په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠١٩

  نەوەی پایز.

ستار ئه‌حمه‌د

زستان په‌رچه‌می پایز ته‌ڕ ده‌كا
له‌ نیگای خۆڵی شه‌وا ده‌یدوێنێ
مانگ وه‌ك چاوانی برۆی زه‌رد ده‌كا
له ‌بسكی هه‌ورا سه‌ری ده‌ردێنێ
   *    *    *
خۆر كه ئاوا بێت وه‌ك زامی پایز
ده‌لاقه‌ی شوێن پێت له‌دووی نه‌خش ده‌كا
هه‌ور به‌ سورمه‌ی تاریكی شه‌وان
تارمایی باڵات وه‌ك شه‌و ره‌ش ده‌كا
   *    *    *
چه‌نده‌ تامه‌زرۆی پایزێك ئاڵم
رووی زه‌ردی هه‌تاو بدره‌وشێته‌وه‌
جیلوه‌ی كانیه‌ك ناخت پاراوكا
دورگه‌ی ده‌روونم بگه‌شێته‌وه‌
   *    *    *
بیرته‌ پایزێك له‌سه‌ر گه‌ڵایه‌ك
تریفه‌ی نیگای چاوانتم كێشا
بووه‌ ناسنامه‌ی ڕازێكی شه‌و رۆم
له ‌تیشكی گزنگ جوانتر دره‌وشا
   *    *    *
خۆ من ده‌مزانی بارخانه‌ی پایز
له ‌كۆچ و باری رۆژئاوا ده‌چێ
به‌ڵام هه‌تاكه‌ی چوار وه‌رزی ساڵم
كۆرپه‌ی خاكه‌كه‌م به‌ خوێن هه‌ڵقرچێ
   *    *    *
ساڵ پایزێكه ‌و چوارمێخه‌ی رۆژه‌
خۆری ئاوابوون ئاورنگی بایه‌
كۆرپه‌له‌ی هه‌ستم زمانی پژا
كه‌وته‌ دوای پایز به ‌دایه‌ دایه‌
   *    *    *
نه‌وه‌ی پایزم... رووت رووتم وه‌ك ئه‌و
شیعر نابێته‌ كاڵا و سه‌رینم
له‌ كوێ لووتكه‌یه‌ك سنگیم بۆ وازكا
له‌ زامی جه‌رگیا ئاگر ده‌بینم.

 

ماڵپەڕی ستار ئەحمەد
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک