په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٦

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

کارگەکانی مۆمیاکردنی عەقڵ.

لێرەدا دەچینە ناو ئەو وەهمە گەورەیەی بەرامبەر بە ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردە هەمانە. کاتێک مرۆڤ لەناو زیندانە تاریکەکەی زمان و یەکە دەستەجەمعییەکەی خێزان و چوارچێوە داخراوەکەی ئایینگەرایی نەرێتگەرادا، بە برینداری دێتەدەرەوە، زۆرجار بەو خەیاڵە خاوە وەهمە فریودەرەوە هەنگاودەنێت، بۆ دۆزینەوەی فریادڕەس و ڕزگاربوون دەبێت ئیدی ڕوو لە فێرگە دامەزراوەییەکان بکات. قووڵترین تراژیدیا ئۆنتۆلۆجییەکان لێرەوە دەستپێدەکەن، چونکە فێرگە لەم جوگرافیایەدا دەروازەیەک نییە بۆ شکاندنی کۆتوبەندە ڕۆحی و کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو تەنها گواستنەوەی تاکە لە پەیکەرێکی سەرکوتکاری نەریتییەوە بۆ ناو پەیکەرێکی هاوشێوەی مۆدێرن و دامەزراوەیی.

سیستەمی پەروەردە لای ئێمە، لەسەر بنەمای فەلسەفەی ڕزگاری و دروستکردنی مرۆڤی ڕەخنەگر بونیادنەنراوە، بەڵکوو کارگەیەکی گەورەی ئەندازیارییە بۆ یەکخستنی عەقڵەکان و بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو مرۆڤە پاسیڤەی پێشتر ئیرادەی لەناو ماڵدا بەتەواوی تێکشکێندراوە. فێرگە لێرەدا دەبێتە مۆری فەرمی و یاسایی دەوڵەت بۆ شەرعیەتدان بەو لەسێدارەدانە ئۆنتۆلۆجییەی هەر لە سەرەتای منداڵییەوە دەستیپێکردووە.

بونیادی مەعریفیی ئەم سیستەمە پەروەردەییە وێرانکەرە لەسەر بنەمای تیرۆرکردنی بەردەوامی پرسیار و بەپیرۆزکردنی موتڵەقی وڵامە ئامادەکراوەکان دامەزراوە. پرسیار لە جەوهەری خۆیدا یاخیبوونە، دەستبردنە بۆ هەڵتەکاندنی ئەو دڵنیاییە ساختەیەی کۆمەڵگە سەدان ساڵە لەسەری دەژی. بۆیە سیستەمی خوێندن هەر لە یەکەمین ڕۆژە سەرەتاییەکانییەوە هەوڵدەدات، غەریزەی گومانکردن و پرسیارکردن لەناو زەینی خوێندکاردا بکوژێت و لەبری ئەوە، مێشکی وەک سندوقێکی بەتاڵ مامەڵە پێدەکات، سندوقێک تەنها بۆ پڕکردنەوەی بە زانیارییە مردووەکان.

پڕۆسەی فێربوون لێرەدا گەڕان نییە بەدوای حەقیقەتدا، بەڵکوو ڕاهێنانێکی سەربازیی و مەشقێکی بیرۆکراتییە بۆ لەبەرکردنی دەقەکان و دووبارەکردنەوەی وەک خۆیان. کاتێک خوێندکار بە شێوەیەکی سیستەماتیک فێردەکرێت حەقیقەت تەنها لەناو پەرتووکە فەرمییەکان و لەسەر زاری مامۆستایە، ئیتر بۆ هەمیشە توانای سەربەخۆیی هزریی لێدەسەندرێتەوە. ئەمە سڕینەوەی تەواوەتیی بکەرە لە کایەی مەعریفەدا و گۆڕینیەتی بۆ مەفعوولێکی وەرگر، مەفعوولێک بەتەواوی ئامادەیە بۆ قبووڵکردنی هەر جۆرە توندوتیژییەک و دیکتاتۆرییەتێکی سیاسی و عورفی لە داهاتوودا.

مامۆستایان و ستافی ئەکادیمی لەم هاوکێشە وێرانکەرەدا، بەدەگمەن ڕۆڵی ئەو ڕووناکبیرە دەبینن چرایەکی داگیرساوبن لە ناو تاریکییەکاندا، بەڵکوو زۆرجار دەبنە پاسەوانی ڕاستەقینە بۆ پاراستنی هەمان ئەو سیستەمە نەرێتسالارییەی پێشتر باسمانکرد. ئەوان بە جلوبەرگێکی مۆدێرن و بە ناوی پیرۆزیی زانستەوە، هەمان ئەو نەرێت و وەهمە دەستەجەمعییانە دەگوازنەوە بۆ ناو پۆلەکان. پەیوەندیی نێوان مامۆستا و خوێندکار لەم فێرگەیانەدا، پەیوەندیی نێوان دوو بوونەوەری ئازاد نییە لە پرۆسەی دۆزینەوەدا، بەڵکوو کۆپییەکی وردی پەیوەندیی نێوان سەردار و بندارە، یان پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتدارێکی ڕەها و ژێردەستەیەکی بێدەسەڵاتە.

لێرەدا گوێڕایەڵی خوێندکار بۆ وتەکانی مامۆستا دەبێتە تاکە پێوەر بۆ سەرکەوتن، هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی سەربەخۆ یان رەخنەیی و ڕەخنەگرانەش وەک لادان، بێڕێزی و تێکدانی نەزم پێناسە دەکرێت و بە توندترین شێوە سزادەدرێت. ئەمەش ڕێک هەمان ئەو ترسە دەروونییەیە خێزان لە سەرەتادا چاندبوویەتی، بەڵام ئێستا فێرگە بە شێوازێکی سیستەماتیکتر، یاساییتر و دامەزراوەییتر قووڵیدەکاتەوە.

لەم کارگەیەدایە زانست ماهییەتی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانەی خۆی بەتەواوی لەدەستدەدات و دەبێتە تەنها ئامرازێک بۆ پاساودانی واقیعە داسەپاوەکە. ئەو زانستەی لەم فێرگەیانەدا پێشکەشدەکرێت، زانستێک نییە بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی بوون یان بۆ تێکشکاندنی پەیکەری نەفامی، بەڵکوو زانستێکی تەواو ئامرازی و بەرخۆرانەیە. سیستەمەکە بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە مرۆڤی بیرکەرەوە و بیرمەند و ئازاد نییە، بەڵکوو تەنها پێویستی بە فەرمانبەری ملکەچ، گوێڕایەڵ و بێدەنگ هەیە بتوانن ئامێرەکانی دەسەڵات بەگەڕبخەن.

بڕوانامە لێرەدا، دەبێتە گەورەترین بەرتیلی ئۆنتۆلۆجی و ساختەترین ناسنامە، کاغەزێکە سیستەم وەک خەڵات پێشکەشی دەکات لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی یەکجارەکی تاکەکان لە تاکایەتی و ئازادییە ڕەسەنەکەیان. مرۆڤی ئێمە ساڵانێکی درێژە تەمەنی خۆی لەم زیندانەدا بەسەردەبات، نەک بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی هۆشیار و خاوەن دید، بەڵکوو تەنها بۆ ئەوەی بە فەرمی ڕێگەیپێبدرێت بچێتە ناو ڕیزەکانی ئەو مێگەل بە مۆدەکراوەوە، پێشتر بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

ئەنجامی ئەم پرۆسە پەروەردە تراژیدییە، بەرهەمهێنانی نەوەیەکە لە قوربانی، نەوەیەک بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، قوربانیگەلێک تەنانەت شانازی بە برینەکانی خۆیەوە دەکات. کاتێک زانکۆکانمان ساڵانە هەزاران دەرچوو فڕێدەدەنە ناو بازاڕ و کۆمەڵگە، لە ڕاستیدا هەزاران مرۆڤی پاسیڤی بێئیرادە بەرهەمدەهێنن، ئەوانەی چاوەڕێی دەستێکی غەیبین ژیانیان بۆ ڕێکبخاتەوە و فریایانبکەوێت.

ئەم دەرچووانە خاوەنی بڕوانامەی باڵان، بەڵام لە ڕووی دەروونی و بوونناسییەوە هەژارترین بوونەوەرن، چونکە هەرگیز ناتوانن لە دەرەوەی ئەو قاڵبە بیربکەنەوە سیستەمەکە بۆی کێشاون. ئەوان خۆیان دەبنە پارێزەری سەرسەختی هەمان ئەو واقیعەی ڕۆحی تێکیشکاندوون، بە زمانێکی زانستییانە پاساو بۆ هەرەسەکان دەهێننەوە و گەندەڵی و بێدادی وەک قەدەرێکی حەتمی قبووڵدەکەن. لێرەدا دەستەبژێری ئەکادیمی خۆی دەبێتە گەورەترین دوژمنی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی، بۆچی؟ چونکە هەر گۆڕانکارییەک داوای هەڵتەکاندنی ئەو وەهمە دەکات ئەوان ناسنامە، بڕوانامە و پێگە کۆمەڵایەتییەکەیان لەسەر بونیادناوە.

ئێستا قاڵبی پرسیارە ڕەقەکە بەڕووی تەواوی واقیعەکەدا دەشکێنین، هەموو ئەم دیمەنە تراژیدییەی ناو فێرگە و پەروەردە، لە ئاسمانەوە نەهاتووە و دەرەنجامی سادەی ڕێکەوتێکی مێژووییش نییە. کاتێک فێرگە لەبری ڕزگاری دەبێتە کارگەی مۆمیاکردنی عەقڵ و کوشتنی خەیاڵ، دەبێت بپرسین ئەم فەلسەفە پەروەردەییە پاسیڤە سەر بە چ ڕەگەزێکە و زادەی چ بونیادێکە؟ بۆچی سیستەمەکە لە ڕووی ئۆنتۆلۆجی و دەروونشیکارییەوە بەردەوام پێویستی بەم پرۆسەی هاڕین و بەکۆیلەکردنە هەیە؟

ئیشی ئێمە لێرەدا تەنها ڕەنگکردنی تابلۆیەکی ڕەش و وەسفکردنی نائومێدییەکان نییە بۆ بڵاوکردنەوەی پاسیڤبوونێکی نوێ، بەڵکوو هەڵتەکاندن و بنکۆڵکردنی ئەو سەردێڕ و بندێڕە شاراوەیەیە ئەم پەیکەرەی ڕاگرتووە. ئەگەر بمانەوێت مرۆڤی ئێمە لە مەفعوولێکی وەرگرەوە ببێتەوە بە بکەرێکی خاوەن ئیرادە و بیرکەرەوە، دەبێت ڕاستەوخۆ دەستببەین بۆ ڕیشەی ئەو عەقڵیەتە موستەبیدانەی فەلسەفەی پەروەردەی لەم جوگرافیایەدا داڕشتووە. ئایا ئەو زەمینە شاراوەیەی ئەم کارگەیەی دروستکردووە لە کوێدایە، کێ بەڕێوەیدەبات و دەبێت چۆن ڕووبەڕووی ببینەوە؟

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک