|
١٣\٨\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٣٣
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
شۆڕشی
بێدەنگی خود، دژی شاشەکان.
لەو قۆناغەی دامەزراوە پەروەردەییە فیزیکییەکان دەبنە کارگەی
بەرهەمهێنانی جەستەی گوێڕایەڵ و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانیش هۆشیاریی
مرۆڤ دەکەنە کارتۆنێکی بێقووڵایی و داتایەکی بازرگانی لە کۆمەڵگەدا،
پرسیاری ڕزگاریی فەردی دەبێتە پرسیارێکی بوونناسیی. لە غیابی
قوتابخانەیەکی زانست بەخش و نەبوونی شاشەیەک مۆڵەتی بیرکردنەوە بدات،
مرۆڤ دەکەوێتە بەردەم دوو ڕێگە، یان ئەوەتا تەسلیمی ئەم مەهزەلە
مەعریفییە دەبێت و دەبێتە ئۆبژەیەکی بێئیرادە، یانیش پەنا دەباتەبەر
ئەو تاکە دەروازەیەی دەسەڵات توانای کۆنترۆڵکردنی نییە، ئەو دەروازەیەش
خودخوێندنەوەیە. خودخوێندنەوە تەنها ڕێگەیەکی بەدیل نییە بۆ فێربوون،
بەڵکوو شۆڕشێکی بێدەنگی ڕیشەییە دژی هەردوو سیستەمەکە. کردەیەکی
یاخیبوونە تاک تێیدا خاوەندارێتیی عەقڵ و کاتی دیاریکراوی خۆی
وەردەگرێتەوە. لێرەدا دەبێت لەو تێگەیشتنە سادەیە دووربکەوینەوە تەنها
بە کۆکردنەوەی زانیاری پێناسەی ئەم چەمکە دەکات. خودخوێندنەوە
بونیادنانەوەی ئۆنتۆلۆژیای مرۆڤە لە دەرەوەی دیواری دامەزراوە و
شاشەکانی ئیمپراتۆریای تەکنەلۆژیا. ئەمە ئەو شوێنەیە مرۆڤ تێیدا
بڕیاردەدات چیتر نێچیری مەنهەجی ڕەق و ئەلگۆریتمی چاودێر نەبێت، بەڵکوو
ببێتە بزوێنەری ئیرادەی خۆی.
لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، خودخوێندنەوە گەڕانەوەیە بۆ ڕەسەنایەتیی
ئیرادەی مرۆڤ. بیرمەندی نەمساوی، ئەیڤان ئیلیچ، لە پەڕتووکی کۆمەڵگەی
بێقوتابخانەدا، جەخت لەسەر ئەو حەقیقەتە دەکاتەوە دامەزراوەکانی خوێندن،
فێربوونیان کردووەتە کاڵایەک و قۆرغیانکردووە. ئەم دامەزراوانە مرۆڤیان
گەیاندووەتە وەهمێک بڕوا بەوە بکات بەبێ بڕوانامە و دیسپلینی
دامەزراوەیی ناتوانێ ببێتە خاوەن مەعریفە و پێگەی کۆمەڵایەتی. ئیلیچ
داوای شکاندنی ئەم قۆرغکارییە دەکات و پێیوایە دەبێ زانین
بگەڕێندرێتەوە بۆ ناو جەرگەی ژیانی ئاسایی. بە بڕوای ئەم بیرمەندە
سیستەمی دامەزراوەیی خەیاڵی مرۆڤی هاوچەرخی خەساندووە و وایکردووە
وڵامی پرسیارەکانی تەنها لەناو چوارچێوەیەکی دیاریکراودا دەستبکەون.
شکاندنی ئەم قەفەزە تەنها بە بێداربوونەوەی خود دەکرێت بۆ سەرلەنوێ
دۆزینەوەی مانا ونبووەکانی ژیان.
