په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٠\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٥١

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

کەلتوور چییە، لە فۆلکلۆرەوە بۆ بەرهەمهێنانی مانا.

لە هۆڵی مۆزەخانەیەکدا، لە پشت شووشەیەکی ڕوونەوە، کراس و کەوایەکی کوردی بەسەر پەیکەرێکی بێسەر هەڵواسراوە. ڕەنگەکانی هێشتا گەشن، دوگمەکانی بریقەدارن، درەوشانەوەی تابلۆیەکی بچووک لە خوارەوە شوێنەکەی ڕوونکردووەتەوە. کەسێک لە ڕابردوودا پێیەوە کێڵگە و شایی و شین گەڕابوو، ڕەنگە چەندانجار ئارەقەی تێدا کردبێت، دڕابێت و دووبارەش دووررابێتەوە، دەشێت لە شەوێکی زستانیشدا منداڵێکی پێ داپۆشرابێت. بەڵام ئێستا لە یەککاتدا هەم جوانتر لە هەر ساتێکی ڕابردوو دەردەکەوێت و هەمیش هەرگیز بە هێندەی ئەم ساتە مردوو دیار نەبووە. ئەم وێنەیە پرسیاری ئەم بلۆکە نوێیە دەکاتە خەمی خۆی، کەلتووری ئێمە ئەو شتەیە لە پشتەوەی شووشەیەکدا دەیپارێزین، یان ئەو شتەیە هێشتا لەبەرمانە و ئارەقەی لەناودا دەکەین؟

ڕەیمۆند ویلیامز، ڕەخنەگری بەریتانی، دەڵێت وشەی کەلتوور یەکێکە لە دوو سێ ئاڵۆزترین وشەکانی زمانی ئینگلیزی. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕەگەکەی، ئەم ئاڵۆزییە دەبێتە دەوڵەمەندی. وشەکە لە کرداری لاتینیی (کۆلێرە)وە هاتووە، ئەم کردارە سێ واتای پێکەوە لە خۆیدا کۆکردۆتەوە، کێڵان و چاندنی زەوی، نیشتەجێبوون لە شوێنێکدا، ڕێزگرتن و پەرستن. لە یەکەمیاندا وشەی کشتوکاڵ دێت، لە دووەمیاندا وشەی کۆلۆنی و لە سێیەمدا وشەی ئایینزا. بەم پێوەرە کەلتوور لە بنەڕەتدا کردارێک بووە پێش ئەوەی ببێتە ناو، کێڵانێک بووە پێش ئەوەی ببێتە بەروبووم. خەڵکانێک، گەلێک زەوییەکانی خۆیان دەکێڵێن، تێیدا نیشتەجێ دەبن و هەندێک شتیشی تێدا پیرۆز دەکەن، ئەم سێ کردەیە پێکەوە کەلتووری ئەو خەڵک و گەلە دروست دەکەن. کاتێک کردارەکە دەوەستێت و تەنها ناوەکەی دەمێنێتەوە، کەلتوور وەک ئەو کراسەی ناو شووشەکەی لێدێت، جوان و تەواو و بێجووڵە.

کەلتووری ئێمە، زۆرتر کەلتووری سووتانە، کەلتووری لەدەستدان و لاواندنەوەیە. ئەمە هیچ سەیر نییە بۆ گەلێک ئەوەندە لەدەستدانی بینیوە، بەڵام سیگمۆند فرۆید لە وتارێکیدا جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان شین و مەلانکۆلیادا دادەنێت. شین پرۆسەیەکی تەندروستە، مرۆڤ بۆ ئەو شتەی لەدەستیداوە دەگری، ماوەیەک لەگەڵیدا دەژی و پاشان وردە وردە بەریدەدات و دەگەڕێتەوە بۆ ژیان
.


کلیفۆرد گیرتز، مرۆڤناسی ئەمریکی، وێنەیەکی واتایی بەناوبانگی هەیە بۆ ئەم باسە. ئەو دەڵێت مرۆڤ ئاژەڵێکە لەناو تۆڕی ماناکاندا هەڵواسراوە، تۆڕێک بە دەستەکانی خۆی چنیویەتی، کەلتوور ئەو تۆڕەیە. بەم پێناسەیە بێت، شوێنی کەلتوور ئەو واتایانەن بە شتەکانی دەبەخشین. کراسەکە تەنها هەڵگرێکە و کەلتوورەکە ئەو مانایەیە لە شایی و شیندا دەیپۆشێت. هەڵپەڕکێش لە پشت جووڵەی قاچ و شانەوە سیستەمێکی تەواو لەو واتایە هەڵدەگرێت، دەستەکان تێکهەڵدەکێشرێن و ڕیزێک دروست دەبێت هەموو کەسێک تێیدا جێگەیەکی هەیە، کەچی لەو سەری ڕیزەکەدا سەرچۆپییەک دەسماڵەکەی ڕیتمی هەمووان دیاری دەکات. ئەگەر وردبینەوە، هەڵپەڕکێی ئێمە وێنەیەکی چڕی خودی کۆمەڵگەکەمانە، پێکەوەبوونێکی گەرم و بەیەکەوە بەستراو، بەڵام هەمیشە بە سەرێکەوە بەندکراو. کەلتوور بەم شێوەیە دەقێکە کۆمەڵگە خۆی تێدا دەخوێنێتەوە، هەر گەلێک توانای خوێندنەوەی ئەم دەقەی نەبێت، کەلتوورەکەی خۆی نەناسیوە.

باشە، با بپرسین بۆچی لای ئێمە کەلتوور ئەوەندە بە فۆلکلۆرەوە لکاوە؟ وڵامەکە مێژووییە و دەبێت وەک خۆی بیگێڕینەوە. لە سەدەی هەژدەدا فەیلەسووفی ئەڵمانی یۆهان گۆتفرید هێردەر دەستیکرد بە کۆکردنەوەی گۆرانییە میللییەکان، چونکە باوەڕی وابوو ڕۆحی هەر گەلێک لە گۆرانی و گێڕانەوە سادەکانیدا حەشاردراوە. ئەم کارە بوو بە بنەمای بزاڤێکی گەورە لە سەرتاسەری ئەورووپادا، فۆلکلۆر بوو بە بەڵگەنامەی هەبوونی گەلان. بۆ گەلێکی بێدەوڵەتی وەک ئێمە، ئەم بەڵگەنامەیە بایەخێکی چارەنووسسازی هەبووە. کاتێک هیچ سنوور و ئاڵا و پاسپۆرتێکت نییە، ئەوا گۆرانییەکانت دەبنە پاسپۆرتەکەت، بەیت و حەیرانەکانت دەبنە ئەرشیفەکەت و جلوبەرگەکەت دەبێتە ئاڵاکەت. ئەوانەی لە سەدەی بیستەمدا گۆرانی و پەند و بەیتەکانیان کۆکردەوە، کارێکی بەرخۆدانانەیان کرد و بە بێدەنگی نەتەوەیەکیان لە فەوتان پاراست.

وردتر لەوە، هەر بەڵگەنامەیەک نرخێکی هەیە. کاتێک کەلتوور دەبێتە بەڵگەی بوون، دەستلێدانی دەبێتە مەترسی، چونکە هەر گۆڕانێک لە بەڵگەنامەکەدا وەک لاوازکردنی بەڵگەکە دەبیندرێ و دەخوێندرێتەوە. بەم شێوەیە کەلتووری ئێمە وردە وردە وەستێنراوە، لە کێڵگەوە گوازرایەوە بۆ مۆزەخانە، لە کردارەوە گوازرایەوە بۆ پاراستن. ئێریک هۆبزباوم، مێژوونووسی بەریتانی، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (داهێنانی نەریت) دەریخست زۆرێک لەو نەریتانەی وا دەزانین هەزاران ساڵ تەمەنیانە، لە ڕاستیدا لە دوو سەدەی ڕابردوودا داهێنراون. ئەم دۆزینەوەیە ئەگەرچی لە یەکەم نیگادا نەریتەکان سووکەڵە دەکات، بەڵام لە قووڵاییدا ئازادیان دەکات. ئەگەر نەریتەکان دوێنێ دروستکراون، مافی ئێمەشە ئەمڕۆ نەریتی نوێ دروستبکەین. هیچ کەلتوورێک لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە، هەموویان بەرهەمی دەستی مرۆڤگەلێکن لە ڕۆژگارێکدا وڵامی پرسیارەکانی خۆیان داوەتەوە.

ڕەیمۆند ویلیامز لە شیکارییەکی تریدا، سێ چینی کەلتووری لە هەر کۆمەڵگەیەکدا جیادەکاتەوە. چینی باڵادەست، ئەوەی ئەمڕۆ فەزای گشتی داگیرکردووە، چینی پاشماوە، ئەوەی لە ڕابردوودا ماوەتەوە بەڵام هێشتان کاریگەری هەیە و چینی نوێ، ئەوەی تازە لەدایک دەبێت و هێشتان ناوێکی نییە. ئەگەر بەم چاوە سەیری خۆمان بکەین، وێنەیەکی ڕوون دەردەکەوێت. چینی پاشماوەمان فۆلکلۆرە و بە ڕێزێکی پیرۆزەوە دەپارێزرێ، چینی باڵادەستمان تێکەڵەیەکە لە گۆرانیی بازاڕ و وێنەی شاشە و گوتاری بارەگەکان و چینی نوێمان، ئەو وێنەکێش و مۆسیقاژەن و نووسەرە گەنجانەن زمانێکی تازە دەدۆزنەوە، لە نێوان ئەم دووانەدا گیریخواردووە. میرات ڕێزی هەیە و بازاڕ پارەی هەیە، ئەوەی تازەیە هیچیانی نییە. کۆمەڵگەیەک تەنها ڕێز لە ڕابردووی خۆی بگرێت و تەنها پارە بۆ بازاڕەکەی خەرجبکات، داهاتووە کەلتوورییەکەی بەدەستەکانی خۆی دەخنکێنێت.

لە ئاستێکی قووڵتردا، دەبێت سەیری تۆنی سەرەکیی کەلتوورەکەمان بکەین. ئەگەر گوێ لە لاوک و حەیران و شین و شەپۆڕ و بەیتەکانمان بگرین، هەستێک بە سەرتاسەریانەوە دەکشێت، گریان. کەلتووری ئێمە، زۆرتر کەلتووری سووتانە، کەلتووری لەدەستدان و لاواندنەوەیە. ئەمە هیچ سەیر نییە بۆ گەلێک ئەوەندە لەدەستدانی بینیوە، بەڵام سیگمۆند فرۆید لە وتارێکیدا جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان شین و مەلانکۆلیادا دادەنێت. شین پرۆسەیەکی تەندروستە، مرۆڤ بۆ ئەو شتەی لەدەستیداوە دەگری، ماوەیەک لەگەڵیدا دەژی و پاشان وردە وردە بەریدەدات و دەگەڕێتەوە بۆ ژیان. مەلانکۆلیا شینێکە کۆتایی نایەت، مرۆڤ ئەو شتە لەدەستچووە بەرنادات و لە ناخی خۆیدا دەیپارێزێ، تا ئەو ڕادەیەی ئازارەکە خۆی دەبێتە ناسنامەی. کەلتوورێک ئازارەکانی بگێڕێتەوە تا لێیان دەرباز ببێت، کەلتوورێکی شینگێڕە، کەلتوورێکیش ئازارەکانی بگێڕێتەوە تا لەگەڵیاندا بمێنێتەوە، کەلتوورێکی مەلانکۆلییە. لێرەدا دەبێ پرسیارێک لە خۆمان بکەین، ئایا لاواندنەوەکانمان ڕێگەیەکن بەرەو ژیان، یان ماڵێکن تێیدا نیشتەجێ بووین؟ گەلێک تەنها بۆ ئازارەکانی گۆرانی بڵێت، لە کۆتاییدا تەنها بەو ئازارانەوە، خۆی دەناسێتەوە، بەم جۆرە خۆشی و داهێنان و ئایندە لە زمانە کەلتوورییەکەیدا بێ وشە دەمێننەوە.

با بێینە سەر دەنگ بێژ و بەیت بێژەکانی جاران، چونکە ئەم کەسایەتییانە کلیلی تەواوەتی ئەم باسەیان بە دەستەوەیە. دەنگ بێژ لە سەردەمی خۆیدا ڕۆژنامەی سەردەمەکەی خۆی بوو، هەواڵی شەڕ و کوشتن و ئەوین و خیانەتی دەگێڕایەوە، ڕووداوی دوێنێی دەکردە بەیتی ئەمڕۆ، لە دیوەخانەکاندا دادگەیەکی یادەوەری بوو، ناوی قارەمانان و ناوی خائینانیشی دەهێنا. بە کورتی، دەنگ بێژ بەرهەمهێنەری مانا بوو بۆ ئەزموونی تازەی گەلەکەی. ئێمە ئەمڕۆ ڕێز لە دەنگ بێژ دەگرین بە تۆمارکردن و پاراستنی بەیتەکانی، ئەمە کارێکی پیرۆزە. بەڵام میراتگری ڕاستەقینەی دەنگ بێژ ئەو کەسەیە کارەکەی ئاوێتەی ئازارە تازەکانی ئەم سەردەمە دەکات و بەیتی نوێ دادەنێت، ئەوەی تەنها بەیتەکانی دووبارە دەکاتەوە، دەنگی دەنگ بێژی هەیە، بەڵام ڕۆحیەتی بەیت بێژییەکەی ونکردووە. تی. ئێس. ئێلیۆت، شاعیر و ڕەخنەگری ئینگلیزی، تەواوی ئەم باسە لە ڕستەیەکدا کورت دەکاتەوە، نەریت ناتوانرێت بە میرات وەربگیرێت، ئەگەر دەتەوێت، دەبێت بە ماندووبوونێکی گەورە بەدەستی بهێنیت. وەفاداری بۆ نەریت لە درێژەپێدانی کردەکەیدایە و دووبارەکردنەوەی بەرهەمەکانی تەنها سێبەری ئەو وەفادارییەیە.

دەوترێ گەلێک زمانەکەی قەدەغەکرابێت و گۆرانییەکانی بە تاوان دانرابن و گوندەکانی وێرانکرابن، خۆپارێزی بۆی ئەرکێکی پیرۆزە و هەر قسەیەک لەسەر گۆڕین و نوێکردنەوە لە کاتێکی وەهادا مەترسییە. ئەم بۆچوونە ڕەگێکی ڕاستی هەیە، پاراستنی فۆلکلۆر لە سەردەمی قەدەغەکردندا کارێکی قارەمانانە بوو، ئەوانەی کردیان چاکەیەکی گەورەیان بەسەرمانەوە هەیە. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین پاراستنێک ڕێگە لە نوێبوونەوە بگرێت، دەبێتە قەدەغەکردنێکی تر، ئەمجارە لە ناوەوە. زمانێکی زیندوو بەوە دەمێنێتەوە بۆ شتی تازە بەکار بهێنرێت، زمانێک تەنها لە کتێبی کۆندا بپارێزرێت، ڕۆژێک دێت تەنها لە کتێبی کۆندا دەژی. هانس گیۆرگ گادامێر، فەیلەسووفی ئەڵمانی، دەڵێت نەریت تەنها کاتێک زیندوو دەمێنێت هەر نەوەیەک بە پرسیاری خۆیەوە بەرەوڕووی دەبێتەوە و دووبارە لێکیدەداتەوە. کەلتوورێک تەنها بپارێزرێ، لە کۆتاییدا هەر بە پاراستنەکە دەمرێت.

دوژمنێکی تازەی کەلتووریش هەیە، دوژمنێکی کەمتر ئاشکرا، ئەویش بازاڕە. بازاڕ فۆلکلۆر قەدەغە ناکات، دەیکڕێت. بەڕەی کوردی دەبێتە دیکۆری چێشتخانەیەکی گرانبەها، جلوبەرگی کوردی دەبێتە کۆستیومی ڕۆژێکی دیاریکراوی ساڵ، گۆرانییە میللییەکان بە ڕیتمێکی پلاستیکی دووبارە بەرهەم دەهێنرێنەوە بۆ ئەوەی لە ئاهەنگەکاندا بفرۆشرێن. تیۆدۆر ئادۆرنۆ ئەم دیاردەیەی بە پیشەسازیی کەلتوور ناوبردووە، ئەو دۆخەی کەلتوور وەک کاڵا بەرهەم دەهێنرێ و بەکاردەبرێت، مرۆڤ لە بەرهەمهێنەری ماناوە دەبێتە بەکاربەری مانای ئامادە. کەلتووری ئێمە بەم شێوەیە لە نێوان دوو شووشەدا گیریخواردووە، شووشەی مۆزەخانە و شووشەی ڤیترینی دوکان. لە یەکەمیاندا پیرۆزە و لە دووەمیاندا فرۆشراوە و لە هیچیاندا ناژی.

کەواتە کەلتوور بە کورتی چییە؟ توانای کۆمەڵگەیە بۆ بەرهەمهێنانی مانا بۆ ئەزموونە تازەکانی. پێوانەی تەندروستیی هەر کەلتوورێک پرسیارێکی سادەیە، ئایا ئەم کۆمەڵگەیە وشە و گۆرانی و وێنە و چیرۆکی هەیە بۆ ئەو شتانەی ئەمڕۆ بەسەری دێن؟ ئایا ئێمە بەیتێکمان هەیە بۆ ئەو گەنجەی لە بەلەمێکدا لە دەریای ناوەڕاستدا نقوم بوو؟ ئایا ڕۆمانێکمان هەیە ژیانی ژنێک لە شاری هاوچەرخدا بگێڕێتەوە؟ ئایا چەمکێکمان هەیە بۆ تەنهایی مرۆڤ لە بەردەم شاشەدا؟ لە هەر شوێنێکدا کەلتوور نەتوانێت ئەزموونێکی تازە ناوبنێت، خەڵک مانای ئەوانی تر بە قەرز وەردەگرێ، گەلێک ماناکانی ئەوانی تر بە قەرز وەربگرێ و پێیان بژی، بەرەبەرە دەبێتە میوان لە ژیانی خۆیدا.

ئەمە دەمانگەیەنێتە دوایین و قورسترین پرسیار. بەرهەمهێنانی مانا چەند ئاستێکی هەیە، گۆرانی ئازار دەگێڕێتەوە، چیرۆک ڕووداو ڕێکدەخات، شیعر ساتەکان دەگرێ و لە بەرزترین ئاستیشدا فەلسەفە دێت، ئەوەی ئەزموونەکان دەکات بە چەمک و چەمکەکانیش دەکات بە جیهانبینی. ئێمە گەلێکین بۆ هەموو ئازارێک گۆرانییەکمان هەیە، بۆ هەموو شەهیدێک بەیتێک، بۆ هەموو کەوتنێک شیعرێک. بەڵام کاتێک بەدوای چەمکدا دەگەڕێین، بەدوای ئەو بیرمەندەی ئەزموونی ئێمەی کردبێت بە سیستەمێکی هزری و بە جیهانی ناساندبێت، دەستبەتاڵ دێینەدەر. کەواتە پرسیاری ستوونی داهاتوو ئەمەیە، بۆچی فەیلەسوفمان نییە؟

__________________________________________________________
● هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک