په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١٠\٢٠١١

نەوال سەعداوی:

ئیمپریالیسم دەتوانێ لە وڵاتێکدا کودەتا بکا، بەڵام توانای شۆڕشی نییە.

 

وەرگێڕانی بۆ کوردی: ئەحمەد خوسرەوی


نەوال سەعداوی، فیمینیستی ناوداری میسری، لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە مەڕ ڕووداوەکانی دونیای عەرەب لە وڵاتی بەلژیک بەڕێوەچوو، ڕوانگە و بۆچوونی خۆی سەبارەت بە دونیای عەرەب بە گشتی و بە تایبەت سەبارەت بە ڕووداوەکانی میسر خستە ڕوو.

 

ئیمپریالیسم دەتوانێ لە وڵاتێکدا کودەتا بکات، بەڵام توانای شۆڕشی نییە.


" شۆڕش ئیشی خەڵکە، نەک ئیشی ئیمپریالسیم ". نەوال سەعداوی بە دەربڕینی ئەم ڕستەیە دواتر وتی کە چەند میلیون لە خەڵکی میسر بە شەو و ڕۆژ لە شەقامەکاندا بوون. بیست میلیون لە شۆڕشەکەدا بەشدار بوون تا موبارەکیان ڕووخاند. بە ڕووخاندنی موبارەک بەشێک لە داواکانی شۆڕش هاتە دی. موبارەک ڕۆشت. بەڵام نابێت لە بیرمان بچێ کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی خەڵکەوە ئەمەریکا پشتیوانی لە موبارەک دەکرد.ئەمەریکا سەرەتا دژی شۆڕشی دژی موبارەک بوو، چوونکە پێ‌ی وا بوو کە ئیسرائیل دەکەوێتە مەترسی‌یەوە. ئەوکاتە ئەمەریکا پشتیوانی لە بزووتنەوەی خەڵک کرد کە هێزی چەند میلیونی خەڵک موبارەکیان ڕووخاند بوو. بەر لەوە ئەمەریکا لایەنگری سەرسەختی موبارەک بوو. ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژئاوا نابێ لە مەڕ ڕۆڵی ئەمەریکاوە زێدەبێژی بکەن. شۆڕش ئیشی خەڵک بوو. هەمیشە هەر وا بووە و هەرواش دەبێ. ئیمپریالیسم دەتوانێ لە وڵاتێکدا کودەتا بکات، بەڵام دڵنیا بن کە توانای شۆڕشی نییە. چوونکە شۆڕش ئیشی خەڵکە. نەوال سەعداوی ڕوو لە بیروڕای گشتی دەڵێ : تکایە بڕواتان بە شۆڕشی خەڵک هەبێ. شۆڕش ئیشی فەیس‌بووک و ئەمەریکا نەبوو، ئەمەریکا ساڵانە ٢ میلیارد دولار یارمەتی بە سوپای میسر کردووە و دەیکات.


شۆڕشی میسریش هەروەک شۆڕشی ئێران دەسپێکێکی سیکولاری هەبوو.


نەوال سەعداوی لە شیکاریی نێوەڕۆکی شۆڕشی ئەم دووایی‌یانەی میسردا دەڵێ : شۆڕشی میسر دەسپێکێکی سیکولاری هەبوو، بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش و ڕووخانی موبارەک بوو کە سەر و کەلەی گرووپ و تاقمی ئایینی نوێ‌ی لایەنگری عەرەبستانی سەعودی و ئیخوانولموسلەمین دەرکەوت. ئێمە یەکڕا شاهیدی بینینی دەرکەوتنی گروپێک پیاوی ڕیشدار بووین کە لە شەقامەکاندا هوتافیان دەکێشا کە " ئافرەتان نابێت بێ حیجاب بن، نابێت لە هەڵبژاردندا بەشدار بن، مەسیحی‌یەکان نابێت لە هەڵبژاردندا بەشدار بن. " ئەم گرووپانە لایەنگری عەرەبستانی سەعودین و دەستیان لە بواری مادی‌یەوە پڕە، بە چەکی مەزهەبەوە کەوتوونەتە گیانی خەڵک و شۆڕشەوە. ئەیانەوێت بە ئەم چەکە خەڵک و شۆڕش بکەن بە دوو کەرتەوە. سیکولار بوونی شۆڕشی میسر ئیمپریالیسمی خستە مەترسی‌یەوە. ئاخر ئەمریکا لە شۆڕشی مەزهەبی ناترسێت. بەڵام لە شۆڕشی سیکولار دەترسێت. ئەمانە لە سیکولار دەترسن. لە فیمینیسم دەترسن. من خۆم دژی هەروڵاتێـــکم کە لە سەرئەساسی ئایین پێک بێت. ئەگەرچی ئەو وڵاتە لە عەرەبستان بێت، لە ئیسرائیل بێت یان لە ئەفریقای باشوور.


من لایەنگری جودایی دین لە دەوڵەتم. دەوڵەتێکی سیکولارم ئەوێت. شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ ی ئێرانیش لە دەسپێکدا سیکولار بوو. ئەو کاتەی کە شۆڕش لە شەپۆلداندا بوو، ئەمەریکا، فەرانسە و بریتانیا خومەینی‌یان بە فرۆکە ڕەوانەی ئێران کرد. من بەر لە شۆڕش سێ جاران سەردانی ئێرانم کردبوو، بەهایەک کە خەڵک هەیانبوو، بەهایەکی سیکولار بووو.


کایەکردن بە مەزهەب کایەکردنە لە گەڵ ئاگر.


بە بڕوای نەوال سەعداوی گروپە ئایینی‌یەکان کایە بە مەزهەب دەکەن تا لەو ڕێگەیەوە دووبەرەکی بخەنە ناو خەڵکەوە. بە مەسیحی بە موسوڵمان کردن لە ناو ئەو هێزە یەکگرتووانەی کە قۆناخێکیان لە شۆڕش لە میسر دا بەرەو پێش بردووە، دووبەرەکی درووست دەکەن. کایەکردن بە مەزهەب کایە کردنە بە ئاگر و بە زیانی خەڵک تەواو دەبێ و هەژاران و ئافرەتانیش قوربانییانی سەرەکی مەزهەبن.. من هیچ کارێکم بە لێکۆڵەرەوەکانی دەرەوی میسرەوە نییە. من لە میسر دا دەژیم و خۆم لە ناو جەرگەی ڕووداوەکاندام. خەڵکی ئێمە لە دەستی سادات و موبارەک زەربەیان خواردووە. نیوەی حەشیمەتی میسر لە ژێر هێڵی هەژاریدان. سادات و موبارەک دۆستی ئەمەریکا بوون. ئێستاش مەزهەب بووەتە چەکی دوولەتکردنی یەکڕیزی خەڵک. ئەم چەکە چەکێکە دژی فیمینیسم و سوسیالیزمیشە.


نەوال لە دووایین قسەکانی خۆیدا دەڵێ: "من ئیستا تەمەنم هەشتا ساڵە. لەوانەیە ئەمە دووایین جار بێت کە من ببینن. بەڵام لێم ببیسن و با لە بیرتان بێ کە ئێمە دەبێ پێوەندی نێوان کاپیتالیسم،ئیمپریالیسم و بونیادگەرایی مەزهەبی فەرامۆش نەکەین. "
___________________________________
سه‌رچاوه‌: راپۆرتی سایتی شەهرزاد نیوز لە بەلژیکەوە.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د خوسره‌وی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک