نێوەندى رۆشنبیرییمان
و ناپسپۆڕیی.
حەمەى ئەحمەد
ڕەسوڵ
لە حیکمەتى
کەللەسەردا گوێگرتن دووجارە و قسەکردن یەک جار./
فەیلەسوفێک
نێوەندى ڕۆشنبیریمان وەک ڕەوشى ژیانى کۆمەڵایەتیمان خاوەنى چەندین
دیاردەیە کە دەتوانین هەندێک جار ئەو دیاردانە بە پەتا یان نەخۆشى
بەربڵاو ناویان بهێنین، ناوبەناو وەک مۆدى سەردەم نووسینى کوردیى
دوچارى کۆوتنى یەک بابەتیانە، هاومیلۆدى دەبێتەوە کە وەک لێشاو دێت و
بێ لەسەر وەستانەوە و وردبوونەوە دەوەشێنرێن و نووسەران و خوێنەرانیش
بەتەرزى تووتییە قسەزانەکان بێوچان لەسەر زمان دەیانڵێنەوە. ئەو دۆخ و
کەشوهەوایە دەستەجەمعى دەخوڵقێت و چ تخووبێکى سروشتى بۆ نییە، لە
سنوورى تایبەتیدا ڕاناوەستێ و جێگەیەک بۆ هەڵهێنجان و بۆچوونى خودیى
ناهێڵێتەوە، واتە ڕاى جوداخواز دروست ناکات ئەوەندەى تانوپۆى نێوەندەکە
دەتەنێ و هەمووان وەک یەکتر ڕوانینى خۆیان پێشکەش دەکەن. هەڵبەتە ئەمەش
شتێکە دەتوانین بڵێین لە ئاگاییدا پرۆسە ناکرێت بەڵکو نائاگاییانە
گەڵاڵە بووە و لە دەرەوەى پێزانین و بیرکردنەوەکاندا ماوەتەوە.
چوونە ژێر خێوەت و سێبەرى ئەویتر کەسێتیى تاکى کوردى وەها گیرۆدە
کردووە تەنها بە شکاندنى توێکڵە ڕووپۆشەکان ناکرێت ئازادییان بۆ
بگەڕێندرێتەوە ئەوەندەى دەروونەکانى تەنیووە و کارکردن تیایدا هەروا
ئاسان نەبێت، یاخود گەڕان بەدواى هۆکارەکانیدا بۆ دوور پەلمان ڕابکێشێ
و کاتێکى شیاوى بوێت بۆ قسە لەسەرکردن.. ئەمەش بە دیاردە ناوزەد دەکرێت
نەک بۆچوونى گشتگیر کە هەمووان لەسەرى کۆک بن، چونکە پرسیارى
ڕۆشنبیریمان هەرگیز لە خەمێکى گشتگیرەوە نەهاتۆتە بوونەوە و بەڵکو
خاوەنى بەرنامەیەکى گشتگیری ڕۆشنبیریش نین لە ئێستادا، خوێندنەوەش
هەنوکە جۆرێک لە مۆدێلى پۆشیووە و پێدەچێت زۆرینە گۆشەنیگا و
ڕوانینەکانیان گردکردبێتەوە وەک تیشکى کۆکراوەى زەڕەبین لەسەر چەند
ڕووبەرێک کە نووسەرانى، بە هێزى ناوەکانیان خوێنەرانیان ڕاکێشابێت نەک
خودى تێکستەکان و ئاستى باڵاى دەقەکان ئیتر هەر چەشنە نووسینێک بن و
بوار و کایە هەمەجۆرەکان لەخۆبگرن، بەڵگەشمان بۆ ئەم وتەیە لابردنى
ناوى نووسەرەکانە ئینجا ئاوڕدانەوە بۆ تێکستە سەربەخۆکان، ناوى
نووسەرانى جیهانى هەر لەخۆوە نەگەیشتوونەتە هەموو پەڕێکى دونیا مەگەر
کۆشش و بەخششەکانیان هۆکار نەبن لەو پێناوەدا، بەڵام سەبارەت بە
نووسەرانى خۆماڵیى ناتوانین هەوڵ و کۆششەکان بە تەنها وەک هۆکارى
بنەڕەتى لێک بدەینەوە، ئەوەندەى ناوى نووسەر ڕووبەر و پانتاییەکانى
تەنیووە بەخشش و وەشاندن و داهێنان ڕۆڵى ئەوتۆى نەگێڕاوە، بێگومان
فاکتەرەکانى ئەمەش پەیوەستە بەو هۆکارانەوە کە دیدگاکانى لەسەر ناوەکان
چڕکردبێتەوە ئیتر بۆ هەر مەرامێک بووبن، پێدەچێت ناوى نووسەران لەسەر
کتێب و بەخششەکان بگۆڕین بە ناوى دیکە و نێوەندەکە هیچ ئاوڕیشى
لێنەدەنەوە، ئەمە بەشێکى بەپێى ئەزموونى خوێندنەوە ئاکامى دروست
نەکردووە بەڵکو ئەزموونى کڵێشەبەندیى و هاومۆدى ئەمەى خوڵقاندووە، خۆ
نووسەرانێک هەن لە ئاستێکى بەرز و باڵادا داهێنان دەکەن وەلێ
گۆشەنیگاکان هێشتان لەبەرامبەریاندا دەڕۆستى پەیبردن و ئاشنابوونیان
نەهاتوون، هێشتان نێوەندى ڕۆشنبیریى بە خوێنەرانیەوە وەئاگا
نەهاتوونەتەوە لە ئاستیاندا، واتە هەموو ئەو نووسەرانەى بەشى
فەرامۆشییان چنگ کەوتووە بۆخۆیان دروستکەرى ئەو ڕەوشەیان نین بە تەنها،
کردەى دەق و خوێنەر کردەیەکى سەربەخۆ نییە بەڵکو ئامادەگیى نووسەر ڕۆڵى
هەیە لەو کردەیەدا، هەندێک پێیان وایە نووسەرانى دیکەى خاوەن داهێنان و
دنیابینى خۆیان لە بوارى تەسویقدا دەست کورت و ناشارەزا بن هەربۆیە
نەیانتوانیووە وەک بوونى پێویست خۆیان بسەلمێنن و دیدگاکان بچننەوە، کە
ئەمەش لە ڕاستییەوە دوورە، چونکە هەموو نووسەرێک لە زەمەنى خۆیدا
خوازیارى ئەوەیە زۆرترین خوێنەران بەرهەمەکانى بخوێننەوە و بەڵکو
کارەکانیشى بۆ زمانە زیندووەکانیش وەربگێڕدرێن.
ئەوەى لەو پێناوەدا فاکتەر و هۆکارە گردبوونەوەى هەستە جەمعییەکەیە
لەسەر شتە دیار و زەقەکان بەچەشنى ژیانى ڕۆژانەمان وەک ئەوەى جیهان بە
تەنها لەو ڕووبەرانە پێکهاتبێت، لەنێو گەلى کورددا شتێک هەیە پێى دەڵێن
چاولێکەریى، زۆر جار بینینى ئەو دۆزە لە دیدى کەسانى تردا ئەو دیمەنەى
خوڵقاندووە کە ( بەفرەکە لەوێدا چووەتەوە) بەماناى شوێنێکى دیکە و
ڕووبەرێکى دیکە نەماوەتەوە هەربۆیە هەمووان لەوێ خڕبوونەتەوە یاخود
هەماهەنگن لەسەر شتە دیاریکراوەکان.. واتە بەپێوەرى زۆرینەى ئەودیو
ئاگایى دیدگاکان لەخۆوە دروست دەبن و هەر لەخۆشەوە دواییان پێدێت
ئەودەمەى وەئاگادێنەوە، ئەم لایەنە کۆمەڵایەتییە، ئەم ژیانە ڕۆتینییە
پانتاییەکانى ڕۆشنبیریشى داگیرکردووە و بەڵکو خوێندنەوە و نووسینیشى بە
ڕۆتین کردووە، فاکتەرێکى دیکە وەزارەتى پەیوەندیدار و هەموو ئەو دەزگا
ڕۆشنبیریانەیە کە خەمێکى گشتگیریى ڕۆشنبیرییان بە کۆڵەوە نەناوە، یان
میدیا و ڕاگەیاندنەکان کە ئەمەش بۆخۆى لایەنێکى ئەکتیڤە، وەلێ ئێستا
ئەوەى ڕاگەیاندن و میدیا کارى بۆ دەکات ئەندێشەى نووسەران نییە و هەموو
دەزگا ئەهلییەکانیش بۆخاترى قازانجى مادیى ڕیکلام بۆ پڕفرۆشییەکەى
خۆیان دەکەن و ئەوانیش لەنێو هەمان مۆدێلى دەستەجەمعیدا گیرۆدەى هەمان
پەتان بەوەى دواى دەنگۆکان کەوتبن. وەک ئەرکێکى نیشتمانیش حکومەت و
دەسەڵاتیش بەهەند دۆزەکەیان نەگرتووە تاوەکو بە پلان و بەرنامەى
نەتەوەیى جارێکى تر دیدگا و بینگەکان بەرەو ئەو ئاقارە بەرن کە
پەرەسەندنى فەرهەنگى نەتەوەیى لێدەکەوێتەوە. هەموو نەتەوەیەک شانازى بە
کەلتوور و بەخششەکانى خۆیانەوە دەکەن لە بوارى داهێناندا، پێدەچێت
نێوەندى ڕۆشنبیریى جێى شانازى نەتەوەیى نەبێت ئەوەندەى خەمى ڕۆشنبیران
خۆیانن لەو پێناوەدا هەوڵى ناچارانەى سست دەدەن و دەنگیان ناگاتە گوێى
نەتەوەکانى تر تا لە ڕێى وەرگێڕان و دیالۆگى هەمەچەشنەوە بەرنامەیەکى
گشتگیرى ڕۆشنبیریى دابمەزرێنن.
پڕفرۆشیى بەرهەم و کتێبەکان ئەگەر لە تایەکدا مایەى خۆشبەختى بن و
جۆرێک لە گردکردنەوەى دیدگاکانى ڕۆنابێت بۆ خوێندنەوەیەکى هەماهەنگ
دەرهەق بە بەخششەکان، ئەوا لە تاى دووەمدا پێدەچێت ئەو زۆرینە و
هەماهەنگییە، ئەو پڕفرۆشییە پێودانگ نەبێت بۆ پلەى شیاو و ئاستى باڵاى
کتێبەکان، هەرگیز داهێنان و ئاستى باڵا بەپێى فرۆشیى کتێبەکان ناپێورێت،
لەو ڕووەشەوە دەتوانین ئاماژە بە چەندین بڵاڤۆک و نامیلکە و
بەرهەمگەلێکى دیکە بکەین کە خوێنەرانى ئاسایى، خوێنەرانى سادە و
ڕاگوزەر لە کتێبخانەکاندا دەیانچننەوە و هەرگیز بە ئاستى ڕۆشنبیریش لێک
نادرێنەوە، مەبەست لێرەشدا هەموو ئەو کتێبۆکە و بڵاوکراوانەیە کە بە
میللى پەتى لە قەڵەم دەدرێن و وەک شیعرە مۆبایل و فەرهەنگى فێربوونى
زمانى سەفەرى کورت و....تاد، هەندێ جاریش بەپێى دەنگۆى نێوەندەکە لەسەر
چەند تێکستێک و ڕاوەستانەوەى زیاد لە پێویست وەها دەخوازێت خوێنەرانى
نائاگادارى دونیاى ڕۆشنبیرى و مەعریفە ڕووەو ئەو دەنگۆیانە پێ هەڵبگرن
وەک ڕاداشتن و گەیشتنەوە بە هەنگاوەکانى ژیانى هاودەم بۆخاترى
دوانەکەوتن و پێزانینیان لە هەمبەر دۆزەکە، کە ئەمەش چەشنێکى دیکەى ئەو
مۆدانەیە خوێنەرى کورد پێى ڕاهاتووە و ئەوەى نەهێنرێتە بەر باس لە جۆرى
تێکست و کتێبى بەنرخ و پڕ بەها، شیاوى ئاوڕدانەوە نین لەلایان ئەگەر
هەڵگرى ئەو وەڵامانەش بن کە پرسیارگەلێکى خۆیان تێر ئاو بکەن و ڕێگە
دووروکانیان بۆ نزیک بکەنەوە، پڕفرۆشیى کتێبەکانیش بەتەرزى خەڵاتە
جیهانییەکان چ شتێک نین ئەوەندەى کۆکردنەوە و چڕکردنەوەى دیدگاکان
لەسەر بەخششەکان و زیاتر ناساندنیان و پەلکێش کردنى خوێنەران ڕووەو
پانتاییان.
بەڵام لەو نێوەندە پەشێوەى ڕۆشنبیریماندا کە باش و خراپ تیایدا
ئاوێتەبوون و وەرگر و خوێنەران دواى ڕیکلامەکان دەکەون، بۆخۆیان
پاڵنەرەکان ناکەنەوە پێوانە و بەڵکو گەڕانێک نییە بۆ ئەندێشە و خولیا
تایبەتییەکان ئەوەندەى مۆدێلێکە کە دەنگەکانى دەرەوە و ئەویتر
کاریگەریى هەیە لە کێشکردنى بینگە و دیدگاکان تا تێکستەکان بخوێننەوە،
هەر لێرەشەوە، ئەو مۆدە پێ بەپێى هەنگاوەکان پێ هەڵدەگرێت بۆخاترى
جێنەمان و ئاگاداربوون لە شتگەلى دونیا، هەربۆیە وەختێک نووسەرێک
بانگەشەى شتێک بکات دەستبەجێ نووسەرانى دیکە و خوێنەرانیش هەمان بۆچوون
کۆپیدەکەنەوە بێ تاووتوێکردن و ڕەچاوکردنى لایەنەکان و هاوزمان
بۆچوونەکان دەسەپێننەوە. لەم بەدەرخستنەدا دەشێت دۆگمایەک دەستنیشان
بکەین کە لە بازنەکەیدا هەموو ئەو دەنگە کۆپیکراوانەى تێدا ببینینەوە.
دیاردەى زۆر وتن، لووت ژەنین لە هەموو شتێکەوە، خۆهەڵقورتاندن و
قسەکردن لەبارەى شتگەلێکەوە بووەتە میلۆدیى ڕادەربڕین و سەپاندنى ئەو
بۆچوونە بەسەر زۆرینەى نووسەراندا و بێ پۆلێن و گەڕان و پشکنینى
هۆکارەکان حوکم دەدەن و سنوورێک لەبەردەم ئازادى ڕادەربڕیندا دادەنێن،
ئەمڕۆ لە دونیادا شارەزایى و پسپۆڕیى سنوورەکانى بەرتەسک بوونەتەوە کە
کارکردنەکان پڕۆفیشناڵییە و نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب دەخەمڵێنن،
زانایەک ئەگەر پسپۆڕیى لە لەتێک سێودا هەبێت ئیدى بۆى نییە لەسەر
لەتەکەى دیکەى بێتە ئاخاوتن، ئەمە ڕێزگرتنە لە خود و لە زانستیش، وەلێ
ئەودەمەى کەسانێک خاوەنى جیهانبینییەکى بەرفراوان بن و ڕوانینى
هونەرمەندانەیان لەخۆدا هەڵگرتبێت تاڕادەیەک ئاساییە ڕا لەسەر زۆرینەى
شتەکان دەرببڕن، ئەگەر شارەزاییشیان لێوە چنگ کەوتبێت بێگومان باشترە و
سودێکى ئەوتۆشى هەیە.
شتێکى نەشیاوە نمونەى نووسەرانێک بکەینە یاسا و ڕێسا تاوەکو هەموو
نووسەرانیشى پێ مەحکوم بکەین، ئەمە زیاتر بەوەوە گرێدراوە کە وەرگرتنى
پۆستە ئیدارییەکان بەپێى شارەزایى نەبێت و کەسانى شیاو لە جێگەى شیاو
بوونیان نەبێت، ئەم دۆخە پەشێوە پەڕیووەتەوە بۆ ناو نێوەندى کەڵچەر و
فەرهەنگ و ئاسایى نەکەوتۆتەوە وەختێک شاعیرێک شرۆڤەى کۆمەڵگەکەى خۆى
بکات یان کۆمەڵناس و دەروونناسێک لەسەر پەیکەرتاشین وەستانەوەیان
هەبووبێت، ئەمە بۆ خۆى پەتایە و دیدگاکانى تەنیووەتەوە، پرسیار لەوێدا
بوونى نییە کە ئەو کەسێتییە دەشێت پلورالیزمى جیهان ببینێ و بەپێى
قۆناغەکان شارەزایى پەیدا کردبێت، ناسنامە لەوێدا هێندە گرنگ نییە کە
ئەو کەسێتییە بە ڕۆماننووس یان فۆتۆگرافیست ناسرابێت هێندەى چۆنێتى
وەشاندن و شرۆڤە زانستى و ئەکادیمیەکەى بۆخۆى سەنگى مەحەکە و ئاساییە
لەبارەى کایە و بوارە جیاجیاکانەوە بێتە ئاخاوتن، هەڵبەتە لایەنى
تەندروست ئەوەیە لە بوارێکى تایبەتمەنددا بەخششەکانى پێشکەش بکات نەک
فرەلایەنى و پەلهاویشتنى هەمەلایەنە، بەڵام ئەگەر ئەوەشى پەیڕەو کرد
وەک وتمان بەپێى لێکدانەوە و ڕانان و بۆچوونەکانى دەتوانین ڕاڤەى بکەین
و پێشوەختە بڕیارى سەرپێیى نادەین و بە شێوە ڕێژەییەکەى لەو گشتەى جیا
دەکەینەوە تاوەکو نەکەوینە هەڵەوە.
ئەم پلورالزمییە لە فرە وتن و فرە ڕوانینانە ئەگەر لە سەرێکەوە
دەستکەوتى هەوڵ و ماندووبوونى خودیى بێت، دەستکەوتى ئەزموونى تایبەتى،
ئەوا لەسەرێکى دیکەوە ئامادەگیى ئەو چەشنە دیدگایە هۆکارى پەوەردە و
خوێندنمانە کە وەک پاشخانێکى پەروەردەیى لە پشتیەوە ڕادەوەستنەوە،
چونکە لە قۆناغەکانى خوێندنى ئێمەدا هەر لە منداڵییەوە سەپێنراوە
بەسەرماندا کە زۆرینەى وانە جیاجیاکان بخوێنین تاوەکو شارەزایى
هەمەلایەنە دەستگیر بکەین، کەواتە لە ئێستادا شیاوە لەسەر جوگرافیا و
ئەندازە و وێنەش بێینە ئاخاوتن، بۆمان هەیە قسە دەربارەى ئەدەب و
بایۆلۆژیاش بکەین، بەڵام قسە ئەوەیە کە هاتینە ئاخاوتن چۆن دەڵێین، کە
وتیشمان چەندە زانستییانە ڕا دەردبڕین و ڕێز لە وتنەکانمان دەگرین و چ
شتێکى نوێ ئیزافە دەکەین.
لایەنێکى دیکەى ئەو پلورالیزمییەى نووسەران و تەنانەت خوێنەرانیش بۆ
مێژووى ڕەوشێکى سیاسى نالەبار دەگەڕێتەوە کە میللەتى کورد هەمیشە لە
بەرامبەر دوژمنەکانیدا ویستوویەتى خوێندەوار و ڕۆشنبیر بێ و بە چەکى
زانین و زانستەوە بەرگرى لە خۆى کردووە، ئەگەر داگیرکەران نەیانهێشتبێت
چاوکراوە و لێزان بن و لە چەواشەکاریدا، لە تاریکیدا قەتیسیان کردبن،
ئەوا لە بەرامبەریشدا ئەم کۆمەڵگەیە هەردەم بە ڕۆشنبیریى خۆى پڕ چەک
کردووە، هەموو شتێکى خوێندۆتەوە و ویستوویەتى زانیارى گەلێکى ئەوتۆى
دەستگیر ببێت، هەربۆیە ڕۆشنبیرى کورد دەتوانین بە ڕۆشنبیرێکى مەوسوعى
پێناسى بکەین، لێرەشەوە بۆ مەرامێک پرۆسەى خوێندنەوەى بەردەوام کردووە
و سەیریش نییە فەلسەفەى بۆ سیاسەتیش خوێندبێتەوە، لەبەرئەوەى لە
بارودۆخێکى سیاسى زیاتر چ شتێکى دیکەى نەبینیووە، لەو قۆناغانەدا ئەگەر
کەسێک کتێبێکى نوێى نەخوێندایەتەوە هەمیشە هەستى دەکرد بەجێماوە و
شتێکى گەورەى لەکیس چووە، دەیەى حەفتاکان و هەشتاکانى سەدەى ڕابردوو
ئەوە وێنەکەى بوو.
هەموو شت خوێندنەوە و هەموو شت زان نەک لە کەسێتیماندا ڕەنگیداوەتەوە،
بەڵکو بەرهەم و داهێنانەکانیشى تەنیووین و جێى ڕەخنە و بەدواداچوونن.
پێکداچوونى شێوازى نووسینیش بەرێکى بۆ ئەو فاکتەرانە دەگەڕێتەوە کە
هەنوکە دەتوانین پێکداچوونى ژانرەکان لەیەکدا ببینینەوە، لێرەشدا
مەبەست ئەوە نییە کە کاریگەریى ژانرەکان لەسەر یەکتر دەستنیشان بکەین
ئەوەندەى شیعر ڕەگەزەکانى ڕۆمان و ڕۆمانیش بە زمانە شیعرییەکان، بە
ڕەگەزەکانى شیعر وێناى جیهانەکەى دەکات نەک گێڕانەوەى داستانى بگرێتە
بەر.. ئێمە لەیەک کاتدا هەموو شتێکین، تۆمەتى ( نەزانین ) گەورەترین
عەیبەیە لەلامان و هەموو خۆمان بە زانا و دانا دێتە پێش چاو، لەکاتێکدا
هیچ کەسێک لە ئێمە مەحکوم نییە بەوەى هەموو شتێک بزانێت، وەرگرتنى ڕاى
تاکەکانى کۆمەڵگە لەسەر هەر شتێکى دیاریکراو بۆخۆى ڕێخۆشکەر بووە لەو
پێناوەدا، واتە پرسیارگەلێک ئاراستەى کەسە شیاوەکان نەکراوە بۆ
وەرگرتنەوەى وەڵام بەڵکو هەمووان لەو کردەیەدا بەشدارییان پێکراوە..
هەربۆیە ئێستاش کەسێک دەربارەى شتێک چ زانیارییەکى نەبێت هەموو دەمەکان
ئاراستەى دەکرێنەوە و تۆمەتبارى دەکەن بە هیچ نەزان و ساویلکە و چى و
چى.
ئێمە لە ژیانیشدا وەک بوونەوەرێک ئارەزوو دەکەین وەک فارس و
فەڕەنسییەکان گۆرانى بڵێین و وەک تورک بپۆشین و وەک ئیتاڵى بخۆین و
هەروەک دانیمارکى خۆشەویستى بکەین و وەک ژاپۆنى دابهێنین و وەک ئەمریکى
بەشەڕ بێین، بەڵام نامانەوێت کورد بین و خۆشمان قەرزاربار دەکەینەوە بە
هەموو شتێک، کە خاوەنى خودى خۆمان نەبین و ئەو خەسڵەتانە لە یەکتردا
ببینینەوە سەرکۆنەى یەکترى پێدەکەین، لەم ڕایانەشدا هەمیشە گشتگیر
دەدوێین و لایەنى تایبەتى و تایبەتمەند ناهێڵینەوە، هۆکارى ئەمەش
نەخوێندنەوەیە بەماناى تەواوى خوێندنەوە.
کتێبەکان و بەخششەکان لاى خوێنەران بوونەتە مۆدێلى خوێندنەوە، هەندێک
کتێبیش کە زیاد لە هەموو بەرهەمەکانى دیکەى نووسەران جێى بایەخى
زۆرینەن و پڕفرۆشییەکى بێشوماریان هەیە بۆ نمونە کارەکانى ( پاولۆ
کۆیلۆ) لەبەرئەوە نین خۆراکى زۆرینە مسۆگەر دەکەن ئەوەندەى بوونەتە
مۆدێکى ڕۆژگار، ئەوەندەى خوێنەرانێک ئەو دیاردەیە دەنێنەوە کە تەمەڵن و
خواستیانە لەو کتێبگەلەدا پڕ بە هەموو شتەکانى دونیادا بکەن وەک ئەوەى
ئیتر گەیشتبن بە دەنگى سەردەم.. ئەو جۆرە خوێنەرانە لەو تەمەڵانە دەچن
کە تەمایانە دەستگیرکردنى هەموو دونیا تەنها لە دوگمەیەکەوە بهێنرێنە
بوون، هەر لەو تێڕوانینەشەوەیە نووسەرانێک دەکەنە کاریزما و تەوتەمى
بێهاوتا و بە قبوڵبوون و میهرەبانى ئەوان هەست بە بوونى خۆیان دەکەن،
لەو جۆرى خوێنەرانەى هەر زوو دەبنە تەوتەم پەرست و پاشکۆ هەموو ئەو
خوێنەرانەن کە ئەزموونى خوێندنەوەیان کورتە و شارەزاییان چنگ نەکەوتووە،
زمانى دیکە نازانن و بە بەرهەمى جیهانى ئاشنا نین، بەڵکو ڕێزمانى
خۆشیان تەواو نازانن لە بنەڕەتدا، بەوپێیەش خۆیان تەسلیم بە بۆچوونى
نووسەرى کتێبەکان دەکەنەوە و هەڵگرى هەمان وەشاندنیان دەبن، لەکاتێکدا
ئەرکى خوێنەرانى جدى هەڵکۆڵین و پێزانینى ئەو شتانەیە، وەڵام
دەستگیرکردنى ئەو پسیارانەیە کە بەدوایاندا وێڵن و چەندیش دەخوێننەوە
پرسیارى دیکەیان لا دروست دەبێ و وەک ڕێژەیەکى کەم ناکەونە بەر لێشاوى
بۆچونەکانى ئەویتر و ڕۆژ بەڕۆژ هەیکەلەکەى خۆیان بونیاد دەنێن و
لەپێناوى ڕۆشنبیریدا خودێک لە خۆیاندا دروست دەکەن کە بەماناى
تەواویەوە پێى بوترێت ئینسان. ئەو ئینسانەى لێزیادکردن دەخاتە سەر
خەرمانە ڕۆشنبیرییەکەى و دەشزانێت بەدواى چ شتێکدا وێڵە و جۆرێک لە
تینوێتییەکانى دەشکێنێ.
لە ئێستادا بۆ خۆمان سنوورەکانى مەعریفە و پلورالیزمى بەرتەسک
دەکەینەوە.. پێودانگى نازانستى دەکەینەوە پێوەرى شتەکان، پێمان باش
نییە کەسێک چەندین فرە ڕوانین و فرە بەرهەم و فرە وەشاندن بهێنێتە
ئاراوە، هەر ئەزموونى تایبەتیشە کەسێتیى ڕووە و پلورالیزمى و فرە
ڕەهەند پەلکێش دەکات و ئەمڕۆ وەک چۆن ژانرەکان و کاریگەرییان بۆ سەر
یەکتر یەکانگیرە و هەم ئاوێتە، ئاوەهاش کەسێتیى بارگاوییە بە
هەمەلایەنەى ژیانى ماتریال و لەو نێوەندەدا گۆشەگیر نەماوەتەوە،
وەرگرتنى زانیارییەکان بۆ نەتەوەیەکى وەک ئێمە کە بە دواکەوتوو ناوزەد
دەکرێین هەر زۆر پێویستە، ئەم ویستەشە دیسانەوە لەسەر کەسێتیى ئێمە
هەمەلایەنە، فرە ڕەهەند کارى کردووە و وەچە لەدواى وەچە خوازیارى
ئەوەین سەر لە هەموو شتێک دەربکەین و ئەلفوبێ و کۆدى هەموو شتەکان
لامان کەشف ببن، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت پسپۆڕیى و شارەزایى بوونى
نەمابێت، بەڵکو هەر بەپێى ئەو دەستکەوتە تایبەتیانەشە دیسانەوە دەکرێت
ڕاو بۆچوونى جیاواز دەربارەى شتەکان بێنە کایەوە، کەسێک لە بوارى
بایۆلۆژیدا گەیشتبێتە بەهایەکى زانستى، دەشێت لە هەمبەر پرسیارگەلى
فیزیادا وەڵامدەرەوەیەکى قایلکەریش بێت کە ئەمەیان زانایەکى لوبنانییە
و پاش چوونى بۆ ئەمریکا کە خوازیاربووە زانستى فیزیک بخوێنێت، بەڵام
بایۆلۆژیا تەواو دەکا و دواتر بانگەشەى ئەوە دەکات کە ئەوەى بەدوایدا
وێڵ بووە لە کایەیەکى دیکەدا دەستگیرى کردۆتەوە.
وەک وتمان پاشخانى مێژوویى و کۆمەڵایەتیمان فرەوتنیان تۆمار کردووە،
هەموو شت زانێکیان دروستکردووە، بەڵام ترس لەو زانینانەش، لەو
دەربڕینانەش واى کردووە کایە جۆربەجۆرەکان بەسەر خۆیاندا دابخرێن و
ئاسۆکانیان تەنگ ببنەوە، بە تەنها شارەزایى لە بوارێکى دیاریکراودا
نامانگەیەنێتە ئەوەى جیهانەکانى ناوەوە و دەرەوەى خۆمانى پێ بخوێنینەوە،
نامانگەیەنێتە داهێنان و قووڵبوونەوە لە دونیا و خۆراکى تەواوى ژانر و
بوارە تایبەتییەکان، ڕۆشنبیریش بە پێودانگ و لە بازنەدان ناپێورێت و
پێویستە پێناسێکى نوێ و سیمایەکى دیکەى بۆ بدۆزینەوە تاوەکو لەبەردەم
قەیران و تەنگژە خولخواردووەکاندا دەربازى بکەین.
ئەرنستۆ ساباتۆى ڕۆماننووسى ئەرژەنتینى لەو دۆزە پێکداچووەدا (
هونەرمەند) بە پەسەندتر دادەنێت نەک چەمکى ( ڕۆشنبیر).. ئەو پێى وایە
بەتەنها ناسنامەى ڕۆشنبیریى ئەوە ناگەیەنێت لە جوغزێکدا ئەو بوونەوەرەى
پێ دەستنیشان بکەین ئەوەندەى ڕووەو ئاسۆ فراوانەکان دیدگامان
بگوێزێتەوە.. دەشێت بە هەموو ئەو کەسانە بڵێین ڕۆشنبیر کە هیچ
ڕۆشناییەکى پۆزەتیڤانەیان بۆ ژیانیش هەڵنەگرتووە، ڕەنگە فیگەرێکى
ناوزەدکراو بە ڕۆشنبیر لەبنەڕەتدا بەدبین و پووچگەراو هیچگەرابێت
ڕوانینى بۆ ژیان و بوون بەپێى ئەو فەلسەفەیەى وابەستەى بووە.. یاخود
هەموو شتەکانیش بە ناماقوڵ ببینێ و بێهودە بێت لەلاى سەرجەم جووڵەو
ڕەفتارەکان، تێکڕا خەسڵەت و فۆرم و ناوەرۆکەکان ڕەش ببینێ لە
پانتاییەکى ڕەشى بیروبۆچوونیدا، ڕەنگە لایەنێک لە تێڕوانینى ڕۆشنبیرانە
هەڵگرى هەموو ئەم شتانە بێت و چ کونج و گۆشەیەکیش نەمێنێتەوە بۆ
بینینێکى ڕۆشن. لەم بەشدارییەدا دەشێت شتێک لە (ساباتۆ) نزیک ببینەوەو
هاودەنگ بین لەگەڵیدا وەختێک فەیلەسوف و سینەماکارو نیگارکێش و
ڕۆماننووسیش دیسانەوە هەموویان بە هونەرمەند لەقەڵەم بدەین. دیدى
ساباتۆ بۆ هونەرمەند پێدەچێت سکێچێک بێت بۆ هەموو ئەو فۆرمانە، باخود
هونەرمەند باڵاتر بێت لە تێکڕا ئەو نازناوو ناسنامانە کە کەسێتى
داهێنەریان لەخۆدا هەڵگرتبێت، یان ئەو مرۆڤە باڵایەى لاى نیچە بە
سوپەرمان ناوى هاتووە دیسانەوە دەشێت شتێک لە هونەرمەندەکەى ساباتۆ
بپێکێتەوە. کەواتە هەریەک لەو داهێنەرانە شتێک لە ڕوانینى
هونەرمەندانەیان لە ناخدایە، بەڵکو هەموو ئەو کەسانەش کە داهێنەر نین و
خوێنەرو بینەرو خاوەن دنیابینییش بن بەپێى ئەزموونیان ڕەنگە جۆرێک
خاوەنى ئەو ڕوانینە بن.. تاوەکو ئێستا، لە ڕەوتى ئەدەبى و هونەریى
ئێمەدا شتەکان وا جیاکراونەتەوە کە دەستەبژێرو پسپۆڕو شارەزایانى
بوارێک لە بوارەکان بەتەنها دەتوانن لەو بوارانەدا کاربکەن و قسەبکەن
کە ئەزموونیان بینیووە لە بوارە تایبەتمەندەکەیانداو بەڕەواى نابینن
پسپۆڕێکى دیکە لە بوارێکى تردا شتێک لە جیهانەکەى ئەمان بڵێت و
بەبێسەوادو ناشارەزا لەقەڵەمى دەدەن، واتە بەڕەوا نەبینراوە شانۆکارێک
دیدو بۆچوونى خۆى لەسەر تابلۆیەک دەرببڕێ و وتراوە (نان بۆ نانەواو
گۆشت بۆ قەساب).. یاخود نیگارکێشێک لەسەر نەشازى موزیک بدوێ و گرتەو
دەرهێنانى فیلمێک پوچ بکاتەوەو تەنها پسپۆڕانى ئەو بوارانە بتوانن
ڕەخنە بگرن و وەشاندن و بۆچوون بهێننە کایەوە. قسەکردن دەربارەى هونەر،
ئاخاوتنى هونەرمەندان نییە بەتەنها، لەبەر هۆیەکى زۆر سادە، ئەویش
ئەوەیە موڵکى گشتە، هونەر بۆ هەمووانەو تەنها بۆ دەستەبژێرێک نییە،
ئەگەر وابێت، ئەو هونەرە لە بازنەیەکى قەتیسدایەو دەلاقەو دەرگاکانى
بەسەر خۆیدا داخراون، ئەو دەمەى نمایشێک سازدەدرێت، جگە لە
بەشداربووانى هونەریى ئەو نمایشە هەڵبەتە هونەردۆستانێکى دیکەش بینەرو
بیسەرى ئەو نمایشەن، ڕەنگە ئاسنگەرێکیش لەپاڵ سەپانێکدا ئامادەبن و
بۆچوونى خۆیان هەبێت سەبارەت بەو نمایشە، هەر کاتێکیش یەکێک لەو
کەسایەتییانە بیانەوێت شتێک بڵێن، دیسانەوە لاى ئێمە بە (حوکم)ێکى
کوێرانە لێکدەدرێتەوە، لەکاتێکدا دەشێت هەر ئەو ئاسنگەرە ئەزموونێکى
بەربڵاوى هەبێت لە بینینى تابلۆکانداو ئاساییە ڕوانینى خۆى هەبێت و
ئاراستەیەکى دیکە لە نمایشەکە بەیان بکاتەوە.
وتن و وەشاندن و ڕوانین، بۆ هەموو کەسێک ڕەوایە، بەتایبەتیش بۆ هەموو
ئەوانەى شارەزاییەکى باشیان هەیە لەو بوارەدا کە بیانەوێت قسەى لەسەر
بکەن. هەرگیز نەبووە مرۆڤ وەها دابماڵرێت کە بە تەنها پسپۆڕى بوارێکەو
سەرجەم هەست و لێکدانەوەکانى بئاخنرێنەوە ناو بوارە تایبەتەکەى، چونکە
کەسى پسپۆڕ دەشێت خاوەن مەعریفەیەکى بەربڵاو بێ و بەپێى ئەزموونى
کەسێتیى خۆى (هونەرمەند)ى لەخۆدا خوڵقاندبێت.. شاعیرێک کە بە شاعیر
ناوى دەهێنرێت و بە عارف و سۆفى لەقەڵەم بدرێت بەپێى کارکردن و
بەرنامەى، کێ دەزانێت فیلمسازێکى زۆر باشیشى لەخۆیدا هەڵنەگرتبێت؟! بۆ
ناکرێت لەسەر فیلم نەدوێ و دەستبەجێ وتەکەى و بینینەکەى بە حوکم
لەقەڵەم بدەین! بۆچوون و دەربڕین و دنیابینى تایبەتى هەرگیز حوکمدان
نییە دەرهەق بە بەخشش و داهێنانێک، ئەوەندەى کردنەوەى ڕەهەندى دیکەیەو
ئاسۆ فراوانى لێدەکەوێتەوە. لە یەکێک لە کەناڵەکانەوە، تابلۆى (گراندجات)ى
جۆرج سورام بینى و هونەردۆستانێکى ئەوتۆ لەبارەیەوە قسەیان کرد،
هونەردۆستان بەتەنها عاشقانى جیهانى شێوەکاریى نەبوون، بەڵکو مامۆستاو
گەردوونناس و دەروونناس و خاوەن کۆمپانیاى ئوتمبێل و بازرگانانى توتن و
بەڵکو تووتیش بوون، هەموو شتێکى تایبەتییان وەشاندو کارەکەیان
دەوڵەمەندتر کرد، ڕەنگە نوژدارى بوارى هەناو زیاتر لە بۆچوونەکەى (هربرت
ڕید) نزیک بووبێتەوە کە ئەگەر سورا زیاتر بژیایە ئەوا سیزان و پیکاسۆو
هەموو هاودەمەکانى خۆى تێپەڕاندایە، کێ چووانێت بۆچوونەکەى (ڕید)یش
شتێکى لە ڕاستى تێدایە؟! هونەر بۆ هەمووانە، هەر بەتەنها شاعیر پەى بە
موزیک نابات، دەشێت گەردوونناسێک باشتر لە جیهانى موزیک قاڵ بووبێت،
ڕەنگە نیگارکێش بە پرسیارەکەى خۆى لەمەڕ شێوەو ڕووبەر سەرجەم
بۆچوونەکەى (ئەنیشتاین) پوچ بکاتەوە وەختێک گەردوون بەو شێوەیەى خۆى
وەسف دەکات. شتێکى نەشیاوە لە گوتنەکان بسڵەمینەوە، پێویستە بڵێین،
بڵێین و هیچ لەو وتنانەش بە حوکم لێک نەدەینەوە، بەڵام کە وتمان
پێویستە هونەرمەندانە بڵێین، کە بینیشمان، هونەرمەندانە ببینین..
دنیابینى هەر ئەوە نییە کەسێک بەشێوەیەک لە شێوەکان دنیا ببینێ، بەڵکو
دنیابینى ئاوێتەبوونى بینینەکانە، نیگارکێشێک خاوەنى دنیابینییەکە،
بینەرێکیش هەروا، بەڵام دنیابینى ئەوەیە بینەرو هونەرمەند هاوبینین بن
لەو بینینەدا، واتە ڕوانینى هونەرمەندانەیان یەکانگیربێتەوە لەو
زمانەدا کە دەتوانن پێى بدوێن ئەگەرچیش جیاوازى لەنێوانیاندا زۆر بێت،
نمونەى ئەمە لە شیعرى (جوانى بێ ناو)دا (گۆران)ى شاعیر باسى دەکات،
بەوەى دەڵێت زۆرجار لەناو خەڵکدا کەسێکى ڕەشۆکى سەرنجێکى زۆر باشترت
دەداتێ وەک لە ڕۆشنبیرو خوێندەوارێک. کەسێتیى پسپۆڕ لە یەکێک لە
بوارەکاندا، بێ ژیان و جووڵەو خۆماندوکردن، دەشێت پسپۆڕێک بێت بێ ژیان،
هەمووان شتەکان لە دنیادا دەچنینەوە، هەریەکەشمان بەپێى چنینەوەى خۆى
شتێک لە بوون پێدەزانێ و ڕووبەڕووى دنیاى دەکاتەوە، ئەگەر بڕیارە
تابلۆکانمان بۆ شێوەکاران نمایش بکەین، چونکە لە زمانمان تێدەگەن، با
ڕێگە نەدەین شاعیرو نووسەرێک کارەکانمان ببینن، با ڕێگە نەدەین جگە لە
شاعیران شیعرەکانمان بخوێننەوە کەسانى دى.. وا تێدەگەم هەموو ئەم دیدو
بۆچوونانە لە (بیرکردنەوەى سەقەت)ەوە سەرچاوە دەگرن کە برادەرانى
ڕەهەند هەمیشە دەیڵێنەوە، لەکاتێکدا چ شتێک نییە لە دنیادا پێى بوترێت
بیرکردنەوەى سەقەت، چونکە هەر شتێک بە کردەى بیرکردنەوەدا ڕەتببێت
سەقەت نییە، هەموو ئەو شتانە سەقەتن کە بە بیرکردنەوەدا تێناپەڕن،
لەودیو لێکدانەوەکانەوە گوزەر دەکەن و دەڕژێنە نێو مەرام و غەریزەو
بەرژەوەندییەکانەوە، بەڵکو مەیلى ڕاگوزەرەوە کە هەستە بەراییەکان
بەڕێوەیان دەبەن.
پاش ئەوەى شتێکمان لەو لایەنە خستە پێش چاو کە فرە وتن لە شتگەلێک
بووەتە مایەى پەشێوى، ترسى وتن و وەشاندنى لێکەوتۆتەوە و زۆرینە بێ
خواستى خۆیان لەسەر شتە باوەکان وەستاونەتەوە و بوونەتەوە جۆرێک لە
کۆپیکراوى یەکدى، هەر لە سۆنگەى ئەو مۆدەیەشەوە خوێنەران دەبنە کۆیلەى
بەرهەمەکان و لە خۆیان ڕانابینن ڕەخنەیان ئاراستە بکەن، بەچەشنى
ئایینەکان دەبنە مورید و پەیوەندییەکى ڕۆحى توندوتۆڵ لەگەڵ تێکستەکاندا
دەسازێنن تا ڕادەى پەرستن وەک ئەوەى ئیتر لەوێدا جیهان ڕابووەستێ و لە
دەرەوەى ئەو دەقانەش دەقگەلى دیکە شیاوى پیرۆزکردن نەبن، ئەمە لە خۆیدا
داخرانێکى ترە بەسەر جیهانە داخراوەکاندا ئەوەندەى کرانەوەى ئاسۆکان،
بەخشینى هەموو وزە تایبەتییەکانى خودە وەک قوربانیى بۆ ئەو نووسراوە
خوێنراوانەى هەمووان لە خوێندنەوەیاندا بەشدارن.. واتە بەشداریکردنى
خوێنەر ئەو بەشدارییە ڕۆژانەیەیە کە دەستەجەمعى لە پێش چاوى یەکتردا
پرۆسەى دەکەن نەک خوێندنەوە تایبەتییە خودییەکان. هەر لێرەشەوەیە کە
ئەگەر ئەو نووسەرە هەڵبژێردراوانەیان باسى ئاسن بکەن گوێى لێدەگرن و لە
باسکردنى ماسیشدا دیسانەوە گوێقوڵاخیان دەبنەوە و بۆ ئەوان بە ڕەواى
دەبینن قسە لە هەموو شتێک بکەن و دەربارەى شتگەلێک بدوێن، لێ کەسانى
دیکە هەمیشە تۆمەتبار دەکرێن ئەگەر لەسەر لایەنێکیش ڕابووەستنەوە. ئەمە
دۆخى ئێستاى ڕۆشنبیریى کوردییە بە شێوە بەرچاوەکەى نەک هەموو ئاستى
ڕووناکبیران و ڕۆشنبیران کە لەبەر چاودا نین و بە هێمنى سەرقاڵى کارى
خۆیانن، بەڵکو گوێ نادەنە ئەو دیاردە ناوازانەش کە وەختە ڕووبەرى
ڕۆشنبیریمان بتەنێ کە ئەمەش شتێکى باش نییە و وا دەخوازێت لە هەمبەریدا
ئامادەگییان هەبێت.
|