لە لایەکی ترەوە، لە فەلسەفەی وجودیی ژان-پۆڵ سارتەر و فریدریش نیچەدا،
مرۆڤ بریتییە لەوەی خۆی دروستیدەکات. نیچە دەڵێ ببە بەوەی هەیت، ئەمەش
داوایەکی ڕاستەوخۆیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قاڵبانەی کۆمەڵگە و سیستەم
دایهێناون بۆی. خودخوێندنەوە لەم دیدگەیەوە، کردەی دەستبەکاربوونی
ئیرادەیە بۆ بونیادنانی هۆشیارییەکی سەربەخۆ. مرۆڤی خودخوێنەر ئەوە
نییە تەنها زانیاری کۆبکاتەوە، بەڵکوو ئەوەیە ڕوانگەی خودی خۆی بۆ
جیهان، سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە. گەڕان بەدوای حەقیقەتدا ئەرکێکی سەختە و
پێویستی بە تێپەڕاندنی ترسی تەنهایی هەیە. کاتێک مرۆڤ لە ڕێڕەوی گشتی و
باوی کۆمەڵگە لادەدات و ڕێگەی تایبەتی خۆی هەڵدەبژێرێت، ڕووبەڕووی
نامۆبوونێکی کاتی دەبێتەوە، بەڵام ئەمە تاکە باجە دەبێت لەپێناو گەیشتن
بە ئازادییەکی ڕەهادا هەر دەبێ بدرێت.
لە قووڵایی ئەم بەرەنگاربوونەوە دەروونییەدا، دەبێت ئاماژە بەوە بکەین
سارتەر پێیوابوو مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی. ئەمە دەربڕینێکی سەیرە بەڵام
قووڵترین حەقیقەتی مرۆڤ لەخۆدەگرێت. ئازادی نەک تەنها بەخشش نییە،
بەڵکوو بارگرانییەکی ترسناکە هەموو مرۆڤێک لە نائاگاییدا هەوڵ دەدا
لێیەوە هەڵبێت. لەم چوارچێوەیەدا، خودخوێندنەوە کردەیەکی وجودی ڕەهایە
مرۆڤ تێیدا ڕازیدەبێت بەوەی هەڵگری ئەم بارگرانییە بێت. ئەم پرۆسەیە،
پرۆسەیەکی ئاسان و ڕۆمانسی نییە، بەڵکوو نەشتەرگەرییەکی دەروونییە،
هۆشیاری لە ژێر بێهۆشی گشتیدا دۆزەخی خۆی تێدەپەڕێنێت. مۆریس
مێرلۆ-پۆنتی لە دیاردەناسیی هەستکردندا، پێماندەڵێت جەستەی مرۆڤ خۆی
ناوەندێکی بەرهەمهێنانی مانایە و نازانێت لە ژینگەکەی جیایبکاتەوە.
خودخوێنەری ڕاستەقینە ئەوەیە دەزانێ خوێندنەوە تەنها بە چاو و مێشک
ڕوونادات، بەڵکوو بە تەواوی جەستەی و هەبوونی ڕوودەدات. کاتێک ڕستەیەکی
فەلسەفی دەخوێنیتەوە و لە خانەکانی خوێنتدا نایجوڵێنێت، ئەوە خوێندنەوە
نییە، کاڵاگۆڕینی نێوان چاو و پیتەکانە.
پەروەردەی ڕاستەقینە، وەک پاولۆ فریری لە پەروەردەی چەوساوەکاندا
ئاماژەی پێدەکات، لە شێوازی پاشەکەوتکردنی زانیاریدا خۆی نابینێتەوە.
لەم مۆدێلە باوەدا مامۆستا یان ئەلگۆریتم وەک سندوقێک مامەڵە لەگەڵ
مێشکی خوێندکاردا دەکەن و دەیئاخنن، بێئەوەی دەرفەتی بیرکردنەوەی
پێبدەن. بەپێچەوانەوە، پەروەردەی ڕەسەن لە شێوازی ئاگایی
ڕەخنەگرانەدایە. ئەمڕۆ ئیمپراتۆریای دیجیتاڵی هەمان مۆدێلی
پاشەکەوتکردن بەکاریدەهێنێت، بەڵام بە فۆڕمێکی زۆر شاراوەتر. لێرەوە،
خودخوێندنەوە بریتی نییە لە خودخوێندنەوەی بێشومار و پەرتەوازەی ناو
شاشەکان، بەڵکوو پرۆسەیەکە تێیدا مرۆڤ لە بەکاربەرێکی پاسیڤەوە دەگۆڕێت
بۆ داهێنەرێکی ئەکتیڤ. خودخوێنەر ئەو کەسەیە ڕەتیدەکاتەوە بڕیاری
لەسەربدرێ ئاخۆ چی بخوێنێتەوە و چۆن بیربکاتەوە. ئەو خۆی نەخشەی
مەعریفیی خۆی دەکێشێت و بەدوای وڵامە شاراوەکاندا دەگەڕێت، نەک بەدوای
وڵامە ئامادەکراوە و بێڕۆحەکانی سیستەمدا.
ئەگەر ئەم تێزە جیهانییانە بێنینە سەر واقیعی لۆکاڵیی خۆمان، دەبینین
بۆ گەنج و خوێندکاری کورد، خودخوێندنەوە تەنها بژاردەیەکی ڕۆشنبیریی
لوکس نییە، بەڵکوو مەرجی مانەوەی هۆشیاری و خۆڕزگارکردنە لە مەرگێکی
سستی مەعریفی. لە ناوچەیەکدا قوتابخانە و زانکۆکان بەدەست داڕمانی
ژێرخان و باڵادەستیی ئایدیۆلۆژیای ژەهراویی کۆنینەپارێزی و بەناو
حزبییەوە دەپوکێنەوە، خوێندکار هەست بە پووچییەکی کوشندە دەکات. لە
لایەکی تریشەوە لێشاوی دیجیتاڵی بەناوی ئازادییەوە گەنجان بەرەو
پووچگەرایی و بێئاگاییەکی قووڵتر دەبات. لەم دۆخە پڕ لە نائومێدییەدا،
خودخوێندنەوە دەبێتە تاکە پەناگە بتوانێت ناسنامە و عەقڵی تاک بپارێزێت.
گەنجی کورد پێویستی بە دەرچوونە لەو بازنە داخراوەی خەریکە هەموو
هیوایەکی بۆ گۆڕانکاری تێدا دەکوژێت و لێدەسەنێتەوە. خوێندکاران و
گەنجانی کورد دەبێ لەبری چاوەڕێکردنی فریاڕەسێکی دەرەکی، خودی خۆیان
بکەنە پرۆژەی ڕزگاربوون.
وەرگێڕانی ئەم بیرۆکە فەلسەفییە بۆ مانیفێستۆیەک و پرۆسەی کرداریی لە
ژیانی ڕۆژانەدا، پێویستی بە چەند هەنگاوێکی قووڵ و بوێرانە هەیە. یەکەم
هەنگاو خۆی لە هەڵوەشاندنەوەیەکی قووڵدا دەبینێتەوە. دوای دەستپێکردنی
هەر فێربوونێکی نوێ، دەبێت ئەو زانیاری و بەها چەوتانەی لە قوتابخانە و
شاشەکانەوە وەرمانگرتوون، بخەینە ژێر نەشتەرگەریی گومان. ئەم پرۆسەیە
ناوی سڕینەوەی فێربوونە، واتا دەبێت فێرببین پێشتر چیمان پێدراوە
فڕێیبدەینە دەرەوەی هۆشیاریمان. دەبێت فێرببین بپرسین بۆچی بەم شێوەیە
بیردەکەینەوە و ئایا ئەم باوەڕە هی خۆمانە یان سیستەم تێمانیدا چاندووە
و کردوویەتی بە بەشێک لە سایکۆلۆژیامان. سڕینەوەی ئەم دەقە سەپێنراوانە،
زەمینەیەکی ساف و بێگەرد بۆ ڕواندنی تۆوی تێڕامانێکی ڕەسەن خۆشدەکات.
مرۆڤ تا خۆی لە کۆتوبەندە کۆنەکان دانەماڵێت، ناتوانێت بەرگی نوێی
ئازادی لەبەربکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵوەشاندنەوەیە، پرۆسەی داڕشتنەوەی فیلتەرێکی
ڕەخنەیی دەستپێدەکات. پێویستە خودخوێنەر ڕێگەنەدات ئەلگۆریتم و شاشەکان
یان مەنهەجی ڕەق و بێڕۆح، ئەجێندای خوێندنەوەی بۆ دابنێن و ئاراستەی
بکەن. دەبێت تاک بۆ خۆی نەخشەیەکی مەعریفیی تایبەت بکێشێت. ئەم نەخشەیە
لەڕێگەی ئاوێتەکردن و بەستنەوەی زانستەکان بەیەکەوە دروستدەبێت، وەک
بەستنەوەی فەلسەفە بە مێژوو و دەروونناسی بە کۆمەڵناسییەوە. هەڵبژاردنی
سەرچاوەکان دەبێت لەسەر بنەمای پرسیارە بنەڕەتییەکانی ژیانی خۆی بێت،
نەک ترێندە کاتییەکان و ئەو شەپۆلانەی تەنها دەیانەوێت سەرنج ڕابکێشن.
ئەم فیلتەرە ڕەخنەییە وەک قەڵغانێک وایە مرۆڤ لە ژەهراویبوونی مەعریفی
دەپارێزێت و ناهێڵێت ببێتە زبڵدانی زانیارییە بێبایەخەکانی سەردەم.
ئیمپراتۆریای دیجیتاڵی گەورەترین و وێرانکەرترین زەبری لە
مرۆڤایەتیداوە، ئەویش زەوتکاری توانای سەرنجی قووڵ و کاتی تێڕامانە. بۆ
گەڕاندنەوەی ئەم توانایە و ڕزگارکردنی کات لەم چنگە پۆڵاینەدا، دەبێت
پرۆسەی خوێندنەوەی هێواش ببوژێنینەوە. ئەمە شۆڕشە لە دژی خێرایی
سەرمایەداریی دیجیتاڵی. ڕامان لە دەقە فەلسەفی و ئەدەبییەکان، ڕاوەستان
لەسەر ڕستەکان، پرسیارکردن لێیان و نووسینەوەی پەراوێزەکان لەسەر
پەڕەکان، هەموویان ئامرازن بۆ گێڕانەوەی ڕۆح بۆ پرۆسەی فێربوون. ئەم
کردەیە پێویستی بە بێدەنگییەکی قووڵ و دابڕانێکی کاتی هەیە لە لێشاوی
زانیارییە خێراکان. مرۆڤ دەبێت فێرببێت جارێکی تر گوێ لە دەنگی خۆی
بگرێتەوە لەبری ئەوەی بەردەوام گوێی لە ژاوەژاوی جیهانی دەرەوە بێت.
لێرەدا دەبێت جەخت لەسەر لایەنێکی زۆر بنەڕەتی و شاراوەی خودخوێندنەوە
بکرێتەوە، ئەویش پەیوەندییەکەیەتی بە نووسینەوە. خودخوێندنەوە هەتا
نەگاتە ئاستی خودنووسینەوە، ناتەواو دەمێنێتەوە. پۆل ڕیکۆرد،
فەیلەسووفی فەرەنسی، پێیوابوو ئێمە خۆمان بەدەستناهێنین ئیلا لەڕێی
چیرۆکی خۆمانەوە نەبێت. خودی مرۆڤ چیرۆکێکە بەردەوام لە دەقی خۆیدا
نوێدەبێتەوە و لە نووسینەوەیشدا هۆشیاریی خۆی جێگیر دەکات. کاتێک
بیرکردنەوەیەک لە مێشکدا دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بگۆڕدرێت بۆ وشە و ڕستە،
ئەوا لە ژێر لێشاوی زانیارییە نوێیەکاندا دەڕژێ و لەدەست دەچێت. بەڵام
ئەگەر بنووسرێت، ئەوا دەبێتە خشتێکی بونیادی هۆشیاری. لەبەرئەوە،
دەفتەرێکی سادە و پێنووسێک، دەبنە دوو ئامرازی شۆڕشگێڕانە دژی
ئیمپراتۆریای دیجیتاڵی. مرۆڤ لە نووسیندا خۆی لە بەکاربەرێکەوە دەگۆڕێت
بۆ بەرهەمهێنەرێک و لە وەرگرەوە دەبێتە داهێنەر.
ئەم هەموو پرۆسەیە، دواجار بێبەها دەبێت ئەگەر نەبەسترێتەوە بە واقیعی
زەمینی و مەیدانییەوە. زانینێک لەناو پەڕتووکەکاندا قەتیسبێت و
پەیوەندی بە ئازار و نەهامەتی و قەیرانەکانی کۆمەڵگەوە نەبێت،
مەعریفەیەکی مردوو و بێکەڵکە. خودخوێنەر دەبێ ئامرازە شیکارییەکانی خۆی
بەکاربهێنێ بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە شارەکەی، لە ژینگەکەی، لە قەیرانە
سیاسی و ئابوورییەکانی لە خۆی، لە دەوروبەری. مەعریفە تەنها کاتێک
ڕزگارکەرە توانای هەبێت ببێتە ئامرازێک بۆ گۆڕینی واقیع و
ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم. لێرە خودخوێندنەوە لە کردەیەکی فەردییەوە
دەبێتە پرۆژەیەکی تەواو کۆمەڵایەتیی ناڕاستەوخۆ، چونکە تاکێکی ئازاد و
هۆشیار سەرەتایەکە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد.
لێرەدا دەبێت ئاگاداری تەڵەیەکی گەورە بین لە ڕێگەی خودخوێندنەوەدا،
ئەویش تەڵەی نەرگسیزم و لوتبەرزیی مەعریفییە. زۆر لەو کەسانەی دەکەونە
خانەی خودخوێندنەوە، دوای ماوەیەک هەست بە باڵادەستییەکی هزری بەسەر
دەوروبەریانەوە دەکەن و لە خەڵک دادەبڕێن، هەر وەک ئەوەی ئێستا ئەمە لە
ناوەندی ڕۆشنبیری کوردیدا، جێگەی داخە بەدیدەکرێ. ئەمە یەکێکە لە
ترسناکترین ئەنجامەکانی خودخوێندنەوەی نادروستە. کاتێک خودخوێندنەوە لە
جێگەی ئەوەی هۆشیاری بەرفراوان بکاتەوە، منداوێکی نوێ لە دەوری ئێگۆ
دروستدەکات، ئەوا خودی خۆی دەکاتە زیندانێکی نوێ. خودخوێنەری ڕاستەقینە
ئەوەیە بەقەدەر ئەوەی زانیاری کۆدەکاتەوە، بەقەدەر ئەوەش لە بەرامبەردا
لە قووڵایی نەزانینی خۆی تێدەگات. سۆکرات لە کۆتاییدا گەیشتەوە بەو
ڕوانگەیەی تاکە شتێک بیزانێ، ئەوەیە هیچ نازانێت. ئەم فۆرمی تێگەیشتنە
بۆ خودخوێنەری کورد زۆر پێویستە، چونکە زۆر جار لە کۆمەڵگەی ئێمە
کەسانێک هاتوونەتە ئاراوە تەنها دوای خوێندنەوەی چەند کتێبێک، پۆزی
پەیامبەری و پەیامهێنەری بەسەر خەڵک و کۆمەڵگە لێدەدەن. خودخوێندنەوەی
ڕەسەن پێویستی بە ملکەچییەکی هۆشمەندانە و شەرمنییەکی قووڵی مەعریفی
هەیە.
لەم سۆنگەیەوە، خودخوێندنەوە مانای دابڕانی کۆمەڵایەتی یان چوونە ناو
بورجێکی عاجی نییە، بۆ خۆگۆشەگیرکردن، بەڵکوو دروستکردنی ناوەندێکی
ناوەکی و قەڵایەکی مەعریفییە بۆ بەرگریکردن لە ڕەسەنایەتیی مرۆڤ. کاتێک
مرۆڤ دەبێتە خودخوێنەر، ئیتر نە مامۆستایەکی مستەبید دەتوانێت ئاسۆی
بیرکردنەوەی تەسکبکاتەوە، نە کۆمپانیایەکی دیجیتاڵیش دەتوانێت هۆشیاریی
تاڵان بکات و بیکاتە کاڵا. ئەمە کۆتایی کۆیلایەتیی مەعریفی و دەستپێکی
ئازادیی ئۆنتۆلۆژییە. مرۆڤ لە ڕێگەی خودخوێندنەوەوە ئاوێنەی ناخی لە
تەپوتۆزی سیستەم پاکدەکاتەوە، تا لەبری دووبارە کردنەوەی وێنەی ساختەی
دەسەڵات، بڕوا و سەربەستیی ڕاستەقینەی خۆی تێدا ببینێتەوە و خۆی ببێتە
نووسەری چارەنووسی خۆی.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|