|
٢٥\٨\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٤٠
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
ئەندازیاریی ڕەزامەندی، میدیا و گوتاری
هەژموونی.
پێش ئەوەی دەنگ بدرێت، بڕیارەکە دراوە، هەڵبەتە نەک لە ژوورە داخراوە
حزبییەکاندا، بەڵکوو لەناو مێشکۆڵەی خودی دەنگدەرەکە خۆیدا، بەو
وێنانەی پێشووتر، شەو و ڕۆژ لە زەینیدا چێنراون و بوونەتە بەشێک لە
دونیابینی بۆ جیهان. کەس زۆری لێنەکردووە، نا، کەس فەرمانی پێنەکردووە،
خۆی هەڵیبژاردووە و هەر بەو دڵنیاییەیشەوە دەنگەکەی دەخاتە ناو
سندوقەکە. ئەمە ژیرانەترین فۆڕمی دەسەڵاتە، ئەو شێوازەی زۆری لە خەڵک
ناکات ملکەچی بن، بەڵکوو کارێک دەکات خەڵکی بە خواستی خۆیان هەر
ئەوەیان بوێت دەسەڵات دەیەوێت، بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ جۆرە
داگیرکارییەکی فیکری بکەن. لە دواین ستوونی ئەم زنجیرە باسەدا پرسیاری
ئەوەمانکرد، ئاخۆ ئەم وێنانە کێ دەیانکێشێت؟ ئەوەتا ئێستا لە بەردەم
دەرگەی وێنەکێشەکەدا وەستاوین.
ئەنتۆنیۆ گرامشی، بیرمەندی ئیتاڵی لە زیندانی فاشیزمدا، پرسیارێکی
بەمجۆرەی لە خۆی کرد، بۆچی شۆڕشەکە لە ئەورووپای ڕۆژئاوا ڕوونەدا لە
کاتێکدا هەموو مەرجە ئابوورییەکانی تێدا ئامادەبوون؟ وڵامەکەی چەمکێکی
نوێی داهێنا، چەمکی هەژموون. ئەو چەمکەی تێیدا باڵادەستی لە ڕێگەی
کەلتوور و ئایدۆلۆژیاوە دەسەپێنرێت. دەسەڵات بە دوو ڕێگە پارێزراوە، بە
زۆر و بە ڕەزامەندی، لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا ڕەزامەندی کاریگەرترە لە
زۆرداری. هێزی چەکدار و بە زۆرداری تەنها جەستە کۆنترۆڵدەکات، بەڵام
هێزی هەژموونی عەقڵ کۆنترۆڵدەکات. کاتێک دەسەڵات دەتوانێت کارێک بکات
هەڵوێستەکانی و تەنانەت هەڵەکانیشی، لای لایەنگرەکانی وەک شتێکی
سرووشتی و ئاسایی و لۆژیکی دەربکەون، چیتر پێویستی بە هێزی سەربازی
نییە. لێرەوە زۆرداری لە ژووری لێکۆڵینەوەوە دەگوازرێتەوە بۆ ژووری
نووسین، لە زیندانەوە بۆ ستۆدیۆ، ملکەچییەکەش لە ترسەوە دەگۆڕدرێت بۆ
باوەڕ، باوەڕێک قوربانییەکە خۆی بەرگری لێدەکات.
میدیا لە واقیعی ئێمەدا، نەبۆتە دەزگەیەکی سەربەخۆی چاودێری. هەر لە
بنەڕەتەوە وەک ئامرازی ململانێی سیاسی لەدایکبووە، بۆیە پەیوەندیی
دەماری و خوێنی لەگەڵ بارەگەکاندا هەیە و ناتوانێت لە دەرەوەی بازنەی
بەرژەوەندییەکانیان بیربکاتەوە. لە هەر کەناڵێک بپرسیت خاوەنەکەی کێیە،
وڵامەکە هەمیشە هەر هەمان لۆژیکە، یان حزبێکە، یان کەسێکی خاوەن
دەسەڵاتە، یان بازرگانێکە بەرژەوەندییەکانی بە دەسەڵاتەوە
بەستراونەتەوە. ئەم پەیوەندییە بونیادییە تەنها یەک دەرەنجامی گەورەی
هەیە، میدیای کوردی دەنگی کۆمەڵگە نییە بەرەو دەسەڵات، بەڵکوو دەنگی
دەسەڵاتە بەرەو کۆمەڵگە. لە نەریتی جیهانیدا، میدیا بە دەسەڵاتی چوارەم
ناودەبرێت، واتە هێزێکی چاودێر لە دەرەوەی سێ دەسەڵاتەکەی یاسادانان و
جێبەجێکردن و دادوەری، بەڵام لای ئێمە، میدیا نەبووەتە دەسەڵاتی
چوارەم، بووەتە باڵی پڕوپاگەندەی دەسەڵاتەکان و ئامرازێک بۆ
پاساوهێنانەوە بۆ قەیرانەکان، ئەم گۆڕینە ماهییەتییە پێویستە بە ڕوونی
ناوی بنێین.
