په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٢\٢٠٢١

نەوت بنێرن و چیتر مەپارێنەوە.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


کاتێک بەرپرسانی ھەرێم و حکومەتی کوردستان پارەیەکی مۆڵ لە بەردەستیان بوو لە ساویلکەیی بێ ئەزموونی و نەزانین ونەشارەزاییان لە چۆنێتی خەرج کردنی و بێباکی و پشتکردن لە کۆمەڵگاو بایەخنەدان بە ھاوڵاتیان کە بەھیچ شێوەیەک (بۆ نموونە) بیریان نەکردەوەو چەند کارگەیەک دابمەزرێنن یان بەلای کەمەوە بایەخ بدەن بە کارگەکە کۆنەکانی کاتی رژێمی سەدام حوسەێن و نەوژەنیان بکەنەوەو بیانخەنەکار بۆ چارەسەرکردنی بێ ئیشی و یارمەتیدانی گەنجینەی نیشتمانی و ھاوڵاتیان بێ بژێو نەمێننەوەو تووشی قەیران و ماڵوێرانی نەبن.


بەڵێ ، بەرپرسان پارەکەیان خەرج کردو ، بە تەمابوون ھەولێر بکەنە دوبەی و بۆ ئەو مەبەستە چەند شەقامیکیان دروستکردو جوانی بەخشییە ھەولێرو شارەکان تریش کەمتر لە ھەولێر بایەخیان پێدراو لە پاڵ جوانی شارەکان ھەموو کیڵگە نەوتییەکان لە کەرکوک و خانەقین و شوێنەکانی تر بەردەوام بوون لە ھەنارنی نەوت بەریگای بۆری و تانکەر بۆ دەرەوەی وڵات و ئەو پرۆسەیە تا ئێستاش بەردەوامە بە بێ ئەو کێڵگانە کە لە ١٦ ی تۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ بە ھۆی سازشی خودی بەرپرسان لە دەستیانداو جێی ئاماژەیە فرۆشتنی نەوت ھیچ سوودێکی نەبووەو نییە بۆ گەل.


دەمیکە حکومەت فێری یاری چاوشارکێ بووەو لە مانگیکدا چەند جارێک شاند رەوانەی بەغدا ئەکات و لە پاش گفتوگۆو دانوستان لە گەڵ لایەنە شیعە ‌ عێراقییەکان شاندی حکومەت ئەگەرێتەوەو ھەندێ درۆ بڵاو ئەکەنەوەو جاروبار بەشیر حەداد جێگری دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیتە سەر خەت و حەزی لە کونفرانس بەستن و لەوێدا ھەموو جار ئەڵێت بەم نزیکانە گفتوگۆکان سەر ئەگرن و پارەی کوردستان رەوانە ئەکرێت بەڵام تا ھنوکە ھەر قسەیەو ھیچ نەھاتووە دڵخۆشکەرە بێت بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان و، زۆرجار سەرۆک کۆمار بەرھەم ساڵح پێشوازی لە شاندی کوردستان و نوێنەری لایە سیاسییەکان ئەکات و لە ھەموو چاوپێکەوتنێکدا ئەڵێت نابیت کێشەی موچە تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت!


لە مێژەوە حکومەتی عێراق داوا ئەکات رۆژانە نەوت بنێرن بۆ کۆمپانیای سۆمۆو لەبری ئەوەش پارە بۆ مۆچەی فەرمانبەرو مامۆستایان ئەنێرن بەڵام حکومەتی کوردستان لە رۆژی واژوکردنی گرێبەستە شەرمەزارییە ٥٠ ساڵەکە لە گەڵ تورکیادا باڵێ شکاوەو ناتوانێت لەو قەیرانە خۆی قوتار بکات و چیتر ھاوڵاتیانی کوردستان برسی نەکات بۆیە گەڵ داوا ئەکات پەردە لە سەر ناوەرۆکی ئەو گرێبەستە ھەڵماڵرێت و ئەوانەی ئەو کارەیان ‌ دژ بە ھەرێم ئەنجامداوە بدرێنە دادگاو سزا بدرێن چونکە ئەو کارە قیزوەنە بە ئارەزووی ھەندێ کەس کراوە دوور لە پەرلەمان و ھاوڵاتیان.


لێرەدا ئەپرسین ئایا ھەرێمی کوردستان ئەتوانێت بریارێکی نیشتمانی دەربکات و بە تورکیا بڵێت: لەمرۆ بە دواوە پابەند نابین بەو رێککەوتنامە پر شەرمەزارییەو نەوتی کوردستان نادەێن بە ئێوە چونکە تا ئەو رێکەوتنە مابێت ناتوانین نەوت بدەێنە بەغدا.


دیارە پەرلەمانی کوردستان بە ھۆی بۆچوونی حزبایەتی و دۆگمای بیروباوەری بەرپرسان ئیفلیج بووەو نەیتوانیوە رۆڵی خۆی بەباشی بگێرێت یان راستر ئەوەیە خاوەن حزبەکانی دەسەڵات ئارەزوومەندانە لە پێناو پەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵەکانیان بەبێ گەرانەوە بۆ پەرلەمان بریاریانداوە و گەلی کوردستانیان فەرامۆش کردووەو تووشی قەیران بووە.


پێویستە حکومەتی کوردستان بۆ دەربازبوون لە قەیرانە کەڵەکەکراوەکان ئەم کارانە بکات:


ــ بە راستگۆێی مامەڵە لە گەڵ ھاوڵاتیان بکرێت و، ئیتر درۆ بەسە.
ــ ھەوڵ بدرێت گرێبەستی نەوت لە گەڵ تورکیا ھەڵبووەشێتەو ەو نەوتی کوردستان بە بەلاش نەدریت بە تورکیا.
ــ موچەی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگەو فەرمانبەرو مامۆستایان و خانەنشینان بەبێ برینی ٢١٪ بدات.
ــ ھەوڵ بدرێت رۆژانە نەوت رەوانەی بەغدا بکرێت.
ــ حکومەتی کوردستان ئەگەر نەوت بدات بە حکومەتی ناوەند ئیتر پیویست بە پارانەوە ناکات.
ــ واز لە شاند ناردن بێنێت و لەوە زیاترە خوێ ریسوا نەکات.
ــ نابێت حکومەت پیر لە شەر بکاتەوەو پلانی دزژمنان جێبەجێ بکات.
ــ دەستبەجێ ئەوانەی لە سەر موچە کە مافی خۆیانە گیراون ئازاد بکرێن و، حکومەت واز لەو ئاوازە ناسازە بھێنێت و نەڵێت ئەو گیراوانە بەپێی دادگا گیراون و، ھەموو لایەک باش ئەزانن دادگاکانی کوردستان سەر بە حزبی دەسەڵاتە.
ــ پێویستە ھاوڵاتیانی کوردستان لە ئاستی کردەوەکانی حکومەت بێدەنگ نەبن.


ئەگەر بەرپرسانی حکومەت ناتوانن ئەو گرێ کوێرەیە کە خۆیان دروستیان کردووە بکەنەوە، باشتروایە لە حکومەت بکشێنەوەو دانی بە شکستی خۆیان بنێن.


حکومەتی کوردستان بەو بیروبۆچوونە دوگمایەی ئێستا پەیرەوی ئەکات نەھامەتیی و ناخۆشی زیاتر بۆ ھاوڵاتیان ئەھێنێت.


لە کوتاییدا پرسیارێک : ئەوە بۆچی جارێک سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کوردستان مەسرور بارزانی نەچووە بەغدا؟ ئەی بۆچی بە نھێنی و ئاشکرا ئەچێتە ئەنکەرە؟

 

٢\٢\٢٠٢١

ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک