په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٦\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٩

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

مێژوو وەک زیندانێکی ئۆنتۆلۆجی و کارگەی خەمۆکی.

ڕابردوو تەنها تۆمارێکی کۆنی ڕووداوەکان نییە، مێژووش تەنها لاپەڕەکانی پەڕتووکێکی زانستی نییە. کاتێک نەشتەرگەریی بۆ بونیادە سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژییەکانی مرۆڤی کورد و ڕۆژهەڵاتی دەکەین، ڕووبەڕووی ئەو حەقیقەتە ترسناکە دەبینەوە، مێژوو لەم جوگرافیایەدا نەک هەر مردوویەکی بێگیان نییە، بەڵکوو دێوەزمەیەکی زیندووە و بەردەوام کار لەسەر خنکاندنی هەناسەی ئێستامان دەکات. نەخێر، مێژوو لێرەدا تەنها گێڕانەوەیەکی بێلایەنانەی ڕابردوو نییە، بەڵکوو زیندانێکی ئۆنتۆلۆژیی قووڵە بۆ دیلکردنی داهاتوو و ئیفلیجکردنی وزەی بکەر. مارکس کاتی خۆی وتوویەتی نەریتی هەموو نەوە مردووەکان وەک کابووسێک بەسەر مێشکی زیندووانەوەیە، بەڵام لای ئێمە ئەم کابووسە چووەتە قۆناغێکی توندوتیژتر، نەک قورسایی بەسەر سەرمانەوەیە، بەڵکوو خۆشمان زادەی کابووسی بەختەوەرین.

ئێمە لەبری ژیانکردن لە ساتەوەختی ئێستادا و دروستکردنی مانای نوێ، بەردەوام باجی ئەو شکست، کارەسات و ململانێیانە دەدەین سەدان ساڵ پێش ئێستا ڕوویانداوە. ئەمە قورسترین جۆری ئیفلیجیی دەروونییە، شوێنێک تیایدا زیندووەکان دەبنە کۆیلەی بێئیرادەی مردووەکان و ڕابردوو وەک بتی هەرە گەورە و سەردارێکی ستەمکار حوکمی تەواوی جووڵەکان دەکات. ئەمە ئەو دۆخەیە نیتشە لە سوود و زیانی مێژوو بۆ ژیاندا پێشبینیی کرد بوو، کاتێک مێژوو لە ئامرازێکی خزمەت بە ژیانەوە دەگۆڕێت بۆ پەرستراوێک ژیان دەخوات، کۆمەڵگە تووشی ئەو نەخۆشییە دەبێت، لاوازی توانستی نوێبوونەوەی لێدەسەنێتەوە.

بونیادی ئەم عەقڵیەتە مێژووییە لەسەر بنەمای پیرۆزکردنی ڕەهای ڕابردوو و دروستکردنی وەهمی سەردەمی زێڕین دامەزراوە. مرۆڤی ئێمە هەرکاتێک ڕووبەڕووی قەیرانێکی هەنووکەیی دەبێتەوە، لەبری داهێنان و گەڕان بەدوای وڵامێکی عەقڵانی و نوێدا، خێرا ڕوو لە گۆڕستانەکان دەکات بۆ دۆزینەوەی فریادڕەسێک. ئەم گەڕانەوە بەردەوامە بەرەو دواوە، نیشانەی لاوازیی ئیرادە و ترسێکی گەورەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعی تاڵ. ئایا ئەمە نموونەی ئەو شتە نییە فرۆید پێی دەڵێ گەڕانەوەی فۆبیایی؟ کاتێک ئیگۆ ناتوانێت بەرگەی واقیعە سامناکەکە بگرێت، خۆی هەڵدەواسێت بە ساتەوەختێکی ڕابردووەوە، چونکە بەلایەوە سەلامەتتر دێتە بەرچاو، ئەگەرچی هەر ئەو ساتەوەختەش بەخۆیەوە تراژیدبارە. ئەمە یاریی پارادۆکسیانەی بێهۆشییە، تاک هەڵدێت بۆ ناو شوێنێکی لە ئازاردا چنراو، چونکە ئەو ئازارە ئاشنایە و ئازاری ئاشناش لە زەینی ترسنۆکدا سوکترە لە چارەسەرێکی نائاشنا.

بیری نەرێتگەرایی زۆر زیرەکانە ئەم وەهمەی قووڵکردووەتەوە، تا تاک لەناو یەکەی دەستەجەمعیدا هەمیشە لە ناوەوە هەست بە بچووکی و کەمی بکات لە ئاست باوباپیران و ڕابردووی ساختەدا. ئەم پرۆسەی بەپیرۆزکردنە کارێک بە تاک دەکات هەرگیز بوێریی هەڵتەکاندنی پێوەرە کۆنەکانی نەبێت، لەبەرئەوەی وابیردەکاتەوە هەر پرسیارکردن یان لادانێک لەو مێژووە پیرۆزە، تاوانێکی گەورەیە دژ بە ڕەگ و ڕیشەی بوونی خۆی. ئەمە ئەو میکانیزمەیە بۆردیۆ بە تەشکیلی هابیتوس ناویدەبات، کۆمەڵگە بەشێوەیەک ڕاهێنان بە تاک دەکات، پێش بیرکردنەوە، واتا پێش کنەوپشکنین، کۆمەڵە شتانێکی لە زیهنییەتدا پیرۆز دەکات، تا هەر کاتێک ویستی بەرز بوونەوەی بوو، نەک هەر کۆمەڵگە بەرپەرچی بداتەوە، بەڵکوو زەینی ناوەکیی خۆیشی پێش هەمووان حوکمی بێهیوایی بەسەردا بسەپێنێت.

ئامادەگیی بەردەوامی مێژوو لەناو زەینی کۆمەڵگەدا، هۆکاری سەرەکییە بۆ دروستکردنی کەسایەتییەکی تێکشکاو، پڕ لە گرێ و نارسیسیست. مێژووی ئێمە پڕە لە شکستی گەورە، تراژیدیای خوێناوی و ستەمی بەردەوام. کاتێک ئەم برینانە بە شێوەیەکی سیستەماتیک نەوە دوای نەوە دەگوازرێنەوە، مرۆڤ تووشی فاشیزمێکی دەروونی دەبێت و بەردەوام چێژ لە قوربانیبوونی خۆی دەبینێت. مرۆڤی ئێمە لەبری ساڕێژکردن و تێپەڕاندنی ترۆماکان، خەریکی نوێکردنەوە و ئاهەنگگێڕانە بۆ برینەکانی. ئەمە میکانیزمێکی ترسناکە بۆ کوشتنی توانای خولقێنەرانە، شوێنێک تیایدا خەمۆکیی دەستەجەمعی دەبێتە ناسنامەی نەتەوەیی و گریان بۆ ڕابردوو دەبێتە تاکە چالاکیی ڕۆحی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ئێستا. مرۆڤ لێرەدا ئامادە نییە لە قوربانییەوە ببێتە جەللادی وەهمەکانی خۆی. ئەمە ئەو دۆخەیە دەروونناسە نوێکانی وەک نیکۆلاس ئەبراهام و ماریا تۆڕۆک بە پۆستی نهێنی نەوەکان ناویدەبەن، ترۆمایەک ئاوەزانە نەخوێندراوەتەوە و شیمانە نەکراوە، لە بێهۆشییەکی نەوەییدا بە کرپسوولەی نهێنی دەکوژرێتەوە، پاشان وەک پۆستێک بۆ نەوەی دواتر دەنێررێت، نەوەیەک نازانێ بۆچی دەگری بەڵام بەردەوام دەگرێ.

ئەم بارگاویبوونە مێژووییە وێرانکەرە، ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر چەمکی کات لای مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی. کات لێرەدا ڕووبارێکی بەخوڕ و زیندوو نییە بەرەو پێشەوە بڕوات، بەڵکوو گۆمێکە مەنگ، لیخن، بازنەیەکی داخراوە و بەردەوام هەمان خولگەی نەهامەتییەکان دووبارەدەکاتەوە. ئەم داخراوییە ئۆنتۆلۆژییە وایکردووە، تاک هەمیشە غایببێت لەنێو ساتەوەختی ئێستادا. ئەو بوونەوەرێکە لە ڕووی جەستەییەوە لە سەدەی بیست و یەکدا دەژی، بەڵام لە ڕووی مەعریفی، سۆزداری و دەروونییەوە سەدان ساڵ لەدواوەیە و لە زەمەنێکی مردوودا گیریخواردووە. ئەم دابڕانە قووڵەی نێوان جەستە و زەین، کۆمەڵگە تووشی شیزۆفرینیایەکی مێژوویی دەکات، ناتوانێت لە بونیادەکانی مۆدێرنە تێبگات، بەڵام هاوکات ناتوانێت دەستبەرداری ئامێرەکانیشی ببێت، بۆیە هەمیشە لە دۆخێکی پارادۆکساڵ و سەرلێشێواودا لە شوێنی خۆیدا دەخولێتەوە. ئەمە ئەو دۆخەیە ئەرنست بلۆخ بە هاوکاتیی ناهاوکاتەکان ناویبردووە، گەلانێک لە یەککاتدا لە چەند سەردەمی جیاوازدا دەژین، بەدەنی لە ئامێری ئەلیکترۆنی هەنووکەییدایە، بەڵام عەقڵی هێشتا لە چاوی پێش هاتنی چاپخانە مەوقیعی نواندنە. ئەو دابڕانە دەکاتە لاوازترین خاڵی هزری گەلانی ڕۆژهەڵات، چونکە لێرە مۆدێرنە تەنها وەک پۆشاک هاتووە، نەک وەک هزر، وەک ئامێر هاتووە، نەک وەک ڕوحی پشکنەر و پرسیارکردن.

عەقڵی خێڵەکی، سیاسی و ئایینی ئێمە، گەورەترین سوودمەندی ئەم نەخۆشییە مێژووییە سەختەیە. وتم سوودمەند نەک داهێنەر و خوڵقێنەریان، چونکە خودیخۆی بەرهەمی ئەم رەگە پاسیڤانەیە، هەر بۆیە بە بەردەوامی گوتاری مێژوویی و سۆزداری بەکاردەهێنن بۆ شەرعیەتدان بە مانەوەی ئیگۆیی خۆیان. ڕابردوو و دروشمە کۆنەکان، تەنها ئامرازێکن بۆ داپۆشینی بۆشاییە گەورەکانی ئێستا و شاردنەوەی شکستە بەردەوامەکانیان. ئەوان دەیەوێ هاووڵاتی هەمیشە خۆی بە قەرزاری مێژوو بزانێت، تا هەرگیز نەوێرێت داوای مافە سەرەتاییەکانی ئێستای بکات. کاتێک مرۆڤ لە ژێر باری قەرزی مێژووییەکی ساختە و دەستکرددا دەچەمێتەوە، ئیتر هیچ هێز و ئیرادەیەکی نامێنێت بۆ ئەوەی بەرامبەر بە ستەمکارییە نوێیەکان بوەستێتەوە. ئەمە ئەو بازرگانییە گەورەیەیە بە مێژووەوە دەیکەن، فرۆشتنی ڕابردوو بۆ کڕینی بێدەنگیی داهاتوو و بەکۆیلەکردنی نەوەکان. باقیات لێرە دەبێت بە ئامرازی هێنانە‌ خوارەوەی هیوای زیندووان و کرپسوولی خوێنی پێشینان دەبێت بە دەرمانی هۆشبەری ئەو پرسیارانەی دەکرا ئەمڕۆمان بگۆڕن.

دەرئەنجامێکی تری ئەم بەزیندانیکردنە مێژوویییە، تەنیابوونی ئۆنتۆلۆژی تاکە لە کاتی هەنووکەییدا. تاک پیرۆزترین ئیمتیازی خۆی، واتە پێدانان لە ئێستادا، لە بەرامبەر بەهایەکی بێ‌بەرامبەردا دەفرۆشێت، لە بەرامبەر ئەو هەستە دڵنیاکەرەدا ئەو بەشێکە لە زنجیرەیەکی مەزن. بەڵام ئەو زنجیرە مەزنە، لە ڕاستیدا، کۆتە، کۆتێکە لە دەستی نەوەی ئەمڕۆ بەستراوە بۆ ئەوەی هەرگیز نەتوانێت بۆ خۆی ڕێبکات. هایدگەر ئەو دۆخەی بە هەڵدران لە بوون ناودەبات، تاک هەڵدراوەتە ناو زەمەنێکەوە و میراتێکەوە خۆی هەڵینەبژاردووە، بەڵام ڕزگاربوون تەنها بەو شتە دەکرێت هایدگەر بە بڕیاری ڕەسەن ناویدەبات، کاتێک تاک بەرپرسێتی بوونی خۆی لە ئەستۆدەگرێت و میراتەکەی نە دەخاتە سەرپشتی نە بەخۆیەوە بەستەرکراو دەهێڵێت، بەڵکوو بژاردەی دەکات، ئاراستەی دەکات و دەیخاتە خزمەت بوونی ڕەسەنی خۆی، نەک پێچەوانە. ئەمە ئەو شتەیە مرۆڤی ئێمەی لێیەوە بێبەشە، بوێریی هەڵبژاردنی میرات، نەک قبووڵکردنی نابیناوەی.

ئەگەر بمانەوێت لەم زیندانە ڕزگارمان بێت، دەبێت زۆر بوێرانە بتی مێژووش نەشتەر بکەین. دەبێت ئەو حەقیقەتە تاڵە قبووڵبکەین، ڕابردوو تەنها ئەزموونێکە بۆ تێپەڕاندن، نەک ماڵێک بۆ هەمیشە مانەوە و پەرستن. شکاندنی پیرۆزیی مێژوو و داماڵینی لە وەهمەکان، یەکەمین هەنگاوە بۆ ئازادکردنی وزەی خولقێنەری مرۆڤ بەرەو بوون بە بکەرێکی ڕاستەقینە. والتەر بێنیامین لە تێزەکانی فەلسەفەی مێژوودا دەڵێت ئەرکی مێژوونووسی مادییانە ئەوەیە نەریت لە چنگی کۆنفۆڕمیزمەوە دەربهێنێت، چونکە نەریت هەر دەمێک کۆنفۆڕمیزم زاڵبوو، خۆبە‌خۆ دەکەوێتە خزمەتیەوە. نەریتی ئێمە، مێژووی ئێمە، ئەمڕۆ لە چنگی کۆنفۆڕمیزمدایە، لە چنگی ئەوانەدایە دەیخوێننەوە و دەیپەرستن. ئەرکی هزری ڕەخنەگرانە ئەوەیە، مێژوو لەو چنگانە دەربهێندرێت و بیداتە دەست ئەو زیندووانەی دەیانەوێت پێی بژین، نەک ببنە قوربانی.

بەڵام کاتێک مرۆڤ لە ڕووی سایکۆلۆژی و مێژووییەوە ئازاددەبێ، ڕاستەوخۆ بەر ئاستەنگێکی تری زۆر سەختتر دەکەوێ، چۆن دەتوانێت بەرگەی ئەو پەیکەرە ماددییە بگرێت تەواوی جووڵەکانی قۆرخکردووە؟ ئایا ئابووریی تاک و خێزان لەم کۆمەڵگەیەدا، چۆن بووەتە ئامرازێکی تری دڕندانە بۆ ئیفلیجکردنی ئیرادە و دروستکردنی مرۆڤی ملکەچ؟ بۆ تێگەیشتن لەم گرێ کوێرەیە، دەبێت لە ستوونی داهاتوودا بە قووڵی ڕۆبچینە ناو بونیادە ئابوورییەکان و دەرهاویشتە دەروونشیکارییەکانیان بخەینە ژێر نەشتەر.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک