|
١٦\٨\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٣٦
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
هەڕەمە سەرەوخوارەکە، ئەناتۆمیای دەسەڵات لە
واقیعی کوردیدا.
ستوونی پێشوو بە دوو پرسیاری تراژیدی کۆتاییهات، بۆچی پرۆژەی سیاسیی
کوردی هەمیشە هەر لە لوتکەی هەڕەمەکەوە دەستپێدەکات و بناغەکە
فەرامۆشدەکات؟ ئایا دەسەڵاتێک خۆی بەرهەمی سیستەمێکی داڕماو بێت،
دەتوانێ نەشتەرگەری لە هەمان ئەو سیستەمەدا بکات؟ وێنەکە وێنەی
نەشتەرگەرێکە خۆی نەخۆشەکەیە، دەستەکانی دەلەرزن، چاوەکانی تەم
دەیانگرێت و برینەکەش لە قووڵاییی جەستەی خۆیدایە. لە ستوونی حەوتەمدا
بینیمان دەسەڵاتدار لە ڕووی دەروونییەوە، خۆی قوربانی و بەرهەمی هەمان
ئەو ڕەگە پاسیڤەیە، ئەوێ باسی ناخ و تاریکستانی کەسەکان بوو، لێرە
هەنگاوێک قووڵتر ڕۆدەچین و باسی بونیادی خودی تەلارەکە دەکەین. دەسەڵات
پێش ئەوەی کۆمەڵە کەسێک بێت، ئەندازیارییەکی بونیادی و ئۆنتۆلۆژییە،
ئەگەر ئەندازیارییەکە لە بنەڕەتدا و لە ماهییەتی خۆیدا سەرەوخوار بێت،
گۆڕینی کەسەکان تەنها گۆڕینی دانیشتووانی ناو تەلارێکی لارە بەرەو
ڕووخان، گۆڕینێکە هیچ لە واقیعی داڕمانەکە ناگۆڕێ و تەنها کاتی
کەوتنەکە دوادەخات.
با لە خودی دیاردەکە خۆیەوە دەستپێبکەین، وەک چۆن دیاردەناسی
فێریکردووین بەبێ حوکمی پێشوەختە سەیری شێوازی لەدایکبوونی پرۆژە
سیاسییەکانمان بکەین. لە مێژووی هاوچەرخیشماندا هەموو پرۆژەیەکی سیاسی
لە لوتکەوە لەدایکبووە، سەرەتا سەرکردەیەک یان ناوەندێکی بڕیار لە
بۆشاییدا دروستدەبێت، پاشان بازنەی نزیکان و کادرەکان فۆڕم وەردەگرن،
پاشان ئەندام و لایەنگر بەدوایدا دێت، لە بنکەی هەڕەمەکەشدا جەماوەرێک
ئامادەدەکرێت ئەرکەکەی تەنها چەپڵەلێدان و قوربانیدان و شەهیدبوونە.
مرۆڤ وەک بناغە، وەک تاکی هۆشیاری خاوەن ئیرادە، هەرگیز نۆرەی
نەهاتووە، هەمیشە بوونەکەی دواخراوە بۆ پرۆسەی دوای ڕزگاری، بۆ دوای
سەقامگیری، بۆ دوای تێپەڕاندنی قۆناغە هەستیارەکە. قۆناغە هەستیارەکەش
ئەفسانەیەکە هەرگیز کۆتایینایەت. ڕزگارییەکان هاتن و ڕۆیشتن،
دەسەڵاتەکان گۆڕدران، بەڵام دواخستنی مرۆڤ وەک بناغە، وەک سوبژێکتێکی
چالاک، وەک خۆی مایەوە و بوو بە شێوازی حوکمڕانی و فۆڕمی مانەوە. ئەمە
ئەو تەلارەیە لە بنمیچەوە بەرەو بناغە دروستدەکرێت، هەڕەمێکی
سەرەوخوار، لوتکەکەی لە زەویدا چەقیوە و بناغەکەی لە هەوادا
دەخولێتەوە، هەربۆیەش هەر بایەکی جیۆپۆلەتیکی لە دەرەوە بێت دەیبات و
دەیلەقێنێ، هەموو نەوەیەکیش تیایدا هەمیشە لە دڵەڕاوکێ و ترسی
ڕووخانەکەیدا دەژی.
