٢\٢\٢٠١٤
نەوت؛ سامانێک بۆ
کاولکردنی وڵات؟!

ستار محەمەد قادر
بەدڵنیاییەوە نەوت سامانێکی سرووشتی کەم وێنەیە، ئەگەر داهاتەکەی بۆ
خزمەتکردنی وڵات و پاراستنی شکۆمەندیی مرۆڤ بەکار بهێنرێت، بەڵام
بەداخەوە نەوتی ئەم وڵاتە بووە بەسەرچاوەی نەهامەتیەکان، ئەو سامانە
سرووشتیە هەمیشە هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە بۆ
بەرژەوەندی خۆیان بەکاریبهێنن و شەڕی ئەویتری پێ بکەن و سووپای
زەبەلاحی بێ ئەرزشی پێ درووست بکەن و لە کڕینی تانک و تۆپ و فڕۆکەو چەک
و جبەخانەدا قووتی خەڵکی بەهەدەر بدەن، ئەم وڵاتە تا ئەو نەوتە شوومەی
لێ نەبڕێ و بەرپرسەکان ئاغا رۆ خوا شوکوری لێ نەکەن، تا بێت بەرەو
خەرابترو خەرابتر دەڕوات، چونکە هەر سیاسیەک کە دەگات بە هەڕەمی
دەسەڵات و چاوی بەو بوودجە زەبەلاحەی نەوت دەکەوێت، ئیتر بە دوو شت
بارگاوی دەبێت، یەکەمیان بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی میللەتەکەی خۆی پێ
سەرکوت و رام بکات، دووەم کڕینی چەک و تانک و فڕۆکە بۆ ئەوەی دڵی وڵاتە
زلهێزەکان رازی بکاو لەسەر کورسی حوکم بیهێڵنەوەو پشکداریان بکات
لەخێرو بێری عێراق؟!
من نازانم کەی میللەتی عێراق وە ئاگا دێتەوەو ئیتر بە تەپڵی ئەو
سەرکردانە هەڵناپەڕێت کە تەنها کاریان لەڕێی سیاسەتی نەوتەوە
وێرانکردنی ئەم وڵاتەیە، نەوت بۆ عێراقیەکان لە ژێر سایەی ئەم
سیاسیانەدا کراوە بە سامانێکی وێرانکەرو شووم، لەڕێی پارەی نەوتەوە
هەموو کاتێک هێزێکی نا نیشتیمانی بۆ کووشتن و سەرکووتکردنی ئەویتر
درووستکراوەو لایەک لێی سوودمەند بووەو لایەکیش لەهەموو شتێک مەحروم
کراوە، کەمینەیەک بووە بە جەللادو زۆرینەکیش بە قووربانی، سیاسەتی ئەم
حزبۆڵکانە لەم دەققە شیعریەدا بخوێنەرەوە!
پێڵاوی نەوتم، دەسکەوتی خاکم
تووتنم، گەنمم، خەرجم پیتاکم
هەر هەموویان دەچێتە سیتواڵتریکەوە
سەدیەکی بۆ من دەگەڕێتەوە
ئەویش دەسبەندی بۆ من پێ دەکڕن
یاخود تێغێکە و ملی منی پێ دەبڕن
یا زیندانە و دەمخەنە ناوی
یا بنکەی شەڕە و مەتارەی ئاوی.
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|