|
١\٩\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٤١
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
یاسا لە دەقەوە بۆ کردەوە، دامەزراوەخوازی
وەک ڕێگەی دەربازبوون.
هەموومان ڕۆژانە ئەم دیمەنانە دەبینین، لایەنێک دەیەوێ کارێک ئەنجامبدا،
بەڵام بەربەستێک لە بەردەمدا قیتدەبێتەوە، دواتر تەلەفۆنێک دەکرێ،
ناوهێنانێکی باڵادەست دەرگەیەک دەکاتەوە و کارەکە ئاسایی و ئاسان
دەڕوات. لەم چرکەساتەدا هیچ یاسایەک هەڵنەوەشێندراوەتەوە، هیچ
بڕگەیەکیش دەستکاریینەکراوە، دەقە یاساییەکە هەر لە شوێنی خۆیدا
ماوەتەوە، ئەوەی ڕوویداوە، تەنها کردەیەکە بە دەوریدا سووڕاوەتەوە و
تێیپەڕاندووە. ئەمە حەقیقەتی تاڵی یاسایە لای ئێمە، گرفتەکە لە نەبوونی
دەقدا نییە، بەڵکوو نەژیان یان مردنی سۆسیۆلۆژیی یاسایە لەناو واقیعدا.
با سەرەتا لە ڕەگی دەقەوە دەستپێبکەین. یاسا لە بنچینەدا پەیمانی
کۆمەڵایەتییە، واتە کۆمەڵێک مرۆڤ ڕێککەوتوون فۆڕمێکی هاوبەشی ژیان
دابڕێژن و هەمووان لەبەردەمیدا یەکسانبن. جەوهەری ڕاستەقینەی یاسا
لەناو پیتەکانی دەقەکەدا نییە، بەڵکوو لەناو ڕێککەوتنێکی شاراوەدایە
هەموومان بەڵێندەدەین پێیەوە پابەندبین، تەنانەت لەو ساتانەیشدا
بەرژەوەندییە تایبەتییەکانمان پێچەوانەی فەرمانەکە دەوەستنەوە. لێرەوە
جیاوازیی قووڵی نێوان یاسا وەک دەق و یاسا وەک کەلتوور دەردەکەوێت، دەق
کاغەزێکی بێگیانە و کەلتوور کردەوەیەکی ڕۆحدارە، دەق بە دەنگی بەرز
دەخوێندرێتەوە و کەلتوور بێدەنگ جێبەجێدەکرێت، دەق بە فەرمانی سەرەوە
دەسەپێنرێت و کەلتوور بە دووبارەبوونەوەی نەریتیانە ڕێچکەدەگرێ. لای
ئێمە کێشەی بنەڕەتی هەرگیز لە کورتهێنانی دەقدا نەبووە، بەپێچەوانەوە
زۆرترین یاسامان هەیە و کەمترین سەروەریی یاساییمان بەدیهێناوە. لە هەر
خولێکی پەرلەمانیماندا یاسای نوێمان دەرکردووە، لە هەر کابینەیەکی
حکومییدا، ڕێنمایی نوێ دەرکراوە، هەر ساڵێک کۆمەڵێک بڕگە زیاددەکرێن بۆ
کۆمەڵگەیەک هێشتا بڕگە کۆنەکانی تیادا جێبەجێنەکراون. بەم شێوەیە،
کاغەز زۆربووە و پابەندبوون ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە.
بۆچی ئەمە ڕوودەدات؟ هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مێژووە بریندارەکەی یاسا
لەناو زەینی ئێمەدا. یاسا سەدان ساڵە لای ئێمە، دەقێکی سەپێنراوی
بێگانە، فەرمانێک بووە بە زمانێکی نامۆ نووسراوە، لە پایتەختێکی دەرە
کوردییەوە دادەڕێژرا و وەک ئامرازی داگیرکاری و دەستەمۆکردن هاتووەتە
خوارەوە. لەبەرئەمە، خۆلادان لە یاسا لەبری تاوان، نوێنەرایەتیی زیرەکی
و بەرخۆدانی کردووە لە ئێمەدا. ڕەنگە ئەمە یەکێک لەو هۆکارانەبێ
وایکردووە مرۆڤی کورد لەم دۆخە دەروونییەدا پەروەردەبێ و بمێنێتەوە،
یاسا دوژمنێکە دەبێت لێیڕابکەیت و خۆتی لێبشاریتەوە، نەک پێکهاتەیەک
بەشداری لە داڕشتنیدا بکەیت. ئەوەتا ئەم تێگەیشتنە لەگەڵ تێپەڕبوونی
سەردەمەکەیدا نەڕۆیشتووە و ڕەگیداکوتاوە لە زەینیدا، دوای ئەوەی خۆمان
بووینە خاوەنی دەسەڵاتیش، هەمان هەڵسوکەوتمان لەگەڵ یاسای نیشتمانیی
خۆیشماندا دووبارەکردووەتەوە. ئەمە یەکێ لەو کۆنیشانە و نەخۆشییە
دەرونشاراوانەی داگیرکارییە بۆمان بووە بە میرات، ڕووکەشانە لە دەست
داگیرکەر ئازادبووین، بەڵام لە زەیندا هێشتا ژێردەستەی هەمان ئەو فۆڕمە
لە داگیرکراوییەین.
لەپاڵ ئەم میراتە مێژووییەدا، هێزێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی تر
کاردەکات، ڕێک ئەو هێزەی لە ستوونەکانی پێشووترماندا باسمانکرد،
پەیوەستگرووپی. یاسا لە ماهییەتی فەلسەفیی خۆیدا دەڵێت هەمووان
یەکسانین، پەیوەستگرووپی دەڵێت خزم و هاوڕێی خۆم نزیکترن، یاسا ئاخاوتن
لەسەر ماف دەکات، پەیوەستگرووپی دەربارەی مەرحەمەت و واستە دەدوێت. لەم
ململانێیەدا هەرکاتێک ئینتیمای خێڵەکی یان حزبی بەهێزتربێت لە پرەنسیپی
هاوڵاتیبوون، یاسا دەبێتە پێوانەی لاوازەکان و پەیوەندیی تایبەتیش
دەبێتە پێوانەی بەهێزەکان. لێرەوە کۆمەڵگە فێری ئەو حەقیقەتە تاڵە دەبێ،
یاسا تەنها بۆ بێپەنایانە. کاتێک ئەم باوەڕە لە نەستی گشتیدا جێگیر
دەبێت، خەڵکی چیتر داوای جێبەجێکردنی یاسا ناکەن، بەڵکوو داوای مرۆڤێکی
خاوەن پێگە لە پێش دەکەن، لەجیاتی ئەوەی بەدوای بڕگەیەکی یاساییدا
بگەڕێن، بەدوای دۆزینەوەی ژمارەی تەلەفۆنێکی کەسی دەستڕۆیشتوودا
دەگەڕێن. بەم شێوەیە هەموومان، بێئەوەی مەبەستمان بێت، بەشداری دەکەین
لە پرۆسەی کوشتنی یاسادا.
هەروەها دەبێ بە ڕاشکاوییەکیشەوە ئەو ڕاستییە بڵێین، یاسا لای ئێمە
زۆرجار بەرامبەر هەمووان بە یەک شێوە و نەفەس و قورسایی کارناکات و
ناوەستێت. کاتێک بڕگەیەک بەسەر لاوازێکدا بەوپەڕی توندییەوە
جێبەجێدەکرێت و هەمان بڕگە بەرامبەر بەهێزێک دەبێتە پرسیارێکی نادیار و
کراوە، ئەوا زیانەکە تەنها بەر ئەو دوو جۆر لە مرۆڤە ناکەوێ، بەڵکوو
کۆمەڵگە فێردەبێ یاسا ئامرازە نەک پێوەر. ئەمە کوشندەترین شێوەی
وێرانکردنی بەهای یاسایە، چونکە پێشێلکردنی ئاشکرا لانیکەم دەردەکەوێت
و ڕەخنەی لێدەگیرێ، بەڵام جێبەجێکردنی بژاردەیی لەناو بەرگێکی شەرعی و
یاساییەوە دەردەکەوێ و هیچ کەسیش ناتوانێت بڵێت یاسا پێشێلکراوە. تۆ لە
هەموو تاوانێک دەبەخشرێیت ئەگەر پێگەی بەرزت هەبێت، هەروەها لە هیچ
هەڵەیەکی بچووکیش نابوردرێیت ئەگەر پێگەت نەبێت، ئەم حاڵەتەش پێناسەی
خودی قەیرانی نەبوونی سەروەریی یاسایە.
دیاردەیەکی تریش هەیە کەمتر باسدەکرێت و کاریگەرییەکەی لە هەمووان
قووڵترە، یاسا لای ئێمە بۆتە زمانی ململانێ، نەک زمانی چارەسەری
ئاریشەکان. سەیری هەر ناکۆکییەکی سیاسی بکە، هەموو لایەنەکان بڕگە
یاساییەکان بەکاردەهێنن و پێکەوەش بە یاسا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە،
هەریەکەیان بڕگەیەک هەڵدەبژێرێ تا لە ڕێگەیەوە خۆی بسەلمێنێ و بڕگەیەکی
تریش پەراوێز دەخات مافی بەرامبەرەکەی دەسەلمێنێت. لەم کایەیەدا یاسا
چیتر پێوانەیەکی سەربەخۆ نییە لە سەرووی هەمووانەوە بوەستێت، بەڵکوو
دەبێتە چەکێکی زمانەوانی لە دەستی تەواوی لایەنەکاندا. دەرەنجامەکەی
کارەساتبارە، هاوڵاتی سەیردەکات و دەبینێ هەموو لایەنەکان بە یاساوە
بەرحەقن و هاوکات هیچیانیش بەرحەق نین، بۆیە باوەڕی بە خودی چەمک یان
کۆنسێپتەکە نامێنێت. لە کۆمەڵگەیەکدا یاسا ببێتە چەکی ململانێ، هەر
مرۆڤێک بەهێزتربێت زۆرتریش پشتیوانیی یاسا بەدەستدەهێنێت، هەر مرۆڤێکیش
لاواز بێت لە هەموویان زیاتر پێویستی بە یاسایە، بەڵام لە هەمووان
کەمتر دەیبینێت.
بێگومان یاسا بەبێ دامەزراوە هیچ بەهایەکی نییە، ڕێک وەک ڕۆحێکی
بێجەستە وایە. دامەزراوە، ئەو جەستەیەیە یاسا تیایدا دەژییەت و
لێرەیشدا دەگەینە قووڵترین برین. دامەزراوە بە ڕوخساری بیناکەی یان
پێکهاتە فیزیکییەکەی ناناسرێتەوە، بەڵکوو بە توانای بەردەوامبوونی
پرۆسەکانی بەبێ بەستنەوە بە کەسەکانەوە دەناسرێتەوە. پێوانەیەکی سادە
هەیە، دامەزراوەیەک بەڕێوەبەرەکەی بگۆڕدرێت و سیستەمەکە هیچ
گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەیەت، ئەوە بەڕاستی دامەزراوەیە، بەڵام ئەگەر
بەڕێوەبەر گۆڕدرا و لەگەڵیدا هەموو شتێک گۆڕا، ئەوا لە بنەڕەتدا
دامەزراوە نەبووە، بەڵکوو بارەگەی کەسێک بووە تابلۆیەکی فەرمیی
بەسەرەوە هەڵواسراوە. لای ئێمە زۆربەی دامەزراوەکان دەکەونە ناو ئەم
پێوانە نەرێنییەوە، هەر بەڕێوەبەرێکی نوێ، کارمەندانی نوێ، ڕێنمایی نوێ
و بەرژەوەندیی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، تەنانەت ئەرشیفەکەی پێشووتر
دەبێتە بارگرانییەکی بێسوود. کۆمەڵگەیەک لەسەر یادەوەریی دامەزراوەیی
نەژییەت، ناچارە هەر چوار ساڵ جارێک لە خاڵی سفرەوە دەستپێبکاتەوە.
فەیلەسوف و کۆمەڵناس ماکس ڤیبەر، لە شیکاریی بیرۆکراسیدا، ئەم
جیاوازییەی بەڕوونی خستووەتەڕوو، دەسەڵاتی عەقڵانی-یاسایی بریتییە لە
دەسەڵاتی پۆستەکە نەک دەسەڵاتی تایبەتیی کەسەکە. کاتێک فەرمانبەرێک
بڕیاردەدات، پۆستەکەی و یاساکە بڕیاردەدەن نەک مەزاج و ناخی خودی
بەڕێوەبەرەکە، هەر بۆیە پرۆسەکە پێشبینیکراوە و توانای لێپرسینەوەی
لەگەڵدایە. ئەم چەمکە لای ئێمە بە تەواوی هەڵگەڕاوەتەوە، پۆست بە کەس
دەناسرێتەوە نەک کەس بە پۆست، بۆیە سەرجەم مامەڵە فەرمییەکانمان دەبنە
مامەڵەی کەسی. لێرەشدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، بیرۆکراسی لای ئێمە
خاوەنی دوو دەموچاوە، لە لایەکەوە زۆر قورس و کاغەزییە، لە لایەکی
ترەوە زۆر نەرمە بۆ ئەوانەی خاوەنی پەیوەندین، واتە قورسایی بەرامبەر
هاوڵاتیی ئاسایی و نەرمی بەرامبەر خاوەن دەسەڵات. ئەم دووڕووییە هەرگیز
ڕێکەوت نییە، خودی مەکینەی سیستەمەکەیە، قورساییەکە دەبێتە هۆکاری
پێویستبوون بە واستە و مەرحەمەت، واستەش دەبێتە سەرمایەیەکی سیاسی بۆ
ئەوانەی توانای بەخشینیان هەیە.
ئێستا با پرسیارە ڕاستەقینەکە بوروژێنین، ڕێگەی دەرچوون چۆنە؟ لێرەدا
خاڵێک هەیە دەبێت بە ڕوونی ئاماژەی پێبدەین، دامەزراوەخوازی هێواشترین
ڕێگەیە بۆ گۆڕانکاری، بەڵام تاکە ڕێگەشە دواجار دەگاتە ئامانج.
شۆڕشەکان تەنها دەسەڵاتەکان دەگۆڕن، بەڵام دامەزراوەکان کەلتوور دەگۆڕن،
ئەوەی خێرا دێت خێرا دەڕوات و ئەوەی بە هێواشی چەسپا، بە هێواشی و بە
قورسیش لە بێخەوە هەڵدەکەنرێ. مێژووی گەلانی تر ئەم حەقیقەتە
حاشاهەڵنەگرە دەسەلمێنێ، هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ بوونی دامەزراوەی سەربەخۆ
نەگەیشتووەتە سەروەریی یاسا. بۆ ئەمەش سێ هەنگاوی بنەڕەتی زەرورن.
یەکەم، سەربەخۆیی دادوەری، تا دادگە نەبێتە جێگەی چارەسەری کێشەکان،
بارەگە حزبییەکان دەبنە جێگرەوەی. سەربەخۆیی دادوەریش هەر لە فۆڕمی
دیاریکردنی دادوەرەکان و پاراستنی ژیانیان و ئازادیی بڕیارەکانیانەوە
دەستپێدەکات. دووەم، لێپرسینەوەی دارایی، هیچ دەسەڵاتێک ڕاستناکرێتەوە
پێش ئەوەی هەر دینارێکی سامانی گشتی خاوەنێکی دیاریکراوی هەبێت و
بەرپرسێکی وڵامدەرەوەی هەبێت. سێیەم، شەفافییەتی زانیاری، هاوڵاتی
زانیاریی ئاشکرای نەبێت لەسەر ڕووداوەکان، ناتوانێ داوەرییەکی
دروستبکات، بێ داوەرییش هیچ لێپرسینەوەیەک نایەتەئاراوە.
لەبەرامبەر ئەمەدا دژە-ئەرگومێنتێکی جدی هەیە و دەبێت ڕاستگۆیانە
لەسەری بوەستینەوە. دەڵێن کوردستان لە دۆخی ئاوارتەدایە، وڵاتێکی
نیوەچڵی ناوچەیەکی ئاڵۆزە، هەڕەشەی دەرەکی و قەیرانی ئابووری و
پێکهاتەی ناهاوسەنگ دەوریانداوە، بۆیە نەرمی نواندن لەگەڵ یاسادا
زەروورەتێکی مانەوەیە و ڕەقیی یاسایی تایبەتمەندیی وڵاتە ئارامەکانە.
ئەم بۆچوونە دیدێکی ڕاستەقینەی تێدایە، بەڵام دەرەنجامەکەی بە تەواوی
چەواشەکارانەیە. لە کاتی مەترسییەکاندا، کۆمەڵگە پێویستیی بە دامەزراوە
زیاتر دەبێ نەک کەمتر، چونکە کاتێک زریان هەڵدەکات، ئەو کەشتییە
ڕزگاردەبێت دارستە و پێکهاتەکانی بەهێزبن، نەک هەموو شتێکی تەنها بە
دەست کاپتنەکەیە. مێژووی خۆشمان شایەتە، زۆرترین زیانمان لە ساتە
هەستیارەکاندا لەبەر ڕەقیی یاساکان نەبووە، بەڵکوو لەبەرئەوە بووە
بڕیارە چارەنووسسازەکان لە ژوورە داخراوەکاندا و بەبێ لێپرسینەوە دراون.
ئەوەی دەوڵەت لە کاتی قەیراندا ڕادەگرێت، متمانەی هاوڵاتییانە، متمانەش
تەنها یەک سەرچاوەی هەیە، ئەویش دڵنیاییە لەوەی پێوانەکە بۆ هەموان
یەکسانە.
بەڵام هیچ کام لەم هەنگاوانە بە هێنانەئارای دەقێکی نوێ ناهێنرێنە دی.
ئێمە پێویستمان بە یاسای زیاتر نییە، بەڵکوو پێویستمان بە کەلتووری
یاساییە. کەلتوور لە پەروەردە و نەریتی ڕۆژانەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر
مامۆستایەک نمرەی دادپەروەرانە دەدات، هەر کارمەندێک نۆرەیەک دەپارێزێت،
هەر بەرپرسێک جیاکاری بۆ خزم و کەسوکار و هاوڕێکەی دروستناکات، هەروەها
هەر هاوڵاتییەک داوای واستە ناکات، بەردێکی تۆکمەی ئەم بناغەیە دادەنێت.
ئێمە لە ستوونی ٣٥دا شتێکمان لەسەر فەلسەفەی پەروەردە بۆ مرۆڤی نوێ
نووسی، ئێستا دەبینین ئەو مرۆڤە نوێیە بۆچی زەروورەتێکی سیاسییە، تاکێک
لە ناخیدا باوەڕی بە پێوانە هاوبەشەکان نەبێت، هیچ دەقێک ناتوانێت
دەستەمۆ و پابەندی بکات، چونکە دواجار یاسا بەر لە دادگەکان، لە
ویژدانی مرۆڤەکاندا ڕەنگدەداتەوە و جێبەجێدەبێت.
لێرەوە دەگەینە دوا وێستگەی ئەم شیکارییە، لە هەمان کاتدا لە کۆتایی
ئەم بلۆکەش نزیکدەبینەوە. لە ستوونەکانی ئەم بلۆکەدا هەڕەمە
سەرەوخوارکراوەکەمان وێناکرد، حزب، سەرکردە، سندوقی دەنگدان، میدیا و
یاسامان خستە ژێر نەشتەر. لە هەموویاندا هەمان خەسڵەت دووپاتبووەوە،
تەلارەکە لە لوتکەوە بەرەو خوارەوە دروستکراوە. لەبەرئەمە، پرسیاری
کۆتایی ئەمەیە، ئەگەر پرۆژەی سیاسیی کوردی، بە درێژایی هەموو ئەم
ساڵانە، تەنها لە لوتکەکەوە داڕێژرابێت، پرۆژەیەکی دامەزراوەیی لەسەر
بنەمای بنکەیی بۆ سەرەوە چۆن دەبێت؟ خەونی دەوڵەت چۆن دەگۆڕدرێت بۆ
دەوڵەتی خەون؟ ئەمە ئەو وێستگە گرنگەیە لە ستوونی داهاتوودا
تیشکیدەخەینەسەری.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|