|
٢٧\٩\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٤٧
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
فەرهەنگی بەخشین، ئەو وزەیەی تەنها لە
هەژاندا دەجوڵێت.
لە ساتەوەختی داڕمان و هەژانی بووندا، یان ئەو دەمانەی شەپۆلی
خەڵکانێکی دەردبەدەر بوو، بەرەو پانتایییەکی ئارام و سەلامەت هەنگاو
دەنێن، زەمەنە سەرەتاییەکانی ڕووداوەکە تەواو نامۆ و سەرسوڕهێنەر دێنە
بەرچاو. ئۆتۆمبێلەکان دەکەونە کار و پڕ دەکرێن لەو خەڵکانە، گەنجێک
بەبێ بوونی هیچ فەرمانێک، دەستدەکات بە گواستنەوەیا، ژنێک لە ماڵەکەیدا
نان ئامادە دەکات و دەیبەخشێ، پزیشکێک بەبێ بەرامبەر شەو بە دیار
تیماری برین و چارەسەری نەخۆشکەوتووەکانەوە بێدار دەمێنێتەوە، هەزاران
کەس پێکەوە کارێک دەکەن، هیچ یاسا و دەسەڵاتێک ئاراستەی نەکردوون.
هاوکات پاش تێپەڕبوونی مانگێک، هەمان شار دەگەڕێتەوە ناو هەمان دۆخە
داڕماوە ڕابوورەکەی خۆی، هەمان ئەو کەسانەی لەناو ڕیزەکاندا بۆ مانەوە
دەجەنگن، هیچ کەس ئامادە نییە تەنانەت زبڵی فەزای دەرەوەی ماڵەکەی خۆی
بگوازێتەوە و هیچ لیژنەیەکی هاوبەش بۆ نەشتەری قەیرانەکان فۆرم
وەرناگرێت. ئەم دوو وێنەیە موڵکی یەک زەمینەن و لە نێوانیاندا
پرسیارێکی زۆر بەجێ ئامادەیی هەیە، ئەو وزە فراوانە بەخشەرە لە چ
پانتایییەکدا پەنهان دەبێ و بۆچی تەنها لە ساتەوەختی زریاندا ترپەکانی
ژیانی دەردەکەون و ئاشکرا دەبێت؟
سەرەتا پێویستە جەوهەری بەخشین لە چەمکی ساردی خێرخوازی جیا بکرێتەوە.
لە ستوونی (٤٥)دا ڕوونمانکردەوە، خێرخوازی تەنها جەستەیەکی برسی تێر
دەکات، هاوکات کاری مەدەنی دەپرسێ ئەو جەستەیە بۆ برسییە، ئێستا
ڕەهەندێکی دی هەمان ئاوەز دەخەینەڕوو. بەخشین هەمیشە لەسەرەوە بەرەو
خوارەوە هەنگاو دەنێت، لە بەخشەرەوە بۆ وەرگر، ئەو پەیوەندییە لەمەدا
تەواو نابەرامبەرە و فۆرمی دەسەڵاتە. هاوکاریی کۆمەڵایەتی،
بەپێچەوانەوە، ڕەهەندێکی ئاسۆییی هەیە، لە نێوان هاوتاکاندا هەنگاو
دەنێت و هەر مرۆڤێک هەم دەبەخشێت و هەم وەردەگرێت. پانتایییەک تەنها
فۆرمی دەستپێکی لە هەگبەدا بێت، هەمیشە دوو چینی دەبێت، چینی بەخشەری
مەزن و چینی سوپاسگوزاری بچووککراوە. پانتایییەک فۆرمی دووەم لە ئامێز
بگرێت، تۆڕێکی هاوبەشی هەیە گشت کەس تیایدا خاوەن خۆیەتی. ئەو وزەیەی
لە ساتەوەختی زریاندا ئاشکرا دەبێت، لە جەوهەری خوددا فۆرمی دووەمە،
وێڕای ئەوەش لای ئێمە هیچ قاڵبێکی بۆ بونیاد نەنراوە تا خۆی تیایدا
زیندوو بهێڵێتەوە، بۆیە دوای تێپەڕبوونی ئەو ڕووداوە، ئەویش بە بێدەنگی
هەڵدەوەرێت.
مارسێل مۆس، مرۆڤناسی فەڕەنسی لە شیکارییەکیدا سەبارەت بە دیاری،
چەمکێکی هێناوەتە ئاراوە، چەمکێک لە ڕواڵەتدا زۆر سادەیە، بەڵام لە
قووڵاییدا بونیادی ژیانی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. ئەو بڕوای وایە
دیاری، هەرگیز بێمەرج نییە و سێ ئەرکی سەنگین لە خۆ دەگرێت، ئەرکی
بەخشین، ئەرکی وەرگرتن و ئەرکی گەڕاندنەوە. تۆڕی ڕۆحیی نێوان مرۆڤەکان
ڕێک لەناو ئەم سێ ئەرکەدا دەچنرێت. جیاوازیی ڕیشەییی نێوان دیاری و
پرۆسەی کڕین لێرەیە، لە کڕیندا، لەو ساتەی بەهاکە دەڕوا، ئەو
پەیوەندییە دەپچڕێ و هیچ کام قەرزاری ئەوی دی نامێنێت، لە دیاریدا،
بەپێچەوانەوە، پەیوەندی قەرزێک جێدەهێڵێت و ئەم قەرزەش دەبێتە ئەو
هێڵەی بەخشەر و وەرگر پێکەوە گرێدەدا. بازاڕ پەیوەندی وندەکات و بەخشین
دەچێنێت، پانتایییەک تەواوی مامەڵەکانی وەرچەرخێنێت بۆ کڕین، سەرئەنجام
وەردەچەرخێت بۆ کۆمەڵە مرۆڤێکی پارچەپارچە و لێکدابڕاو.
مۆس، حەقیقەتێکی تریشمان بۆ دەدرکێنێت. دیاری، دەسەڵاتیشی تیادایە.
بەخشەر فۆرمێکی بەرزتر لە وەرگر دەپۆشێت، ئەمە لە حالەتێکدا وەرگر گەر
توانای بەخشینەوەی نەبێت، ئەو قەرزە وەردەچەرخێ بۆ فۆڕمێک لە زنجیری
زیندان. لێرەدایە دەبێ نەشتەرگەریی ئاوەزی خۆمان بکەینەوە. ئەو نەریتی
بەخشینەی لای ئێمە ئامادەیی هەیە، زۆرینەی جار لەم فۆرمەدایە، لە
ڕابردوودا خواپێداو، دەسەڵاتدار یان چاکەخوازێک بەخشندە بوو، ئەمڕۆ
خاوەن پێگەیەک بەخشندەیە، هاوکات لە تەواوی دۆخەکاندا، بۆ وەرگر،
بارودۆخ هەر هەمان دۆخە، بەقەد قەبارەی سوپاسگوزارییەکەی، فەرمانی
بێدەنگی بەسەردا دەسەپێ. لە کاتێکدا بریندارێک بۆ تیماری خود پێویستی
بە مەرحەمەتی مرۆڤێک بێت لەبری مافی یاسایی، ئەوا ئەو بەخششە هەرچەندە
پڕاوپڕ لە سۆز بێت، ڕەفتاری ئازادی و هاووڵاتیبوونی ونکردووە. ئەمە
جیاوازیی نێوان مەرحەمەت و ماف ئاشکرا دەکات، مەرحەمەت بەخشەر بەرز
دەکاتەوە و وەرگر فەنا دەکات، ماف هەردووکیان لە پانتاییەکدا ڕادەگرێت.
بۆیە زەمینەیەک هەرچەندە بەخشندە بێت، گەر هەنگاو نەنێتە ئاستی ماف،
سیستەمی تاریکییەکەی خۆی نەگۆڕ هێشتووەتەوە و ئەوەی ئازارەکانی تیمار
کردوە، تەنها ڕواڵەت بووە.
لە بەرامبەر ئەم شێوازەدا، مێژووی خۆمان فۆرمێکی ترمان دەداتێ، فۆڕمێک
لە زۆر وێستگەی جیادا فەرامۆشمان کردووە. لە ژیانی ڕابردووی گوندەکان و
گوندنشینانی ئێمەدا نەریتێک بوونی هەبوو ناوی 'کاری هەرەوەزی' بوو، ئەو
زەمەنەی مرۆڤەکان بۆ ئافراندنی ژیان یان بۆ بونیادنانی ماڵێک، هاوشان
کاریان دەکرد بەبێ بوونی پاداشت، ئەم کارە بە نۆرە بۆ گشت ماڵێک ئەنجام
دەدرا. ئەمە کاری خێرخوازی نەبوو، بونیادێکی هاوکاریی بە بەرامبەر بوو،
ئەو ئەمڕۆ بۆ تۆ کار دەکرد، چونکە دەیزانی لە زەمەنی داهاتوودا تۆش
دەبێ ئەوە بۆ ئەو بکەیت. پیۆتر کرۆپۆتکین، ئەو فەیلەسووفەی لەسەر
هاوکاریی نێوان زیندەوەران بەرهەمی هەیە، پێیوایە هاوکاری بەقەد
ململانێ، یاسایەکی سروشتییە بۆ مانەوە، ئەو زەمینە کۆمەڵاتی و سیاسی و
فەرهەنگییانە زیاتر ماونەتەوە هاوکارییان تیادا ڕێکخراو بووە. کاری
هەرەوەزی ڕێک بەرجەستەبوونی ئەم یاسایە بوو لە قاڵبێکی سەربەخۆدا. ئەم
قەیرانە لەو ساتەوەختەوە دەستپێدەکات گوندەکانمان بەرەو شار جێهێشت،
بەبێ ئەوەی ئەو نەریتەی لەتەکدا بگوازینەوە، ئەو فۆرمە دێرینەمان فەنا
کرد و فۆرمێکی تازەشمان لە جێگەیدا بونیاد نەنا، لە نێوان ئەم دووانەدا
بێماڵ و سەرگەردان ماینەوە.
ئێستا با ئاراستەی سەرنجەکانمان بەرەو پرسیارە بنەڕەتییەکەی سەرەتا
بگەڕێنینەوە، بۆچی ئەو وزە مەزنە لە زەمەنی ئاساییدا نامێنێتەوە؟ سێ
هۆکاری بونیادی هەن. دەستپێک، غیابی قاڵب، لە ساتەوەختی زریاندا ئامانج
ڕوونە و زەمەنیش کورتە، بۆیە هیچ مرۆڤێک پێویستی بە ڕێکخراوبوون نییە،
هاوکات لە ژیانی ئاساییدا کارێکی هاوبەش پێویستی بە نۆرە و پاداشت و
لێپرسینەوە هەیە، ئەمانە گشتیان پێویستیان بە وێستگە و دامەزراوەیە،
ڕێک وەک ئەوەی لە ستوونی (٤٥)دا ئاماژەمان پێدا، لای ئێمە داگیر کراوە.
دووەم، غیابی متمانە، لە ستوونی (٤٤)دا ڕوونمانکردەوە، متمانە ژێرخانی
تەواوی کارێکی هاوبەشە و کاری خۆبەخشانە لە گشت کارێک زیاتر پێویستی بە
متمانەیە، لە سۆنگەی ئەوەی هیچ گرێبەست و هیچ پاداشتێکی ماددی لە خۆ
نەگرتووە. لە ساتەوەختێکدا هەر مرۆڤێک ترسی هەبێت لەوەی ئەو بەخششە
بەفیڕۆ بچێت یان ماندووبوونەکەی دەچێتە خانەی خزمەت بە شکۆی مرۆڤێکی دی،
بەتەواوەتی دەکێشێتەوە. سێیەم، داگیرکردنی سیاسی، لای ئێمە هەر
کردەیەکی هاوبەش بە خێرایی ڕەنگی ئایدۆلۆژیا و دەسەڵات فۆرم وەردەگرێت،
بۆیە زۆر مرۆڤ لە بەخشینی سەربەخۆ پاشەکشە ئەنجام دەدەن، دوور لە
بێخەمی، بگرە چونکە ئاواتەخواز نین ماندووبوونیان ببێتە بەڵگەی
سەرکەوتنی لایەنێکی دی.
مرۆڤی ئێمە، هەژارە و جەستەی برسیش کاری خۆبەخشانە ئەنجام نادات، بۆیە
ئەم باسانە موڵکی زەمینە دەوڵەمەندەکانن. لە واقیعدا مێژوو و ئەزموون
دەرەنجامی پێچەوانە دەسەلمێنن و ئەو پانتایییانەی زۆرترین هاوکاریی
نێوان خۆیان ڕێکخستووە، زۆرینەی جار هەژارترین بوون، لەبەرئەوەی
هاوکاری بۆیان بژاردەیەکی ڕازاوە نەبووە، بگرە تاکە ڕێڕەوی مانەوە بووە.
هاوشانی ئەمەش بەخشین بە دراو ناپێورێت، زەمەن، مەعریفە، شارەزایی،
فەزا، پەیوەندی و تەنانەت وێستگەی گوێگرتنیش دەبەخشرێن. قەیرانی ئێمە
هەرگیز پەیوەندی بە غیابی سەرچاوە نییە، غیابی دەروازەیە، هەزاران
مرۆڤی دڵسۆز ئامادەن ببەخشن، وێڕای ئەوەش هیچ دەروازەیەکی متمانەپێکراو
لەبەردەمیاندا بوونی نییە.
ئێستا چۆن ئەم فەرهەنگە لە ڕۆحدا بڕوێنین؟ چوار هەنگاوی بەرجەستە هەن.
سەرەتا لە ڕووداوی کاتییەوە بۆ بەردەوامی، هەر تیمێکی خۆبەخش لە
ساتەوەختی قەیراندا بونیاد نرابێت، پێویستە بەرەو ڕێکخراوێکی سنووردار
و بەردەوام ئاراستە بکرێت، گەرنا ئەو وزەیە فەنا دەبێت. دووەم، بچووک
بێت و بەردەوام بێت، کۆمەکی مانگانەی دە مرۆڤ بۆ خوێندنی دوو خوێندکار،
لە جووڵەیەکی مەزنی کاتی یان تەنها جارێک، کاریگەرترە، لەبەرئەوەی
دووبارەبوونەوە متمانە دەئافرێنێت. سێیەم، شەفافیەت، هەر بەخشینێکی
هاوبەش دەبێ گشت ژمارەکانی پەخش بکرێن، چونکە دوژمنە گەورە و
بنەڕەتییەکەی کاری خۆبەخشی، تەمومژی گومانە. چوارەم، جیاکردنەوە لە
دەسەڵات و بەرژەوەندی، هەر کارێکی خۆبەخشانە بە ناوی فۆرمێکەوە یان
لایەنێکەوە تۆمار بکرێت، لە کردەیەکی باڵای هاوبەشەوە دەگۆڕێ بۆ
سەرمایەی خودی و لەو ساتەوەختەشەوە ڕۆحیەتەکەی دەمرێت.
بەخشین، کارێکی سادەی ناو سۆسیال میدیا و ئاپۆرایی نییە، شێوازێکی
باڵای بوونە. مرۆڤ لە ساتەوەختی بەخشینی شتێکدا بەبێ بوونی چاوەڕوانی
بەرامبەر، بۆ زەمەنێکی کورت لە قەفەزی بەرژەوەندیی خود ئازاد دەبێ و
ئەزموونی ئەوە ئەنجام دەدات، مانا، لە دەرەوەی قاوغی خوددا بوونی هەیە.
لەم ڕوانگەیەوە ئەم فەرهەنگە تیماری ڕاستەقینەی دوو دەردی سەردەمە،
تەنهایی و بێمانایی. هاوکات ئەم مەعریفەیە لەناو هۆڵی کۆنفرانسەکاندا
فێر نابین، لە قووڵترین وێستگەی پەروەردەی مرۆڤدا پەی پێدەبەین. ئەو
کۆرپەیەی لەناو ماڵدا بینیویەتی دایک و باوکی بەبێ بوونی چاوەڕوانی
دەبەخشن و بە هاوتایی گفتوگۆ ساز دەدەن، لە گەورەییدا فۆرمی مرۆڤێکی دی
دەپۆشێت. لەبەر ئەم حەقیقەتە، پرسیاری ستوونی داهاتوو ئەمەیە، ئەو خانە
بچووکەی تەواوی ئەم بەهایانەی تیادا دەپشکوێن یان دەمرن، خودی خێزانە.
ئایا خێزانی ئێمە، ڕاهێنان بۆ ئافراندنی چ جۆرە مرۆڤێک دەکات و
ئاواتەخوازە چ جۆرە ناسنامەیەک بئافرێنێت؟
__________________________________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|