ئەم هەڕەمە سەرەوخوارە بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی پێویستی بە جۆرێکی زۆر
تایبەتی مرۆڤە لە بنکەکەیدا، جەماوەر، نەک هاوڵاتی. جیاوازییەکەی
نێوانیان جەوهەرییە و پەیوەندیی بە ماهییەتی بوونەوە هەیە. هاوڵاتی
تاکێکە بە ماف و پرسیار و ناسنامەی خۆیەوە ڕاستەوخۆ بەرامبەر دەسەڵات
دەوەستێت، جەماوەر کۆمەڵەیەکە بە سۆز و هاوار و ئاڵاوە لە دەوری سێبەری
دەسەڵات دەسووڕێتەوە. ئیلیاس کانێتی، لە شاکارەکەیدا - جەماوەر و
دەسەڵات، ئەم نهێنییەی ئاشکراکردووە، کاتێک پێماندەڵێت تاک لەناو
جەماوەردا، هەم خۆی و هەم ئیرادەی دەتوێنێتەوە، لە بەرامبەر ئەم
توانەوەیەشدا هەستێکی ساختەی هێز و پاراستن وەردەگرێت، ترسە کاتییەکانی
دەڕەوێنەوە، بەڵام لەگەڵیاندا پرسیارەکانیشی دەکوژرێن. دەسەڵاتی
هەڕەمی، جەماوەری تەنها لە مەیدانی میتینگەکاندا دەوێت، نەک وەک
هاوڵاتی لە دامەزراوەکاندا، چەپڵەی دەوێت، نەک چاودێری و لێپرسینەوەی
ڕەخنەگرانە. هەر سیستەمێکی پەروەردەییش توانای بەرهەمهێنانی هاوڵاتیی
نەبێت، خۆبەخۆ دەگۆڕێت بۆ کارگەی بەرهەمهێنانی جەماوەرێکی ملکەچ،
لێرەیشەوە بلۆکی پێشووی ئەم زنجیرە باسەمان، بەتەواوەتی دەگاتە ناو ئەم
بلۆکە نوێیە و پەیوەندییە ئۆنتۆلۆژییەکەیان ئاشکرادەبێت.
ماکس ڤیبەر، دامەزرێنەری کۆمەڵناسیی سیاسی، سێ سەرچاوەی ڕەوایەتیپێدانی
دەستنیشانکردوون، ڕەوایەتی کاریزمایی، واتە لەسەر بنەمای موعجیزەئاسایی
و ڕەوانبێژی و قارەمانێتیی کەسی سەرکردە. ڕەوایەتی نەریتی، واتە لەسەر
بنەمای میرات و پێگەی خێڵ. ڕەوایەتی عەقڵانی-یاسایی، واتە لەسەر بنەمای
دامەزراوە و یاسا و پرۆسەی بێلایەنانە. گەشەی سیاسیی هەر کۆمەڵگەیەک
بریتییە لە گواستنەوەی لەسەرەخۆی ڕەوایی لە دووانەی یەکەمەوە بۆ سێیەم.
تراژیدیای ئێمە لەوەدایە پرۆژە سیاسییەکەمان لە نێوان کاریزما و
نەریتدا هاتوچۆدەکات و گیریکردووە، هەرگیز نەگەیشتووەتە قۆناغی سێیەم
بۆ بونیادنانی عەقڵانییەت. کاریزمای شاخ و خەبات، ڕەوایەتی نەوەی
یەکەمی دروستکرد، کاتێک کاریزماکە بەهۆی بەرکەوتنی بە واقیعەوە
کاڵبۆوە، پەنابرایەوە بەر نەریت، میراتی خێڵگەرایی، پیرۆزیی ڕابردوو و
خوێنی شەهیدان کرانە سەرمایەیەکی سیاسیی هەمیشەیی. لە ڕووکەشدا
دامودەزگەی مۆدێرنمان هەیە، پەرلەمان، وەزارەت، دادگە، هەڵبژاردن،
میدیا، بەڵام ئەمانە تەنها ڕووکاری دەرەوەی تەلارەکەن، سیستەمی
کارپێکردنی ناوەوە هێشتا وەفاداری و خزمایەتی و ئینتیمای ڕووتەکەیە.
دوو دەوڵەت لە یەک جوگرافیادا دەژین، دەوڵەتی ڕووکەش بە یاساوە
دەنووسرێ و دەوڵەتی قووڵ بە پەیوەندییەکانییەوە بەڕێوەدەچێت، هەر
هاوڵاتییەکیش لە یەکەم بەرکەوتنیدا لەگەڵ واقیع فێردەبێت کلیلی
دەرگەکان لە دەوڵەتی دووەمدایە.
ئیبن خەلدوون، شەش سەدە بەر لە ئێستا، لە موقەدیمەکەیدا چەمکێکی
داهێناوە، هێشتا وەک ئاوێنەیەک بەرامبەرمان دەوەستێت: عەسەبیە. ئەم
چەمکە پەیوەستیی گرووپی دەگەیەنێ، ئەو هێزە کۆکەرەوەیەی خێڵ و کۆمەڵ لە
دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و دەوڵەتی پێدروستدەکرێت، پاشان هەمان دەوڵەت
لەناو خۆشگوزەرانی و ململانێی دەسەڵاتدا عەسەبیەکەی دەڕزێت و لە ناوەوە
دادەڕمێت. لە واقیعی ئێمەدا عەسەبیەکە نەمردووە، تەنها جلوبەرگی خۆی
گۆڕیوە، عەسەبیەی خوێن بۆتە عەسەبیەی ڕێکخراوەیی، ئینتیمای خێڵ بۆتە
ئینتیمای مۆر و ئاڵا، ڕەچەڵەکیش بۆتە مێژووی تەشکیلاتی. بەم شێوەیە
دەوڵەتەکەمان لەناو کۆمەڵگەوە بەرەو سەرەوە ڕۆنەنراوە و هەڵنەکشاوە،
بەڵکوو عەسەبیەکان تا ئەو ڕادەیە گەورەبوون شێوەی دەوڵەتیان وەرگرت،
بێئەوەی ماهییەتی ڕاستەقینەی دەوڵەت وەربگرن، دەوڵەت وەک فۆڕم و دروشم
هەیە، بەڵام وەک پەیمانێکی هاوبەشی کۆمەڵایەتیی نێوان هاوڵاتییان لە
بنەڕەتدا بوونی نییە.
هانا ئارێنت، فەیلەسووفی سیاسیی سەدەی بیستەم، جیاوازییەکی گرنگ دەکات،
زۆرجار بەهەڵە تێکەڵدەکرێن، جیاوازیی نێوان دەسەڵات و توندوتیژی.
دەسەڵاتی ڕاستەقینە لای ئارێنت لە کردەی هاوبەشی مرۆڤەکانەوە
لەدایکدەبێت، کاتێک خەڵکێک بە ڕەزامەندی و باوەڕەوە پێکەوە کاردەکەن،
دەسەڵات بە مانا باڵاکەی دروستدەبێت، توندوتیژیش ڕێک لەو ساتەوە
سەرهەڵدەدات دەسەڵات، واتە ڕەزامەندییەکە، کەمدەبێتەوە. بەم پێوانەیە،
دەسەڵاتێک لە جیاتی بەرهەمهێنانی ڕەزامەندی لە ڕێگەی دادپەروەری و
دامەزراوەوە، پەنا بۆ کڕینی بێدەنگی ببات، لە ناخەوە ئێجگار لاوازە،
هەرچەندە لە ڕواڵەتدا بەهێز دەربکەوێت. لە ستوونی دەیەمدا بینیمان گرێی
نان چۆن دوایین دیواری ئازادییە، لێرەدا ئەو گرێیە دەبێتە
مەترسیدارترین ئامرازی سیاسی، مووچە لە مافێکی هاوڵاتیبوونەوە
دەگۆڕدرێت بۆ گرێبەستێکی بێدەنگی، دەوڵەتیش لە دابینکەری
خزمەتگوزارییەوە دەبێتە بازرگان و کڕیاری وەفاداری. دەسەڵاتێک ملیۆنان
مووچەخۆری هەبێت و متمانەی نەبێت، بە پێوانەی ئارێنت دەسەڵاتێکی ناکامە
لە ڕەوایەتی، ناکامی ڕەوایەتیش هەمیشە بە توندوتیژی یان بە مارکێتینگ
تێر دەکرێت، هەردووکیشیان لە فەلسەفەی سیاسیدا دانپێدانانن بە هەمان
لاوازیی ئۆنتۆلۆژیدا.
لێرەوە دەتوانین وڵامی پرسیارەکەی ستوونی پێشوو بدەینەوە، نەخێر،
دەسەڵات ناتوانێت نەشتەرگەری بۆ خۆی بکات، هۆکارەکەش تەنها خراپیی نیەت
نییە، بەڵکوو گیروگرفتێکی بونیادییە. چاکسازیی ڕاستەقینە لە واقیعی
ئێمەدا واتە دابڕینی هەمان ئەو دەمارانەی خوێن دەگەیەننە جەستەی
دەسەڵات، سیستەمی وەفاداری، دابەشکردنی حزبیی دامەزراوەکان، ئابووریی
ڕانت و عەسەبیەی ڕێکخراوەیی. داواکردنی ئەم دابڕینە لە دەسەڵات خۆی،
داواکردنی خۆکوژییەکی بونیادییە، بۆیە چاکسازی لە دەستی دەسەڵاتدا
دەبێتە ڕیتواڵێکی بێمانا، کۆنفرانسی چاکسازی، پرۆژەیاسای چاکسازی،
دروشمی چاکسازی، هەموویان میکیاژێکن بۆ هەمان دەموچاو، دەستکارییەکی
کاتین لە ڕووکەشدا بۆ پاراستنی قووڵایی. هەر دەزگە و دامەزراوەیەک
داوای چاکسازیی لێدەکرێت، ڕێک هەمان ئەو دەزگەیەیە خۆی لە نەبوونی
چاکسازیی سوودمەندە، هیچ جەستەیەکیش بە خواستی خۆی ئۆکسجینی خۆی
نابڕێت.
دیوێکی تری ئەم تراژیدیایە، ئینتیمای ناڕاستەوخۆی خودی دژبەرییە بۆ
هەمان سیستەم. لە واقیعی ئێمەدا زۆرجاران لەدایکبوونی بزووتنەوەی
دژبەری بۆ شکاندنی هەڕەمە سەرەوخوارەکە بووە بە واقیع، بەڵام لە ناخی
خۆیدا هەمان هەڕەم دروستدەکاتەوە، سەرکردەیەکی کاریزمایی، بازنەیەکی
وەفادار، جەماوەرێکی بەسۆز و لوتکەیەک بڕیار لە جیاتی بناغە دەدات.
دژبەری دەبێتە ئاوێنەی دەسەڵات، نەک نەیاری مەعریفیی دەسەڵات، وێنەکەی
هەڵدەگێڕێتەوە بێئەوەی بونیادەکەی بگۆڕێ. ئەمەش نهێنییەکی سەیر نییە،
بۆ؟ چونکە هەموومان لە هەمان کارگە و قوتابخانە دەرچووین، هەمان
عەسەبیەمان لە شیردا مژیوە و هەمان وێنەی باوکساڵاریی دەسەڵاتمان لە
ناخدا هەڵگرتووە. کاتێک نەخشەی ناوەوەی مرۆڤەکان یەک نەخشە بێت، هەموو
تەلارەکانیان لە یەک شێوەدا دەردەچن، جیاوازییەکە تەنها لە ڕەنگی دروشم
و ئاڵاکاندایە.
هەڵبەتە ئەمە بێهیوابوون نییە، ئەمە دیاریکردنی شوێنی ڕاستەقینەی
ئومێدە بۆ بەئاگابوونەوە. ئەرشیمیدس دەیوت خاڵێکم بدەنێ لە دەرەوەی
زەوی، زەوی هەڵدەگرم. خاڵی هەڵگرتنی دەسەڵاتیش لە دەرەوەی دەسەڵاتە، لە
تاکی پەروەردەکراودا، هەمان ئەو مرۆڤەی لە ستوونی پێشوودا
فەلسەفەکەیمان بۆ داڕشت لە دامەزراوە مەدەنییە سەربەخۆکاندا، لە
ڕۆشنبیرێکی ڕەخنەگردا نەبووبێتە موڵکی هیچ بارەگەیەک، لە ڕای گشتییەکی
بەئاگادا ڕەوایی بە کردەوە دەدات نەک بە میرات و هاوار. مێژووی
گۆڕانکارییە گەورەکان دەریدەخات دەسەڵاتەکان کاتێک دەگۆڕدرێن گوشاری
هۆشیارانەی خوارەوە و قەیرانی سەرەوە لە یەک خاڵدا یەکدەگرنەوە. ئەرکی
ئێمە دروستکردنی ئەو گوشارە هۆشیارانەیە، ئەگینا قەیرانەکانی سەرەوە
بەبێ بناغەیەکی هۆشیار، تەنها دەسەڵاتێک بە دەسەڵاتێکی تر دەگۆڕنەوە و
هەڕەمە سەرەوخوارەکە هەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
لە هەموو ئەم شیکارییەدا وشەیەک وەک تەوەرەیەکی شاراوە سوڕایەوە و هەر
جارەی لە بەرگێکدا خۆی نیشاندایەوە، حزب. کلیلی لوتکەی هەڕەمەکە لە
دەستی ئەودایە، عەسەبیە نوێیەکە لە ناو ئەودا نیشتەجێیە و دەوڵەتی
قووڵیش بە دەمارەکانی ئەوەوە بەستراوەتەوە. بەو پێیە، پرسیارە
چارەنووسسازەکەی داهاتوومان ئەمەیە، ئایا حزب لە واقیعی ئێمەدا چییە؟
دامەزراوەیەکی سیاسیی مۆدێرنە بە پرۆگرام و ئایدۆلۆژیا و ژیانی ناوخۆیی
دیموکراسییەوە، یان عەسەبیەیەکی نوێیە بە ئاڵا و مۆر و بارەگەوە؟ چۆن
ئامرازی ڕزگاری لە ئامانج گۆڕدرا و خەبات بوو بە پیشەیەکی بازرگانی؟
ئەمە ئەو تەلارەیە لە ستوونی داهاتوودا دەرگەکەی دەکەینەوە و
نەشتەرگەریی بۆ دەکەین.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|