٢٢\١١\٢٠١٧
نەوەی ئایندە و
هەڵە سیاسییەکان.
ئارام ئازاد
کە دەربارەی دەسەڵاتی ڕەها دەخوێنینەوە ڕەنگە پێمان وابێ شوناسی ئەو
دەسەڵاتە لە هەموو وڵاتێکی دنیا وەک یەک بێ و پێناسێکی گشتی هەبێ بۆ
دەربڕینی ، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا ئەم دەسەڵاتە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی
تر جیاوازە ئەوەش بە جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفی و توانای
دەسەڵاتدار بۆ بەڕێوەبردن ، دەسەڵات ڕای میللەت دروست دەکا بە باش و بە
خراپ ، باش و خراپیش وەک دوو پەیکەری پەرستن وان ئەوەی باش تا ماوەیەکی
درێژ لە بیر و هزران دەمێنێتەوە و ئەوەی خراپیش بە شکاندن و مەرگی ئەو
پەیکەرە بە کۆتا دێ .
جۆرج ئۆرویل لە پەرتووکی ۱۹۸٤دا جوانترین وێنای دەسەڵاتداری و سیستەمی
بەڕێوەبردنی کردوە، کاتێک کە کۆمەڵێک کەس دەست دەکەن بە دروستکردنی
وڵاتێک لەسەر خاکی بەریتانیا، دەسەڵاتی ئەم وڵاتە نوێیە ژیانێک بۆ
خەڵکەکە دروست دەکەن بە فروفێڵ و درۆ، لە هەموو شوێنێک تی ڤی گەورە
دادەنێن بۆ ئاراستەکردنی خەڵک ، ئەوەی ئەم ئاراستەیەش بەڕێوە دەبا دوو
پارتن یەکیان پارتی (ناوەخۆ) و ئەوەی تریان پارتی (دەرەوە) و لەسەروی
هەموشیانەوە (برای گەورە)یەک هەیە کە ئاراستەی دوو پارتەکە و گشت دەکا،
وەزارەتی راستی کاری تەنها بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاستە، وەزارەتی
ئاشتی گرنگی تەنها بە شەڕ دەدا و وەزارەتی خۆشەویستی تەنها کار لەسەر
ئازاردانی ناخ و دەرون و مێشکی خەڵک دەکا. لە مەودای ئەم پەرتووکەوە
دەتوانین وێنای بارودۆخی کوردستان بکەین کە چۆن بەڕێوەدەبردرێین
لەلایەن پارتی ناوەخۆ و دەرەوە و چۆن تی ڤی یەکان کاتێک هەواڵێک دەخەنە
بەر گوێمان بە ئۆکەی یەکی باوەڕ بەخۆهێنەر وەڵامیان دەدەینەوە و
هەواڵەکەیان لێوەردەگرین و چۆن وەزارەتەکان درۆ و شەڕمان توش دەکەن و
خەڵکێکی هەژار دەبێ باجەکەی بدا، هەرچی وشەی خۆشەویستیە بوونی نەماوە و
لە شوێنی ئەو سیاسەتی چەوت و بێ دەنگ کردن بە کوشتن لە هەمبەری هەیە.
ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆی کوردستان بەڕێوە دەبا
شکستی خۆی ڕاگەیاندووە ، نزیک ٢٠ مليار دۆلاری قەرز بۆ نەوەی دوای
خۆیان لە دەسەڵات وەک میرات دەهێڵنەوە ، نیوەی خاکی لەدەست دراو و نیوە
لە ئەگەری هەموو خولەکێک حازری شەڕ بە دەهێڵنەوە ، لە هەمویشی گرنگتر
کۆمەڵێکی گەنج کە مێشکیان جگە لە چەک قسەی تر وەرناگرێ دەهێڵنەوە ،
لەنێو ئەم هەموو گێژاوە سیاسی و ئابوری و فیکریە نوقتەیەک لە هیواش
نابینرێ لەم هەموو ڕەشبینی و تاریکیە بۆ نەوەی ئایندە لە حوکمڕانی
کوردستان چونکە هەڵە سیاسیەکان هێندە زەق و ئابوریەکان هێندە بێ ئومێدی
و فیکری گەنج هێندە شەرمهێنەرە کە نازانی کام ڕێگایە بەرەو ئاسۆیە ،
وەک دکتۆر ئەحمەد زوەیل ڕوو دەکاتە کۆمەڵانی خەڵکی عەرەب بە تایبەتی
گەنج و لەدژی دەسەڵاتدارانی عەرەب پێیان دەڵێ (ڕۆژئاوا زیرەک نین ،
ئێمە گێلین ، ئەوان تەنها دێن پشتگیری دەسەڵاتی شکست خواردوو دەکەن تا
سەرکەوێ ، ئێمەیش دژایەتی سەرکەوتوو دەکەین تا بکەوێ).
لە کۆتایی دا پێویستە ئاماژە بەو بدەم کە
چەمکی شکستم هێنا پێویست بوو ببێ بە جۆرێکی فەلسەفە و فەلسەفەزانان
لێکدانەوەیەکی باشیان بۆ کردبا بۆ ئەوەی دەسەڵات هەرگیز پێی شەرم
نەبوایە بڵێ شکستم هێنا.
aram.galaly95@gmail.com
|