با ناوی بنێین، ئەندازیاریی ڕەزامەندی. ئەم ئەندازیارییە هەر وزە لە
درۆ و پڕوپاگەندە وەرناگرێت و هەر بەوە کارناکات، هێز و وزەکەی لە
بژاردەکردن و هەڵبژاردنی هەواڵەکانەوە وەردەگرێت. ئەمە دروست ئەو
خاڵەیە زۆرجار تێیناگەین، نا پێویستناکات هەواڵێک درۆ بێت تا
چەواشەکاری بکات، هەواڵێک هەڵبژێردرێ و هەواڵێکی تر لابدرێت بەسە.
لێرەدا سێ ئامرازی سەرەکی کاردەکەن. یەکەم، دیاریکردنی ئەجێندا، میدیا
ناتوانێ پێتبڵێت چۆن بیربکەیتەوە، بەڵام دەتوانێت پێتبڵێت لەسەر چی
بیربکەیتەوە و چ پرسێک بە گرنگ بزانیت، ئەمە بەشێکی زۆری کارەکەیە.
کاتێک کەناڵێک سێ ڕۆژ لەسەر ناکۆکییەکی لاوەکی دەڕوات، هەمانکات سێ ڕۆژ
بیرکردنەوە لە بێکاری و کێشەکانی خوێندن و نەخۆشخانەکان دوادەخرێت.
دووەم، چوارچێوەبەندییە، یەک ڕووداو بە دوو چوارچێوەی جیاواز دەکرێتە
دوو ڕووداو، ناڕەزایی یان بزووتنەوەیەکی هاوڵاتییانەیە، یان پیلانێکی
دەرەکییە، هەردوو گێڕانەوەکەش لە ڕواڵەتدا خۆیان بە هەواڵ دەزانن.
سێیەم، دووبارەکردنەوەیە، مێشکی مرۆڤ ئەوەی زیاتر دەیبیستێت زیاتر بە
ڕاستی دەزانێت، بۆیە درۆیەکی سەد جار دووبارەکراوە، کاریگەریی
ڕاستییەکی جارێک وتراوی دەبێت. بەم سێ ئامرازە، بەبێ هیچ سانسۆرێکی
ڕاشکاوانە، فەزای گشتی ڕێکدەخرێت و سنوورەکانی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە
دیاری دەکرێت.
لە سەردەمی شاشە بچووکەکاندا ئەم ئەندازیارییە فۆڕمێکی نوێی وەرگرتووە.
لە ڕابردوودا سانسۆر واتە قەدەغەکردنی زانیاری بوو، ئەمڕۆ گەورەترین
سانسۆر لێشاوی زانیارییە و نقومکردنی عەقڵە لەناو زەریایەک لە دراوەی
بێبایەخدا. کاتێک هەموو شتێک بە هەمان دەنگ و هەمان خێرایی بەردەستە،
خوێنەر توانای جیاکردنەوەی گرنگ لە ناگرنگی لەدەستدەدات و لە کۆتاییدا
خۆی لە هەمووان دەکێشێتەوە. پەخشی ڕاستەوخۆ، پۆستی سەرنجڕاکێشەر جێگەی
توێژینەوە و شیکاریان گرتووەتەوە، ئەلگۆریتمیش ئەو دەزگە بێدەنگەی لە
بلۆکێکی داهاتووی ئەم باسەدا نەشتەرگەریی تایبەتی بۆ دەکەین، بەردەوام
ئەوەت دەخاتەوە بەردەم، ئەوەی پێشتر لەگەڵیدا هاوڕابوویت. بەم شێوەیە
هەرکەسێک لە ژوورێکی دەنگدانەوەی خۆیدا دەژی و تەنها دەنگی خۆی
دەبیستێتەوە، ئەو بیستنەوەیەی لە خۆیدا دەبێتە دەنگی حەقیقەت و
جیاوازییەکانی دەرەوەی ژوورەکە ڕەتدەکاتەوە. جیهان فراوانتر بووە و
زەین تەنگتر.
