تێدا ناسیوە. ژووری منداڵی، ژوورێکی ئارامە، ژوورێکی ڕوونە، ژوورێکە شتە کۆنەکان، ڕەنگە کۆنەکان و بۆنە کۆنەکان لەناو خۆیدا هەڵدەگرێت. کاتێک منداڵ گەورە دەبێت، ئەم ژوورە دەبێت بە کۆڵانی ئارامیی هزری بۆی. مرۆڤی گەورە، لە کاتی نائارامیی هزریدا، دەگەڕێتەوە بۆ ژووری منداڵیی خۆی، یاخود بۆ ماڵی منداڵیی خۆی. لێرەدا باشلار پرسیار دەکات: ئایا قوتابخانە دەبێتە فەزای ئارامبەخش و پەناگەی سایکۆلۆژی بۆ ئەم مرۆڤە گەورەیە؟ ئایا مرۆڤی گەورە کاتێک هەست بە ماندووبوونی هزری دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەکەی خۆی؟ ئایا هەبووە کەسێک لە کاتی خۆشیی هزریدا، هەست بە نۆستالژیای پۆلەکەی بکات؟ وڵامەکە ڕوونە. قوتابخانە هەرگیز فەزایەکی ئارامبەخشی سایکۆلۆژیی مرۆڤی گەورە نەبووە. قوتابخانە فەزایەکە مرۆڤ دەیەوێت لە ناخی خۆیدا بیسڕێتەوە، نەک بیهێنێتەوە یاد. ژینگەی ناوەندەکانی خوێندن، بەو ئەندازەیی و ڕەقییەی خۆیانەوە، فەزایەکن دژە-خەون. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی منداڵ جۆرێک لە بەرگریی ناوەکی دروستبکات، یان بێدەنگ دەبێت و تەسلیمی ئامێرە گەورەکەی سیستەمەکە دەبێت، یانیش دەبێتە خوێندکارێکی تەمبەڵ یان ئاژاوەگێڕ - ئەو خوێندکارەی زۆرجار خەیاڵەکانی ڕەتیدەکاتەوە بچێتە ناو ئەو قاڵبە تەسکەوە و یاخی دەبێت. زۆرجار ئەو خوێندکارەی بە خراپ دەناسرێت لە قوتابخانەدا، لە ڕاستیدا داهێنەرترین و جیاوازترین هزری ناو پۆلەکەیە. ئەو ناتوانێت هزری خۆی لەناو قاڵبی سیستەمدا قەتیس بکات، بۆیە یاخی دەبێت. یاخیبوونی ئەو، هەرگیز نیشانەی هزری خراپ نییە، بەڵکوو نیشانەی هزرێکی زۆر گەورەیە قوتابخانە ناتوانێ بیگرێتە خۆی و لێی تێبگات. ئێمە دەبێت ئەم خوێندکارانە بپارێزین، نەک وەک خراپەکار، بەڵکوو وەک ئایندەی نەتەوەکەمان.

لێرەدا دەگەینە خاڵی یەکلاکەرەوە. کاتێک ناوەندەکانی خوێندن دەبنە قەسابخانەی خەیاڵی منداڵ، هەرزەکار و گەنج و کاتێک ژینگەی مادی و دەروونیی خوێندن توانای تێرکردنی ئەو وزە گەورەیەی نامێنێت، خوێندکار بەدوای دەروازەیەکی تردا دەگەڕێت بۆ هەڵهاتن. لە سەردەمی هاوچەرخدا، ئەم هەڵهاتنە بەرەو سروشت یان سەرشەقامەکان نییە، بەڵکوو هەڵهاتنە بەرەو شاشەکان. کاتێک منداڵ لە فەزای ماڵ، لە فەزای شەقام، لە فەزای قوتابخانەدا، هیچ کاتێک شوێنی ڕەسەنی نەبێت، دەڕوات بۆ شوێنێکی بێدەنگ، بێهێز و مەجازی دادەهێنێت و دەدۆزێتەوە. لای فەیلەسووفە فەڕەنسییەکە هێنری لۆفێڤر، مرۆڤ کاتێک بە فەزای واقیعیی خۆی نامۆ دەبێت، فەزای مەجازی دادەهێنێت. منداڵی کورد ئەمڕۆ بە فەزای ماڵ نامۆیە، بە فەزای شەقام نامۆیە، بە فەزای قوتابخانە نامۆیە. کاتێک زیندانی مادیی ناوەندەکانی خوێندن ڕۆحی خوێندکاران ماندوو دەکات، ئەوان پەنا دەبەنە بەر ئازادییە وەهمییەکەی جیهانی دیجیتاڵی. لێرەوە، خوێندکار لەژێر چەپۆکی دیسپلینی نەریتیی مامۆستا و ناوەندەکانی خوێندن دەردەچێت، تەنها بۆ ئەوەی بکەوێتە ناو تۆڕێکی ئاڵۆزتر و ترسناکتری کۆنترۆڵکردن. ئایا ئەم پەنابردنە بۆ جیهانی ئینتەرنێت، ڕزگاربوونە یان کەوتنە ناو تەڵەیەکی گەورەتر؟ ئایا پەروەردەی هاوچەرخ چۆن لە نێوان چەکووشی ناوەندەکانی خوێندن و سندانی ئیمپراتۆریای گۆگڵدا، عەقڵی منداڵ دەکاتە کارتۆنێکی هزری؟ ئەمە ئەو دەروازەیە دەبێت لە ستوونی داهاتوودا دەیخەینە بەر نەشتەر و هەڵیدەوەشێنینەوە.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک