|
٢٦\٦\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٧
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
زۆرجار بە هەڵە پێمانوایە ئەوە دەسەڵاتی سیاسی یان باڵادەستی
کۆمەڵایەتییە، ئەندازیار و بزوێنەری کارگەکانی مۆمیاکردنی عەقڵی تاکە
تا لە ڕێگەیەوە کۆمەڵگە کۆنترۆڵبکات. بەڵام حەقیقەتە ئۆنتۆلۆجییەکە زۆر
لەوە تاڵتر و کارەساتبارترە.
لە جوگرافیای ئێمە و لە فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتیدا، دەسەڵات نەک هەر
ئەندازیار و داینەمۆ نییە، بەڵکوو قوربانی و بەرهەمی هەمان ئەو ڕەگە
پاسیڤەیە. لە باوکی ناو خێزانەوە بگرە، تا دەگاتە سەرۆک خێڵ،
پێشنوێژخوێن، مامۆستا، وەزیر و حوکمڕان، هەمووی هەر دەرهاویشتەی هەمان
ئەو سیستەمە تێکشکێنەرەیە پێشتر ئیرادەی لێسەندوونەتەوە.
دەسەڵاتدارانی ئەم فەزا جڤاکی و سیاسییە، نا - خاوەنی عەقڵێکی کارتێکەر
و داهێنەر نین بۆ داڕشتن و ئاڕاستەکردنی سیستەمێکی سەرکوتکار، بەڵکوو
تەنها میراتگری نەزانینێکی کەڵەکەبووی سەدان ساڵەن، بێئەوەی توانای
بینینی دەرەوەی بازنەکەی خۆیان هەبێت. ئەمە ئەو دۆخە ترسناکەیە
پێماندەڵێت جەللادەکانیش لێرەدا قوربانین و ئەوانیش دواجار هەر بەشێکن
لەو مێگەل بە مۆدەکراوە پاسیڤەی خۆیان حوکمیدەکەن.
ئەگەر سەیری سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی کۆمەڵگەی خۆرئاوایی بکەین،
بەڕوونی دەبینین هەر مۆدێلێکی خاوەن فەلسەفەی تایبەت بە خۆیەتی، ئایدیا
و پرەنسیپی جێگیر و بگۆڕی و دیاریکراوی خۆیان هەیە، ئەوان چەپ بن، ڕاست
و نێوەڕاست و لیبراڵ یان پڕاگماتیست و هەر تشتێک بن، ماهییەتەکەیان
دیارە و بڕیاردەر دەزانێت چ جۆرە مرۆڤێک بەرهەمدەهێنێت.
بەڵام لێرە، تراژیدیاکە لەوەدایە ئەم سیستەمە پاسیڤەی پەروەردە و
خوێندن سەر بە هیچ ئایدیایەکی فەلسەفیی دیاریکراو نییە. نە ڕاستە، نە
چەپ، نە مۆدێرنە و نە تەنانەت نەرێتییەکی ڕەسەنیشە، بەڵکوو تێکەڵەیەکی
شێواو و بێسەروبەرە لە عورفی خێڵەکی و ستاتۆی دەستەجەمعی دەرە بازنەیی
جیهان و مرۆبینی.
ئەمە سیستەمێکە بێروگە کاردەکات، خاوەن هیچ ناسنامەیەکی مەعریفی نییە
تا بتوانێ تێبگات و بزانێ بەرەو کوێ هەنگاودەنێت، تەنها وەک ئامێرێکی
کوێر ڕۆژانە هەزاران وڵام دەداتە دەست نەوەیەکی ونبوو، بێئەوەی خودی
دەسەڵاتدارانیش بزانن مەبەست لەم وڵامانە چییە.
گرفتە قووڵەکەی دەسەڵات و بژاردەی هەمەزان و دەمەوەر لێرە، پیلانگێڕی
نییە دژی خەڵک، بەڵکوو نەبوونی بوێریی ئۆنتۆلۆجی و ڕوئیای فەلسەفییە بۆ
موعالەجەکردنی ئەم وێرانەیە. ڕیفۆرم پێویستی بە تێکشکاندنی پەیکەرە
کۆنەکان هەیە، ئەمەش بوێرییەکی مێژوویی و ئەدگاری حەتمی دەوێت،
ئەدگارێک ئەم کارەکتەرە پاسیڤانە، هەرگیز نایانەوێت ئەزموونیبکەن.
ئەوان لەناو هەمان ئەو کارگەیەی پەروەردە و خوێندن و فێرکردندا
مۆمیاکراون، بۆیە ناتوانن ببنە بکەر ڕەچەشکێن و ڕزگارکەر. کاتێک مرۆڤ
خۆی بەرهەمی فەزایەکی بێئیرادە بێت، ناتوانێت ئیرادەی گۆڕانکاریی
ڕیشەیی بخوڵقێنێت. دەسەڵاتدار یان بڕیاربەدەست لێرەدا، لەبری ئەوەی
ببێتە نەشتەرگەرێکی بوێر بۆ بڕینی گرێ شێرپەنجەییەکان، دەبێتە
پاسەوانێکی ترسنۆک بۆ هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی، نەک لەبەر ئەوەی
زیرەکانە دەیخاتەوە خانەی سوود و بەرژەوەندییە تایبەتەکابی خۆی، نا،
بەڵکوو لەبەرئەوەی لە هەر گۆڕانکارییەک دەترسێت و توانای بیرکردنەوەی
لە فۆرمێکی نوێ نییە.
لەم فەزایەدا، دەسەڵاتدار، ڕۆشنبیر، مامۆستا، هەموویان پێکەوە نوقمی
دونیای تیۆر و قسەی بریقەدار بوون. شەو و ڕۆژ سەرزار و بنزاریان
قسەکردنە لەسەر ڕیفۆرم، گۆڕانکاری و زەمینەسازی، بەڵام کاتێک دێتە سەر
پڕاکتیککردن، هەموویان ئیفلیجن، ئاخر خۆ نەشتەرگەری هەر هەڵدڕین و
تەقەڵکاریی ڕووکەش نییە، بەڵکوو بڕیاردانێکی ئازایانە و
چارەنووسسازانەیە بۆ بڕینەوەی ئەندامە نەخۆشەکان لەپێناو مانەوەی
جەستەدا.
ئەم بژاردە هەمەزانە خودشەیدایە تاریکە، توانای هیچ بڕیاردان و
هەنگاونانێکی ئازایانەی نییە. ئەوان دەخوێننەوە، زۆر دەنووسن، قسەش زۆر
دەکەن و تەنانەت زانیارییەکی زۆریشیان لە مێشکدا کۆکردووەتەوە، بەڵام
ناتوانن یەک هەنگاوی پڕاکتیکی بنێن. ئەمە ئەو دۆخەیە پێیدەوترێت
تراژیدیای زانینی بێئیرادە، واتا دەزانن نەخۆشییەکە چییە، بەڵام لە
ترسی خوێنبەربوون، ڕێگەدەدەن شێرپەنجەکە تەواوی جەستەی کۆمەڵگە دابگرێ
و بیخوات. بژاردەی ئێمە بە چەپ و ڕاست و نێوەڕاستیانەوە، هێشتا لەو
جۆرە پاسیڤ و کلاسیکەن خەون بە دەسەڵاتی شمولی یان ناوەندییەوە دەبینن
سەپۆرتیان بکات و شانامەکانیان بۆ چاپ بکات و وەک ئایکۆن بیان بینن و
دەریانبخات.
بەم شێوەیە، بازنەیەکی داخراو لە بێئیرادەیی دروستدەبێت، بازنەیەک
هەموو جومگەکانی ژیان پێکەوە دەبەستێتەوە. باوکی دەسەڵاتدار لە ماڵەوە،
سەرۆک خێڵێک لە دیوەخان، مامۆستای بێخەیاڵ لە فێرگە، ڕۆشنبیری
خەیاڵپلاو و دەسەڵاتداری ترسنۆک لە حکومەت، هیچیان دروستکەری ئەوی
تریان نین، بەڵکوو هەموویان پێکەوە بەرهەمی هەمان ئەو بۆشاییەن مێژوو
بۆی جێهێشتوون.
ئەوان ناتوانن زەمینەسازی بۆ هیچ ڕیفۆرمێک بکەن، چونکە خودی
زەمینەسازییەکە پێویستی بە ڕووخانێکی دەروونی هەیە ئەوان بەرگەی ناگرن.
بۆیە بژاردەی یەکەمیان، مانەوەیە لەناو هەمان ئەو فەوزایەی تیایدا
دەنگی پرسیار دەخنکێندرێت، نەک لەبەر زیرەکییان، بەڵکوو لەبەر کڵۆڵی و
بێدەسەڵاتییان لە ئاست هێزی گۆڕانکاریدا. گەورەترین شکستی ئەم مۆدێلە
لە حوکمڕانی و کۆمەڵگە، ئەوەیە هەمووان چاوەڕێی یەکتردەکەن بۆ
گۆڕانکاری، بێئەوەی کەسێک ئامادەبێت یەکەمین بەردی وەهمەکان بشکێنێت.
ئێستا دەبێت بپرسین، ئاخۆ چییە وایکردووە ئەم ئیفلیجییە دەستەجەمعییە،
ئەم نەبوونی بوێرییە لە تیۆرەوە بۆ پڕاکتیک، بەم شێوە سەختە لەناو ناخی
مرۆڤی ئێمەدا بچەسپێت؟ چ هێزێکی شاراوە هەیە ڕێگەدەگرێت لەوەی هیچ
کەسێک نەتوانێت دەست بۆ نەشتەرەکە بەرێت و ئەم کارگە پاسیڤبووە
هەڵوەشێنێتەوە؟
لێرەدا ڕووبەڕووی ترسناکترین و گەورەترین تابۆی جوگرافی دەبینەوە، ئەو
هێزەی هەموو ئەم ترسنۆکی و بێئیرادەییەی لەژێر ناوی فەزیلەتدا داپۆشیوە.
ئەویش چەمکی ئەخلاقە بە مانا کۆمەڵایەتی و نەرێتییەکەی. ئەوە ئەخلاقە
حوکمی کۆمەڵگەی ئێمە دەکات و بووەتە دوایین گرێکوێرەی
نەشتەرگەرییەکەمان. ئایا ئەم ئەخلاقە چۆن بووەتە پاسەوانی ئەم هەموو
وێرانەیە؟ ئەمە ئەو پرسە قووڵەیە دەبێت لە ستوونی داهاتوودا بە فراوانی
مێزەکەی بەسەردا قەڵبکەینەوە.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|