بۆ ئەوەی وێنەکە تەواو ڕوونبێت، سەیری شێوە بەرهەمهێنانی هەواڵەکان بکە
لە میدیای کوردیدا. لە ڕۆژنامەگەریی ڕەسەندا هەواڵ کۆدەکرێتەوە،
سەرچاوەکانی پشتڕاست دەکرێنەوە، لەگەڵیدا لایەنی بەرامبەریش قسەی خۆی
دەکات و پاشان بڵاودەکرێتەوە. لە میدیای کوردیدا پرۆسەکە زۆرجار
پێچەوانەیە، سەرەتا هەڵوێستەکە دیارە، پاشان بەدوای ئەو ڕووداوانەدا
دەگەڕێین ئەو هەڵوێستە دەسەلمێنن. ئەمە چیتر ڕۆژنامەگەری نییە، دادگایی
کردنە، بڕیارێکی پێشوەختەی داوە و تێیدا حەقیقەت کراوەتە قوربانیی
ئینتیما. لێرەوە دیاردەیەکی سەیر لەدایکدەبێت، هەمان ڕووداو لە دوو
کەناڵدا دەبێتە دوو ڕووداوی جیاواز، تا ئەو ڕادەیەی سەیرکەرێکی دەرەکی
وابزانێت باسی دوو وڵات دەکەن. کاتێک واقیع خۆی دەبێتە شتێکی حزبی،
هاوڵاتی چیتر لەسەر چارەسەری کێشەکان ناکەوێتە مشتوومڕەوە، لەسەر ئەوە
دەکەوێتە مشتوومڕ ئایا کێشە هەیە یان نا. ئەمە قووڵترین زیانی ئەم
ئەندازیارییەیە، تێگەیشتن و هاوبەشیی ئێمە لەسەر واقیعێکی هاوبەش
دەبڕێ، کۆمەڵگەیەکیش لەسەر واقیع نەیەتەوە سەر یەک، هەرگیز ناتوانێت
لەسەر داهاتوو بێتەوە سەر یەک و لەبری پێشکەوتن، لەناو ململانێی
سەلماندنی بوون و نەبوونی کێشەکاندا دەخولێتەوە.
ئەم ئەندازیارییەش کارگەرانی خۆی هەن، ئەو ڕۆشنبیرانەی لە ستوونی ٣٨دا
وەک بەرهەمهێنەری کاریزمای دەستکرد باسمانکرد. ئێستا ئەرکەکەیان
فراوانترە، نەک تەنها ستایشی کەسەکان، بەڵکوو ئاساییکردنی دۆخەکە و
داتاشینی پاساوی فیکری بۆ شکستەکان. هەر گوتارێک بڵێت ئێمە جیاوازین و
پێوانە جیهانییەکان لەسەرمان جێبەجێنابن، هەر گوتارێک بڵێت ئێستا کاتی
گفتوگۆی ناوخۆیی نییە چونکە دوژمن لە دەرگەیە، هەر گوتارێک قەیرانە
ناوخۆییەکان بگوازێتەوە بۆ پیلانێکی دەرەکی، خشتێکە لەم تەون و
تەلارەدا. گرامشی بەم کارگەرانەی دەوت ڕۆشنبیری ئۆرگانیک، ئەو
ڕۆشنبیرانەی هەر چینێک بۆ ڕەوایەتیدان بە هەژموونەکەی
بەرهەمیاندەهێنێت. تراژیدیاکە ئەوەیە زۆرینەی ڕۆشنبیرانمان بوونەتە
ئۆرگانیکی دەسەڵات، لە کاتێکدا ئەرکمان بوو ببینە ئۆرگانیکی کۆمەڵگە و
دەنگی بێدەنگەکان بین.
ئێستا دەگەینە قووڵترین خاڵی ئەم شیکارییە. هەژموون، هەر تەنها ئەوە
نییە خەڵک باوەڕیان بەوە هەبێت دەسەڵات باشە، ئەوەیە ناتوانن بیر لە
جیهانێکی جیاواز بکەنەوە و ئاسۆی بیرکردنەوەیان لەناو دەبرێت. کاتێک وا
هەستدەکەین ئەمە تاکە ڕێگەیە، ئەمە تاکە بژاردەیە، ئەوانی تر لەمانە
خراپترن، دەسەڵات چیتر پێویستی بە بەرگری کردن نییە، چونکە خەیاڵی
بەدیلەکە خۆی مردووە. ئەمە کوشندەترین بەرهەمی ئەم ئەندازیارییەیە،
باوەڕهێنان نا، بەڵکوو نائومێدی، ڕازیبوون نا، بەڵکوو تەسلیمبوونی
زەین. لە ستوونەکانی سەرەتای ئەم باسەدا بینیمان خەیاڵدانی ڕزگارکەر
چۆن ئیرادەی ئێمە دەکوژێت، لێرە دیوەکەی تری هەمان دراو دەبینین،
خەیاڵدانی نەگۆڕان، ئەو باوەڕەی هیچ شتێک ناگۆڕێت بۆیە هیچ شتێکیش
ناکەین، لە کۆتاییدا ئەم باوەڕە خۆی دەبێتە هۆکاری نەگۆڕان و پاساوێک
بۆ بێهەڵوێستی.
ئەم شیکارییە کۆسپێکی گەورەی لەبەردەمدایە، دەبێت ڕاستگۆبین لەگەڵیدا،
هەموو گوتارێک تەنها بەرهەمی دەسەڵات نییە. لە کۆمەڵگەیەکی برینداردا،
خودی خوێنەریش داوای گوتاری ئارامبەخش دەکات بۆ شاردنەوەی
بێئومێدییەکانی. زۆرجار مێشک بەدوای ئەو ڕاستییەدا ناگەڕێ ئازاریدەدات،
بەڵکوو بەدوای ئەو گێڕانەوەیەدا دەگەڕێ لە ئازارەکە ڕزگاریدەکات،
پیلانێکی دەرەکی هەموو ئەمانە لە دیدی هاوڵاتیدا دەخاتە لاوە، دوژمنێکی
دەرەکی لە هەمان ئەو دیدەدا هەموو کەموکوڕییەکان دادەپۆشێت، لەم
گێڕانەوەیەدا هیچ کەسێک بەرپرس نییە، بۆیە هیچ کەسێکیش ناچار نییە
بگۆڕێ. لێرەوەیە ئەم ئەندازیارییە کڕیارە دڵسۆزەکانی خۆی دەدۆزێتەوە،
نەک بە زۆر، بەڵکوو بە خواستی خۆیان. ئەمە هەمان ئەو حەقیقەتەیە لە
سەرەتای باسەوە دووپاتیدەکەینەوە، بەشێکی هەرە گەورەی ملکەچی لە
دەرەوەوە نایەت، لە ناخەوە دەردەچێت وەک میکانیزمێکی بەرگریی دەروونی،
هەر بۆیەشە نەشتەرەکە هەمیشە دەبێت دوو ڕوو بێت.
بەڵام خۆ هەژموونیش دواجار سەقامگیر نییە، بەڵکوو گۆڕەپانی ململانێیە.
گرامشی بەم ئومێدەوە نووسی، هەموو هەژموونێک لە هەموو ساتێکدا پێویستی
بە نوێکردنەوەیە، بۆیە لە هەموو ساتێکدا شکاندنیشی مومکینە ئەگەر
ئیرادەی گۆڕانکاری هەبێ. شکاندنەکەش یەک ڕێگەی نییە، چەندین ڕێگەی
هەیە. یەکەم، میدیای سەربەخۆ، ژمارەی کەم و توانای کەم، بەڵام یەک
توێژینەوەی وردی بەڵگەدار کاریگەرتر دەبێت لە سەد پۆستی هەراوهوریایی.
دووەم، سەوادی میدیایی، نەوەی ئەمڕۆ دەبێت بپرسن خاوەنی ئەم هەواڵە
کێیە، سەرچاوەکەی چییە و کێ لەم گێڕانەوەیە قازانج دەکات، ئەمە پێویستی
بە پەروەردەیەکی ڕەخنەگرانە هەیە، هەر ئەوەی لە بلۆکی پێشووی ئەم
باسەماندا نەخشەکەیمان کێشا. سێیەم، دووبارە زیندووکردنەوەی خەیاڵی
بەدیل، نووسین و بیرکردنەوە و وێناکردنی جیهانێکی جیاواز و ڕەتکردنەوەی
کۆتوبەندە فیکرییەکان، چونکە هیچ شتێک ناگۆڕدرێت پێش ئەوەی لە زەیندا
وێنابکرێت.
هەموو ئەمانە یەک مەرجی سەرەکییان هەیە، شوێنێک ئەم گفتوگۆیەی تێدا
بکرێت. دەسەڵات میدیا کۆنترۆڵدەکات، بازاڕ سەرنج کۆنترۆڵدەکات، ئەی
هاوڵاتی لە کوێ دەتوانێت بەبێ ترس و بەبێ ئەوەی بکڕدرێت قسەی خۆی بکات؟
لە کۆمەڵگەیەکدا فەزای گشتی نەبێت، ڕای گشتیش لەدایکنابێت و دەنگە
جیاوازەکان دەکەونە پەراوێزەوە، بەبێ ڕای گشتی هیچ سندوقێک و هیچ
ڕەخنەیەک ناتوانێت هەڕەمە سەرەوخوارەکە بجووڵێنێت. کەواتە دوای
نەشتەرگەریی ئەندازیاریی ڕەزامەندی، پێویستە سەیری ئەو تەلارە بکەین
دەبوو ماڵی گفتوگۆی ئازاد بێت، بەڵام لای ئێمە بە کاغەز دروستکراوە،
یاسا و دامەزراوە. ستوونی داهاتوو ئەو پرسیارە هەڵدەگرێت، ئایا یاسا
لای ئێمە دەقێکە بۆ خوێندنەوە، یان کەلتوورێکە بۆ ژیان؟ ئایا دەتوانین
لەبری دروشم، واقیعێکی نوێ بونیادبنێین؟
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|