په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٥

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

داگیرکردنی ئاسمان.

لە کۆتایی ستوونی پێشوودا پرسیارمان لەسەر چۆنیەتیی هەڵتەکاندنی زیندانە ئەخلاقییەکەی خێزان دروستکرد. کاتێک مرۆڤ لەناو یەکەی دەستەجەمعیی خێزاندا ئیرادەی تێکدەشکێندرێت، پێویستی بە پاساوێکی گەورەتر و ترۆپکێکی باڵاتر هەیە بۆ قبووڵکردنی ئەم بێدەسەڵاتییە. لێرەدا نەرێتگەرایی، ئایین وەک گەورەترین مۆدێلی باوکسالاریی پیرۆز دەهێنێتە کایەوە. تاک لەجیاتی دۆزینەوەی ئازادیی ڕۆحی و تێڕامانی بوونناسییانە، دووبارە دەکەوێتەوە ناو هەمان پەیکەری گوێڕایەڵی، بەڵام ئەمجارە بە ناوی ئاسمانەوە پاساو بۆ شکستەکانی دەهێنێتەوە.

ئەگەر بە قووڵی سەیری پەیوەندیی نەرێت و ئایین بکەین لەم جوگرافیایەدا، دەبینین کۆمەڵگەی ئێمە دەقە پیرۆزەکانی بۆ ڕزگاری بەکارنەهێناوە، بەڵکوو بۆ شەرعیەتدان بە عورفەکانی خۆی بەکاریهێناوە. هەر شتێک لە بەرژەوەندیی هێشتنەوەی خێڵ و یەکە دەستەجەمعییەکەدا بێت، مۆرێکی ئایینیی لێدەدرێت و دەکرێتە فەرمانێکی حاشاهەڵنەگر. بەم شێوەیە، نەرێتگەرایی خۆی لە ڕەخنە دەپارێزێت، چونکە هەر ڕەخنەیەک ئاراستەی عورف بکرێت، ڕاستەوخۆ وەک دژایەتیکردنی خودا وێنا دەکرێت و بە توندی سزادەدرێت.

بۆ ئەوەی فەرهەنگی قوربانیبوون بەردەوامبێت، نەرێتگەرایی پێویستی بە چەمکێکی وەک قەدەرە بە فۆرمە شێوێنراوەکەی ناو کۆمەڵگە. ئەم سیستەمە تاک وەها فێر دەکات هەموو شکست، نەزانی، چەوساندنەوە و هەژارییەک، تەنها تاقیکردنەوەیەکی ئیلاهییە و دەبێت بە بێدەنگی قبووڵبکرێت. ئەمە گەورەترین ماددەی هۆشبەرە بۆ ئیفلیجکردنی ئیرادەی گۆڕانکاری. مرۆڤ لێرەدا لەبری خۆیی بوون و یاخیبوون بەرامبەر زوڵم، دەستەکانی بەرزدەکاتەوە و داوای ئارامی دەکات بۆ مانەوە لەناو دۆزەخە زەمینییەکەیدا.

لەم پرۆسەیەدا، ئایینی نەرێتگەرا وەک پۆلیسێکی دەروونیی ترسناک کاردەکات. پێش ئەوەی تاک پرسیارە بوونیادییەکانی بێنێتە سەر زاری، ئەم پۆلیسە ناوەکییە لەناو زەینیدا تیرۆریان دەکات بە بیانووی لادان و کوفر. ئایین لێرەدا نابێتە ڕێگەیەک بۆ تێڕامان و کرانەوە، بەڵکوو دەبێتە زیندانێکی ئایدۆلۆژی بۆ وڵامە ئامادەکراوەکان. مرۆڤ فێردەکرێت بیرنەکاتەوە، بەڵکوو تەنها دەقەکان بێ پرسیارکردن جێبەجێبکات، ئەمەش درێژکراوەی پرۆسەی کوشتنی ئیرادەیە لەناو ماڵ و خێزاندا.

دەستەبژێری ئایینی لەم هاوکێشەیەدا ڕۆڵی پارێزەری وێنا خەیاڵی و ئاسوودەبەخشەکان دەگێڕێت. ئەوان بە بەڵێنی قیامەت و بەهەشت، سڕبوونی کۆمەڵایەتی وەک باڵاترین فەزیلەت دەفرۆشنەوە بە کۆمەڵگە. کاتێک مرۆڤ ئازار دەچێژێت، لەبری هاندانی بۆ تێکشکاندنی بونیادی دروستکەری ئازارەکان، پێیدەڵێن ئارامبگرە تا پاداشت وەربگریت. ئەم درۆزنییە هۆشیارانەیە ڕێگە بە هیچ شۆکێکی ئۆنتۆلۆجی نادات و بەردەوام تاک لە قاڵبی مەفعوولێکی پاسیڤدا دەهێڵێتەوە.

لێرەوە کاتێک تاک بەم شێوەیە لەلایەن زمان، خێزان و ئایینە نەرێتگەراکانەوە گەمارۆدەدرێت و دەهاڕدرێت، ئایا دەتوانێت هیچ هیوایەک بە دامەزراوەیەکی وەک فێرگە هەبێت؟ یان خودی پەروەردە و خوێندنگەش تەنها کارگەیەکی مۆدێرنن بۆ لەبەرکردنی هەمان ئەو وڵامە حازربەدەستانە و شەرعیەتدان بەم پاسیڤبوونە دەستەجەمعییە بە ناوی زانستەوە؟ ئایا ناوەندەکانی خوێندن دەرگایەکن بۆ ڕزگاری، یان تەنها درێژکراوەی هەمان دەسەڵاتی باوکسالارین بە جلی فەرمییەوە؟

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک