په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٣٢

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

پەروەردەی هاوچەرخ لە نێوان ئیمپراتۆریای گۆگڵ و کارتۆنی هزریدا.


تراژیدیای گەورەی سەردەمی مۆدێرن لەوەدایە، زۆرجار ئەو دەروازانەی وەک ڕزگاری دەیانبینین، خودی خۆیان تەڵەیەکی ئاڵۆزتر و مەترسیدارترن بۆ داگیرکردنی هۆشیاری. مرۆڤی هاوچەرخ، بەتایبەت نەوەی ئەمڕۆ و خوێندکار، کاتێک لە ڕەقیی دیوارەکان و دیسپلینی وشکی دامەزراوە نەریتییەکان هەڵدێ، ڕاستەوخۆ خۆی فڕێدەداتە باوەشی شاشە بریقەدارەکانەوە. ئەو پێیوایە لە زیندانێکی ماددییەوە پێیناوەتە ناو فەزایەکی کراوەی بێسنوورەوە، بەڵام لە ڕاستیدا، تەنها فۆڕمی دەستەمۆکارەکەی خۆی گۆڕیوە. لێرەدا ڕووبەڕووی ترسناکترین و شاراوەترین ئامێری کۆنترۆڵکردنی مەعریفی دەبینەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەویش ئیمپراتۆریای گۆگڵ و ئەو ژینگە دیجیتاڵییەیە زانینی زەوتکردووین و لە جێگەیدا زانیاریی پێبەخشیوین.

بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییە ئۆنتۆلۆژییە، دەبێ دیقەت بدەین و جیاوازیی بکەین لە نێوان ئەو دەسەڵاتەی جەستە ڕام دەکات و ئەوەی ڕۆح و هزر داگیر دەکات. فەیلەسووفی کۆری-ئەڵمانی، بیۆنگ-چول هان، پێماندەڵێت لە سەردەمی دەسەڵاتی دیسپلینکارەوە گواستوومانەتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی زیرەک. دەسەڵاتی نەریتی پشت بە فەرمانپێکردن و قەدەغەکردن دەبەستێت، بەڵام دەسەڵاتی دیجیتاڵی پشت بە فریودان و ئازادییەکی وەهمی دەبەستێت. ئیمپراتۆریای گۆگڵ نا - زۆریت لێناکات بێدەنگ بیت، بەڵکوو بەردەوام هانتدەدا بگەڕێی، کلیک بکەی و زانیارییەکانی خۆت ئاشکرا بکەیت. ئەم دەسەڵاتە زیرەکە، فەزایەکی دروستکردووە تێیدا قوربانییەکە بە ئارەزووی خۆی و بە زەردەخەنەیەکەوە دەچێتە ناو قەفەزەکەوە. کاتێک دەسەڵات لە شێوەی ئازادی و ئاسانکاریدا دەردەکەوێ، ئیتر بەرگریکردن لە بەرامبەریدا مەحاڵ دەبێت، چونکە هیچ کەسێک شۆڕش دژی ئەو شتانە ناکات هەستدەکات خزمەتی دەکات.

با سەیری ماهییەتی گەڕان بکەین لەناو ئەم ئیمپراتۆریایەدا. لە مێژووی فەلسەفەدا، پرۆسەی گەڕان بەدوای حەقیقەتدا، پرۆسەیەکی زۆر پڕ لە ئازار، گومان، تێڕامان و ململانێی هزری بووە. سۆکرات پێیوابوو زانین دەبێ وەک پرۆسەی منداڵبوون وابێت، واتا بە ئازارەوە لە ناخی مرۆڤەوە بێتە دەرەوە. بەڵام ئەمڕۆ، گۆگڵ پرسیارەکانی لە مانا خستوون، چونکە وڵامەکانی حازر بەدەستکردوون. کاتێک خوێندکارێک پرسیارێکی هەیە، بە کەمتر لە چرکەیەک ملیۆنان ئەنجامی دەخرێتە بەردەست. ئەم خێراییە سەرسوڕهێنەرە، ترۆپکی دیموکراسیەتی زانیارییە لە ڕووکەشدا، بەڵام لە کرۆکدا، مەرگی بیرکردنەوەی قووڵە. مارتین هایدگەر کاتی خۆی لە شیکارییەکانیدا سەبارەت بە تەکنەلۆژیا پێشبینکردوە و هۆشداری دەدات لە باڵادەستبوونی بیرکردنەوەی هەژماری و داتاگەرایی بەسەر بیرکردنەوەی تێڕاماندا. گۆگڵ مرۆڤی کردووەتە ئامێرێکی هەژماری و تەنها داتا وەردەگرێ و دەگوازێتەوە، بێئەوەی هیچ تێڕامانێکی قووڵی بۆ ماهییەتی بابەتەکە هەبێت. مرۆڤی هاوچەرخ، زانیارییەکی بێشوماری هەیە دەربارەی هەموو شتێک، بەڵام تێگەیشتنی بۆ هیچ شتێک نییە.

لێرە ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبینەوە، دەتوانین ناوی بنێین کارتۆنی هزری. کارتۆن لە پێکهاتە ماددییەکەیدا قەبارەیەک داگیر دەکات، ڕەنگە ڕەنگاوڕەنگ و سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام لە ناوەوەدا بەتاڵە و توانای هەڵگرتنی قورساییەکی ئەوتۆ و زۆری نییە، زوو دەقەدکرێت و خێراش فڕێدەدرێت. عەقڵی خوێندکاری ئەمڕۆ ڕێک بووەتە ئەم کارتۆنە هزرییە. بەهۆی لێشاوی وێنەکان، کورتە ڤیدیۆکان و زانیارییە خێراکانەوە، مێشکی مرۆڤ توانای سەرنجی قووڵی لەدەستداوە و چیتر ناتوانێ پەڕتووکێکی سێسەد لاپەڕەیی بخوێنێتەوە یان بەدواداچوون بۆ چەمکێکی فەلسەفیی ئاڵۆز بکات، چونکە هۆشیاریی بەمجۆرە پرۆگرام کراوە و دەبێت لە پازدە چرکەدا کورتکراوەی حەقیقەتی پێبدرێت. ئەم کارتۆنە هزرییە، جیلێکی پێگەیاندووە، ئاوساو بە زانیاری و فشۆڵ و خاڵی لە مەعریفە و توانای شیکاریی، نازانێ زانیارییەکان چۆن بەیەکەوە گرێبدات بۆ بەرهەمهێنانی ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ ژیان.

لەلایەکی ترەوە، دەبێت بپرسین، ئایا ئەم ئاسانکارییە بێبەرامبەرە؟ شۆشانا زوبۆف، لە شاکارەکەیدا - سەردەمی سەرمایەداریی چاودێری، پەردە لەسەر ترسناکترین لایەنی ئەم جیهانە دیجیتاڵییە لادەدات. زوبۆف سەلماندویەتی لەم سەردەمەدا، بەکارهێنەر چیتر کڕیار نییە، بەڵکوو کاڵایە و ئەوەی دەفرۆشرێت هۆشیاری و کاتی ئەوە. کاتێک خوێندکارێک بەدوای بابەتێکدا دەگەڕێ، گۆگڵ تەنها وڵامی ناداتەوە، بەڵکوو هەموو جووڵەیەک، چرکەیەک، وەستانێک، حەز و ترسەکانیشی تۆمار دەکات. ئەم کۆمپانیا زەبەلاحانە، ئۆنتۆلۆژیای مرۆڤ وەک کەرەستەی خاو دەمژن و دەدۆشن و دەیکەنە داتایەک بۆ پێشبینیکردن و دەستکاریکردنی ڕەفتارەکانی لە داهاتوودا. پەروەردەی دیجیتاڵی لەم فۆڕمەدا، گەورەترین پرۆسەی تاڵانکردنی ئازادیی ناوەکیی مرۆڤە. سیستەمەکە تەسەوڕێک بۆ خوێندکار دروستدەکات تەواو پێیوابێ خەریکی فێربوون و گەنجینەکردنی زانستە، لە کاتێکدا ئەو خەریکی بەخشینی تەواوی ئیرادەی خۆیەتی بە ئەلگۆریتمەکان.

بەڵام لە پشت ئەم تاڵانکردنە ئابوورییەوە، تاڵانکردنێکی قووڵتری بوونناسی خۆی ئاشکرا دەکات، ئەویش گۆڕانی پەیوەندیی مرۆڤە بە کاتەوە. ئیمانوێل کانت پێیوابوو کات و شوێن دوو فۆڕمی پێشەکیی هەستکردنن، ئەوەی مرۆڤ لە ڕێیانەوە دەتوانێ لە جیهان تێدەگات. کات لای مرۆڤ ئەو بنکەیە بوو تێیدا شتەکان دەپشکوێن، تێیدا خەیاڵ ئاوێزان دەبوو و تێیدا تێڕامان دەنیشتەوە. بەڵام ئیمپراتۆریای دیجیتاڵی، کاتی مرۆڤی لە ماهیەتی خۆی دەرکردووە و کردوویەتی بە ماددەی خاوی فرۆشتن. هەر چرکەیەکی سەرنجدان دەگۆڕدرێت بە درامێک لە هەژمارەکانی ئەم کۆمپانیایانەدا. کاتێک گەنجێک دوو کاتژمێر لە پلاتفۆڕمێکدا بەڕێدەکات، لە دیدی سیستەمەکەوە، ئەو کاتێکی بەفیڕۆنەداوە، بەڵکوو وزەیەکی بەنرخی بەخشیووە بێئەوەی هەست بەوە بکات دەیبەخشێ. لێرە مرۆڤ ڕووبەڕووی جۆرێکی نوێی بێگانەبوون لە خۆ دەبێتەوە، جۆرێک کارل مارکس نەیتوانی پێشبینیی بکات، بێگانەبوون نەک هەر لە بەرهەمی کارەکەت، بەڵکوو لە خودی هەستەکانی خۆتەوە، لە خودی کات و ژیانی خۆتەوە.

ئەوەی زیاتریش مەترسیدارە، گۆڕانی چەمکی حەقیقەتە خۆی لەم ئیمپراتۆریایەدا. لە کۆنەوە، فەیلەسووفەکان، لە ئەفلاتوون تا هایدگەر، حەقیقەتیان بە دیاردەیەکی پێشکەوتوو دەبینی، پێیانوابوو لەڕێی ململانێی هزری و ئەزموونی زیندووەوە پێدەگات. حەقیقەت شتێک بوو پێویستی بە دەرکەوتن هەبوو، واتا ئەوەی شارەوە بوو پێویستی بە ئاشکراکردن هەبوو. بەڵام لە سەردەمی ئەلگۆریتمدا، حەقیقەت گۆڕدراوە بۆ هاوبیرییەکی گشتی هەژماری. ئەوەی زۆرترین کلیک وەردەگرێت، دەبێتە حەقیقەت. ئەوەی لە پەڕەی یەکەمی گۆگڵ دەردەکەوێ، دەبێتە ڕاستی. ژمارە جێی ئارگیۆمێنتی گرتووەتەوە، سەرنج جێی سەلماندن و خێرایی جێی وردبینی. ئەم دۆخە، فەیلەسووفی فەرەنسی ژان بۆدریار پێشبینیی کردبوو، کاتێک باسی سەردەمی سیمولاکراوی دەکرد، تێیدا وێنە جێگەی ڕاستی دەگرێتەوە و کۆپی جێگەی ئەسڵ. ئێستا ئێمە لە قۆناغێکدا نیشتەجێین کۆپیی کۆپی جێگەی هەموو شتێکی گرتووەتەوە و هیچ ئەسڵێک نەماوە بۆ گەڕانەوەی بۆی.

ئەگەر ئەم دۆخە لەسەر واقیعی خوێندکار و گەنجی کورد جێبەجێ بکەین، قەبارەی کارەساتەکە هێندەی تر قووڵ دەبێتەوە. گەنجی کورد پێشتر بەهۆی بێمتمانەیی بە کتێبی مەنهەجی و وێرانیی ژینگەی خوێندنی لۆکاڵییەوە تووشی نامۆبوون و بێئومێدی بووە، بەتەواوی خۆی دەخاتە ناو ئەم ماتریکسە دیجیتاڵییەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی گەنجی ئێمە خاوەنی پاشخانێکی هزریی ڕەخنەگرانە و فیلتەرێکی فەلسەفی بابەتی نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم لێشاوە هەڵخڕێنەرەدا، بەتەواوی دەبێتە قوربانی و بەکاربەرێکی پاسیڤ. ئەو لەناو ئەم کارتۆنە هزرییەدا ئینتیمای بۆ واقیعی دەوروبەری لەدەستدەدات، خەمی وێرانبوونی ژینگە، گەندەڵیی سیستەم و ئایندەی وڵاتەکەی وەک شتێکی خەیاڵی دەبینێت، چونکە تەواوی وزەی دەروونی و کاتەکانی خۆی لەناو ململانێ مەجازییەکان، ترێندە کاتییەکان و هەواڵە بێبایەخەکاندا بەفیڕۆ دەدات. ئەو گەنجە لە ڕووی فیزیکییەوە لە کوردستانە، بەڵام لە ڕووی سایکۆلۆژیی ئاڵودەبووێکی بێمووچەی کۆمپانیاکانی دۆڵی سیلیکۆنە.

بۆ گەنجی کورد، ئەم دۆخە ڕەهەندێکی زیاتری تراژیدیای هەیە. لە شوێنێکدا دەژی هەموو دامەزراوە سەرەکیەکان، لە خێزانەوە تا قوتابخانە، لە ئاینیەوە تا سیاسەت، لە قەیرانێکی قووڵدا نوقم بوون. ئەو ناتوانێ متمانە بە هیچ کامیان بکات و ئەم دامەزراوانەش ناتوانن پەناگەیەکی مەعریفی و ڕۆحی بۆ دابین بکەن. لەم بۆشاییەدا، ئیمپراتۆریای دیجیتاڵی دەبێتە تاکە پەناگە و بابای ڕۆحی و مامۆستای فەلسەفی و هاوڕێی سرووشی. ئەو نەک تەنها زانیارییەکانی لە گۆگڵ وەردەگرێت، بەڵکوو خودی ڕوانگە بۆ ژیانیشی لە تیکتۆک و پلاتفۆڕمە زەوقسزەکانی ترەوە فێردەبێت. ئەو نەک تەنها هەواڵەکان لە یوتیوب دەبینێت، بەڵکوو خودی چۆنیەتی هەستکردنیشی بۆ ڕووداوەکان لە ئەلگۆریتمەکانەوە وەردەگرێت. ئەم گەنجە لە ڕوانگەی ماددییەوە شارۆمەندی کوردستانە، بەڵام لە ڕووی هزری و سایکۆلۆژییەوە شارۆمەندێکی ئیمپراتۆریایەکی دیکەیە هەرگیز نایبینێت، بەڵام هەموو ڕۆژێک باج و سەرانە و وزەی هزری خۆی بۆی دەبات.

لێرەدا پرسیارێکی قووڵی دیکە خۆی دەردەخات، بۆچی مرۆڤ بەم شێوەیە بە ئاسانی ڕازیبووە بە کۆیلایەتیی نوێ، کۆیلەی خوەکانی خۆی؟ ئێریک فرۆم لە کتێبە ناودارەکەی - ترس لە ئازادی، پێماندەڵێ مرۆڤ لە کرۆکدا لە ئازادی دەترسێ. ئازادی بارگرانییە پێویستی بە بەرپرسیارێتی و بڕیاردان و وردبینی هەیە. لە کاتێکدا، کۆیلایەتی ئارامییەکی خەوێنەری پێدەبەخشێت، چونکە پێویست ناکات مرۆڤ خۆی بیربکاتەوە یاخود بڕیار بدات. گۆگڵ و شاشە دیجیتاڵییەکان ئەم بارگرانییەیان لە شانی مرۆڤ لابردووە. لە جێگەی ئەوەی خوێندکارێک بۆ خۆی بیر لە وڵامدانەوەی پرسیارێک بکاتەوە، ئەلگۆریتمەکە بۆی وڵام دەداتەوە. لە جێگەی ئەوەی گەنجێک بۆ خۆی جۆری میوزیک هەڵبژێرێت، ئەلگۆریتمی سپۆتیفا بۆی داڕشتووە. لە جێگەی ئەوەی مرۆڤ بۆ خۆی هاوڕێی خۆی هەڵبژێرێت، ئەلگۆریتمی تیندێر بۆی دیاریدەکات. لەم دۆخەدا، مرۆڤ لە ئاستی بوونناسییەوە دەکاتە هیچ، دەگۆڕدرێت بۆ ئۆبژەیەکی پاسیڤ تەنها وەردەگرێت و بەکاردێت.

ئەگەر قوتابخانەی نەریتی بە دیوارە سارد و دەقە وشکەکانیی ڕۆحمان بکوژێ و خەیاڵمان بخەسێنێ، ئەگەر ئیمپراتۆریای دیجیتاڵیش بەناوی ئازادییەکی وەهمییەوە هۆشیاریمان تاڵان بکات و عەقڵمان بکاتە کارتۆنێکی بۆش و بێقووڵایی، ئەی کەواتە چارەسەر چییە؟ ئایا مرۆڤ چۆن دەتوانێت لە نێوان ئەم دوو بەرداشەی سیستەمدا، مرۆڤبوونی خۆی بپارێزێ و ئۆنتۆلۆژیای خۆی ڕزگار بکات؟ کاتێک هەر هەموو دامەزراوەکان، ئەوانەی لەسەر زەوین و ئەوانەش لەناو هەوردان، ناتوانن مرۆڤێکی ئازاد پەروەردە بکەن، تەنها یەک ڕێگە دەمێنێتەوە بۆ ڕزگاری، گەڕانەوە بۆ ناوەوە. گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنەی نە مامۆستا دەتوانێ سزای بدات و نە ئەلگۆریتم دەتوانێ بیدۆزێتەوە. ئەم شۆڕشە بێدەنگەی خود بۆ ڕزگاربوون لە هەردوو کارگە دامەزراوەییەکەدا، پێیدەوترێ خودخوێندنەوە. بەڵام ئایا خودخوێندنەوە خۆی، لە سەردەمێکدا خودی ژینگەکە بۆ لادان لە خودی خۆی داڕێژراوە، ئیمکانی هەیە؟ ئایا مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە خۆی لە هەردوو کارگە دامەزراوەییەکە ڕزگار بکات، یاخود خودخوێندنەوە بووەتە ئەفسانەیەکی فەلسەفی؟ ئەمە پرسیارە کۆتاییەکە و لە ستوونی داهاتوودا، بە قووڵی هەڵدەوەشێنینەوە، ئایا خودخوێندنەوە چییە، چۆن دەبێت و مەرجەکانی چین.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک